بەڵگە شەرعیەکان لەسەر حوجیەتی سوننەتەکانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بەڵگە شەرعیەکان لەسەر حوجیەتی سوننەتەکانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
پرسیار:

ئایا واجبە لەسەرمان شوێن سوننەت کەوین یاخود قورئان بەتەنها ؟
وەئایا موسوڵمان مولزەمە بەوەی شوێنی مەزهەبێکی دیاری کراو بکەوێت ؟

پرسیاری یەکەم پرسیارێکی زۆر عەجیب وجێی سەر سوڕمانە ؛ چونکە زۆر سادەیە ویەکێکە لەبنچینەکانی دین جا نازانین چۆن مرۆڤی موسوڵمان ئەو جۆرە پرسیارانە دەکات ؟!

بەڵام مادام پرسیارەکە کراوە پشت بەخوا وەڵامی دەدەینەوە وبەڵگەی پێویست دەخەینە ڕوو لەبارەی حوجیەتی سوننەتەوە وحوکمی ڕەت کردنەوەی باس دەکەین کەکۆمەڵێ کەسی گومڕا برەوی پێ دەدەن کەناوی خۆیان ناوە قورئانی ، لەکاتێکدا قورئان لەوان بەرییە ، وئەوەی دەیخەینە ڕوو پشت بەخوا سوود بەخش دەبێت بۆ کەسێک کەبەدوای حەقدا بگەڕێت لەم بارەیەوە :

بەڵگەکانی حوجییەتی سوننەت :
یەکەم : بەڵگەی قورئان لەسەر حوجیەتی سوننەت :

ئەمەش لەچەند ڕوویەکەوە دەبێتە بەڵگە :
1- خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( من يطع الرّسول فقد أطاع الله ) ،
واتە : هەر کەسێک گوێڕایەڵی پێغەمبەر بکات ئەوا بەتەئکید گوێڕایەڵی خوای کردووە .
دەبینی لێرەدا گوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەری بەگوێڕایەڵی خوا ئەژمار کراوە .

پاشان خوای پەروەردگار گوێڕایەڵی کردنی خۆی لەگەڵ گوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەر هێناوە : ( يـا أيّها الّذين أمنوا أطيعوا الله وأطيعوا الرّسول ) .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە گوێڕایەڵی خوا وپێغەمبەر بکەن .

2 - خوای پەروەردگار ئاگاداری کردووینەتەوە لەوەی بێفەرمانی پێغەمبەر نەکەین ، وهەڕەشەی کردووە لەو کەسانەی کە بێفەرمانی دەکەن وبەهەتا هەتایی دەیخاتە دۆزەخەو ، هەروەک فەرموویەتی : ( فليحذر الّذين يخالفون عن أمره أن تصيبهم فتنة أو يصيبُهم عـذاب ألـيم) .
واتە : با ئاگادار بن ئەوانەی کە بێفەرمانی پێغەمبەر دەکەن لەوەی توشی فیتنە ببن یاخود سزایەکی بەئێش بیانگرێتەوە .

3 - خوای پەروەردگار گوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەری وەک بەشێک لەئیمان وێنا کردووە ، وبەپێچەوانەشەوە بێفەرمانی کردنی بەیەکێک لەنیشانەکانی دوو ڕووی ونیفاق لەقەڵەم داوە ، هەروەک فەرموویەتی : ( فلا وربك لا يؤمنون حتّى يحكمُّوك فيما شجر بينهم ثمّ لا يجدوا في أنفسهم حرجاً مـمّا قضيت ويسلموا تسليماً ) .
واتە : سوێند بەخوای تۆ ئەی موحەمەد باوەڕیان نی یە تاوەکو تۆ نەکەن بەحەکەم لەنێوان خۆیاندا لەو کێشانەی کەدەکەوێتە نێوانیانەوە پاشان هیچ لەدڵەوە ئەو حوکمەیان پێ ناخۆش نەبێت کەتۆ داوتە وبەتەواوی تەسلیم بن .

4 :- خوای پەروەردگار فەرمانی بەبەندەکانی کردووە بەدەم بانگەوازی خوا و پێغەمبەرەوە بچن ، هەروەک فەرموویەتی : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ ..) .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە وه‌ڵامی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - - بده‌نه‌وه‌ كاتێك كه‌ بانگتان ئه‌كه‌ن بۆ شتێك كه‌ ئێوه‌ى پێ بژێننه‌وه‌و ژیانی ئێوه‌ى پێ چاك بكه‌ن كه‌ ئیسلام و قورئانه‌ .

5 : - پاشان خوای پەروەردگار فەرمانی بەبەندەکانی کردووە هەرکات ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە بگەڕێنەوە بۆلای خوا و پێغەمبەر ، هەروەک فەرموویەتی : ( فإن تنازعتم في شيء فردّوُه إلى الله والرّسول ) .
واتە : گەر ناکۆکی کەوتە نێوانتانەوە بگەڕێنەوە بۆلای خوا و پێغەمبەر .

دووەم : بەڵگەی فەرموودە لەسەر حوجییەتی سوننەت :
ئەمەش لەچەند ڕوویەکەوە دەبێتە بەڵگە :

1- ئەو فەرموودەیەیی کە ئیمامی تورموزی لەڕافیعی وغەیری ئەویشەوە گێڕاویەتیەوە وئەو فەرموودەیەیی داوەتە پاڵ پێغەمبەرو دەڵێت: ( لا ألفين أحدكم متكئا على أريكته يأتيه أمر مما أمرت به أو نهيت عنه فيقول لا أدري ما وجدنا في كتاب الله اتبعناه )قال أبو عيسى هذا حديث حسن صحيح سنن الترمذي ط. شاكر رقم 2663
واتە : به‌ یه‌كێك له‌ ئێوه‌ نه‌گه‌م‌ و نه‌یبینم كه‌ له‌سه‌ر لا ته‌نیشتێك دانیشتوه‌و، كاتێك ده‌رباره‌ى شتێك فه‌رمانێك، یان قه‌ده‌غه‌یه‌كى منى بۆ دێ، ده‌ڵێ: من نازانم ، یانى: بڕوام پێى نیه‌ ! ئه‌وه‌ى له‌ قوڕئان بینیمان، شوێنى ده‌كه‌وین ، واته‌: شوێن حه‌دیس ناكه‌وین !! .

وە عیڕبازی کوڕی ساریە رضي الله عنه دەڵێت پێغەمبەر فەرمووی : (أيحسب أحدكم متكئا على أريكته قد يظن أن الله لم يحرم شيئا إلا ما في هذا القرآن ألا وإني والله قد وعظت وأمرت ونهيت عن أشياء إنها لمثل القرآن أو أكثر ) .. الحديث رواه أبو داود كتاب الخراج والإمارة والفيء
واته : کەسێک لەئێوە کەپاڵی داوەتەوە و وا گومان دەبات خودا هیچ شتێکی حەڕام نەکردووە تەنها لەقورئاندا نەبێت دەی سوێند بەخوا من ئامۆژگاریم کردووە وفەرمانم کردووە وڕێگریم لەهەندێ شت کردووە ئائەوانە وەک قورئان وان یاخود زیاتر .

2- ئیمامی ئەبو داود لەسوننەکەیدا لەعیڕبازی کوڕی ساریەوە رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : ( صلى بنا رسول الله ذات يوم ، ثم أقبل علينا ، فوعظنا موعظة بليغة ) وفيها : ( فعليكم بسنتي وسنة الخلفاء المهديين الراشدين ، تمسكوا بـها ، وعضوا عليها بالنواجذ ..) في كتاب السنّة من صحيح أي داود
واتە : ڕۆژێکیان پێغەمبەری خوا نوێژی بۆ کردین ، پاشان ڕووی کردە لامانەوە ، وئامۆژگارییەکی زۆر کاریگەری کردین ، وتیایدا فەرمووی : ( دەس بگرن بەسوننەتەکەی من وسوننەتی خولەفای ڕاشیدینەوە ، دەستی پێوە بگرن ، بەکاکیلەکانتان بیگرن ) .

سێیەم : بەڵگەی کۆدەنگی زانایان لەسەر حوجیەتی سوننەت :
ئیمامی شافعي رحمه الله دەڵێت :
من هیچ یەکێک لەهاوەڵان وتابعینم نەزانیوە کاتێ گوێیان لەفەرموودەیەکی پێغەمبەری خوا بوبێت ئیلا قەبوڵیان کردووە ، ویەکسەر وەستان ...وەهەروەها ئەوانەی دوای تابعینیش هاتوون هەمان کاریان دوو بارە کردۆتەوە، وئەوانەش کەئێمە پێیان گەیشتووین ، هەموویان باوەڕیان بەفەرموودە هەبوو وبەحوجەیان دەزانی ، سوپاس گوزاری ئەوانە دەکرێت کەشوێنی دەکەون ، وزەمی هەرکەسێک دەکرێت کەپێچەوانەی هەڵس وکەوت بکات ، هەر کەسێک پێچەوانەی ئەو ڕێگاو مەزهەبە بجوڵێتەوە ئەوا لەلای ئێمە پێچەوانەی مەزهەبی هاوەڵانی پێغەمبەری خوا جوڵاوەتەوە وهەروەها پێچەوانەی زانایانی دوای ئەوانی کردووە تاوەکو ئەمڕۆ ، وئەو کەسە کەسێکی زەمانی نەفامییە .

چوارەم : بەڵگەی عەقڵی سەلیم لەسەر حوجییەتی سوننەت :
کاتێ کە پێغەمبەر لەلایەن خوداوە نێردراوە ، ئەوا وا دەخوازێت بەڕاست بزانرێت لەهەموو ئەو شتانەی کەهەواڵی بێ داوە ، وگوێڕایەڵی بکرێت لەهەموو ئەو شتانەدا کەفەرمانی پێ کردووە ، وشتێکی بەدیهی وسادەیە کەبێگومان فەرمانی بەهەندێ شت کردووە ، وهەندێ حوکمی زیاد لەقورئانی دەرکردووە ، بۆیە جیاوازی کردن لەنێوان قورئان وسوننەتدا لەڕووی پابەند بوون پێوەی وبەگوێ کردنی جیاوازی کردنێکە کەهیچ بەڵگەیەکی لەسەر نی یە ،جیاوازی کردنێکی باتڵ ونادروستە ، هەر بۆیە پێویستە هەموو ئەو شتانە بەڕاست بزانرێت کەهەواڵی لەبارەوە داوە ، وهەموو فەرمانەکانی بەجێ بهێندرێت .

بەنیسبەت پرسیاری دووەمەوە کەئایا واجبە موسڵمان شوێن مەزهەبێکی دیاری کراو بکەوێت ؟
لەوڵامدا دەڵێین :
نەخێر ، واجب نی یە ، هەر تاکێک لەموسوڵمانان مەزەهەبەکەی مەزهەبی ئەو زانایەیی هەیە کەپرسیاری لێ دەکات ، وپێویستە لەسەری پرسیار لەکەسێک بکات کەسیقەی لەسەریەتی وکەسێک بێت کەبەتەقوا وزانا بێت ، ئەمە بەنیسبەت عامی خەڵکەوە ، خۆ ئەگەر کەسەکە خۆی شارەزا بوو و تالیب عیلم بوو وتوانای جودا کاری هەبوو لەنێوان بەڵگە وقسەی زانایاندا ئەوا پێویستە لەسەری شوێن ئەو بۆ چوونە بکەوێت کەبەڵگەی سەحیحی قورئان وسوننەی لەسەرە و ڕاجح ودروستە .

لەگەڵ ئەوەشدا دروستە بۆ تاکی موسوڵمان شوێن مەزهەبێکی دیاری کراو لەچوار مەزهەبەکە بکەوێت بەمەرجێک کاتێ زانی لەبابەتێکدا حەق و بەڵگە لای مەزهەبی بەرانبەرە شوێنی بکەوێت وتەعەسوب ودەمار گیر نەبێت ؛ چونکە پێویستە شوێن قورئان وسوننە بکەویت ، وهەریەک لەچوار مەزهەبەکە شتێک نین جگە لەوە نەبێت کە ڕێگەیەکن بۆ ناسینی حوکمە شەرعیەکان لەڕێگەی قورئان وسوننەتەوە نەک خۆیان قورئان وسوننە بن .

نسأل الله أن يرينا الحقّ حقّا ويرزقنا اتّباعه ويرينا الباطل باطلا ويرزقنا اجتنابه وصلى الله على نبينا محمد .

سەردان: ٤,٣٣٦ بەش: پێغەمبەری خودا