سودەكانی ڕۆژووی ڕەمەزان لە ڕووى ئاینى و تەندروستیەوە چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سودەكانی ڕۆژووی ڕەمەزان لە ڕووى ئاینى و تەندروستیەوە چیە؟

كاتێك پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: " يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج فإنه أغض للبصر وأحصن للفرج ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء " (متفق عليه)، واتە: ئەی كۆمەڵی لاوان هەركام لەئێوە توانای ژن هێنانی هەبوو با ژن بهێنێت، چونكە زیاتر چاو دەپارێزێت لە بینینی ناڕەوا، و پارێزەریشە لە كەوتنە داوێن پیسیەوە، ئەوەش توانای ژن هێنانی نەبوو با پەنا بەرێتە بە ڕۆژوو گرتن، چونكە سەركوت كەرەوەی ئارەزوەكانە.
دیارە حیكمەتێكی تیایە بۆیە ڕۆژوو گرتنی كردۆتە (بدیل) جێگرەوەی هاوسەر گیری. ئەم وتە بە نرخەیش پێویستە وەك گوارەیەك لە گوێی بكەین چونكە ڕۆژوو گرتن چەندین سود و قازانجی تیایە كە ئەتوانین سودەكانی ڕۆژو بكەینە دوو بەشەوە: لە ڕوی ئاینی و تەندروستی.
لە ڕوی ئاینیەوە :
* نەفسمان پاك ڕائەگرێ‌ و خۆیشمان ئەپارێزێ‌ و ئاگری شەهوەت لە جەستەمان ئەكوژێنێتەوە، بە مەش لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە ئەمانپارێزێت و تاوان كەمتر ئەكەین.
* تۆوی ڕحمەت و بەزەیی لە هۆش و ویژدان و دڵەكانمان ئەنێژێ‌ و فێری ئارامگرتنمان ئەكات.
* وامان لێدەكات هەردەم هەژارانمان لە یاد بێت و دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بكەین.
* فێری چاكە كاریمان ئەكات و لە درۆ و دوو ڕووی و زمان پیسی ئەمان پارێزێ‌.
* فێری لە خوا ترسان و خوا پەرستی ڕاستەقینەمان ئەكات.
* دڵەكانمان نەرم ئەكا و گوێیەكانمان ڕائەهێنێ‌ بۆ زیاتر گوێگرتن لە قورئان و ئامۆژگاری.
* باشترین ڕێگایە بۆ ڕزگار بوون لەتاوان.
* لە پلانە هەمیشەییەكانی شەیتان ئەمانپارێزێ‌.
* هۆكارێكە بۆ چونە بەهەشت و لێخۆشبوونی پەروەردگار لێمان.
لە ڕوی تەندروستیەوە :
جەستەمان لـــە چەندین نەخۆشی ئەپارێزێت: هەروەك دكتۆر (عبدالعزیز أحمد) لە وتارێكی دا ئەڵێت: ((بە شێوەیەكی زانستیانە دەركەوتوە كە ڕۆژوو وەسیلەیەكی سروشتی یە بۆ پاراستنی لەش لەهەندێ‌ دەرد و نەخۆشی، ئەمەش لەژیانی یەكە یەكەی ئەو خەڵكەدا بەدی دەكرێت)، هەروەها لەپاش تاقیكردنەوەیەكی زۆر لە سەر ئاژەڵ و گیاندارانی تردا دكتۆر (روجية) گەیشتە ئەم ئەنجامە: ئەو گیاندارانەی بۆ ماوەیەكی دیاریكرا و خواردن و خواردنەوەیان لێ‌ قەدەغە بكرێت بەرگری و بەرەنگاریان بۆ نەخۆشی زۆرتر دەبێت تا لەپێش قەدەغە كردنەكە.
هەروەها (ماكفارۆن) كە یەكێكە لە پزیشكە ناودارەكان و زانایەكی پسپۆرە لە پزیشكی دا دەڵێت: ((باشترین شت بۆ پارێزگاری كردن لە لەش ساغی و چاك بوونەوە لە نەخۆشی ڕۆژووە)).
هەروەها ئەم زانایە ((ڕایسپاردوە كە لە هەموو هەفتەیەكدا ڕۆژێك ڕۆژوو پێویستە بۆ هەموو مرۆڤێك خۆیشی لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك یان دو ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو، وای دانابوو بەلای كەمەوە لەساڵێك دا (30) ڕۆژ ڕۆژوو پێویستە)).
هەروەها ئەم زانایە و ئەم پزیشكانەش ((تنەر، كرسكۆم، سەنگلەر، ئەسكەندەر خۆر)) ڕۆژویان گرتوە و بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشیش ڕۆژویان بەكارهێناوە.
پاشان دكتۆر (عبدالعزیز أحمد) ئەڵێت: ڕۆژوو بۆ ئەم دەردانەی خوارەوە باشترین دەرمانە (قەڵەوی، پەیدا بوونی ورگ، گرێ‌ گرێ‌ بوونی دەمارەكان، كۆبوونەوەی ترشی میز لە دەمەرەكاندا، لمی گورچیلە، لمی زراو، سەرئێشەی زۆر (شقیقە) لەگەڵ تێكچوونی هەرس، بەرزبونەوەی پەستانی خوێن (ضغط)، تێكچوونی هەمیشەیی ڕیخۆڵەكان، نەخۆشی جومگە و چەندەها نەخۆشی تریش)).
هەروەها دكتۆرە (إبتسام عبدالحلیم) دەڵێ: (ماكفادۆن) ی زانای بەناوبانگی ئەمریكی لە كتێبەكەی دا نوسیویەتی دەڵێ‌: هەموو مرۆڤێك پێویستی بە ڕۆژوو هەیە با نەخۆشیش نەبێ‌، چونكە كۆبونەوەی ژەهری خۆراك و داودەرمان لە لەشدا، ئادەمیزاد وەك نەخۆش لێدەكات، كاتێ‌ كە بەڕۆژوو بوو كێشی (وزن) ی كەم دەبێتەوە و ئەو ژەهرانەش لە لەشیدا نامێنن.
هەروەها دكتۆرە (إبتسام عبدالحلیم) ئەڵێ: هەندێ‌ لە دكتۆرەكانی پسپۆری پێست باسی سودی ڕۆژویان كردوە بۆ پاراستنی پێست لە نەخۆشی و ئەڵێن: پەیوەندی خواردن بە نەخۆشیەكانی پێستەوە بەتینە، لەبەر ئەوەی خۆگرتن لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەك، ڕێژەی ئاو و خوێن لە لەشدا كەم دەكاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی كەم بوونی ئاو لە پێستدا، لە ئەنجامدا بەرگری پێست ـ بۆ نەخۆشی یە بە ئازارەكانی زۆر دەبێ‌.
لە هەموویشی گرنگتر هەموو پەرستشەكانمان بۆ خۆمانە تەنها ڕۆژوو نەبێت كە بۆ خوای پەروەردگارە، دەبا هەوڵ بدەین بە پاكترین و جوانترین و باشترین شێوە ڕۆژوەكانمان بڕازێنینەوە و پێشكەشی پەروەردگارمانی بكەین، بە ئومێدی ئەوەی لە هەموومانی وەربگرێ (اللهم آمين).

ستافى وەڵامەکان