ڕەفیقەکەم ئافرەتێکى مارە کردوە ئێستا بۆى دەرکەوتوە پێشتر پەیوەندى لەگەڵ کەسی تر هەبووە ئایا دروستە تەڵاقی بدات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕەفیقەکەم ئافرەتێکى مارە کردوە ئێستا بۆى دەرکەوتوە پێشتر پەیوەندى لەگەڵ کەسی تر هەبووە ئایا دروستە تەڵاقی بدات؟
پرسیار:

ڕەفیقەکەم ئافرەتێکى مارە کردوە ئێستا بۆى دەرکەوتوە پێشتر پەیوەندى لەگەڵ کەسی تر هەبوو و لەگەڵی چوەتە دەرەوە ، جا ئێستا خۆشی ناوێت وئەو خێزانێکی دەوێت کەخۆشەویستی لەگەڵ کەسدا نەکردبێت .
وەئێستا نازانێت چ بکات ، بەرنامەی داناوە تەڵاقی بدات ، وداوای لەمن کرد ئامۆژگاری بکەم ، منیش نەم زانی چی پێ بڵێم ، بۆیە داوا کارم لەبەڕێزتان پێم بڵێن من چۆن ئامۆژگاری بکەم وچی پێ بڵێم ؟

گەر ئەو ئافرەتە تەوبەی کردبێت وازی لەدەر چوون لەگەڵ نامەحەڕەمدا هێنابێت وئێستا هیچ گومانێکی لەسەر نەبێت ئەوا ئامۆژگاری ئێمە ئەوەیە تەڵاقی نەدات چونکە هەرکەسێک موسوڵمانێک سەتر بکات ئەوا خوا سەتری دەکات لەدونیا ودوا ڕۆژدا ، وخوداش لێ بوردەیەوە ولەو کەسانە خۆش دەبێت کەتەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆ لای ، بۆیە پێویستە ئێمەش لێبوردە بین ولەگەڵ کەسی تەوبە کاردا بەشێوازێکی نوێ مامەڵە بکەین وببینە یارمەتی دەری لەسەر بەردەوام بوون لەسەر تەوبه ، بێگومان ئەو کەسەی کەتەوبە دەکات وەک ئەوە وایە تاوانی نەکردبێت ، دواتر چاو پۆشی کردنی مێردەکەی لەخێزانی وبەجوانی مامەڵە کردن لەگەڵی پاڵنەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە چاک بێت وببێت بەکەسێکی چاک وبەردەوام بێت لەسەر تەوبەکەی .

بەڵام گەر ئەم ئافرەتەیە هەر خەریکی تاوانە ولەگەڵ پیاوانی نامەحەڕەمدا دەچێتە دەرەوە وئامۆژگاری کردن لەگەڵی بێ هودەیە ئەوا ئێمە ئامۆژگاری ناکەین بەمانەوە لەگەڵی بەڵکو با تەڵاقی بدات خوای پەروەردگار ئافرەتێکى باشترى بەقسمەت دەکات .

خۆ ئەگەر تەوبەی کردبێت بەڵام هەر دڵی لای ئەو کارانە بێت کەپێشتر کردویەتی و ئەو پیاوە ترسی لەوە هەبێت گەر تەڵاقی نەدات ستەمی لێ بکات و هیچ مافێکى شەرعى نەدات لەم حاڵەتەشدا دەتوانێت تەڵاقی بدات لەترسی ئەوەی نەوەک ستەمی لێ بکات ، بەڵام با تەماشای ئەو ئامۆژگاریە بکات کەسەرەتا ئاماژەمان پێ دا وبا تەماشای خۆیشی بکات کەڕەنگە پێشتر و لەئێستاشدا هەڵەی کردبێت ، چونکە هیچ کەسێک لە ئێمە بێ هەڵە و کەموکورتى نیە.
ونسأل الله أن يوفقّه لاتخّاذ القرار الصحيح وأن يهديه لأرشد أمره والله الموفّق والهادي إلى سواء السبيل .

سەردان: ٣,١٨١ بەش: عیشق و خۆشەویستى