خۆمم بەستوە لەبەر ئەوەى منداڵم نەبێت جارێ بەڵام جار جار خوێنم هەیە ئایا ئەتوانم نوێژ بكەم: ماڵپەڕی وەڵامەکان
خۆمم بەستوە لەبەر ئەوەى منداڵم نەبێت جارێ بەڵام جار جار خوێنم هەیە ئایا ئەتوانم نوێژ بكەم
پرسیار:

بەڕێزان من پرسیارێكم هەیە ئەگەر وەڵامم بدەنەوە خواى گەورە خێرتان بۆ بنوسێ: من ماوەى دوو هەفتەیە خۆمم بەستوە لەبەر ئەوەى منداڵم نەبێت جارێ بەڵام جار جار خوێنم هەیە ئایا ئەو خوێنەى هەمە ئەتوانم نوێژ بكەم یان ڕۆژوو بگرم؟ من چى بكەم باشە؟خواى گەورە جەزاتان بداتەوە.

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئەم حاڵەتەى تۆ دوو شێوازى هەیە:
یەكەم: ئەگەر خوێنیكى ئاسایى بێت لە كاتى پاكیدا ـ پێش پاكى بێت یان پاشى ـ ئەوا بە خوێنى حەیز ناژمێردرێت، بەڵكو ئەوە بە خوێنى نەزیف و نەخۆشى دادەنرێت، لە شەرعدا پێی دەووترێت (الاستحاضة)، حوكمەكانى هەروەكو حوكمى پاكێتى یە، واتە: نوێژ و ڕۆژووت لە سەرە و دەبێت ئەنجامیان بدەى.
دووەم: ئەگەر لە كاتى عادە و سوڕى مانگانەدا بێت، واتە: لە پێش و پاشى عادەكەتەوە بێت، ئەوا دوو حالەتە:
أ // لە پاش حەیز بێت:
1 / ئەگەر لە پاش بینینى نیشانەى پاكێتى بێت (واتە: ئەو شلە سپى یەى كە دواى كۆتایى حەیز دێت)، ئەوا ـ بە هەمان شێوەى پێشوو ـ بە خوێنى حەیز ناژمێردرێ، لە بەر ئەم فەرموودەیە كە (أم عطية) ـ رضي الله عنها- دەیگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: كنا لا نعد الكدرة و الصفرة بعد الطهر شيئاً (رواه البخاري)
واتە: ئێمە لێڵاو و زەرداومان بە هیچ دانەدەنا ئەگەر لە پاش سوڕى مانگانە بهاتبایە.
2 / ئەگەر پەیوەست بوو بە خوێنى حەیزەوە، واتە: نیشانەى پاكێتى نەبینى (واتە: ئەو شلە سپى یەى كە دواى حەیز دێت)، ئەوا ئەمەش بە خوێنى حەیز دانانرێت، بەڵكو بە گوێرەى عادەكەت، و بە ژمارەى ئەو ڕۆژانەى كە ڕۆژانى پێشتر دەكەوتیتە عادەوە دادەنیشیت، و پاشان با خوێنیشت هەبێت نوێژو ڕۆژووى خۆت دەكەیت.
ب // لە پێش حەیز بێت:

ئەگەر خوێنەكە پێش عادە و سورى مانگانەت بوو ئەوا: زانایان ئەو خوێنەیان كە لە پێش سوڕى مانگانە (حەیز) دێت كردووە بە دوو بەشەوە، ئەوەش بەم پێیەى خوارەوە:
1 / ئەگەر ئەو خوێنەى كە پێش سوڕى مانگانە دێت پەیوەست نەبێت بە خوێنى سوڕى مانگانەوە (بە واتایەكى تر: ئەو خوێنەى كە پێش سوڕى مانگانەدا دێت بەردەوام نە بێت، و ببڕێت بە شێوەیەك نێوانى هەبێت لە گەڵ خوینى سوڕى مانگانەدا)، یان ئازارێكى وەكو ئازارى خوێنى سوڕى مانگانە هەبێت (مەبەستیان ئەو ئازارەیە كە ئافرەتان هەستى پێ دەكەن لە دەوروو بەرى مناڵدانیان)، ئەم دوو شێوەیە بە حەیز دادەنەن، و ئەوە پێویست دەكەن لە سەر ئەو ئافرەتەى كە ئەم حاڵەتەى بەسەردا دێت كە: نابێت نوێژ ئەنجام بدات و ڕۆژوو بگرێت و بۆ مێردەكەشى حەڵاڵ نیە لە گەڵید جووت بێت.
2 / ئەگەر ئەو خوێنەى كە پێش سوڕى مانگانە دێت پەیوەست بێت بە خوێنى سوڕى مانگانەوە (بە واتایەكى تر: ئەو خوێنەى كە پێش سوڕى مانگانەدا دێت بەردەوام بێت، و نە ببڕێت بە شێوەیەك نێوانى نەبێت لە گەڵ خوینى سوڕى مانگانەدا)، یان ئازارێكى وەكو ئازارى خوێنى سوڕى مانگانە نەبێت (مەبەستیان ئەو ئازارەیە كە ئافرەتان هەستى پێ دەكەن لە دەوروو بەرى مناڵدانیان)، ئەوا زانیان ئەم دوو شێوەیە بە حەیز نازانن، و ئەوە پێویست دەكەن لە سەر ئەو ئافرەتەى كە ئەم حاڵەتەى بەسەردا دێت كە: كە نوێژەكانى ئەنجام بدات و ڕۆژووەكەى بگرێت و بۆ مێردەكەشى حەڵاڵ دەبێت لە گەڵید جووت بێت، هەروەكو كاتى پاكێتى.
ئەوەش لە بەر فەرموودەى (أم عطية) ـ رضي الله عنها ـ كە فەرموویەتى: كنا لا نعد الكدرة و الصفرة بعد الطهر شيئاً (رواه البخاري).
واتە: ئێمە لێڵاو و زەرداومان بە هیچ دانەدەنا ئەگەر لە پاش سوڕى مانگانە بهاتبایە.
ئەم فەرموودەیەش ئەوە دەگەیەنێت: كە ئەگەر لێڵاو و زەرداو پێش پاكێتى بهاتبایە بە حەیزیان دەزانى، واتە ئەگەر پەیوەست ببایە بە خوێنى حەیزەوە و بەدوایدا پاكێتى بهاتایە ئەوا بە حەیزیان دەزانى، بەڵام كەپەیوەست نەبایە بە خوێنى حەیز، واتە لە نێوان ئەوان و حەیزدا ئەو شلە سپیەیان ببینایە كە نیشانەى پاكێتى یە ئەو كاتە ئەو لێڵاو و سوراوەیان بە حەیز نەدەزانى.
جا خوشكى بەڕێزم: تۆش حاڵى خۆت بە پێی ئەم پێوەرە بپێوە، بۆت دەردەكەوێت كە ئەو حالەتەى تۆ حەیزە یان نە، و چیت لە سەرە لە نوێژ و ڕۆژوو هەموو ئەحكامەكانى تر... خواى پەروەردگاریش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٦٧٨ بەش: ڕۆژوو