سوننەت و ئادابەکانی ڕۆژوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوننەت و ئادابەکانی ڕۆژوو
پرسیار:

سوننەت و ئادابەکانى ڕۆژوو کامانەن کە موسڵمانان جێ بەجێیان بکەن خێر و پاداشتى زیاتریان دەستدەکەوێ ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: پەلە کردن لەشکاندنی ڕۆژوودا:
گەر دڵنیا بوون لەئاوا بوونی خۆر سوننەتە پەلە بکرێت لەشکاندنی ڕۆژوودا ، هەریەک لە: ابنُ رشدٍ، وابنُ دقيق العيد، وابنُ مفلِح، والمَرداويُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دووەم: حوکمی شکاندنى ڕۆژوو لەکاتێکدا گومانێکی زۆری هەبێت لەوەی خۆر ئاوا بووە: 

لەم حاڵەتەدا دروستە ڕۆژوو بشکێندرێت ، ئەمەش بە کۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

سێیەم: ئەو شتەی سوننەتە ڕوژووی پێ بشکێندرێت: 

سوننەتە بەخورمای شل ڕۆژوو بشکێندرێت ، گەر نەبوو بەقەسپ ، گەر ئەویش نەبوو بەئاو ، ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالیکی ، وشافعی ، و حەنبەلیەکان.

چوارەم: ئەو دوعایەی کە لەکاتی ڕۆژوو شکاندندا دەکرێت: 
سوننەتە لەکاتی ڕۆژوو شکاندندا بوترێت: (ذهَبَ الظَّمَأُ، وابتلَّتِ العروقُ، وثَبَتَ الأجرُ إن شاءَ اللهُ). واتە: تێنوویەتی ڕۆیشتن ، وەدەمارەكان تەڕبوون لە دوای ووشك بوونیان ، وە (إن شا‌ء الله) ئەجر و پاداشت دەست كەوت لە لای خوای پەروەردگار .

پێنجەم: حوکمی پارشێو کردن:

سوننەتە ئەو کەسەی نیەتی ڕۆژوو گرتنی هەیە پارشێو بکات ، هەریەک لە: ابنُ المُنذِرِ، والقاضي عِياض، وابن قُدامةَ، والنوويُّ، والعينيُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە. 

شەشەم: دواخستنی پارشێو:

سوننەتە پارشێو دوا بخرێت گەر ترسی دەرکەوتنی فەجر نەبوو ، هەریەک لە: ابنُ رُشد، وابنُ مفلِح، والمَرداويّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە. 

حەوتەم: ئەوەی کەپارشێو کردنی پێ دێتە دی وپێی دەوترێت پارشێوی کردووە:

پارشێو دێتە جێ بەهەموو خواردن وخواردنەوەیەک ، گەر زۆر و کەمیش بێت.

هەشتەم: ئەوەی سوننەتە پارشێوی پێ بکرێت:
سوننەتە پارشێو بەخورمای شل بکرێت.

نۆیەم: دوور کەوتنەوەی ڕۆژووەوان لەحەڕام  کراوەکان وخۆ سەرقاڵ کردن بەعیبادەتەوە:
پێویسته کەسی ڕۆژووەوان دوور کەوێتە لەتاوان وخراپە ، چونکە دەبێتە هۆکاری کەم بوونەوەی خێری ڕۆژوو ، وەک غەیبەت ، ودوو زمانی ، وگاڵتە کردن بەکەسانی تر ، وگوێ گرتن لەگۆرانی ومۆسیقا ، وتەماشا کردنی شتانی حەڕام ، وجگە لەمانەش لەشتە حەڕامەکان. 
هەروەک پێویستە خۆی بپارێزێت لەهەموو ئەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن با حەڵاڵیش بن ، وبا هەردەم سەرقاڵی   عیبادەت کردن بێت ، وەک خوێندنەوەی قورئان ، وزیکر ویادی خودا، وپاڕانەوە وچاک بوون لەگەڵ کەسانی تردا.

دەیەم: گەر کەسێک جوێن یاخود شەڕی لەگەڵ کرد هەڵوێستی کەسی ڕۆژووەوان چ دەبێت؟
لەم حاڵەتەدا باش وایە لە وەڵامدا بڵێت: من بەڕۆژووم.

یازدەم: ڕۆژووەوان چ دەکات گەر دەعوەت کرا:
لەم حاڵەتەدا بابڵێت: بەڕۆژووم ، جا ڕۆژووی سوننەت بێت یاخود فەرز ، و با بۆی بپاڕێتەوە ، جا گەر خاوەن خواردنەکە زۆر لای قورس بوو ئەوا (گەر ڕۆژووەکە ڕۆژووی سوننەت بوو) باش وایە ڕۆژووەکەی بشکێنێت ، بەڵام گەر ڕۆژووی فەرز بێت حەڕامە بیشکێنێت.

وەرگیراوە لە (موسوعة الفقهیة) لە ماڵپەڕى (الدُّرر السَّنية)

سەردان: ٢,٤٥٧ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو