چارەسەرى عاشق بوون چیە؟ چۆن دووربکەومەوە لە پەتاى عشق؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چارەسەرى عاشق بوون چیە؟ چۆن دووربکەومەوە لە پەتاى عشق؟

هەندێك لە چارەسەریەكانی پەتـای عەشـق (عاشق بوون)
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله , وبعد...
برا و خوشكی پاك و خواپەرستم ئەوەی گرنگە من و تۆی موسڵمان بیزانین و لێی تێبگەین سەرەتا بریتیە لەو حاڵ و دۆخەی كە تێیدا دەژین و رۆژگارەكانمانی تێدا دەگوزەرێنین, بۆ ئەوەی بە ئەوپەڕی بەرچاو ڕوونی و وریایی وهەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و هەڵسوكەوتی تەندروست و گونجاوی بەرانبەر بنوێنین. ئەوەش بێگومان لەپێناو ئەوەی تووشی كەمترین تاوان و سەرپێچی ببین و خوای پەروەردگارمان لە خۆمان توڕە نەكەین و ببین بە چاولێكەریەكی باش و ساغیش بۆ بەندەكانی خوای گەورە....
بەڕێزان ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە ئەو واقیعەی تێیداین دەتوانرێت بووترێت سەردەمی لاوازی ئیمانە و كەمی زانستی شەرعیە, بۆیە ئەوە بۆتە هۆكار بۆ ئەوەی بە ئاسانی بكەوینە ژێر كاریگەری نەرێنی تێكنۆلۆژیا لە لایەك و تەوژمی فكری رۆژئاوایی لەلایەكی ترەوە....
لەڕاستیدا دڵ لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست كراوە كە خوای خۆی بناسێت و خۆشی بووێت و ئەو كەسانەشی خۆش بووێت كە خوا خۆشی دەوێن و دڵ و ناخ و هەست ونەستی بكاتە لانكەی ئەو خۆشەویستیە و بەوچاوەوە تەماشای دەوروبەری بكات, ئەوكات هەست دەكات ناخی بەتاڵە لە ڕق وكینە و هەموو موسڵمانانی لا بەڕێز و خۆشەویستە و بە گوێرەی پلەی ئیمان و بۆ خوا صولحانەوە خۆشەویستیش زیاد دەكات بۆ كەسەكان....
بەڵام وتەی مەبەست لێرەدا ئەوەیە بەهۆی دووركەوتنەوەمان لەو خاڵەی سەرەوە, خۆشەویستیەكەمان گۆڕاوە بۆ ویستی خۆشی واتە ئەوەی ویستت لێی هەیە تەنها بۆ خۆشی و كات بەسەربردنە و هەرئەو ساتەوەختەی كە ئەنجامی دەدەیت خۆشە ئیتر دوابەدوای ئەوە دەبێتە ناخۆشی و نەخۆشی و خۆنەویستی و .....
ئەوەش بزانە كە :
خۆشەویستی خواو پێغەمبەر   عیبادەتە و مرۆڤی لە خوا پێ نزیك دەبێتەوە
بەڵام لەبیركردنی ئەوان و ڕووكردنە دونیای خۆشەویستی و عاشق بوون تاوانە و مرۆڤی پێ لەخوا دووردەكەوێتەوە. خۆشەویستی خوا دڵ و ناخ پاك دەكاتەوەو فراوانی دەكات
بەڵام عاشق بوون ناخ و دەروون بچووك دەكاتەوە و هەموو دونیا لە خۆشەویستەكەتدا دەبینیت.
خۆشەویستی خوا ئەنجامەكەی گەیشتنە بەخوا و دۆستانی خوا لە ئایندەدا.
بەڵام عاشق بوون ئەنجامەكەی لێكدابڕانە هەرچەندە پەیوەندیەكەتان درێژخایەن بێت.
بۆیە لەو پێناوەدا ئەم چەند خاڵەی خوارەوەم بۆ ئامادەكردووی بۆ ئەوەی ئەگەر تووش نەبوویتە ئەوا خۆتی لێ بپارێزی و ئەگەریش تووش بوویتە ئەوا هەوڵی خۆدەربازكردن بدەیت لێی بۆ ئەوەی چیتر نغرۆ نەبیت و نوقمی تاوان و خراپە نەبیت, بەرێزم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كورتەیەكی پوخت وبەسوودە وەرم گرتووە و هەڵم هێنجاوە لە كتێبی " ذَمُّ الـهَـوى " كە هی زانای بەڕێز و خواناس ابن الجوزیە و لەساڵی 597 ی كۆچی, كۆچی دوایی كردووە ڕەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت. وە ئەگەریش زیاترت دەوێ‌ لەم بوارە بزانیت و درێژەی بابەتەكە بەچاكی تێبگەیت ئەوا بڕۆ سەر كتێبەكە و سوودی زیاتر دەبینیت بەویستی خوا.
عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «لَمْ يَرَ لِلْمُتَحَابِّينَ مثل النِّكَاح» صحيح: صحيح الجامع رقم 5200. واتە پێغەمبەری خوا  فەرموویەتی: هیچ چارەسەرێك نەبینراوە گونجاو بێت بۆ ئەوانەی یەكتریان خۆش دەوێت بە ئەندازەی ئەوەی هاوسەرگیری بكەن. واتە: ئەگەر گونجاو بوو وە هەردوو لا كەسانی چاك بن و خراپەویست نەبن ئەوا ئەگەر دڵیان كەوتە سەریەكتر با هاوسەرگیری بكەن و درێژە بەو پەیوەندیە ناشەرعیە نەدەن.
• كەسی عاشق مرۆڤێكی نەخۆشە, جا نەخۆشیش سەرەتا پەنا بۆ لای خوا دەبات بۆ شیفای نەخۆشیەكەی و زۆر دوعاو پاڕانەوە دەكات چونكە ئەو ناچارەو لەتەنگانەدایە وە خوای گەورەش وەڵامی كەسی ناچار وتێگیراو دەداتەوە.
• جەستەی عاشق ئەگەر لاواز بوو ئەوا گەرمی لەشی دەست بەبەرز بوونەوە دەكات بۆیە لەسەریەتی كە زۆر خۆی بشۆرێت بەبێ زۆرمانەوە لە گەرماودا وزۆر بخەوێت و خواردەمەنیە ئاودارەكان بخوات و بخواتەوە.
• گەشت كردن, چونكە بەگەشت كردن دووردەكەویتەوە لە خۆشەویست و وە هەموو دووریەك لە جەستەوە كاریگەری لە دووری لەدڵدا دروست دەكات و پاشان بە تێپەڕبوونی رۆژگار كارەكە بەرەو ئاسانی و ئاسایی بوونەوە دەڕوات.
• سەرقاڵ كردنی دڵ بە پیشە و كارو خزمەتەوە چونكە دەبێتە هۆی دڵدانەوە ونەمانی كات بۆ بیركردنەوە لەوە, ئەوەش لەبەر ئەوەی عەشق لە ئەنجامی دەست بەتاڵی و كات زۆریەوە دێت, جا ئەگەر دڵ بە شتی ترەوە سەرقاڵ بكرێت جگە لە خۆشەویستی بەرانبەر ئەوا خۆشەویستی لەناودەچێت و عەشق نامێنێت و بیرچوونەوەی بەردەست دەبێت.
• زۆر سەرجێی كردن لەگەڵ خێزاندا ( بۆ ئەوانەی ژن ومێردن ).
• سەردانی كردنی نەخۆش ولێقەوماوو ئامادەبوون لە نوێژی جەنازە و مردوو شۆردن ومردو ناشتن و سەردانی كردنی گۆڕستان و بیركردنەوەو سەرنجدان لە مردن و ژیانی دوای مردن و ئامادەبوون لە كۆڕو مەجلیسی پیاوچاكان وزانایان و مەجلیسی زیكر و بیستنی هەواڵ و بەسەرهاتی خواناسان و بۆخواصوڵحاوان و گوێگرتن لە ئامۆژگاری بەسوود.
• بیركردنەوە لەوەی كە شوێنكەوتنی هەواو ئارەزوو دەبێتە هۆی سەرشۆڕكردن و زەلیل كردنی كەسانی سەربەرز و شكۆدار وە تەنانەت خودی وشەی " الهوی " واتە بەربوونەوە لەبەرزیەوە بۆ نزمی, وە كەسی هیمەت بەرزیش رەدی ئەوە دەكاتەوە كە زەلیل و ملكەچی كەسی تربێت جگە لەخوای باڵادەست, بۆ نمونە جارێكیان میرێكی وەكو " الرشید " عاشقی كیژۆڵەیەك دەبێت و ئەو هۆنراوەیەی بۆ دەڵێت:
أرى ماء وبي عطش شديد ولكن لا سبيل الى الورود
أما يكفيكِ أنـكِ تـملكينـي وأن الناس كلهم عبيدي
وأنكِ لو قطعتِ يدي ورجلي لقلت من الرضا أحسنتِ زيـدي
واتە: من ئاو دەبینم و تینویەكی سەختیشمە بەڵام رێگای گەیشتن بەو ئاوەم نیە, ئایا بەس نیە بۆتۆ كە تۆ خاوەنی منی و لەكاتێكدا هەموو خەڵكی بەندەی منن؟! وە تۆ ئەگەر دەست وقاچەكانمیش ببـڕیت ئەوا بە دڵنیاییەوە رازیم و دەڵێم دەستخۆش زیاتر وزۆرتر بـبـڕە !!
• بیر لە خیانەتی ئافرەت بكەرەوە, بەوەی كە ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ تۆدا هەیە, بەدڵنیاییەوە لەگەڵ غەیری تۆشدا هەیەتی یان ئەنجامی دەدات, چونكە غەدركردن لە سروشتی ئافرەتدا هەیە.
وەكو شاعیر دەڵێت:
إذا غدرت حسناء أوفت بعهدها
ومن عهدها أن لا يداوم لا عهد
واتە: ئەگەر ئافرەتێكی جوان غەدری كرد ئەوا پەیمانەكەی بردۆتە سەر, چونكە پەیمانی داوە كە پەیمانی تا سەر نەبێت.
• بزانە كە خۆشەویستەكەت بەو شێوەیە نیە كە لەناخی خۆتدا وێنایت كردووە وهێناوتەتە پێش چاوت, بیر لە كەموكورتی و ناتەواویەكانی بكەرەوە, چونكە مرۆڤ پڕو لێوڕێژە لە شتی بۆگەن و پیس و ناشایستە, وە عاشقیش هەمیشە خۆشەویستەكەی لە ئەوپەڕی حاڵەتی تەواوێتی و كەماڵدا دەبینێت و هەواو ئارەزوەكەی ناهێڵێت ئەو خراپی و چەپەڵیانەی ببینێت و دایان دەپۆشێت و بەڵكو بە پێچەوانەوە پیشانی خۆشەویستەكەی دەدات.
وە ابن مسعود ڕەزاى خواى لێ بێ دەڵێت: ئەگەر كەسێكتان شەیدا و سەرسامی ئافرەتێك بوو با بیـر لە بۆگەنیەكانی بكاتەوە. بۆ نمونە: جارێكیان پیاوێك شەیدای ئافرەتێك دەبێت و دەستی بۆ دەبات و ئافرەتەكەش پێی دەڵێت: بیر لە خۆت و كارەكەت بكەرەوە, ئایا ئەزانی دەتەوێت چی بكەیت؟ لەڕاستیدا تۆ دەتەوێت میز بكەیتە بەلوعەیەكەوە كە ئەگەر ناوەوەی ببینیت لە ئاودەست بۆگەنترە!! پیاوەكەش سارد دەبێتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو كارە.
• بزانە كە تاقی كردنەوە بۆ دەرخستنی جەوهەر و كرۆكی مرۆڤە, دوور نیە تۆ بەو شێوەیە تاقی بكرێیتەوە بۆ دەركەوتنی توانای صەبر و خۆڕاگریت, بۆیە ئەگەر صەبرت گرت و ئارام بوویت لەسەر ئەو ناخۆشیە لەوانەیە ئەوجا خۆشەویستەكەت بۆت بێت و ببێت بە قیسمەتت.
• بزانە كە سەرقاڵ بوونت بە عەشق و خۆشەویستی و پشكی دڵەوە دەبێتە هۆی لەدەست دانی پشكی عەقڵ وژیری لە فێربوونی عیلم و داوێن پاكی و عیبادەت و بەخشین و خۆسازدان بۆ شوێنی بەیەكگەیشتنی خۆشەویستان كە بەهەشتە.

ستافى وەڵامەکان

 

سەردان: ٧,٧٢٧ بەش: عیشق و خۆشەویستى