ئاسانكاری خوای گەورە لە گرتنی ڕۆژوودا کامەیە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاسانكاری خوای گەورە لە گرتنی ڕۆژوودا کامەیە؟

ئاسانكاری خوای گەورە لە گرتنی ڕۆژوودا
خوای په‌روه‌ردگار ڕۆژووی فه‌ڕز كردووه‌ له‌سه‌ر به‌نده‌كانی ، به‌ڵام فه‌رمانی به‌شتێك پێ نه‌كردوون كه‌له‌توانایاندا نه‌بێت ، خوای په‌روه‌ردگار ده‌رباره‌ی ڕۆژوو فه‌رموویه‌تی:[ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] البقرة :185
واته‌ : هه‌ركه‌سێك له‌ئێوه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی به‌سه‌ردا هات با به‌ڕۆژوو بێت جا هه‌ركه‌سێك نه‌خۆش بوو یاخود له‌سه‌فه‌ردا بوو با ڕۆژانی تر بیانگرێته‌وه‌ ، خودا ئاسان كاری بۆ ئێوه‌ ده‌وێ ونایه‌وێ توشی ناڕه‌حه‌تی ببن .
بێگومان خودا ڕۆژووی فه‌ڕز نه‌كردووه‌ ته‌نها له‌سه‌ر كه‌سێكی موسوڵمانی بالغ ، كه‌ توانای ڕۆژوو گرتنی هه‌بێت ، هیچ شتێك له‌ڕێگریه‌كانی ڕۆژووی تێدا نه‌بێت ، حه‌تمه‌ن ئه‌مه‌ش ڕه‌حم وچاكه‌ی خودایه‌ بۆ به‌نده‌كانی ، خودا هیچ شتێكی فه‌رز نه‌كردووه‌ كه‌ببێته‌ ناڕه‌حه‌تی بۆ به‌نده‌كان ،هه‌روه‌ك فه‌رموویه‌تی: [ وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ] سورة الحج، الآية: 78.، واته‌ : خودا هیچ شتێكی فه‌رز نه‌كردووه‌ له‌سه‌رتان كه‌ببێته‌ مایه‌یی ناڕه‌حه‌تی .
وه‌هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : [ فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ] سورة التغابن، الآية:16.
واته‌ : به‌پێی توانا ته‌قوای خودا بكه‌ن وفه‌رمانه‌كانی به‌جێ بێنن.
وه‌هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: [لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا لَهَا مَا كَسَبَتْ وَعَلَيْهَا مَا اكْتَسَبَتْ رَبَّنَا لَا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا رَبَّنَا وَلَا تَحْمِلْ عَلَيْنَا إِصْرًا كَمَا حَمَلْتَهُ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِنَا رَبَّنَا وَلَا تُحَمِّلْنَا مَا لَا طَاقَةَ لَنَا بِهِ وَاعْفُ عَنَّا وَاغْفِرْ لَنَا وَارْحَمْنَا أَنْتَ مَوْلَانَا فَانْصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ]البقره‌
واته‌ : خودا ته‌كلیفی هیچ شتێك له‌به‌نده‌كانی ناكات ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌له‌توانایاندا هه‌یه‌ ، خودایه‌ لێمان مه‌گره‌ كاتێ شتێكمان له‌بیر ده‌چێت یاخود هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ین ، وشتی قورسمان مه‌ده‌ به‌سه‌ردا هه‌روه‌ك دات بوو به‌سه‌ر به‌نی ئیسڕائیل دا له‌وه‌ی كاتێ ته‌وبه‌یان ده‌كرد ده‌بوایه‌ خۆیان بكوشتبایه‌ ، خودایه‌ فه‌رمانی شتێكمان پێ مه‌كه‌ كه‌له‌تواناماندا نه‌بێت ، ولێمان خۆش به‌و ولێمان ببووره‌ وڕه‌حممان پێ بكه‌ وتۆ هاری كاری ئێمه‌ی وسه‌رمان بخه‌ به‌سه‌ر گه‌لی بێباوه‌ڕاندا .
له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌ كه‌ ابن عباس رضي الله عنهما گێڕاویه‌تیه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌م ئایه‌تانه‌وه‌ ، كه‌ خودا فه‌رموویه‌تی : ((قد فعلت)) واته‌ : ئه‌و داوایه‌تانم قه‌بوڵ كرد .
وه‌خودا نه‌فی شتی گرانی له‌سه‌ر ئه‌م ئومه‌ته‌ كردووه‌ ، هه‌روه‌ك فه‌رموویه‌تی : [ مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُمْ مِنْ حَرَجٍ وَلَكِنْ يُرِيدُ لِيُطَهِّرَكُمْ وَلِيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ] سورة المائدة
واته‌ : خودا نایه‌وێ شێكتان له‌سه‌ر پێویست بكات كه‌ناڕه‌حه‌تی تێدا بێت ، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت پاكتان بكاته‌وه‌ ونیعمه‌تی خۆی ته‌واو بكات بۆتان بۆئه‌وه‌ی سوپاس گوزاری خودا بكه‌ن .
وه‌هه‌روه‌ها خودا كاری بۆ ئه‌م ئومه‌ته‌ ئاسان كردووه‌ وشتی قورسی له‌سه‌ر لا بردوون ،هه‌روه‌ك فه‌رموویه‌تی : [ يُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُخَفِّفَ عَنْكُمْ وَخُلِقَ الْإِنْسَانُ ضَعِيفًا] سورة النساء
واته‌ : خودا ده‌یه‌وێ كارتان له‌سه‌ر ئاسان بكات وبێگومان مرۆڤ به‌زه‌عیفی دروستكراوه‌ .
وه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم فه‌رموویه‌تی : ((إن الدين يسٌر ...)) (1)
واته‌ : به‌ته‌ئكید دین ئاسانه‌ .
وه‌هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ((دعوني ما تركتكم؛ فإنما هلك من كان قبلكم بكثرة سؤالهم واختلافهم علي أنبيائهم، فإذا أمرتكم بشيء فأتوا منه ما استطعتم، وإذا نهيتكم عن شيء فاجتنبوه )) (2)
واته‌ : وازم لێ بێنن له‌وه‌ی كه‌ من لێی بێده‌نگ بووم ، به‌ته‌ئكید گه‌لانی پێش ئێوه‌ له‌نێو چوون به‌هۆی زۆر پرسیار كردنیانه‌وه‌ وجیاوازیان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رانیاندا ، جا هه‌ركه‌ فه‌رمانم پێ كردن به‌كارێك ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ی له‌تواناتاندا هه‌یه‌ جێ به‌جێی بكه‌ن ، وه‌هه‌روه‌ها ڕێگریم له‌هه‌ركارێك لێتان كرد ئه‌وا لێی دوور كه‌ونه‌وه‌ .
وه‌یه‌كێك له‌ئاسان كاریه‌كانی خودا ئه‌وه‌یه‌ پێغه‌مبه‌رانی به‌به‌زه‌یی ودڵسۆزی ڕه‌وانه‌ كردووه‌ بۆ به‌نده‌كانی : [لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُمْ بِالْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ] سورة التوبة . واته‌ : به‌ته‌ئكید پێغه‌مبه‌رێكتان بۆ هاتووه‌ له‌خودی خۆتان ئه‌و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی توشی ئێوه‌ ده‌بێ زۆر قورسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وپێی ناخۆشه‌ ، زۆر ئاگاداری ئێوه‌یه‌ وبه‌رانبه‌ر باوه‌ڕداران به‌سۆز وبه‌به‌زه‌ییه‌ .
وه‌یه‌كێكی تر له‌ئاسانكاریه‌كانی خودا بۆ به‌نده‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ناردووه‌ به‌وه‌ی فه‌رمان بكات به‌ئاسان كاری وڕێگری بكات له‌قورس كردنی دینداری ، هه‌روه‌ك عائشه‌ رضي الله عنها گێڕاویه‌تیه‌وه‌ وده‌ڵێت : پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم فه‌رمووی : ((يسروا ولا تعسروا)) (3)
واته‌ : ئاسانكه‌ر بن و شت قورس مه‌كه‌ن .
وه‌بێگومان پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم هیچ شتێك له‌خۆیه‌وه‌ ناڵێت مه‌گه‌ر وه‌حی نه‌بێت له‌لایه‌ن خوداوه‌ ، جا كاتێ خودا ڕۆژووی فه‌رز كردووه‌ شتی له‌سه‌ر به‌نده‌كانی قورس نه‌كردووه‌ به‌ڵكو ئاسانكاری بۆ كردوون به‌شێوه‌یه‌ك ڕێگای داوه‌ كه‌سی نه‌خۆش وئه‌و كه‌سه‌ش كه‌له‌سه‌فه‌ردایه‌ و ه‌هه‌روه‌ها كه‌سی به‌ساڵا چوو كه‌توانای ڕۆژوو گرتنی نی یه‌ ڕۆژوو نه‌گرن ، وه‌هه‌روه‌ها ڕێگای داوه‌ ئافره‌تی دووگیان و ئافره‌تی شیرده‌ر گه‌ر ترسیان له‌نه‌فسی خۆیان یاخود كۆرپه‌كانیان هه‌بوو ڕۆژوو نه‌گرن ، وه‌هه‌روه‌ها ڕۆژووی له‌سه‌ر منداڵان واجب نه‌كردووه‌ ، وه‌هه‌روه‌ها به‌گشتی ڕۆژووی له‌سه‌ر كه‌سانێك فه‌رز نه‌كردووه‌ كه‌له‌توانایاندا نی یه‌ .

=============
(1) البخاري، كتاب الإيمان، باب الدين يسر، برقم 39، من حديث أبي هريرة رضی الله عنه .
(2) متفق عليه: البخاري، كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب الاقتداء بسنن رسول الله ، برقم 7288، ومسلم، كتاب الحج، باب فرض الحج مرة في العمر، برقم 1337.
(3) متفق عليه: البخاري، كتاب العلم ، برقم 69، ومسلم، كتاب الجهاد، برقم 1734.

سەردان: ٢,٢٦٨ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو