کاتى ئیمساک و دەست هەڵگرتن لە خواردن و خواردنەوە پێش بانگى بەیانى بە نزیکەى (10) خولەک بیدعەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتى ئیمساک و دەست هەڵگرتن لە خواردن و خواردنەوە پێش بانگى بەیانى بە نزیکەى (10) خولەک بیدعەیە؟
پرسیار:

لە هەندێ لە وڵاتان پێش بانگى بەیانى لە مانگى ڕەمەزاندا بە نزیکەى (10) خولەک دەڵێن کاتى ئیمساکە بۆ ئەوەى خەڵکى دەست لە خواردن و خواردنەوە هەڵبگرن ئایا ئەم کارە تا چەند صەحیح و تەواوە؟

بەناوى خوای گەورە و میهرەبان
ئەم کارە ڕاست و صەحیح نیە چونکە خواى گەورە خواردن و خواردنەوەى حەڵاڵ کردووە تاوەکو دەرکەوتنى فەجر هەروەکو دەفەرموێ : ( وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمْ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنْ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنْ الْفَجْرِ ) البقرة / 187 .واتە: بخۆن و بخۆنەوە تاوەكو سپیایـی ڕۆژتان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە تاریكی شەو لە بەرەبەیاندا .

وە عبدالله کوڕى عمر ڕەزاى خواى گەورە لە خۆى و باوکى بێ دەفەرموێ پێغەمبەرى خوا فەرمویەتى : ((إِنَّ بِلاَلاً يُؤَذِّنُ بِلَيْلٍ ، فَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَـتَّى يُنَادِيَ ابْنُ أُمِّ مَكْتُومٍ)) ،واتە : بیلال لە شەودا بانگ دەدات ، جا ئێوە بخۆن و بخۆنەوە تا (ابن أم مكتوم) بانگی دووەم دەدات .
(وَكَانَ رَجُلاً أَعْمَى لاَ يُنَادِي حَتَّى يُقَالَ لَهُ : أَصْبَحْتَ أَصْبَحْتَ) صحيح البخاري رقم : (617)
وە : (ابن أم مكتوم / بانگدەری دووەم) پیاوێكی نابینا و كوێر بوو بانگی نەدەدا تا پێ‌ی دەوترا : ڕۆژت لێ بوویەوە ڕۆژت لێ بوویەوە .

هەر بۆیە ئیمامى نەوەوى رحمه الله فەرمویەتى : ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە دروستە خواردن و خواردنەوە و جیماع و باقى شتەکانى تر تاوەکو دەرکەوتنى فەجر (سپیایی ڕۆژ)

وە گەورە زانای شافعی مەزهەب (ابن حجر العسقلانـی) لە گەورە كتێبی (فتح الباری شرح صحیح البخاری)دا فەرموویەتی :
یەكێك لەو بیدعە خراپانەی كە لەم سەردەمەدا* داهێنراوە: ئەنجام دانی بانگی دووەمی بەیانیانە پێش فەجر بە سێ‌یەكی سەعاتێك [واتە : (20) بیست دەقیقە] لە ڕەمەزاندا ، هەروەها كوژاندنەوەی چراكان* كە كراونەتە بەڵگە بۆ قەدەغە كردنی خواردن و خواردنەوە لە سەر ئەو كەسەی كە دەیەوێت بە ڕۆژوو بێت ، بە گومانی ئەوانەی كە ئەم بیدعەیەیان داهێناوە كەوا ئەمە (خۆ پارێزی و ئیحتیاط) بوونی تێدایە لە عیبادەتدا ، وە كەس نازانێت ئەمە بیدعەیە ئیللا دانە دانەیەك لە خەڵك نەبێت ، وە ئەم كارە داهێنراوانە ڕایكێشاون بەرەو لای ئەوەی : كە بانگ نەدەن تا دوای خۆر ئاوا بوون بە ئەندازەیەك بۆ دڵنیابوون لە هاتنی كاتی بەربانگ بە تەواوی بە گومانی بۆگەنی خۆیان ، بۆیە بەمەش : بەربانگیان دواخست و پەلەشیان كرد لە پارشێو كردندا و پێچەوانەی سوننەت بوونەوە . فتح الباري شرح صحيح البخاري : (4 / 253 ـ 254) .
(* ئەمە لە سەردەمی (ابن حجر)دا بووە كە لە ساڵـی (773)ی كۆچی لە دایك بووە و لە ساڵـی (852)ی كۆچیش مردووە ڕەحمەتی خوای لێبێت .)

پرسیار کراوە لە زانای پایەبەرز شێخ ابن عثیمین - بەڕەحمەت بیت - دەربارەی ئەوەی کە لە هەندێک لە خشتەکاندا هەیە کە کاتێک دیاری دەکەن بۆ خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە لە پێش فەجر بە چارەکێک .
ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی : ئەمە یەکێکە لە بیدعە و داهێنراوەکان ، وە هیچ بنەمایەکی لە سونەتدا نیە ، بەڵکو ئەمە پێچەوانەیەتی ، چونکە پەروەردگار لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت : (وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمْ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنْ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنْ الْفَجْرِ ) البقرة/187 .واتە: بخۆن و بخۆنەوە تاوەكو سپیایـی ڕۆژتان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە تاریكی شەو لە بەرەبەیاندا . وە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ( إن بلالاً يؤذن بليل فكلوا واشربوا حتى تسمعوا أذان ابن أم مكتوم ، فإنه لا يؤذن حتى يطلع الفجر) واتا : بیلال بەشەو بانگ دەدات ، بخۆن و بخۆنەوە هەتاوەکو گوێتان دەبێت لە بانگدانی ابن أم مکتوم ، چونکە ئەو بانگ نادات تاوەکو فەجر دەرنەکەوێت .

وە ئەم خۆگتنەوەیە کە هەندێک لە خەڵکی ئەنجامی دەدەن زیاد کردنێکە بۆ سەر ئەوەی پەروەردگار فەرز وپێویستی کردووە بۆیە بەمەش باتڵ و پوچ دەردەچێت ، وە ئەمەش تونڕەوی و زیادە ڕەویە لە دینی پەوەردگار لەکاتێکدا پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ( هَلَكَ الْمُتَنَطِّعُونَ ، هَلَكَ الْمُتَنَطِّعُونَ ، هَلَكَ الْمُتَنَطِّعُونَ ) رواه مسلم (2670) واتا : زێدەرەوان لە ناو چوون ، زێدەرەوان لە ناو چوون ،زێدەرەوان لە ناو چوون .

سەردان: ٤,١٤٨ بەش: پارشێو