پایە و ئەرکانەکانی ڕۆژوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پایە و ئەرکانەکانی ڕۆژوو
پرسیار:

 پایە و ئەرکانەکانی ڕۆژوو چین؟ گەر بانگی بەیانی بدات و کەسێک خواردن لەدەمی دا بێت چی بکات؟ وە گەر کەسێک ڕۆژووەکەی شکاند و پاشان سوارى تەیارە بوو کە تەیارەکە بەرز بویەوە بینى خۆر ئاوانەبووە ئایا ڕۆژوەکەی دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

پایە و ئەرکانەکانی ڕۆژوو دوو دانەیە:
یەکەم: خۆ گرتنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن.

پێویستە لەسەر ڕۆژوووان خۆی بگرێتەوە لەهەموو ئەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، وەک خوادن وخواردنەوە وجیماع ، هەریەک لە(ابنُ حَزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ تَيميَّةَ) کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دووەم: تەواو کردنی کاتی بەڕۆژوو بوون:
   یەکەم : سەرەتای ڕۆژوو و خۆگرتنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن:
پێویسته لەسەر ڕۆژووەوان لەبانگی بەیانیەوە خۆی بگرێتەوە لەخواردن وخواردنەوە ، ئەمەش بۆ چوونی گشت زانایانە ، وکۆدەنگی لەبارەوە نەقڵ کراوە.
تێبینى: دوو جۆر فەجر هەیە:
فەجری سادق و فەجری کازب ،چەند جیاوازیەکیان هەیە ،کەبریتین لە:
 1-  فەجری کازب: ڕوناکیەکەی درێژە لەئاسماندا ، وپان نی یە ، بەڵام فەجری سادق:  ڕوناکیەکەی پانە لەئاسماندا  ولەخۆر هەڵاتەوە بۆ خۆر ئاواوە.
 2-فەجری سادق: تاریکی لەدواوە نی یە ، بەڵکو ڕوناکییەکەی زیاد دەبێت تاوەکو خۆر هەڵاتن ، بەڵام فەجری کازب: دوای ڕوناکییەکەی تاریکی دێت ، هەرلەبەر ئەمەی پێ دەوترێت (فەجری کازب) چونکە ڕوناکیەک دێت وپاشان نامێنێت.
 3- فەجری سادق: نوساوە بەنوکی شاخ وکێوەکان ولەکۆتای ئاسماندا کەدیارە، بەڵام فەجری کازب : لەنێوان ڕوناکییەکەی کۆتای ئاسمان کەدیارە تاریکیەک بەدی دەکرێت. ((لقاء الباب المفتوح لابن عُثَيمين)) (رقم اللقاء: 62).) ، 

- بانگی بەیانی بدات وخواردن لەدەمی دا بێت :
هەرکەسێک لەکاتی بانگی بەیانی دا ، لەو کاتەدا خواردن لەدمی دا بوو ئەوا پێویستە فڕێی دات وڕۆژووەکەی تەواو بکات ، خۆ ئەگەر قوتی دا ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەمە بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهبەکە.
جا واجبە هەرکە گوێی لەبانگ بوو یەکسەر دەس هەڵگرێت لەخواردن وخواردنەوە گەر لەکاتی خۆیدا بانگ دەدرا بەڵام گەر زوو بانگی دەدا ئەوا واجب نی یە دەس لەخواردن وخواردنەوە هەڵگرێت ، بەڵکو دروستە بخوات وبخواتەوە تاوەکو فەجر دەردەکەوێت و بانگ دەدات ، ئەمە لەحاڵەتێکدا دڵنیا بێت بانگ بێژ زوو بانگ دەدات ، یاخود لەچۆڵیەک بێت وبتوانێت فەجر ببینێت ؛ وفەجر نەبینێت ئەوا پێویست نی یە دەس لەخواردن وخواردنەوە هەڵگرێت تەنانەت گەر بانگیشی دابێت ، بەڵام گەر نەیدەزانی بانگ بێژ پێش هاتنی کاتی بانگ بانگ دەدات یاخود نا ، ئەوا پێویستە دەس لەخواردن وخواردنەوە هەڵگرێت؛ چونکە ئەسڵ وایە بانگ بێژ بانگ نادات تاوەکو کاتی بانگ نەبێت. ينظر:((مجموع فتاوى ابن باز)) (15/286)، ((مجموع فتاوى ورسائل العُثيمين)) (19/295).

 دووەم : کۆتای هاتنی کاتی خۆ گرتنەوە لەخواردن وخواردنەوە و هەموو ئەوانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە  و ئەحکامانەی تایبەت پێوەی: 
- چ کاتێک کاتێ کۆتایی خۆ گرتنەوەیە لەخواردن وخواردنەوە ،وهەموو ئەوانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە؟

کاتەکەی بریتی یه لەئاوا بوونی خۆر ، هەریەک: ابنُ حزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ، والنوويُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

- گەر کەسێک ڕۆژووەکەی شکاند و پاشان سوارى تەیارە بوو کە تەیارەکە بەرز بویەوە بینى خۆر ئاوانەبووە 

گەر کەسێک ڕۆژووەکەی شکاند و پاشان سوارى تەیارە بوو و لەکاتى بەرز بونەوەى تەیارەکە بینى خۆر ئاوا نەبووە لەم حاڵەتەدا ڕۆژووەکەی دروستە وپێویست نی یە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش فەتوای هەریەک لە عبدُ الرزَّاق عفيفي، وابنُ باز، وابنُ عُثيمين ـە.

- کاتی ڕۆژوو شکاندنی کەسێک کەلەتەیارەدا بێت:

گەر کەسێک بەتەیارە سەفەری کرد پاشان لەڕێگای تەلەڤیزیۆنەوە یاخود کاتژمێرەوە زانی کاتی بانگە بەڵام لەبەر بەرزی تەیارەکە خۆری لێوە دیار بوو ؟
لەم حاڵەتەدا نابێت ڕۆژووەکەی بشکێنێت تاوەکو خۆری لێ ئاوا دەبێت ،ئەمەش فەتوای هەریەک لە عبدُ الرزَّاق عفيفي، وابنُ باز، وابنُ عُثيمين ـە.

- کاتی ڕۆژوو شکاندن لەوڵاتانەی کەڕۆژگار تیایدا درێژە: 
 واجبە کەسی ڕۆژووەوان لەهەر جێیەک بێت لەدەرکەوتنی فەجرەوە تاوەکو ئاوا بوونی خۆر بەڕۆژوو بێت ، (ئەو وڵاتانەی کەشەو ڕۆژ لە24 چوار کاتژمێردا دێت ودەچێت)جا ڕۆژگار درێژ بێت یاخود نا ، بەڵام گەر بەهۆی درێژی ڕۆژەوە زۆر قورس بوو وکەسە ترسی هەبوو لەوەی توشی زیانێک بێت ئەوا لەم حاڵەتەدا دروستە ڕۆژووەکەی بشکێنێت ، ودواتر ئەو ڕۆژانە دەگرێتەوە کەتوانای هەیە بیانگرێتەوە لەڕۆژانی تردا ، ئەمەش فەتوای ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين، وجگە لەوانیشە ، وبڕیاری( المَجمَعِ الفِقهيِّ الإسلاميِّ)یشە.

- چۆنیەتی دیاری کردنی کاتی ڕۆژوو گرتن لەو وڵاتانەی کەشەو وڕۆژ تیادا ئاساییە نی یە:
هەرکەسێک لەو وڵاتێکدا بێت کەشەو ڕۆژ لە24 چوار کاتژمێردا نایەت وناچێت ، وەک ئەو وڵاتەی کەڕۆژ تیایدا بۆ نموونە دوو ڕۆژە ، یاخود حەفەتەیەک ، ویاخود مانگێکە ، ویاخود زیاتر ، لەم حاڵەتەدا ڕۆژو وشەو دیاری دەکرێت بەگوێرەی نزیکترین شوێنی ئەو جێگایە کەشەو ڕۆژ لە24 چوار کاتژمێردا دێت ودەچێت ، ئەمەش فەتوای ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين، وجگە لەوانیشە ، وبڕیاری( المَجمَعِ الفِقهيِّ الإسلاميِّ)یشە.