مەرجەکانی ڕۆژوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەکانی ڕۆژوو
پرسیار:

ئایا مەرجەکانی ڕۆژوو چین؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

مەرجەکانی ڕۆژوو :
یەکەم: موسوڵمانیەتی.
دووەم :  بالغ بوون .
سێیەم : لەمەرجەکانی ڕۆژوو عاقڵ بوون .
چوارەم: لەمەرجەکانی ڕۆژوو ئیقامە ، واتە: کەسەکە لەماڵی خۆی بێت وسەفەری نەکردبێت.
پێنجەم: لە مەرجەکانی ڕۆژوو توانا ، واتە: کەسەکە بتوانێت ڕۆژوو بگرێت.
شەشەم: لە مەرجەکانی ڕۆژوو پاکێتی لەحەیز ونیفاس .
حەوتەم: لەمەرجەکانی ڕۆژوو نیەت هێنان:

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

مەرجەکانی ڕۆژوو :
یەکەم: موسوڵمانیەتی  .
1- پێویسته بۆ واجب بوونی ڕۆژوو کەسەکە موسوڵمان بێت ، ڕۆژوو لەسەر کەسی کافر واجب نی یە ، گەر بیشی گرێت لێی قەبوڵ ناکرێت ، هەریەک: (ابنُ حزمٍ، والكاسانيُّ، والزيلعيُّ، ومحمَّد ابنُ مُفلح، وإبراهيم بن مُفلح، وابنُ حَجَر الهيتميُّ)ْکۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- موسوڵمان بوونی کافری ئەسڵی واتە (موتەد نەبووبێت ودواتر موسوڵمان بووبێتەوا)
- حوکمی قەزا کردنەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت کافری ئەسڵیەوە کاتێ کەموسوڵمان دەبێت جا ئایا پێویستە ئەو ڕۆژووانە بگرێتەوە کەلەزەمانی کافر بوونی دا نەیگرتوون؟، 
لەم حاڵەتەدا نەخێر قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، هەریەک: (ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ حجر الهيتميُّ، والشِّربينيُّ) کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

- حوکمی قەزا کردنەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت کافرێکەوە کەلەنێو ڕەمەزاندا موسوڵمان:
گەر کافرێک لەنێو ڕەمەزاندا موسوڵمان بوو ، پێویست نی یە لەسەری ئەو ڕۆژانەی پێش موسوڵمان بوونی قەزا بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

- ڕۆژوو گرتنی کافر کاتێ کە لەنێو ڕەمەزاندا موسوڵمان دەبێ جا ئایا ئەوڕۆژانەی کەماوە لەڕەمەزان پێویستە بیگرێت ؟
بەڵێ گەر کەسێک لەنێو ڕەمەزاندا موسوڵمان بوو پێویستە ئەو ڕۆژانە بگرێت کەلەڕەمەزان ماوە، هەریەک لە ابنُ قُدامةَ، والشَّوكانيُّ کۆدەنگیان لەسەر نەقڵ کرووە.

- حوکمی واز لەخواردن وخواردنەوە هێنان بەنیسبەت ئەو کەسەی کەلەڕەمەزاندا موسوڵمان دەبێت :
گەر کافرێک لەڕۆژێک لەڕۆژەکانی ڕەمەزاندا موسوڵمان بوو پێویستە لەو کاتەوە کەموسوڵمان بووە واز لەخواردن وخواردنەوە بێنێت تاوەکو خۆر ئاوا دەبێت ، بەڵام واجب نییە لەسەری قەزای بکاتەوه، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی یە و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

3- موسوڵمانی بوونی کافری موڕتەد:
گەر کافرێکی موڕتەد موسوڵمان بووەوە ئەوا واجب نی یە لەسەری ئەو ڕۆژانە قەزابکاتەوە کەلەسەردەمی موڕتەدی دا نەیگرتوون ، ئەوەش مەزهەبی جمهورە، لەحەنەفی ومالکی وحەنزەلیەکان.

- قەزاکردنەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت موڕتەدەوە مەبەست لێی ئەو ڕۆژانەی کەپێش موڕتەد بوونی قەرزدارە ئایا دوای ئەوەی موڕتەد دەبێتەوە دواتر دووبارە موسوڵمان دەبێتەوە واجبە لەسەری ئەو ڕۆژانە بگرێتەوە کەپێش موڕتەد بوونەوەی نەیگرتوون ؟
بەڵێ واجبە لەسەری ئەمەش مەزهەبی جمهور ، لەحەنەفی وشافعی وحەنزەلیەکان.

- حوکمی ئەو کەسەی لەکاتی بەڕۆژوو بووندا موڕتەد دەبێتەوە :
گەر کەسێک لەکاتی بەڕۆژوو بووندا موڕتەد ببێتەوە ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە لەسەری ئەوڕۆژە بگرێتەوە گەر موسوڵمان بووەوە ، ئەمەش قسەی شافعی وحەنبەلیەکانە.

دووەم: له مەرجەکانی ڕۆژوو: 
1- بالغ بوون:

بۆ واجب بوونی ڕۆژوو مەرجە کەسەکە بالغ بێت ، هەریەک لە  : (ابنُ حَزمٍ، وابنُ رُشدٍ، والنَّوويُّ، ومحمَّدُ بنُ مُفلِحٍ، وإبراهيمُ بنُ مُفلِح) کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- قەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژانەی کەپێش بالغ بوون نەگیراون:

واجب نی یە قەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژانەی کەپێش بالغ بوون نەگیراون؛ ئیمامی نەوەوی کۆدەنگی زانایانی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

3- فەرمان کردن بەمنداڵ بەڕۆژوو گرتن:
گەر منداڵ توانای هەبوو ڕۆژوو بگرێت بێ ئەوەی زیانی پێ بگات ئەوا پێویستە لەسەر سەرپەرشتیارى منداڵەکە فەرمانی پێ بکەن بەبەڕۆژوو بوون ، بەڵکو ڕابێت وفێر بێت ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە ، لەحەنەفی وشافعی وحەنبەلیەکان ، وقسەی کۆمەڵێک لە سەلەفە.

4- گەر منداڵێک لەڕەمەزاندا بالغ بوو ئایا واجبە ڕۆژەکان تری ڕەمەزان قەزا بکاتەوە ؟
نەخێر واجب نی یە لەسەری قەزای بکاتەوە بەڵکو تەنها ئەو ڕۆژانە دەگرێت ، ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە ، وقسەی زۆربەی زانایانە.

5-گەر منداڵێک لەڕۆژێک لەڕۆژەکانی ڕەمەزاندا بالغ بوو ئایا واجبە ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە وەهەروەها ئەو ڕۆژە تا ئێوارە خۆ لەخواردن وخواردنەوە بگرێتەوە  ؟
بەڵێ واجبە خۆی بگرێتەوە لەهەموو ئەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن بەڵام قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی یە وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە، وهەریەک ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

سێیەم : لەمەرجەکانی ڕۆژوو عاقڵ بوون:
1- مەرجی عاقڵیەتی کەسەکە:

مەرجە بۆ واجب بوونی ڕۆژوو کەسەکە عاقڵ بێت ، هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابنُ رُشدٍ، ومحمَّدُ ابنُ مُفلِحٍ، وإبراهيمُ ابنُ مُفلِح کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- نەمانی عەقڵ بەهۆی شێتی یەوە:

-  حوکمی ڕۆژوو بەنیسبەت شێتەوە:
ڕۆژوو لەسەر کەسی شێت واجب نی یە ، گەر بیشی گرێت ڕۆژووەکەی دروست نی یە وبەڕۆژوو ئەژمار ناکرێت هەریەک لە: النوويُّ، وابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

- حوکمی ڕۆژوو بەنیسبەت شێتەوە گەر لەڕۆژی ڕەمەزاندا بەهۆش خۆی هاتەوە:
گەر شێت لەڕۆژێک لەڕۆژەکانی ڕەمەزاندا بەهۆش هاتەوە ئەوا پێویستە ئەوەندەی کەلەڕۆژەکە ماوە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن ، ئەوەش بۆچوونی ، حەنەفیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وەهەریەک لە ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

- حوکمی گێڕانەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت شێتەوە گەر چاک بووەوە:
گەر کەسی شێت چاک بووەوە ئەوا واجب نی یە لەسەری ئەو ڕۆژانە قەزا بکاتەوە کەلەزەمانی شێت بوونی دا نەیگرتوون ، جا ئەو ڕۆژانەی کەنەیگرتوون زۆر بێت یاخود کەم ، ولەڕەمەزاندا چاک بووبێتەوە یاخود دواتر هیچ جیاوازی نی یە ، ئەمەش مەزهەبی شافعی وحەنبەلیەکانە ، وەهەریەک  ابنِ المُنذِر، وابنِ حزمٍ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمين هەڵیان بژاردووە.

- حوکمی ئەو کەسەی کەئێوارە نیەتی ڕۆژووی هێناوە بەڵام دواتر توشی شێت بوون دەبێت ونایەتە هۆش خۆی تاوەکو خۆر‌ئاوا دەبێت:
لەم حاڵەتەدا ڕۆژووەکەی سەحیح ودروست نی یە ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالکیەکان و شافعیەکان وحەنبەلیەکان.

- حوکمی گێڕانەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت ئەو کەسەی بەڕۆژووە ولەو کاتەدا توشی شێتی دەبێت:
لەم حاڵەتەدا قەزاکردنەوەی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی وحەنبەلیەکانە ، و ابنِ حَزم هەڵی بژاردووە.

.3- عەتەهی:
پێناسەی عەتەهی:
عەتەهی لەڕووی زمانەوانیەوە واتە: کەم بوونەوەی عەقڵ بەڵام بێ ئەوەی بەتەواوی شێت ببێت.

عەتەهی لەڕووی زاراوەی شەرعی یەوە:
دەردێکە لەخودی کەسەکەدا دروست دەبێت و وا دەکات خەلەلێک بکەوێتە عەقڵەوە ، و وا لەکەسەکە دەکات عەقڵی زۆر مەزبوت نەبێت ، بەشێوەیەک هەندێ قسەی وەک قسەی کەسانی عاقڵە ، وهەندێکی تری هاوشێوەی قسەی کەسانی شێتە.
- حوکمی ڕۆژووی ئەم کەسە:
ڕۆژووی لەسەر نی یە ئەو کەسەی کەتوشی جۆرێک لەدەس دانی بەشێک لەعەقڵ دەبێت ، وەهەروەها قەزا کردنەوەشی لەسەر نییە ، ابنُ عبدِ البر کۆدەنگی زانایانی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

4- خەڕەف:
پێناسەی خەڕەف:
خەڕەف: بریتی یە لە تێک چوونی عەقڵ بەهۆی پیریەوە.

- حوکمی ڕۆژووی ئەم کەسە ، واتە: ( ئەو کەسەی بەهۆی پیریەوە عەقڵی لەدەس داوە)
ئەم کەسانە نەڕۆژوویان لەسەرە ونەقەزا کردنەوەش ، ئەم بۆچوونەش هەریەک لە ابنِ باز، وابنِ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

5- نەمانی عەقڵ بەهۆی لەخۆ چوونەوە:
- حوکمی ئەو کەسەی نیەتی ڕۆژووی هێناوە پاشان تەواوی ڕۆژەکە توشی لەخۆ چوون دەبێت ؟
گەر لەخۆ چوونەکە تەواوی ڕۆژەکە بگرێتەوە ، واتە: لەنوێژی بەیانیەوە تاوەکو خۆر ئاوا بوون ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروست نی یە ، وقەزاکردنەوەشی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالکی وشافعی وحەنبەلیەکان.

- حوکمی ئەو کەسەی نیەتی ڕۆژووی هێناوە پاشان بەشێک لە ڕۆژەکە توشی لەخۆ چوون دەبێت ؟
گەر کەسێک لەبەشێک لەڕۆژی ڕەمەزاندا توشی لەخۆ چوون بوو ودواتر بەهۆش هاتەوە تەنانەت گەر بۆ ساتێکیش بێت ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ، وقەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، ئەمەش مەزهەبی شافعی وحەنبەلیەکانە.

- حوکمی ئەو کەسەی بەهۆی بەنجەوە ئاگای لەخۆی نامێنێت؟
حوکمی ئەم کەسە هەمان حوکمی کەسێکە کەلەهۆش خۆی چووبێت.

 6- لەدەس دانی زاکیرە :
هەرکەسێک توشی لەبیر چوونەوە ولەدەس دانی زاکیرە بووبێت ؛ ئەوا ڕۆژووى لەسەر واجب نی یە ، ئەمە فەتوای( اللجنةُ الدَّائمةُ ، وابن عُثَيمين ـە.

چوارەم: لەمەرجەکانی ڕۆژوو ئیقامە ، واتە: کەسەکە لەماڵی خۆی بێت وسەفەری نەکردبێت.
کەسێک لەماڵدا بوو ئەوا ڕۆژووی لەسەرە بە کۆدەنگی زانایان ، و ابنُ حَزم ئەو کۆدەنگیەی نەقڵ کردووە.

پێنجەم: لە مەرجەکانی ڕۆژوو توانا ، واتە: کەسەکە بتوانێت ڕۆژوو بگرێت.
ڕۆژوو تەنها لەسەر کەسانێک واجبە کەتوانایان هەبێت ، هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابنُ تَيميَّةَ، وابنُ مفلح کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

شەشەم: لە مەرجەکانی ڕۆژوو پاکێتی لەحەیز ونیفاس .
1- بۆ ڕۆژوو گرتن مەرجە ئافرەتان پاک بن ، واتە: لەسوڕی مانگانەدا نەبن وتازە منداڵیان نەبووبێت ، هەریەک: ابنُ حزمٍ، والنوويُّ، والشَّوكانيّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- حوکمی ڕۆژووی ئەو ئافرەتانەی کەلەحەیز ونیفاسدان:
ئەو جۆرە ئافرەتانە حەڕامە بەڕۆژووبن ، وگەر بیشیگرن ڕۆژووەکەیان دروست نی یە ، وپێویستە قەزای بکەنەوە ،هەریەک لە: ابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ رُشدٍ، والنوويُّ، وابنُ تَيميَّة کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

3-حوکمی ئەو ئافرەتانەی کەلەکاتی ڕەمەزاندا پاک دەبنەوە لەحیز ونیفاس بەڵام هێشتا بەشێک لەڕۆژ ماوە:
لەم حاڵەتەدا زانایان ناکۆکن کەئایا پێویستە ئەوەندەی کەماوە لەڕۆژەکە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە یاخود نا ، ودوو بۆ چوونیان لەم بارەیەوە هەیە:
بۆچوونی یەکەم: واجب نییە لەسەریان خۆیان بگرنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەوەش بۆ چوونی مایکیەکان وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە ، و ابنِ حَزمٍ، وابنِ عُثَيمين ئەم بۆ چوونەیان هەڵبژاردووە.

بۆچوونی دووەم: واجبە لەسەریان خۆیان بگرنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەوەش بۆچوونی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونی ڕاستی حەنبەلیەکانە ، و ابنِ بازیش ئەم بۆ چوونەی هەڵبژاردووە.
4- حوکمی بەکار هێنانی ئەو حەپانەی کەڕێگری دەکەن لەحەیز بەنیەتی ئەوەی ئافرەت تەواوی مانگەکە بەڕۆژوو بێت :
گەر دڵنیا بوون لەوەی زیانیان پێ ناگات ئەوا دروستە ، ئەمەش بۆ چوونی حەنبەلیەکانە ، و ابنِ بازیش ئەم بۆ چوونەی هەڵبژاردووە.

حەوتەم: لەمەرجەکانی ڕۆژوو نیەت هێنان:

1- حوکی نیەت هێنان بەنیسبەت ڕۆژووەوە : 
ڕۆژوو بەبێ نیەت دروست نی یە ، ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

تێبینى : جێگاى نیەت دڵە نەک زمان .

2- حوکمی نیەت هێنان لەئێوارەوە:
واجبە لەشەوەوە وپێش بانگی بەیانی نیەت بهێندرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالکیەکان وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکان.

3- حوکی تازە کردنەوەی نیەت لەهەموو ڕۆژێکی ڕەمەزاندا:
زانایان ناکۆکن کە ئایا پێویستە هەموو ڕۆژێک نیەت بهێندرێت یاخود نا ، ودوو بۆ چوونیان لەم بارەیەوە هەیە:

بۆچوونی یەکەم: مەرجە بۆ هەر ڕۆژێک نیەت بهێندرێت وتازە بکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفیەکان وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکان. 

بۆچوونی دووەم : ئەو ڕۆژووەی کەپێویستە بەدوای یەکدا بگیردرێت ئەوا نیەت هێنان لەسەرتاوە کافیە ، بەڵام گەر نێو بڕێکی تێکەوت دوو بارە گەڕایەوە ئەوا پێویستە نیەت بێنێتەوە ، ئەمەش مەزهەبی مالکیەکانە ، و بۆچوونى زوفەرە لەحەنەفیەکان ، وابنُ عُثَيمين ئەم بۆچوونەی هەڵبژاردووە.

4-حوکمی نیەت هێنان لەئێوارە بەنیسبەت ڕۆژووی سوننەتەوە :
مەرج نیە لەئێوارەوە نیەت بهێندرێت بۆ ڕۆژووی سوننەت ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی وشافعی وحەنبەلیەکان.

5- کاتی نیەت هێنان لەڕۆژدا بەنیسبەت ڕۆژووی سوننەتەوە:
دروستە لەهەرکاتێکی ڕۆژدا نیەت بهێندرێت بەمەرجێک لەبانگی بەیانیەوە ئەو شتانەی نەخواردبێ ونەکردبێت کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکە لای شافعیەکان ، وقسەی کۆمەلێک لەسەلەفه ، وهەریەک ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەڵیانبژاردووە.

6- حوکمی ئەو کەسەی کەدوو دڵە لەوەی سبەی ڕۆژووی فەرز دەگرێت یاخود نا:
هەر کەس بەم شێوەیە بوو ودوو دڵیەکەی تاوەکو بانگ دان بەردەوام بوو ودواتر ڕۆژووی گرت ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروست نی یە ، وپێویستە ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە، ئەوەش مەزهەبی مالکی وشافعی وحەنبەلیەکانە ، وبۆ چوونی هەندێ لەحەنەفیەکانیشە.

7- حوکمی ئەو کەسەی کەڕۆژوو دەبەستێتەوە بەشتێکەوە ، بۆ نموونە دەڵێت: گەر سبەی ڕەمەزان بێت ئەوا بەڕۆژوو دەبم ، دواتر دەرکەوێت ڕەمەزانە ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ، ئەم بۆ چوونە ڕیوایەتێکە لەئیمام ئەحمەدەوە ، و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەمان بۆ چوونیان هەیە.

8- حوکمی ڕۆژوو کەسێک کە لەڕۆژی ڕەمەزاندا نیەت بێنێت ڕۆژووەکەی ببڕێت:
هەرکەس ئەو نیەتە بێنێت ئەوا ڕۆژووەکەی دەبڕێت ، ولێی وەرناگیردرێت ، وپێویستە قەزای بکاتەوە ، وپێویستە ئەوەندەی کەلەڕۆژەکەش ماوە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، خۆ ئەگەر لەو کەسانە بوو کەدروستە ڕۆژوو نەگرن وەک نەخۆش وموسافیر ، ئەوا تەنها قەزا کردنەوەیان لەسەرە ، ئەمەش بۆ چوونی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە ،و ابنِ عُثَيمين هەڵی بژاردووە.

9- حوکمی ڕۆژووی ئەو کەسەی کەدوو دڵ بێت لەبڕانی ڕۆژووەکەی :
هەرکەسێک دوو دڵ بێت لەبڕانی ڕۆژووەکەی ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ نابێتە مادام بڕیاری یەکجاری نەداوە ، ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی ، وشافعیەکان ، وبۆچوونی ڕاستی حەنبەلیەکانە.