ئایا حوكمى كەسێك چیە كە بانگەشەى زانستى پەنهانى (علم الغیب) دەكات؟
حوكمى ئەو كەسە ئەوەیە كە كافر و بێباوەڕە، چونكە ئەوە خوا بە درۆ دەزانێ كە دەفەرموێت:
(قُلْ لا يَعْلَمُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ الْغَيْبَ إِلاَّ اللَّهُ وَمَا يَشْعُرُونَ أَيَّانَ يُبْعَثُونَ) .(النمل:65) .
واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ پێیان بڵێ : هیچ كەسێك لە ئاسمانەكان وزەویدا نیە كە پەى بەزانست وزانینى نادیارى خوا ببات ، و ئاگاى لە غەیب هەبێت ، وە ناشزانن كەى زیندوو دەكرێنەوە لە گۆڕەكانیان لەڕۆژى دواییدا ؟ جا كاتێك كە خواى گەورە فەرمان بە پێغەمبەرەكەى دەكات كە ڕایبگەیەنێت لە نێو خەڵكیدا بەوەى كە كەس زانین و زانستى نادیار و پەنهان نازانێت لە ئاسمانەكان و زەویدا جگە لەخوا.
بۆیە ئەو كەسەى بانگەشەى زانینى ئەم زانستە دەكات ئەوا ئەم ئایەتە بەدرۆ دەخاتەوە و ئەم هەواڵەى خوا -سبحانە وتعالى- بەڕاست نازانێت.
وە بەو كەسانە دەڵێین چۆن دەتوانرێت و دەكرێت غەیب بزانن و پێغەمبەر ﷺ غەیب نەزانێت؟! ئایا ئێوە بەڕێزترن یان پێغەمبەر ﷺ ؟! ئەگەر بڵێن ئێمە لەو بەڕێزترین ئەوا بەو ووتیە كافر دەبن، وە ئەگەریش بڵێن ئەو بەڕێزترە، ئەوا دەڵێین: ئەى بۆچى غەیبـی لێ شاررایەوە و كەچی ئێوە دەیزانن؟! وەخواى گەورە دەربارەى خۆى - عزوجل- دەفەرموێت: (عَالِمُ الْغَيْبِ فَلا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَداً) (26). (إِلاَّ مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ فَإِنَّهُ يَسْلُكُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ رَصَداً) (سورة الجن الآيتان: 26، 27) واتە: وە تەنها خوا خۆی ئاگادارە بەوانەى لەچاو پەنهانە ، وە پەنهانیەكان بۆ هیچ كەسێك لەبەدیهێنراوەكانى دەرناخات ، جگە لەوانەى هەڵی بژاردوون بۆ هەڵگرتنى پەیامەكەى و پێیان ڕازیە . ئەوانە هەندێك لە پەنهانیان بۆ ئاشكرا دەكات ، وە لەپێش و پاشی نێرداوەكانیەوە فریشتە ئەكاتە پاسەوانیان ولە جنۆكە دەیانپارێزن ، بۆ ئەوەى جنۆكە نەیبیستن و بیچرپێننە گوێى جادوبازەكان.
وە ئەم ئایەتەى دووەمیان ئەوەی تێدایە كە ئەو كەسەى لافی زانینى غەیب بكات كافرە .
وە خواى گەورە فەرمانى بە پێغەمبەرەكەى كردووە كە ڕای بگەیەنێت بۆ خەڵكى و بڵێت: (قُلْ لا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلاَّ مَا يُوحَى إِلَيّ).(الأنعام: الآية50) واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ بەو هاوەڵبڕیاردەرانە بڵێ : بێگومان من بانگێشى ئەوە ناكەم كە موڵكدارێتى خەزێنەكانى ئاسمانەكان و زەویم هەبێت ، و هەڵسوكەوتى پێوە بكەم ، وە بانگێشى ئەوە ناكەم كە غەیب و پەنهانیەكان دەزانم ، وە ناشڵێم من فریشتەم ، بەڵكو من تەنها نێردراوێكم لەلایەن خواى پەروەردگارەوە ، و شوێنى ئەوە دەكەوم كە بۆم سروش دەكرێت ، و پەیامەكەى بەخەڵك ڕادەگەیەنم.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام
زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -