پێم خۆشە بە کورتى و پوختى لە حوکم و ئادابەکانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان شارەزابم تکایە هاوکاریم بکەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێم خۆشە بە کورتى و پوختى لە حوکم و ئادابەکانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان شارەزابم تکایە هاوکاریم بکەن
پرسیار:

 پێم خۆشە بە کورتى و پوختى لە حوکم و ئادابەکانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان شارەزابم تکایە هاوکاریم بکەن
ڕوكنەكانی ڕۆژوو
دەکرێ لەیەکەم شەوى ڕەمەزان نیەتى هەر هەموو مانگەکە بهێنى؟
هەڵوەشێنەرەوەكانی ڕۆژوو
حوكمی ڕۆژووی ئافرەتی حامیلە و شیردەر
ئەو شتانەی دروستە و حەڵاڵە بۆ كەسی بەڕۆژوو ئەنجامیان بدات
ئادابەكانی بە ڕۆژوو بوون

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ڕوكنەكانی ڕۆژوو
ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان پێك هاتووە لە دوو روكن ، هەر كەسێك ئەم دوو ڕوكنەی لە ڕۆژیەكەی دا نەبێت ئەوا ڕۆژوەكەی بەتاڵە و دروست نیە ، ئەم دوو ڕوكنانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:
1.نیەت هێنان بە دڵ لەگشت شەوەكانی مانگی ڕەمەزان : مەبەست لەم ڕۆژووگرتنە دا دەبێت تەنها ڕەزامەندی خوای گەورە بێت ، مەبەست ڕیاو سومعە نەبێت .
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (مَنْ لَمْ يُجْمِعِ الصِّيَامَ قَبْلَ الْفَجْرِ فَلا صِيَامَ لَهُ) صحيح أبي داود : 2118.
واتە: هەر كەسێك نیەتی ئامادە نەكات بۆ ڕۆژوو بوون پێش بانگی بەیانی ، ئەو كەسە ڕۆژووی بۆ نیە.

دەکرێ لەیەکەم شەوى ڕەمەزان نیەتى هەر هەموو مانگەکە بهێنى؟
شێخ محمد بن صالح العثینین (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەڵێت: هەندێك لەزانایان دەڵێن هەر كەسێك لەیەكەم شەوی مانگی ڕەمەزان نیەتی هێنا ئەم نیەتەی كیفایەتە بۆ گشت ڕۆژووەكانی تر بە مەرجێك لە دوای یەكتریان بگرێت و هیچ شتێك نەبێتە هۆكاری پچڕانی ڕۆژوەكەی ، بەڵام ئەگەر ڕۆژێكیان بەهۆی عوزرێكەوە پچڕان كەوتە ڕۆژووەكەی بەڕۆژوونەبوو ، كاتێك دەست بەبەڕۆژووبوون دەكاتەوە دەبێت دووبارە نیەتەكەی بهێنێتەوە. كتاب الصيام وكتاب الاعتكاف: 8.
2- خۆگرتنەوە لەخواردن وخواردنەوە : واتە وازهێنان لەگشت جۆرەخواردن و خواردنەوەیەك لە دوای بانگی بەیانی تا خۆر ئاوابوون. الوجيز في فقه السنة والكتاب العزيز: 236 .

هەڵوەشێنەرەوەكانی ڕۆژوو
1-2 خواردن و خواردنەوە بە عەمدی : هەر كەسێك بەبێ‌ لە بیر چوون و بە ئارەزووی خۆی شتێك بخوات یان بخواتەوە ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێت و دەبێت دوای ڕەمەزان بیگرێتەوە .
بەڵام ئەگەر كەسێك بە لەبیر چوون ، یان بە هەڵە ، یان بە زۆری شتێكی خوارد یان خواردەوە ڕۆژووەكەی دروستە و گێڕانەوەو كەفاڕەتی بۆ نیە.الفقه الميسر وأدلته : 199 .
3- خۆ ڕشاندنەوە بە عەمدی : پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (مَنْ ذَرَعَهُ الْقَيْءُ وهو صائمٌ فَلَيْسَ عَلَيْهِ ْقَضَاء ، ومَنْ اسْتَقَاءَ فَلْيقْضِ ) صحيح الجامع: 6243.
واتە: هەر كەسێك ڕشانەوەی هات بەبێ‌ ویستی خۆی لەكاتێكدا كەبەڕۆژووبوو ڕۆژووەكەی دروستەو گێڕانەوەی ئەم ڕۆژووەی لەسەرنیە ، وە هەر كەسێك خۆی ڕشاندەوە بە ویستی خۆی (ئەم كەسە ڕۆژووەكەی شكاوەو) با بیگرێتەوە .
4-5 توشبوونی ئافرەت بە خوێنی (حەیز و نیفاس): هەر ئافرەتێك لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا توشی هەر یەك لەم دوو جۆرە خوێنە بێت ئەوا ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێت ، ئەم جۆرە ئافرەتانە لەم كاتانەدا دەبێت ڕۆژوەكەیان بشكێنن و دوای ڕەمەزان بیگرنەوە .
6- جووت بوون : هەر ژن و مێردێك لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا بچنە لای یەكتری و جووت ببن ، ئەوا ڕۆژووی هەردوكیان بەتاڵ دەبێتەوەو دەبێت دوای ڕەمەزان ڕۆژووەكەیان بگرنەوە ، وە دەبێت پیاوەكە كەفارەت بدات ، كە بریتیە لە (ئازاد كردنی كۆیلەیەكی باوەڕدار) ، ئەگەر توانای نەبوو یان دەستی نەكەوت ، ئەوا دەبێت (دوو مانگ بەبێ‌ پچڕان)بەڕۆژوو بێت ، وە ئەگەر توانای بەڕۆژوو بوونی نەبوو ئەوا دەبێت (شەست فەقیر تێر بكات) .
7- دەرخستنی ئاوی مەنی بە دەست یان بەغەیری دەست لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان : هەندێك لە زانایان دەڵێن ئەم كردارە ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە، وە دەبێت دوای ڕەمەزان ڕۆژووەكە بگێردرێتەوە بەڵام كەفارەتی بۆ نیە . مجموع فتاوی ابن باز : 15/267 .

حوكمی ڕۆژووی ئافرەتی حامیلە و شیردەر
ئەو ئافرەتانەی حەملیان هەیە یان شیر دەدەنە منداڵەكانیان ئەگەر هاتوو ڕۆژووگرتن مەترسی و زیانی هەبوو بۆیان،یان بۆ منداڵەكانیان،ئەوە بۆیان دروستە بە ڕۆژوو نەبن ، بەڵام ئەگەر مەترسی نەبوو بۆ خۆیان و منداڵیان ئەوە واجبە لەسەریان بە ڕۆژوو ببن .
جا هەر كاتێك بەهۆی مەترسی گیانی خۆیان یان منداڵیان ڕۆژیەكەیان شكان ، سەبارەت بە گرتنەوەو كەفارەتی ڕۆژوویان سێ‌ جۆر بۆ چوون هەیە لە نێو زانایان .
1.هەندێكیان دەڵێن تەنها كەفارەت دەدەن گرتنەوەیان بۆ نیە: بەبەڵگەی ئەم فەرموودانە، عبدالله ی كوڕی عباس (ڕەزای خوای گەورەی لێبێت) ، دەڵێت:  (إذا خافتِ الحاملُ على نفسها ، والمرضعُ على ولدها في رمضان قال: يُفطرانِ ، ويُطعمانِ مكانَ كُلِّ يوم مسكيناً ، ولا يقضيانِ صوماً) . صحيح على شرط مسلم ، (الارواء): 4/19.
واتە: هەر كاتێك ئافرەتی حامیلە ترسا لە نەفسی خۆی ، وە ئافرەتی شیردەر ترسا لە منداڵەی لە مانگی ڕەمەزاندا ، ئەوە ڕۆژووەكەیان دەشكێنن ، وە خواردن دەدەن بە فەقیر لە جیاتی گشت ڕۆژێكیان(واتە: بەرامبەر هەر ڕۆژێك دەبێت فەقیرێك تێر بكەن) وە گرتنەوەیان بۆ نیە .
وە عبدالله ی كوڕی عباس و عبدالله ی كوڕی عومەر دەڵێن: (الحاملُ والمرضعُ تُفطرُ ولا تقضى) . صححه الألباني في إرواء الغليل : 4/20 .
واتە: ئافرەتی حامیلە و شیردەر ئەگەر مەترسیان هەبوو ڕۆژیان دەشكێنن و نایگرنەوە (تەنها دانی خواردنیان لەسەر) .
2.وە هەندێك لە زانیان دەڵێن تەنها گێڕانەوەیان لەسەرە: دەڵێن چونكە حوكمی ئەم جۆرە ئافرەتانە وەكو حوكمی كەسی نەخۆش وایە ، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) البقرة: 185)
واتە: هەر كەسێك نەخۆش بوو یان لەسەفەر بوو بۆی هەیە ڕۆژووەكەی بشكێنێت و پاشان دوای ڕەمەزان بیگرێتەوە . دەڵێن خوای گەورە لەم ئایەتە پیرۆزەدا تەنها باسی گرتنەوەی كردووە باسی دانی خواردنی نەكردووە . فتاوی اللجنة الدائمة : 10/220 .
3.وە هەندێك لە زانایان دەڵێن: ئەگەر لەبەر مەترسی منداڵەكەی ڕۆژووەكەی بشكێنێت ئەوە دەبێت لەگەڵ گرتنەوەی ڕۆژووەكەی خواردنیش بدات ، بەڵام ئەگەر لەبەر مەترسی خۆی بێت تەنها گێڕانەوەی لەسەرە . مجموع فتاوی ورسائل ابن عثیمین : 19/164.
تێبینی : ئافرەتان كردەوە بەكام یەكێك لەم بۆچونانە بكەن بۆیان دروستە إن شاء الله .

ئەو شتانەی دروستە و حەڵاڵە بۆ كەسی بەڕۆژوو ئەنجامیان بدات
1.ئاو بە خۆ داكردن بە مەبەستی فێنك كردنەوە : هەندێك لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا دەڵێن: پێغەمبەری خوا ئاوی بەسەر سەری خۆیدا دەكرد لەوكاتەی بەڕۆژوو بوو بەهۆی تێنووەتی یان گەرما . صحیح سنن أبی داود : 2072.
2.ئاو لە دەم و لووت وەركردن : بەڵام بەبێ‌ زیادەڕەوی و هەڵمژینی تووند دەبێت بە شێوەیەكی وا بێت ئاو نەچێتە خوارەوە .
3. کەڵەشاخ وحیجامەكردن : هەندێك لە زانایان دەڵێن: حیجامەكردن لە كاتی بەڕۆژوو بوون دروستە ئەگەر نەبێتە مایەی زیان و لاوازی كەسەكە .
بە بەڵگەی ئەم فەرموودانە ، عبدالله ی كوڕی عباس (ڕەزای خوای گەورەی لێبێت) دەڵێت: (أنَّ النبيَّ إحْتَجَمَ وهو صائمٌ) . أخرجه البخاري : 1939.
واتە: پێغەمبەر حیجامەی كرد لەكاتێكدا كە بەڕۆژوو بوو .
وە سەبارەت بە فەرموودەی: (أفطرَ الحاجمُ والمحجومُ) . الارواء : 931.
واتە: ئەو كەسەی حیجامە دەكات و ئەو كەسەی حیجامەی بۆ دەكرێت ڕۆژووی هەردوكیان دەشكێت ، شێخ البانی ڕەحمەتی خوای گەورەی لێبێت ، دەڵێت: ئەم فەرموودەیە حوكمەكەی مەنسوخە بەو فەرموودەیەی ئەبو سەعیدی خودری ڕیوایەتی كردووەو دەڵێت : (أَرْخَصَ النبيُّ في الحجامةِ للصائم) الإرواء : 4/74.
واتە: پێغەمبەر ڕێگای داوە بە حیجامەكردن بۆ كەسی بەڕۆژوو ، هەندێك لە زانایان دەڵێن خوێن بەخشینیش بۆ كەسانی پێویست بەخوێن دروستە ئەگەر مەترسی لاوازی و زیان نەبێت بۆ خوێن بەخشەرەكە . الفقه المیسر وأدلته : 197.
4.ماچ كردن و خۆگەیاندنی پیاو بە خێزانەكەی بە مەرجێك بەسەر نەفس و شەهوەتەكەی زاڵبێت : عائشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: پێغەمبەر خێزانەكانی ماچ دەكرد و خۆی پێدەگەیاندن لە كاتێكدا كە بە ڕۆژوو بوو ، بەڵام پێغەمبەر لەم كاتەدا زۆر خۆ گربوو . أخرجه البخاری : 1927 ، ومسلم : 1106.
5. مانەوە بەلەشگرانى تا دواى بانگى بەیانى : ئەگەر كەسێك بە شەو پێش بانگی بەیانی تووشی جەنابەت بوو پاشان نەی توانی بە پەلە خۆی بشوات یەكسەر بانگی بەیانیدا بۆ ئەو كەسە دروستە دوای بانگی بەیانی خۆى بشوات و ڕۆژووەكەی دروستە،وە هەروەها ئەگەر كەسێك بە ڕۆژ لە خەویدا توشی جەنابەت بوو ڕۆژووەكەی دروستە،بەڵام دەبێت بە پەلە غوسلی جەنابەت لەسەرخۆی دەربكات .
6.بەكارهێنانی سیواك : دروستە بۆ كەسی بەڕۆژوو سیواك بەكار بهێنێت ، چونكە هیچ بەڵگەیەك نەهاتووە نەهی لە بەكارهێنانی سیواك بكات لەكاتی بەڕۆژوو بوون .
7.تام كردنی خواردن ، بەڵام بە مەرجێك نەچێتە خوارەوە واتە تەنها لەسەر زمان بێ و قوتى نەدا .
8.بەكارهێنانی دەرزی ، تەنها دەرزی مغزی نەبێت ، چونكە هێز و توانا دەداتە مرۆڤ و شوێنی خواردن و خواردنەوە دەگرێتەوە .
9.بەكار هێنانی معجونی ددان ، بە مەرجێك تامی نەچێتە خوارەوە ، بەڵام ئەگەر بەبێ‌ ویستی خۆی چووە خوارەوە ئەوە هیچی لەسەر نیە ، وە هەروەها قەترەی گوێ‌ و چاو ڕۆژوویان پێ‌ ناشكێت ، چونكە كونی چاو و گوێ‌ پەیوەندیان بە كونی خواردن و خواردنەوە نیە ، بەڵام قەترەی كەپوو(لووت) شێخ ابن باز دەڵێت: دروست نیە چونكە پێغەمبەری خوا نەهی كردووە لە مبالەغە كردنی ئاو لەلووت وەركردن لەكاتی بەڕۆژوو بوندا لەبەر مەترسی چوونە خوارەوەی . مجموع فتاوی ابن باز : 15/260 .
10.بەكارهێنانی بۆنی خۆش : دروستە بەكار هێنانی بۆنی خۆش تەنها بۆنی بوخور نەبێت ، چونكە بوخوور قەبارەی هەیە و دەگات بە مەعیدە ، فتاوی الصیام / 43 .
وە هەروەها بێگومان جگەرە كێشانیش ڕۆژوو دەشكێنێت چونكە دووكەڵی هەیە و قەبارە و چەندین ماددەی خراپی تێدایە و دەگات بە مەعیدە .
11.بەكارهێنانی بەخاخ بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسیان هەیە: ئەو كەسانەی نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە بۆیان دروستە بەخاخ بەكاربهێنن چونكە بەخاخ هەواكەی دەفڕێت و نامێنێت و قەبارەی نیە وەكو جگەرەو بوخور ، ناگات بە مەعیدە . فتاوی أركان الاسلام : 475.
12.بەكارهێنانی حەبی مەنعی خوێنی حەیز : بەڵام بە مەرجێك زیانی نەبێت بۆ ئافرەتەكە ، ئەگەر زیانی هەبوو بۆی دروست نیە . الفقه المیسر وأدلته : 197.
13. بەكارهێنانی كلی چاو : عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: (إكْتَحَلَ رسولُ الله وهو صائمٌ) صحيح سنن ابن ماجه : 1369.
واتە: پێغەمبەری خوا كلی لە چاو كرد لە كاتێكدا كە بە ڕۆژوو بوو .
14.خواردنەوەی تفی ناو دەم : چونكە مرۆڤ ناتوانێت هەموو دەمێك تفی دەمی فڕێ‌ بداو دەمی ووشك بكات ، بەڵام چڵم و بەڵغەم هەر كاتێك هاتە ناو دەم نابێت قووت بدرێت و دەبێت فڕە بدرێت . مجموع فتاوی ابن باز : 15/313.
15.پاکبونەوەى ئافرەت پێش بانگى بەیانى و ڕۆژوو گرتنى : بۆ ئافرەتان دروستە بەڕۆژوو ببن ئەگەر شەوانی ڕەمەزان پێش بانگی بەیانی پاك بوونەوە لەخوێنی سووری مانگانە یان نیفاس ، دەبێت یەكسەر نیەتی ڕۆژوو بهێنن
و بە ڕۆژوو ببن ، وە دەبێت غوسل دەر بكەن بە پەلە ئەگەر بۆیان گونجا ، ئەگەرنا دروستە بۆیان دوای بانگی بەیانی بە پەلە غوسل دەربكەن و نوێژیان بكەن و وە ڕۆژووەكەیان بگەینە سەر.

ئادابەكانی بە ڕۆژوو بوون
1.پارشێو كردن : سونەت وایە موسوڵمانان پێش بانگی بەیانی پارشێو بكەن ، وە چەند درەنگ تر بێت خێرترە ، وە مرۆڤ بەردەوام بێت لە خواردن و خواردنەوەی تا ئەو كاتەی بانگ دەدرێت ، گوێ‌ نەدرێت بەو بیدعەیەی لە زۆرێك لە مزگەوتەكان دەكرێت كە دەڵێن: (الإمساك) واتە: دەست بەرداری خواردن و خواردنەوە بن ، ئەم شتە بیدعەیە و ئەصل و ئەساسی نیە لەشەریعەتە پاك وتەواوەكەی ئیسلام ، با مۆژن بۆ خۆی هەر بڵێت (الإمساك) تۆ گوێی پێ‌ مەدە و لە خواردن و خواردنەوەت بەردەوامبە تائەو كاتەی بانگ دەدرێت .
2. پەلەكردن لەڕۆژوو شكاندن لەدوای خۆرئاوابوون و بانگ : سونەت وایە لە دوای خۆرئاوا بوون و بانگی مەغریب پەلە بكرێت لە ڕۆژوو شكاندن ، خێرو سونەت لەمەدایە .
3.دوعا كردن لەكاتی ڕۆژوو شكاندن: سونەت وایە لەكاتی ڕۆژوو شكاندن ئەم دوعایە بكرێت: (ذَهَبَ الظَّمَأُ وَابْتَلَّتِ العروقُ ، وثَبَتَ الأَجْرُ إن شاءالله) صحيح سنن أبي داود : 2066.
واتە: تێنوویەتی ڕۆیشتن ، وەدەمارەكان تەڕبوون لە دوای ووشك بوونیان ، وە (إن شا‌ء الله) ئەجر و پاداشت دەست كەوت لە لای خوای پەروەردگار .
4.پاراستنی زمان لە غەیبەت كردن و قسە هێنان و بردن و جنێودان و بوهتان كردن .
5. قورئان خوێندن و سەدەقە كردن .
6.تەراویح كردن و عیبادەت كردن بەشەو : بە تایبەتی لە دە شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزان بۆ دەست كەوتنی ئەجرو پاداشتی (لیلة القدر ) .
7.شكاندنی ڕۆژوو بە قەسب یان خورما یان ئاو : سوننەت وایە لە دوای بانگی مەغریب بە چەند دەنكە قەسپێك یان خورما ڕۆژوو بشكێندرێت ، ئەگەر نا بە ئاو .

مامۆستا عدنان بارام

 

سەردان: ٣,٦٨٤ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو