پێناسەی ڕۆژوو ، جۆرەکانی ، فەزڵەکانى ، حیکمەت لەفەرز کردنی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێناسەی ڕۆژوو ، جۆرەکانی ، فەزڵەکانى ، حیکمەت لەفەرز کردنی
پرسیار:

ئایا پێناسەی ڕۆژوو چیە؟ ، وە چەند جۆر ڕۆژووگرتن هەیە؟ وە فەزڵ و پاداشتى چیە؟ وە حیکمەت لەفەرز کردنی ڕۆژووى ڕەمەزان چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

پێناسەی ڕۆژوو:
1- ڕۆژوو لەڕووی زمانەوانیەوە بریتی یە لە:  

ئیمساک و خۆ گرتنەوە .
 
2-  ڕۆژوو لەڕووی ئیستلاح وزاراوەی شەرعیەوە بریتی یە لە:

بەندایەتی کردن بۆ خودا بە خۆ گرتنەوە و خۆ پارێزی لەهەموو ئەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە لە دەرکەوتنی فەجرەوە تاوەکو ئاوا بوونی خۆر.

یەکەم :  جۆرەکانی ڕۆژوو:
ڕۆژوو لە ڕووی ئەوەی کە فەرمانی پێ کراوە ، و ئەوەی کەڕێگری لێ کراوە دەبێتە دوو بەشەوە:
یەکەم: ئەو ڕۆژووەی کەفەرمانی پێ کراوە لەشەرع دا:

ئەمەش دوو جۆرە:
أ- ڕۆژووی واجب ، ئەمەش دوو جۆرە:
1- واجبە لەئەسڵدا ، واتە: بێ ئەوەی کەسەکە لەسەر خۆی فەرز کات ئەو لە ئەسڵدا فەرزە ، وەک ڕۆژووی ڕەمەزان. 
2-لە ئەسڵدا واجب نی یە ، بەڵکو ئەوە کەسەکەیە لەسەر خۆی فەرز دەکات یاخود بەهۆی شتێکەوە فەرز دەبێت لەسەری، وەک ڕۆژووی نەزر ، و کەفارەت ، وقەزا کردنەوەی ڕۆژووە.
ب- ڕۆژووی سوننەت :
ئەمەش دوو جۆرە:
1- ڕۆژوویەک کە کاتێکی دیاری کراوی نی یە ، سوننەتە لەهەموو کاتێکدا ئەنجام بدرێت تەنها ئەو کاتانە نەبێت کەڕۆژوو گرتن تیایدا دروست نی یە وڕێگری لێ کراوە.
2- ڕۆژوویەک کە کاتێکی دیاری کراوی هەیە ، ئەوەش ئەو سوننەتانە دەگرێتە کەبەڵگەکانی دیاریان کردووە ، وەک ڕۆژووی شەشەڵان ، و دوو شەم وپێنج شەم ، وڕۆژی عەڕەفە ، و نۆ و دەی موحەڕەم.

دووەم: ئەو ڕۆژووانەی ڕێگریان لێ کراوە:
ئەمەش دوو جۆرە:
1- ڕۆژووی حەڕام: ئەوەش وەک ڕۆژووی دوو جەژنەکە 
2-ڕۆژووی مەکڕوهـ : ئەوەش وەک ڕۆژووی ڕۆژی عەڕەفە بۆ کەسێک لەحەج بێت.

دووەم : فەزڵەکانى ڕۆژوو

بێگومان ڕۆژوو چەندان فەزڵی هەیە کەلە قورئان وسوننەدا ئاماژەی پێ دراوە ،لەوانە:
 1- خوای پەروەردگار داویەتیە پاڵ نەفسی خۆی وفەرموویەتی: (الصوم لي وأنا أجزي به).
واتە: ڕۆژوو بۆ منە وخۆم پاداشتی دەدەمەوە.
2- لەڕۆژوودا سێ جۆر لەئارام گرتن کۆ دەبێتەوە.
3- ڕۆژوو لەڕۆژی دواییدا شەفاعەت بۆ خاوەنەکەی دەکات.
4- ڕۆژوو یەکێکە لەو کردەوانەی کەخودا پەیمانی داوە بەخاوەنەکەی لێی خۆش بێت وپاداشتی گەورەی بداتەوە 
5- ڕۆژوو دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناح وتاوانەکان.
6- ڕۆژوو پارێزەرە لەئاگری دۆزەخ.
7- زۆر بەڕۆژوو بوون هۆکارێکە بۆ چوونە بەهەشت.
8- بۆنی دەمی ڕۆژووەوان لەلای خودا خۆشترە لە بۆنی میسک.

سێیەم: حیکمەت لەفەرز کردنی ڕۆژوو:
لەبەر ئەوەی مەساڵح وقازانجەکانی ڕۆژوو هەست پێدەکرێت لەلایەن کەسانی عەقڵ و سەلیمەوە ، وئەوانەش کەفیتڕەتیان تێک نەچووە ؛ خوای پەروەردگار وەک ڕەحمەتێک وچاکەکاریەک بەرانبەر بەندەکانی ڕۆژووی بۆ داناون بەڵکو ببێتە پارێزەریان وبردنیان بەرەو بەهەشت.

جا ڕۆژوو چەندان سوود وحیکمەتی گەورەی تێدایە ، لەوانە:
1- ڕۆژوو ڕێگایەکە بۆ دەس خستنی تەقوای خودا .
2- کەسی ڕۆژووەوان هەست دەکات بەنیعمەتەکانی خودا .
3- ڕاهێنانی دەروون لەسەر خۆ ڕاگری وئارام گرتن وبەهێزی وبەرگە گرتنی ناخۆشیەکان.
4- ڕۆژوو دەبێتە هۆکاری لوت شکاندنی شەیتان.
5- ڕۆژوو دەبێتە هۆکاری ڕەحمەت وبەزەیی هاتنەوە بەهەژاراندا.
6- ڕۆژوو لاشە پاک دەکات لە جۆرەها شتی ناتەندروست ،ودەبێتە هۆکاری بەدەسهێنانی تەندروستیەکی باش وبەهێز بوون.

وەرگیراوە لە (موسوعة الفقهیة) لە ماڵپەڕى (الدُّرر السَّنية)

سەردان: ٣,٣١٤ بەش: ڕۆژوو