دروستە یەکەم شەوى ڕەمەزان نیەتى هەموو مانگەکە بێنیت کە بەڕۆژوو دەبیت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروستە یەکەم شەوى ڕەمەزان نیەتى هەموو مانگەکە بێنیت کە بەڕۆژوو دەبیت؟

پێغەمبەر دەفەرمووێ:  (مَنْ لَمْ يُبَيِّتْ الصِّيَامَ مِنْ اللَّيْلِ فَلا صِيَامَ لَهُ) (أخرجه أبو داود (2454)  واتە: هەر كەسێك لە شەودا نیەتی بەڕۆژوو بوونی سبەی نەهێنێ ئەوە ڕۆژووەكەی بۆ نیە، وە هەندێ لە زانایان دەفەرموون واجبە هەموو شەوێك پێش فەجری صادق مرۆڤ نیەتی بەڕۆژوو بوونی بەیانی بهێنێت، هەندێ لە زانایان دەفەرموون ئەم فەرموودە مەوقوفە واتە راجح ئەوەیە كە صەحابەیەك فەرمووبێتی، بۆیە دەفەرموون كە مرۆڤ لە سەرەتای مانگەكە نیەتی وابێت ئەو مانگە هەمووی بەڕۆژوو بێت لە دڵدا نیەتی خۆی جەزم بكاو پتەو بكات لەسەر ئەوە با شەو شەوەش نیەت نەهێنێت ئەوە بێگومان ڕۆژووەكەی دروستە وە هیچ كێشەی نابێت ان شا‌ء الله، وە ئەم بۆچونەشیان پەسەندەو تەواوە، چونكە ئەوەش كە ئەو بۆچونە پشت ڕاست دەكاتەوە ئەوەیە كە كەسێك هەڵسایەوە بۆ پارشێو كردن یان شەو پێش ئەوەی كە بخەوێ بە نیازی ئەوەیە كە شەو هەڵسێ پارشێو بكات بۆ ئەوەی بەیانی بەڕۆژوو بێت جا كە شەو هەڵ نەستایەوە‌و پارشێویشی نەكرد ئەوا نیەتی هەبووە، وە كەبەیانیش بەڕۆژوو دەبێت ڕۆژووەكەی ڕاستە، بەڵام نیەت بەدەم هێنان ووتمان ئەوە هیچ ڕاستیەكی نییە، كەواتە لە سەرەتای مانگەكەوە مرۆڤ نیەتی وابێت وە هەموو شەوێكیش نیەتی وابێت كە شەو هەڵدەستێتەوەو پارشێو دەكات‌و بەیانی بەڕۆژوو دەبێت ئەوە بەسە وە هیچ كێشەی نییە بە پشتیوانی خوای پەروەردگار.

سەردان: ٣,٧٩٤ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو