لە ڕەمەزاندا كەسانێك هەن ڕۆژوو دەگرن بەڵام نوێژ ناكەن ئایا ڕۆژووی ئەوانە قەبوڵە یان نا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە ڕەمەزاندا كەسانێك هەن ڕۆژوو دەگرن بەڵام نوێژ ناكەن ئایا ڕۆژووی ئەوانە قەبوڵە یان نا؟

 نوێژ نەكردن پەنا بە خوای پەروەردگار زانایان دوو بۆچونیان هەیە: یەكێكیان: ئەوەیە كە دەفەرموون: مرۆڤ نوێژ نەكات ئەگەر باوەڕیشی پێ بێت كافر دەبێت، یەكێكی تریشیان ئەوەیە كە مرۆڤ باوەڕی بە نوێژ هەبێت نەیكات كافر نابێت‌و لە دین ناچێتە دەرەوە، بەڵام كوفرێكی عەمەلی كردووەو تاوانێكی گەورەی كردووە ئەو تاوانە لە زینا گەورەترە، ئەو تاوانە لە كوشتنی ناحەق گەورەترە پەنا بەخوای پەروەردگار، چونكە نوێژ نەكردن تاوانی گەورەیە پێغەمبەر فەرموویەتی:  (الْعَهْدُ الَّذِي بَيْنَنَا وَبَيْنَهُمْ تَرْكُ الصَّلاةِ، فَمَنْ تَرَكَهَا فَقَدْ كَفَرَ) ( أخرجه الإمام أحمد وأهل السنن بإسناد صحيح.)تەرک کردنی نوێژ تاوانێکی زۆر گەورەیە پێغەمبەر دەفەرموێت : (مَنْ فَاتَتْهُ صَلَاةُ الْمَغْرِبِ فَكَأَنمَا وُتِرَ أَهْلهُ، وَمَالهُ) ( رواه البخاري.). واتە: هەر كەسێك نوێژی عەصری بچێت بۆ نموونە ئەوە وەكو خێزان‌و ماڵەكەی لەدەست چوبێت وایە، بەس با بیر لەم فەرموودەیە بكەینەوە كاتێك كە دەچیەوە ماڵەوە تەماشا دەكەی ماڵەكەت هەمووی سوتاوە وە مناڵەكانیشت هەمووی مردون، چ بەڵایەكە تووشت دەبێت كاتێك ڕۆژێك لە ڕۆژان بچیتە ماڵەوە ماڵەكەی خۆت كاول بووەو سوتاوە مناڵەكانیشت هەمووی مردون چەند ناڕەحەتە چەند بەڵایەكی گەورەیە، دەی پێغەمبەر دەفەرمووێ ئەوەی نوێژی عەصری بچێت وەكو ئەوەیە ماڵ‌و مناڵەكەی هەمووی لەدەست چوبنێت، بزانە بەڵایەكە زۆر گەورەیە بەڵام موسڵمانان هەستی پێناكەن بەلایانەوە بچوكە، خوای گەورە دەفەرمووێ: [وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّناً وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ ][النور:15].
لای خوای گەورە زۆر گەورەیە نوێژ نەکردن یەک نوێژت بچێت (مَنْ فَاتَتْهُ صَلاةُ الْعَصْرِ فَقَدْ حَبِطَ عَمَلُهُ) پێغەمبەر دەفەرمووێ كردەوەت پێی هەڵدەوەشێتەوە كەواتە نوێژ نەكردن تاوانێكی زۆر گەورەیە مرۆڤ كە نوێژ نەكات ڕۆژوو بۆچی دەگرێت؟! ناڵێم با نەیگرێت بەڵام چونكە تاوانی نوێژ نەكردنەوەی ئەوەندە گەورەیە جێگای سەرسوڕمانە، یان ئەو كەسانەی تەنها ڕەمەزان دەست دەكەن بە نوێژ كردن‌و بە گەڕانەوە بۆ لای خوا دوای ڕەمەزان دەچێتەوە سەر تاوان كردن ئەوانە بەڕاستی بەندەی ڕەمەزانن نەك بەندەی خوای گەورە بن با تەوبە بكەن‌و لەخوا بترسن با بشزانن نوێژەكانیان زۆر گەورەترە لە ڕۆژوو گرتنەكە با ئاگایان لە نوێژەكانیان بێت‌و بە جەماعەت بیكەن لە مزگەوت.

 وە كەسێك كە مانگی ڕەمەزان هیچی بەڕۆژوو نەبێت تاوانەكەی بچوكترە لەوەی كە نوێژ ناكات یان جار جار نوێژی بچێت، چونكە شتی وانابێت وە بەوەش خۆیان نەخەڵەتێنن كە قەیناكە دەخەوم دوایی هەڵدەستم قەڵای دەكەمەوە وەكو لە كوردەواری دەڵێن قەزا كردنەوەو قەڵا كردنەوە لە نوێژدا نییە پێغەمبەر ڕێگای بە دوو كەس داوە كە نوێژ قەزا بكەنەوە: (مَنْ نَامَ عَنْ صَلاةٍ أَوْ نَسِيَهَا فَلْيُصَلِّهَا إِذَا ذَكَرَهَا) (رواه أبو يعلى و الطبراني في الكبير ، و صححه الألباني في الصحيحة : 396.) .

واتە: كەسێ بخەوێت‌و بەخەبەر نەیات نەك بەقەستی بخەوێت، یان لەبیری چوو بوو كە بەبیری هاتەوە یەكسەر نوێژەكەی بكات، ئەوەش ئەدایە نەك قەزا بێت، بەڵام تۆ بە ئەنقەست ئاگات لێ بێت كە ئێستا كاتی نوێژی (عەصرە) كاتی نوێژی نیوەڕۆیە، كاتی نوێژی بەیانییە، پاشێوەكەت بكەی‌و بخەویەوە بڵێی قەیناكە دوایی كە هەڵسام دەیكەم كە خۆرهەڵات ئەو نوێژە بەتاڵەو قبوڵ نییەو قەزا كردنەوەش دادت نادات.

 

سەردان: ٢,٤٧١ بەش: حوکمى نوێژنەکەر