سزاى ئەو کەسەى کە نوێژى بەیانیان ناکات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سزاى ئەو کەسەى کە نوێژى بەیانیان ناکات
پرسیار:

سزاى ئەو کەسانە چیە کە نوێژى بەیانیان ناکەن و کەمتەرخەمن ؟ وە چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆیان؟ وە ئەگەر کەسێک لە کاتى نوێژى بەیانى دا بەخەبەر هات و پاشان بخەوێتەوە دواى دەتوانى نوێژەکەى قەزا بکاتەوە ؟ 

برا و خوشكى لاوم: داواكارم ئەگەر بتوانى بە گوێى دڵ گوێبیستى ووتەكانم بیت، و هەست و بیرى خۆتم بدەیتێ، لە چەند خولەكێكى ژیانت، بۆ ئەوەى چەند ئامۆژگاریەكت بە گوێدا بدەم، كە هەموویان ئامۆژگارى دڵسۆزن بۆ كەسێكى خۆشەویستى خۆى، لە كەسێكى پەرۆش لە سەر دوا ڕۆژ و ژیانت، لە ڕۆژگارێكدا كە ئامۆژگاریكاران تێيدا كەم و بەدەگمەنن، ئامۆژگاریەكانیشم بە شێوەى پرسیار دەبن، بۆ ئەوەى هەموو پرسیارێكى زەنگێكى بیداركەرەوە بێت، و چیتر لە خەوى غەفڵەت بێدارمان بكاتەوە، و بە ئاگامان بێنێتەوە، و قۆڵى بۆ هەڵماڵین و پەشیمان ببینەوە لەوەى كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كەمتەرخەمیەكمان نوواندبێت لە ئەنجامدانى نوێژى بەیانى .

ئامۆژگارى و پرسیارەكانیش ئەمانەن:

1 - ئایا دەزانى نەکردنى نوێژى بەیانى یەکێکە لەسیفاتی مونافیقەکان؟

 خوای پەروەردگار لەبارەی دووڕووەکانەوە فەرموویەتی: {وَإِذَا قَامُوا إِلَى الصَّلَاةِ قَامُوا كُسَالَى يُرَاءُونَ النَّاسَ وَلَا يَذْكُرُونَ اللَّهَ إِلَّا قَلِيلاً} [النساء: 142].

واتە : كاتێك كه‌ ئه‌م مونافیقانه‌ هه‌ڵسن بۆ نوێژ كردن ئه‌وه‌ زۆر به‌ته‌مبه‌ڵی هه‌ڵئه‌سن وه‌ قورسن و ناتوانن هه‌ڵسن نوێژه‌كانیان بكه‌ن ، وه‌ بۆ ڕیاو ڕووبینی خه‌ڵك ئه‌یكه‌ن نه‌ك وه‌كو گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا- - نه‌ چاوه‌ڕێی پاداشتن نه‌ له‌ سزا ئه‌ترسێن ، وه‌ زیكری خوای گه‌وره‌ ناكه‌ن له‌ ناو نوێژه‌كه‌یاندا زۆر به‌كه‌می نه‌بێ ئه‌ویش له‌ پێش چاوی موسڵمانان .

وە پێغەمبەر - فەرموویەتی -: ((ليس صلاة أثقل على المنافقينَ من صلاة العشاء والفجر، ولو يعلمون ما فيهما لأتوهما ولو حبْوًا)) متفق عليه.

واته : هیچ نوێژێک بەقەد نوێژی بەیانی وعیشا قورس نییە لەسەر دووڕووەکان ، خۆ ئەگەر بینزانیبایە چەند خێرەکەی گەورەیە ئەوا بۆى دەهاتن گەر بەسکە خشکێش بوایە.

وە ابن مسعود - رضيَ الله عنه - دەفەرموێت : "لقد رأيتنا وما يتخلف عن صلاة الفجر إلاَّ منافق معلوم النِّفاق".

واتە : لە لای ئێمە هیچ کەس دوانە دەکەوت لە نوێژی بەیانی تەنها کەسێکى مونافیق نەبوایە کە دوڕوەکەى ئاشکرا بوایە.

وەهەروەها ابن عمر - رضي الله عنه - تەئیکیدی لێ دەکاتەوە ودەڵێت : "كنَّا إذا فقدنا الرجل في الفجر، أسأنا به الظن".

واتە : کاتێ کەئێمە پیاوێکمان نەبینایە لەنوێژی بەیانی ، ئەوا گومانی خراپمان پێی دەبرد .

2 - ئایا دەزانى کە دۆڵێک لەدۆزەخ بۆ ئەو کەسە یە کە نوێژى بەیانى ناکات :

خوای پەروەردگار فەرموویەتی -: {فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ فَسَوْفَ يَلْقَوْنَ غَيًّا} [مريم: 59].

واته : له‌ پاش ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ باشانه‌ و شوێن كه‌وتووه‌ چاكه‌كانیان كه‌سانێكی خراپ هاتن [أَضَاعُوا الصَّلَاةَ] كه‌ نوێژه‌كانیان فه‌وتاندو ئه‌نجامیان نه‌دا، یان له‌سه‌ر شێوازی خۆی نه‌یان ئه‌كرد، یان له‌ كاتى خۆیدا نه‌یانده‌كرد ، وه‌ شوێنی هه‌واو ئاره‌زوو شته‌ حه‌رامه‌كان كه‌وتن ، ئه‌وانه‌ تووشی شه‌ڕو خراپه‌و زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌بن.

وەهەروەها ابن عبَّاس - رضيَ الله عنهما -فەرموویەتی : "أما إنهم لم يتركوها بالكليَّة؛ ولكن أخَّروها عن وقتها كَسَلاً، وسهْوًا، ونومًا".

واتە : ئەوانە بەگشتی وازیان لەنوێژ نەهێناوە ؛ بەڵکو لەبەر خەو یاخود تەمبەڵی و بەنەزانینەوە لەکاتی خۆیدا نەیان دەکرد و دوایان دەخست .

جا (الغيُّ): د ۆڵێکە لەدۆزەخ دا - خواى گەورە پەنامان بدات - کە عبدالله ى کوڕى عەباس ڕەزاى خواى گەورەیان لێ بێ دەفەرموێ : ئاگر ڕۆژانە حەفتا جار پەنای پێ دەگرێت .
 ئەی چ دەڵێی لەبارەی ئەوانەی دەکرێنە ناوی ؟!

خوای پەروەردگار فەرموویەتی -: {فَوَيْلٌ لِلْمُصَلِّينَ * الَّذِينَ هُمْ عَنْ صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ} [الماعون: 4، 5].

واته : هه‌ڕه‌شه‌ی قورس و سه‌خت و ئاگری دۆزه‌خ بۆ ئه‌و نوێژخوێنانه‌ی كه‌ له‌ نوێژه‌كانیاندا بێ ئاگا و کەمتەرخەمن ، وه‌ گوێی پێ ناده‌ن هه‌ر كاتێك بیكه‌ن كاتی ڕۆیشتبێ و به‌سه‌رچووبێ .

3 - ئایا دەزانى ئەو کەسەى کە نوێژى بەیانى ناکات شەیتان میز دەکات بە گوێی دا؟

یەکێک لەخراپییەکانی واز هێنان لەنوێژی بەیانی ئەوەیە شەیتان میز دەکات بەگوێیدا ، هەروەک ابن مسعود، دەڵێ :  ذُكر رجل عند النبي - صلى الله عليه وسلَّم - نام ليله حتى أصبح، قال: ((ذاك رجلٌ بال الشيطان في أُذُنَيْه))؛ رواه البخاري، عن عبدالله بن مسعود.

واتە : باسی پیاوێک کرا لەلای پێغەمبەردا - صلى الله عليه وسلَّم - شەو نوستووە تاوەکو بەیانی بەخەبەر نەهاتووە ، فەرمووی : ئەوە کەسێکە شەیتان میزی کردووە بەگوێیەکانیدا .

4 - ئایا دەزانى ئەو کەسەى نوێژى بەیانى ناکات لە قەبرداچ سزایەک دەدرێ؟

پێغەمبەرى خوا  باسی خەوێکى خۆى دەکات و دەفەرموێ : " أتينا على رجل مضطجع، وإذا آخر قائم عليه بصخرة، وإذا هو يهوي بالصخرة لرأسه فيثلغ رأسه ـ أي يشدخه ـ فيتدهده الحجر ـ أي يتدحرج ـ فيأخذه فلا يرجع إليه حتى يصبح رأسه كما كان، ثم يعود عليه فيفعل به مثل ما فعل المرة الأولى، فقلت: سبحان الله ! ما هذان ؟ فقال جبريل عليه السلام: إنه الرجل ينام عن الصلاة المكتوبة " (صححه العلامة الألباني في صحيح الترغيب والترهيب، برقم: 578.

واتە: دووپیاوم بینى یەكێكیان پاڵ كەوتبوون، ئەویتریشیان بەردێكى گەورەى بە دەستەوە بوو بە سەریەوە وەستا بوو، و بەردەكەى بەسەردا دەدا و سەرى دەپژاند و پانى دەكردەوە، و پاشان بەردەكەى هەڵدەگرتەوە، و دەوەستا تاكو سەرى دەگەڕایەوە بۆ دۆخى جارانى، و جارێكى تر بەردەكەى دەدایەوە بە سەریدا، هەروەكو لە جارى یەكەمدا پێی كرد، منیش ووتم: پاكى و بێگەردى بۆ خواى پەروەردگار ئەم دوو كەسە چیانە ؟! جبریل ـ علیه السلام ـ پێی ووتم: ئەوە ئەو كەسەیە كە دەخەوێت و نوێژى بەیانیانى ناكات.

ئەمە ئەگەر كەسێك تەنها نوێژێكى ئەنجام نەدابێت، ئەى ئەو كەسەى كە بە بیانووى پڕوپوچ هەموو نوێژەكانى لە دەست دەدات، خواى پەروەردگار پەنامان بدات لە سزا وتووڕەیى خۆى.

5- ئایا دەزانى نەکردنى نوێژى بەیانى دەبێتە هۆى تەمبەڵی و نائارامی دەروون؟

یەکێکی تر لەشوێنەوارەکانی واز هێنان لەنوێژی بەیانی مرۆڤ توشی تەمبەڵی دەکات ؛ هەروەک لەفەرموودەدا هاتووە : ((يعقد الشيطان على قافية رأس أحدكم إذا هو نام - ثلاث عقد، يضرب على كلِّ عقدة: عليك ليل طويل، فإنِ استيقظ فذَكَر الله انحلَّتْ عقدة، فإن توضَّأ انحلَّت عقدة، فإن صلَّى انحلَّتْ عقده كلَّها، فأصبح نشيطًا، طيب النفس، وإلاَّ أصبح خبيث النفس كسلان))؛ رواه مسلم.

واتە : کاتێ یەکێک لەئێوە نوستووە شەیتان سێ گرێ دەدا لەسەرتان ، لەگەڵ هەردانەیەکیاندا دەڵێت : بنووە شەوێکی درێژە ، جا گەر بەخەبەر هات ویادی خودای کرد ئەوا گرێیەکی دەکرێتەوە ، وەئەگەر دەست نوێژی شوشت ئەوا گرێیەکی تری دەکرێتەوە ، وەئەگەر نوێژی کرد هەموو گرێکان دەکرێنەوە ، وچالاک دەبێت ، ودڵ خۆش دەبێت ، گەرنا تەمبەڵ ودڵ تەنگ وناڕەحەت دەبێت .

6 - ئایا دەزانى نەکردنى نوێژى بەیانى هۆکارى بێبەش بوونە لەبەرەکەتی ڕزق و ڕۆزى؟

 ابن القيِّم دەڵێت : "نوستنی بەیانی ڕزق لەدەست مرۆڤ دەدات ؛ چونکە ئەوە کاتی دابەش کردنی ڕزقە ، وە ابن عبّاس - رضي الله عنه - کوڕێکی خۆی بینی لەکاتی بەیانیدا نوستبوو ، پێی گوت : هەسته ، ئایا لەکاتێکدا دەنوی کەڕزقی تێدا دابەش دەکرێت ؟!

دەی بەندەکانی خودا ئێمە بەتەماین خودا سەرمان بخات بەسەر دوژمناندا وجێنشینمان بکات لەسەر ئەرزدا لەکاتێکدا ئێمە کەم تەرخەمین بەرانبەر مافەکانی خودا وجێ بەجێی ناکەین .

ڕۆژانە گوێمان لەبانگ دەبێت (حي على الصلاة حي على الفلاح ، الصلاة خير من النوم ) کەچی ناچین بەدەمیەوە و وەڵامی نادەینەوە! .

ئایا ئێمە ئەمینین لەسزای خودا ؟

وە ئایا ڕاوەستانى ڕۆژى قیامەتمان لەبەرانبەر خودادا لەبیر کردووە ؟.

دەی برای بەڕێز هەستە لەسەر جێگەکەت وپشت بەخوا ببەستە و بچۆ بۆ مزگەوت.

تێبینى :

ئەوانەى کاتى نوێژى بەیانى بەخەبەر دێن و بەڵام هەڵناسن نوێژەکانیان بکەن ئایا دواى دەتوانن قەزاى بکەنەوە؟

(شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله) دەفەرموێ :

ئەوانەی کەنوێژی بەیانی دوادەخەن تاوەکو لەکاتەکەی خۆی تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن لەکاتی خۆیدا ئەنجامی بدەن، باش بزانن ئەوانە نوێژەکانیان دروست نیە و وەرناگیرێت ئەگەر هەزارجاریش دوبارەی بکەنەوە. واتە دەدرێتەوە بەسەریاندا. چونکە هەرکەسێک نوێژ دوا بخات بەبێ بیانویەکی شەرعی ئەوا کردەوەیەکی کردووە کە لەشەرعدا بەڵگەی لەسەر نەهاتووە، کەواتە دەدرێتەوە بەسەر خۆیدا. بەڵام دەبێت تەوبەبکات و پەشیمان ببێتەوە و کردەوەی چاکە زۆر بکات ، وەداوای سەلامەتی لەخوای گەورە بکات.

سلسلة اللقاء الشهري 38

سەردان: ١١,٧٦٧ بەش: حوکمى نوێژنەکەر