یەکدەنگی زانایان لەسەر هەندێ لە حوکمە شەرعییەکان سەبارەت بە ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
یەکدەنگی زانایان لەسەر هەندێ لە حوکمە شەرعییەکان سەبارەت بە ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان
پرسیار:

ئەو حوکمە شەرعییانە کامانەن کە زانایان تێیدا یەکدەنگن و خیلافی تێدا نیە سەبارەت بە ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ئەم خاڵانەى خوارەوە بریتین لەو حوکمە شەرعییانەى کە زانایان کۆ دەنگن لەسەرى و هیچ خیلافێکى تێدا نیە :

یەکەم : ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەرزە ، و هەرکەس نکۆڵی لێ بکات و باوەڕی پێ نەبێ کافرە.

دووەم : بەئاوا بوونی خۆر کاتی ڕۆژوو تەواو دەبێت.

سێیەم: هەر کەسێک هەموو شەوێکی مانگی ڕەمەزان نیەتی هێنا ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە.

چوارەم: مەرجە لەڕۆژووی نەزر و کەفارەتدا نیەت بهێندرێت.

پێنجەم : مەرجە لەڕۆژووی سوننەتدا نیەت بهێندرێت.

شەشەم : پێویستە کەسی ڕۆژووەوان واز لەهەموو ئەو شتانە بێنێت کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ،  وەک خواردن وخواردنەوە وجیماع.

حەوتەم : ئەو شتانەی کە بەلا ئیرادی دەچنە نێو سکی کەسی ڕۆژووەوانەوە وەک تۆزی ڕێگا وهاوشێوەکانی ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە.

هەشتەم : ئەو خوێن و شتانەی کەلە نێوان ددانی کەسی ڕۆژووەوانەوە دەردەچێت ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە بەمەرجێک قوتی نەداتەوە. 

نۆیەم : ڕۆژوو واجبە لەسەر کەسی بالغ وعاقڵ گەر لەسەفەردا نەبێت.

دەیەم : مەرجە بۆ دروستی ڕۆژوو کەسەکە موسوڵمان بێت.

 یانزەیەم : گەر کافرێکی ئەسڵی (موڕتەد نەبێت) موسوڵمان بوو ئەوا واجب نی یە لەسەری ئەو ڕۆژووانە بگرێتەوە کە لەسەردەمی کافریدا نەیگرتووە.

دوانزەیەم : گەر کافرێک لەڕەمەزاندا موسوڵمان بوو ئەوا پێویستە ئەو ڕۆژانەی کە ماوە لە ڕەمەزان بگرێت. 

سیانزەیەم: واجب نی یە لەسەر کەسی باڵغ ئەو ڕۆژانە قەزا بکاتەوە کە پێش باڵغ نەبوون نەیگرتوون.

چواردەیەم: پاکی ئافرەت لەسوڕی مانگانە وخوێنی منداڵ بوون مەرجە بۆ واجب بوونی ڕۆژوو .

پانزەیەم: حەرامە ئافرەتێک کە لەسوڕی مانگانەدایە یاخود تازە منداڵی بووە وهێشتا پاک نەبۆتەوە بەڕۆژوو بێت ، وپێویستە لەسەری دواتر قەزای بکاتەوە.

شانزەیەم: ڕۆژوو واجب نی یە تەنها لەکاتی توانیندا نەبێت.

حەڤدەیەم: سوننەتە پەلە بکرێت لەڕۆژوو شکاندن گەر دڵنیابوون لەئاوا بوونی خۆر ، وهەروەها سوننەتە پارشێو کردن دوا بخرێت و تاخیر بکرێت.

هەژدەیەم: پارشێو کردن سوننەتە و واجب نی یە.

نۆزدەیەم: کاتێ کە خەڵک مانگ دەبینن واجبە بەڕۆژوو بن.

بیست : کەسی نەخۆش دروستە بەڕۆژوو نەبێت.

بیست و یەک : کەسێک کە لەسەفەردایە تاوان بار نابێت گەر بەڕۆژوو نەبێت.

بیست و دوو : هەرکەسێک ڕۆژووی نەگرتبێت لەبەر نەخۆشی یاخود سەفەر ،ئەوا واجبە قەزای بکاتەوە.

بیست و سێ : دروستە بۆ پیاو و ئافرەتی بەساڵا چوو بەڕۆژوو نەبن لەحاڵەتێکدا نەیان توانی یاخود قورس بوو لەسەریان.

بیست و چوار : هەر کەسێک خواردن یاخود خواردنەوە بەئەنقەست بخوات و بزانێت و لەبیری بێت کە بەڕۆژووە ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە.

بیست و پێنج : هەرکەسێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا شتێکی کەم کە لەنێو ددانەکانیدایە قوت بدات ولەبەر کەمی نەتوانێت فڕێی بدات ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروسته.

بیست و شەش :  قوتدانی لیک ڕۆژوو ناشکێنێت مادام دەری نەکردۆتەوە دەرەوە یاخود کۆی نەکردۆتەوە وپاشان قوتی بدات.

بیست و حەوت : هەرکەسێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا نوستوو وتوشی لەش گرانی بوو ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە.

بیست و هەشت : هەر ئافرەتێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا توشی سوڕی مانگانە بوو یاخود منداڵی بوو ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و واجبە بیگرێتەوە.

بیست و نۆ : هەرکەسێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا موڕتەد بووەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە .

سی : هەر کەسێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا بەئەنقەست جیماع بکات، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە .

سی و یەک : دروستە کەسی ڕۆژووەوان لەکاتی دەس نوێژ گرتندا ئاو لەدەم ولوتی وەربدات بەمەرجێک زیادە ڕەوی نەکات .

سی و دوو :  گەر ئافرەتێک ڕۆژووی دوو مانگی لەسەر بوو بەشێوەیەک پێویست بوو بەسەر یەکەوە بیگرێت ئەوا ڕودانی حەیز لەو نێوەندەدا نابێتە کێشە.

سی و سێ :  حەرامە لە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بوون ،وەهەرەها لەهەر چوار ڕۆژەکەی جەژنی قوربانیش دا.

سی و چوار : کاتێ کەسێک لەژیاندا بێت دروست نییە کەس لەبری ئەو بەڕۆژوو بێت.

سی و پێنج : کەسێک بەڕۆژوو بێت ، وخواردن وخواردنەوە بدات بەکەسێکی ڕۆژووەوان جا بەزۆر بێت یاخود نا ، ئەوا بەو کارەی ڕۆژووەکەی خۆی بەتاڵ نابێتەوە. 

سی و شەش : گەر دوای دەرکەوتنی خۆر دەر کەوت مانگی شەوالە ومانگ بینراوە ئەوا پێویستە ڕۆژووەکە بشکێنن ونوێژی جەژنیش دەکەن بەمەرجێگ بانگی نیوەڕۆی نەدابێت.


سوود وەرگیراوە لە کتێبی : إجماعات العبادات

سەردان: ٢,١٦٩ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو