حیكمەتى حەرامبوونى بەکارهێنانى ئاڵتـون بۆ پیـاوان چیە؟
ئەى كەسی پرسیاركار یان هەركەسێك كە چاوى دەكەوێت بەم وەڵامە با چاك ئەوە بزانێت كە هۆكارى حوكمە شەرعیەكان بۆ هەموو ئیماندارێك بریتیە لە فەرمایشتى خواو پێغەمبەرەكەى ﷺ لەبەر ئەم ئایەتەى كە دەفەرموێت: (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ) (الأحزاب: من الآية36) واتە: وە نابێت هیچ باوەڕدارێك ـ پیاو بێت یان ئافرەت ـ ئەگەر خوا و پەیامبەرەكەى ﷺ فەرمانیان بە حوكمێك كرد ئەوان پێچەوانەى ببنەوە ، بەوەى جگە لەوە هەڵبژێرن كە فەرمانی پێكراوە .
جا بۆیە هەركەسێك كە پرسیارمان لێ دەكات سەبارەت بە حیكمەتى واجب بوونى شتێك یان حەرامبوونى شتێك ئەوا لە وەڵامیدا دەڵێین: هۆكار و حیكمەتى ئەوە بریتیە لە فەرمایشتى خواو پێغەمبەرەكەى و ئەم حیكمەتەش بەسە بۆ هەموو كەسێكى باوەڕدار، وە كاتێك پرسیار كرا لە عائیشە - رضي الله عنها - هۆى چییە كە ئافرەت لەكاتى سوڕى مانگانەدا قەزاى رۆژو دەداتەوە بەڵام قەزاى نوێژى لەسەر نییە؟! ئەویش لە وەڵامدا دەیووت: ((كان يصيبنا ذلك فنؤمر بقضاء الصوم ولا نؤمر بقضاء الصلاة))(1) واتە: ئێمە ئەو حاڵەتەمان تووش دەبوو فەرمانمان پێ دەكرا بە قەزاكردنەوەى رۆژو بەڵام فەرمانمان پێ نەدەكرا بە قەزاكردنەوەى نوێـژ.
ئەوەش لەبەر ئەوەى دەقى شەرعى لە قورئان و سوننەت هۆكار و حیكمەتى تینووشكێنن بۆ هەموو باوەڕدارێك، لەگەڵ ئەوەشدا هیچی تێدا نییە كە مرۆڤ بەدواى حیكمەتێكدا بگەڕێت لە ئەحكامەكانى خواى گەورەدا، چونكە ئەوە زیاتر دڵئارامى و دڵنیایی دەداتێ و زیاتریش بەزرى و شكۆى ئەم شەریعەتە ئیسلامیەى بۆ دەردەكەوێت بەوەى كە حوكمەكانى پەیوەست كردووە بە هۆكار و حیكمەتەوە، هەروەها لەلایەكى ترەوە ئەو حیكمەتە لەو حوكمەدا كە دەقی لەسەر هاتووە دەتوانرێ قیاسی پێ بكرێ بۆ حوكمێكێك یان شتێكى تر كە دەقی لەسەر نەهاتبێت، جا زانینى حیكمەتە شەرعیەكان ئەو سێ سوودەى هەیە.
وە لە پاش ئەوەش لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا دەڵێین:
سابت بووە لە پێغەمبەرى خواوە ﷺ كە پۆشینى زێـڕ حەرامە بۆ پیاوان جگە لە ئافرەتان و هۆكارى ئەوەش ئەوەیە كە زێڕ یەكێكە لە گرانبەهاترین ئەو شتانەى كە مرۆڤ خۆى پێ بڕازێنێتەوە و خۆى پێ جوان بكاتەوە، وە پیاویش بۆ ئەو مەبەستە نییە، واتە پیاو مرۆڤێك نییە كە بە شتێكى ترى جگە لەخۆى، خۆى جوان بكاتەوەو خۆى بڕازێنێتەوە، بەڵكو پیاو تەواو و كامڵە لەخۆیدا لەبەر ئەو پیاوەتیەى كە تێیدایە، و پێویستى بە شتێكى ترى دەرەكى نییە بۆ خۆجوانكردنەوە بۆ كەسێكى تر تاوەكو ئارەزووى بچێتە سەرى، بەپێچەوانەى ئافرەتەوە، چونكە ئافرەت جوانیەكەى ناتەواوە پێویستى بە پڕكردنەوە و تەواوكردنى جوانیەكەى هەیە بە گرانبەهاترین شت، بۆ ئەوەى ئەوە هۆكاربێت بۆ بتەوكردنى پەیوەندى و هەڵسوكەوتى نێوان خۆى و مێردەكەى، هەربۆیە حەڵاڵ كراوە بۆ ئافرەت كە خۆى بە زێڕ بڕازێنێتەوە جگە لە پیاوان.
وە خواى گەورەش لە باسی ئافرەتدا دەفەرموێت: (أَوَمَنْ يُنَشَّأُ فِي الْحِلْيَةِ وَهُوَ فِي الْخِصَامِ غَيْرُ مُبِينٍ) (الزخرف:18) واتە: ئایا ئێوە چۆن دەوێرن كەسێك تایبەت بكەن بەخواى پەروەردگارەوە كە لە نێو خشڵدا پەروەردە دەكرێت ؟ و لەكاتى دەمەدەمدا ناتوانێت بە ڕوونى بەڵگەى خۆى بخاتەڕوو و بەرگرى لە خۆى بكات ، بەهۆى پەروەردەبوونى لە خشڵ و ناز و نیعمەتدا ؟
ئابەم شێوەیە حیكمەتى شەرع لە حەرامكردنى پۆشینى زێڕ و خشڵدا دەردەكەوێت بۆ پیاوان.
بەم بۆنەیەشەوە ئامۆژگارى ئەو پیاوانە دهكەم كە تووشى خۆڕازاندنەوەو خۆجوانكردنەوە بوونە بە زێڕ و خشڵ، باچاك بزانن كە ئەوان بەو كارەیان سەرپێچی خواو پێغەمبەرەكەیان كردووە و خۆیان بردۆتە ڕیزى وەصفی ئافرەتانەوە، و ئەو بازنگ و دەستبەنەى كە لە دەستیان دەكەن وەكو ئەوە وایە كە پشكۆیەكى ئاگرین لە دەستیان بكەن و خۆیانى پێ بڕازێننەوە، وەكو سابت بووە لە پێغەمبەرى خواوە ﷺ ، جا لەسەریانە كە تۆبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لاى خوا، وە ئەگەریش ویستیان خۆیان جوان بكەنەوە لەسنوورى شەرعدا دەتوانن زیو بەكاربهێنن و هیچی تێدا نییە بەهەمان شێوە بە كانزاكانى ترى جگە لە زێڕ و ئاڵتون بۆیان هەیە بەكارى بهێنن وەكو كلكەوانە ئەگەر نەگاتە سنوورى زیادەڕۆیی.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام
زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
(1) أخرجه البخاري، كتاب الحيض، باب لا تقضي الحائض الصلاة (321) ومسلم، كتاب الحيض، باب وجوب قضاء الصوم ..(335).