چەند رۆژێكی تر مانگی ڕەمەزان دێت ، ئایا ئامۆژگاریتان چیە بۆ موسڵمانان سەبارەت بە خۆسازدان بۆ ئەو مانگە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند رۆژێكی تر مانگی ڕەمەزان دێت ، ئایا ئامۆژگاریتان چیە بۆ موسڵمانان سەبارەت بە خۆسازدان بۆ ئەو مانگە؟

فەزڵ وپایەی ئەم مانگە لەدینی ئیسلامدا لای هیچ موسڵمانێكی ژن یان پیاو شاراوە نیە ، هەموو دەزانن كە ئەوە پایەی چوارەمە لە ئاینەكەماندا و واجبە لەسەر تاك تاكی موسڵمانان بە ژن وپیاوەوە ، بەڵام ئەوەی ڕوون نیە لای هەندێ كەس یان كەمتەرخەمی تێدا دەكەن بریتیە لە جێ بەجێكردنی ئەركەكان لەم مانگەدا لە دەستپێشخەری بۆ چاكەكاری كە گەورەترینیان یەكخواپەرستیە و بەتەنها شوێن ڕێبازی پێغەمبەر كەوتن و نیەت پاكی ودڵسۆزی لەوەدا وپاشان تەواوی خواپەرستیەكانی تر لە واجبات و سوننەتەكان ، كە گەورەترینیان بریتیە لە پارێزگاری كردن لەسەر پێنج فەرزەكەی نوێژ لەكاتی خۆیاندا، و هاوكات دووركەوتنەوە لەوانەی كە نەهیان لێ كراوە كە گەورەترینیان بریتیە لە هاوبەش دانان بۆ خوا و پاشان سەرجەم حەرامكراوەكانی تر بە گەورەو بچـووكەوە ولەنێویشیاندا بیدعە.
جا ئەوەی مەبەستە:
موسڵمان خۆی بپارێزێ‌ و كۆشش بكات لە پێناو بەدەستهێنانی خۆشەویستی و ڕەزامەندی خوا و دورریش بكەوێتەوە لەوەی خوا توڕەبكات لەخۆی، وە كاتی تەمەنی بەشتێكەوە سەرقاڵ بكات كە سوودی دونیا ودوارۆژی تێداهەبێت، ئا ئەمە واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێك ، وە ئەم مانگە وەكو دەرفەتێك بقۆزێتەوە و سووربێت لەسەر زۆر قورئان خوێندن و زۆر ئەنجامدانی سوننەتەكان لە نوێژ وصەدەقە وسیلەی ڕەحم وسەردانی نەخۆش، وە ئەم پەرستشانە هەرچەندە لەهەموو كاتێكدا لێمان داواكراوە كە ئەنجامیان بدەین لەتەمەنماندا بەڵام لەم مانگەدا زۆرتر جەختی لەسەر كراوەتەوە لەبەر گەورەیی پایەی ئەم مانگە لای خوای باڵادەست.
شێخ عبید بن عبدالله الجابری.