دەڵێن: هەروەك لە دونیادا خەڵكی پێویستی بە واسیتە هەیە لە نێوان خۆیان و دەسەڵاتدارو كاربەدەستان، بەهەمان شێوەش بۆلای خوا پێویستمان بە واسیتە هەیەو ئێمە داوا لەم واسیتانە دەكەین كە پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكانن (دوای مردنیان) و ئەوانیش داوا لە خوا دەكەن هیدایەتمان بدات و ڕزق و بەختەوەریمان پێ ببەخشێت و ناڕەحەتی و زەرەرو ناخۆشیمان لەسەر لابات و سەرمان خات؛ چونكە ئەم واسیتانە لە خوا نزیكن و وا جوانترە ئێمە ڕاستەوخۆ داوا لە خوا نەكەین و داوایەكەمان لە ڕێگای واسیتەكانەوە بێت؛ چونكە داوای ئەوان بۆ ئێمە باشترە لە داوای ڕاستەوخۆی خۆمان.
لە وەڵامی ئەم بۆچوونە هەڵەیەدا دەڵێین:
ئەم جۆرە بیروباوەڕو بۆچوونە سەرچاوەكەی زۆر تاوانێكی گەورەیە چونكە لەوەوە سەری هەڵداوە كە تەشبیهی خوای پەروەردگار كراوە بە دەسەڵاتدارێكی دروست كراو، واتە خوای پەروەردگار چوێنراوە (شُبِّهَ) بە بەندەی دروستكراو، وە ئەم وێچواندن و تەشبیەكردنەش:
لەلایەكەوە شیرك بڕیاردانە بۆ خواو، هاوشێوەو هاوەڵ دانانە بۆ پەروەردگار ؛ كە وەك كاربەدەستێك بڕوامان پێی بێت، واتە چۆن پێویستیمان بە واسیتە هەیە بۆلای كاربەدەستێكی (زاڵم) یان (بێ ئاگا) یان (بێ دەسەڵات)، بەهەمان شێوەش وابزانرێت پێویست بە واسیتە دەكات بۆلای خوای (عادلی) (بە ئاگای) (بە دەسەڵات).
وە لەلایەكی تریشەوە دابەزاندنی ڕێزو قەدرو گەورەیی خوایە كە (تەشبیە بكرێت بە كاربەدەستێك) لەوەدا كە پێویست بە واسیتە بكرێت بۆلای و بەبێ واسیتە وەڵاممان نەداتەوەو یارمەتیمان نەدات، وە بە هۆی واسیتە بتوانرێت كاریگەری لەسەر بكرێت و واسیتەكە تەئسیری لێ بكات !! سبحان الله پەروەردگار زۆر پاك و بەرزترە لەم جۆرە باوەڕو بۆچوونەی نەفامـان.
وە ئەگەر ورد بینەوە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی لە دونیادا خەڵكی پێویستی بە واسیتە دەكات بۆلای كاربەدەستان، ئەو كاتە بۆمان دەردەكەوێت كە پەروەردگار وەك كاربەدەستان نیەو، بەهیچ شێوەیك دروست نیە واسیتەی بۆ دابنرێت. چونكە سیفاتی پەروەردگار زۆر بەرزترە لە سیفاتی بەندەی كاربەدەست.
بۆ نمونە خەڵكی پێویستیان بەواسیتە هەیە بۆلای كاربەدەستێكی زاڵم، چونكە بەهۆی واسیتە نەبێت ئەم كاربەدەستە زاڵمە كاری خەڵكەكە ناكات و بەزەیی پێیاندا نایەتەوەو بە عەدالەت حوكم ناكات، جا لەبەرئەوە خەڵكی ناچاردەبن و پێویستیان دەبێت كە واسیتەیەكی نزیك لە حاكمی زاڵم پەیدا بكەن، بۆ ئەوەی تەئسیر لە حاكم بكات و حەقی خۆیانی پێ داوا بكەن.
كەواتە لەبەر زوڵمی حاكم و ناعەدالێتی و نەبوونی بەزەیی و ڕەحم، خەڵكی پێویستیان بە واسیتە كرد، بەڵام ئەگەر بێت و حاكمەكە عادل و بەبەزەیی و حەق ویست بێت و لوت بەرز نەبێت ئەوا هەموو هەژارێك و بێ دەسەڵاتێك دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە لای حاكم و داوای مافی خۆی لێ بكات، هەروەكو چۆن خەڵكی بۆ خۆیان بەبێ واسیتە دەچوونە لای پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و داوای خۆیانیان لا باس دەكرد بێ واسیتەو بێ جیاوازی لەنێوان موسڵمانان و ناموسڵمانان !! هەمویان بە ئاسان دەگەیشتنە لای پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ڕاستەوخۆ دەدوان لەگەڵیدا.
وە هەروەها لە دوای ئەویش هەر چوار خەلیفەكان ـ ڕەزای خوایان لێ بێت ـ وە خەلیفە عومەری كوڕی عەبدولعەزیزیش - ڕەحمەتی خوای لێ بێت- خەڵكی ڕاستەوخۆو بێ واسیتە داخوازی خۆیانیان لاباس دەكردن بێ جیاوازی لەنێوان دوورو نزیك و خزم و بێگانە و هەژارو دەوڵەمەندو موسڵمانو كافر!! چونكە ئەوانیش لەسەر سوننەتی ئەو پێشەوایە صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دادپەروەرە بەبەزەیییە (متواضع)ـە دەڕۆیشتن.
كەواتە ئەگەر كاربەدەست عادل و بەویژدان بوو خەڵكی پێویستی بە واسیتە ناكات، ئەدی چۆن پێویستیان بە واسیتە دەكات بۆلای پەروەردگار كە لەهەموو كەس بەبەزەیی ترو دادپەروەرترو حەق ویست ترەو (أرحم الراحمين) و (أعدل العادلين)ـە!! وە تۆسـقاڵێكیش زوڵم ناكات و ستەم لەكەس ناكات {وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا ﴿٤٩﴾} [الكهف]، هەوەها هـەركەسێك تۆسقاڵێك مافی هەبێت پەروەردگار پاداشتی دەداتەوە {فَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ ﴿٧﴾} [الزلزلە].
هەروەها حەق لە ئاژەڵی شاخ دار (قۆچدار ـ قرناء) دەستێنێتەوە بۆ بێ شاخ، وە مافی كەس پێشێل ناكات و وەڵامی هەموو كەس و هەموو ستەم لێ كراوو هەژارێك دەداتەوە؛ كافر بێت یان موسڵمان، وەك دەفەرموێت: {أَمَّن يُجِيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ وَيَجْعَلُكُمْ خُلَفَاءَ الْأَرْضِ ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ ﴿٦٢﴾} [النمل].
واتـە: كێ وەڵامی لێ قەوماو دەداتەوە ئەگـەر هاواری بگاتـێ، وە ناڕەحەتی لەسەر لادەبات؟! ئایا لەگەڵ خوادا هیچ پەرستراوی تر هەیە هاواری بكرێتێو وەڵامی لێ قەوماوان بداتەوە ؟! بێگومان تەنها (الله) بە فریامان دێت.
وە پەروەردگار وەكو حاكمە زاڵمەكان نیە، حەز نەكات داوای حەقی لێ بكرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە زۆر حەز دەكات داوای لێ بكرێت و ڕاستەوخۆ بێ واسیتە هاواری بكرێتێ لە خۆشی و ناخۆشیدا، وە توڕە دەبێت لەوانەی داوای لێ ناكەن و هانای بۆ نابەن، وەك لەم ئایەت و حەدیسانەدا دەردەكەوێت: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ۚ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ ﴿٦٠﴾} [غافر].
واتە: پەروەردگارتان فەرموویەتی داوام لێ بكەن ڕاستەوخۆ بێ واسیتەو هاوارم بكەنێ وەڵامتان دەدەمەوە، وە ئەوانەی خۆیان بە زل دەزانن لە ئاستی پاڕانەوەو داواكردن لە من، و خۆیان بێ پێویست دەزانن ئەوانە دەچنە ناو دۆزەخ بە حاڵەتی تێداماوەیی.
* وە پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ((مَنْ لَمْ يَسْأَلِ اللَّهَ يَغْضَبْ عَلَيْهِ))(١).
واتە ئەوەی داوا لە پەروەردگار نەكات لێی توڕە دەبێت.
* وە بەڕێزترین شت لای پەروەردگار لێ پاڕانەوەیەتی: وەك پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ((لَيْسَ شَيْءٌ أَكْرَمَ عَلَى اللَّهِ مِنَ الدُّعَاءِ))(٢).
* وە پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: ((إِنَّ رَبَّكُمْ تَبَارَكَ وَتَعَالَى حَيِيٌّ كَرِيمٌ يَسْتَحْيِي مِنْ عَبْدِهِ إِذَا رَفَعَ يَدَيْهِ إِلَيْهِ أَنْ يَرُدَّهُمَا صِفْرًا [خَائِبَتَيْنِ]))(٣).
واتە: پەروەردگاری كارپڕبەرەكەت و پایەدارتان ئەوەندە بەڕێزو خاوەن حەیایە، شەرم دەكات لە بەندەی خۆی كە دەستی پاڕانەوەی بۆلا ڕابكێشێت و ئەویش ڕەتی بكاتەوە بە دەست بەتاڵی و بێ ئومێدی و دڵ شكاوی.
* وە هەر كەسێك داوای شتێك لە پەروەردگار بكات پەروەردگار بەشێوەیەك لەم سێ شێوەیە پاداشتی دەداتەوە:
١ ـ یان داواكاریەكەی بۆ بەجێ دەگەیەنێت.
٢ ـ یان بۆی دەكا بە خێرو پاداشت بۆ ڕۆژی دوایی.
٣ ـ وە یان بە ئەندازەی ئەو داواكاریەی شەڕو خراپەو زیانی لەسەر لادەبات ئەگەر داواكاریەكەیشی بۆ جێ بەجێ نەكات لەبەر حیكمەت و مەصڵەحەتێك، وەك لەم حەدیسەدا هاتووە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی:
((مما مِنْ مُسْلِمٍ يَدْعُو اللَّهَ بِدَعْوَةٍ لَيْسَ فِيهَا إِثْمٌ وَلاَ قَطِيعَةُ رَحِمٍ إِلاَّ أَعْطَاهُ اللَّهُ بِهَا إِحْدَى ثَلاَثٍ: إِمَّا أَنْ تُعَجَّلَ لَهُ دَعْوَتُهُ، وَإِمَّا أَنْ يَدَّخِرَهَا لَهُ فِي الآخِرَةِ، وَإِمَّا أَنُْ يَصْرِفَ عَنْهُ مِنَ السُّوءِ مِثْلَهَا، قَالُوا: إِذاً نُكْثِرُ، قَالَ: اللَّهُ أَكْثَرُ))(٤).
كەواتە پەروەردگاری بەبەزەیی نابێت بشوبهێنرێت بە بەندەی بێ ڕەحمی زاڵم، وە پێویستی بوون بە واسیتە بۆلای دەسەڵاتداری زاڵم نابێت وامان لێ بكات گومانی خراپ بەرین بە پەروەردگار، كە ئەویش بێ واسیتە وەڵاممان ناداتەوە؛ چونكە ئەم گومان بردنە بە پەروەردگار زۆر گوناهێكی گەورەیە؛ وە كەم كردنەوەی قەدو گەورەیی و عەدالەت و بەزەیی خوایە، وە دابەزاندنیەتی بۆ ڕیزی كاربەدەستە ستەمكارەكان كەبێ واسیتە وەڵامی كەس نادەنەوە.
وە هەروەها نابێت وا گومان بەرین كە هەروەكو چۆن واسیتەی دونیایی تەئسیر لە كابەدەستان دەكات لەو شتەشدا كە كاربەدەستان حەزی پێ نەكەن، بەهەمان شێوەش واسیتە تەئسیر لە خوا دەكات لەوەدا كە خۆی نەیەوێت، بۆ نموونە ئەگەر كاربەدەستێك حەز نەكات كاری فڵان كەس جێ بەجێ بێت لەبەر چەند هۆیەك، ئەوا ئەو فڵانە كەسە ئەگەر واسیتەی زۆر نزیك لە كاربەدەستەكە پەیدا بكات دەتوانێت كاری خۆی پێ جێ بەجێ بكات و كاربەدەستەكەش ناچار بڕیاری لەسەر بدات بە نابەدڵی بێ ئەوەی حەزیشی لەو بڕیارە بێت، جا یان لەشەرمی واسیتەكە بڕیاری بۆ دا، وە یان لە ترسان، وەیان لەبەر مەصڵەحەتێكی داهاتووی خۆی!! چونكە ئەگەر قسەی واسیتەكان بشكێنێت ئەوا لێی هەڵدەگەڕێنەوەو زەرەری لێ دەدەن، یان جارێكی تر پشتیوانی و هاوكاری و لایەنگری ناكەن، كەواتە واسیتەی دونیا تەئسیر لە كاربەدەستان دەكات.
بەڵام ئەگەر پەروەردگار حەز نەكات شتێك ببێت ئەوا كەس ناتوانێت پێی بكات و تەئسیری تێ بكات.
بۆ نموونە پەروەردگار نەیویست لە موشریك و مونافیقان خۆش بێت، بۆیە بە پێغەمبەر ڕاگەیاند كە تكای لێ نەكات و داوای لێ خۆش بوونیان بۆ نەكات چونكە داوا بكات یان نەیكات، خوا لێیان خۆش نابێت ئەگەر حەفتا جاریش داوای لێ خۆش بوونیان بۆ بكات. وەك فەرمووی: {اسْتَغْفِرْ لَهُمْ أَوْ لَا تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ إِن تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ سَبْعِينَ مَرَّةً فَلَن يَغْفِرَ اللَّـهُ لَهُمْ} [التوبة ٨٠].
{ سَوَاءٌ عَلَيْهِمْ أَسْتَغْفَرْتَ لَهُمْ أَمْ لَمْ تَسْتَغْفِرْ لَهُمْ لَن يَغْفِرَ اللَّـهُ لَهُمْ} [المنافقون ٦].
وە پەروەردگار چ شتێكی حەز لێ بێت هەر ئەوە دەبێت و چی نەوێت بە هەموو بوونەوەریش ناتوانرێت پێی بكرێت: (ماشاء الله كان وما لم يشأ لـم يكن) .
وە كەس ناتوانێت ڕەخنە بگرێت لە بڕیارەكانی و پاشكۆی حوكمەكانی بكات و پێیاندا بچێتەوە: {وَاللَّـهُ يَحْكُمُ لَا مُعَقِّبَ لِحُكْمِهِ} [الرعد ٤١].
وە پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێت: ((فَإِنَّهُ لاَ مُكْرِهَ لَهُ))(٥).
واتە: پەروەردگار زۆرلێكەری نیە.
وە هیچ كەسێك ناتوانێت بێ ڕوخسەتی ئەو داوای تكا كردنیش بكات: {مَن ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِندَهُ إِلَّا بِإِذْنِهِ} [البقرة ٢٥٥].
واتە: كێیە ئەوەی شەفاعەت بكات لەلای خوا، مەگەر بە ڕێ پێدانی ئەو نەبێت؟!
كەواتە لە دونیادا واسیتە پەیدا كردن بۆ شەفاعەت كردن لای دەسەڵاتداران سوودی هەیەو تەئسیری خۆی هەیەو دەسەڵاتداران ناتوانن تكای تكاكاران بشكێنن هەموو كاتێك چونكە پێویستیان بەم تكاكارانە هەیەو پاڵپشت و یارمەتی دەریانن یان شەریك و هاوبەشیانن یان جێگای مەترسیە ڕەت كردنەوەی شەفاعەتیان ئەگەر شەفاعەتكارو واسیتەكە ژن و منداڵی خۆشیان بن !! واتە ئەوانیش تەئسیریان هەیە لەسەر كاربەدەستان.
بەڵام پەروەردگار نەخێزانی هەیە نە منداڵ، نە وەزیرو، نە هاوكار، نە شەریك و، نە پشتیوانكار، نە بەرامبەرو، نە پێشنیاركار، وەكو خۆی دەفەرموێت:{قُلِ ادْعُوا الَّذِينَ زَعَمْتُم مِّن دُونِ اللَّـهِ ۖ ١-لَا يَمْلِكُونَ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ فِي السَّمَاوَاتِ وَلَا فِي الْأَرْضِ. ٢-وَمَا لَهُمْ فِيهِمَا مِن شِرْكٍ. ٣-وَمَا لَهُ مِنْهُم مِّن ظَهِيرٍ ﴿٢٢﴾. ٤-وَلَا تَنفَعُ الشَّفَاعَةُ عِندَهُ إِلَّا لِمَنْ أَذِنَ لَهُ} (سبإ ٢٢-٢٣).
واتە ئەی محمد صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەو موشریكانە بفەرموو: ئادەی هاوار بكەنە ئەوانەی كە وا گومان دەبەن شەفاعەتكارتان بن و ئیعتیقادی سوودو زیان و خۆشی و ناخۆشیتان پێیانە غەیری خوا، بزانن ئایا:
١- هیچیان بە دەستە بۆ خۆشیان و بۆئێوەش ؟! لە كاتێكدا كە ئەوان ئەندازەی زەڕڕەیەكیان لە ئاسمانەكان و زەوی بە دەست نیەو خاوەنی نین، وە لەوەش كەم تر :
٢- بە شەراكەتیش لەگەڵ خوا هاوبەشی نین لە ئاسمانەكان و زەویدا، وەلەوەش كەمتر:
٣- تەنانەت یارمەتیدەرو یاریدەدەریش نین بۆ خوا، تا یارمەتیان لێ وەربگرێت و پێویستی پێیان بێت.
كەواتە: نە خاوەنی هیچ شتێكن بەتەنها لەم زەوی و ئاسمانانەدا، وە نە بە شەراكەتیش شەریكی خوان لە هیچ بەشێكی ئاسمانەكان و زەویدا، وەنە جێگرو وەزیرو یاریدەدەری پەروەردگاریشن لەم بوونەوەرەدا، كەواتە بەهیچ شێوەیەك هیچ شتێكیان بە دەست نیە لەگەڵ خوا یان بەبێ خوا، تەنها شەفاعەت كردن نەبێت لای خوا.
٤- وە شەفاعەت كردنەكەش نابێت تەنها دوای ئیزنی خوا، ئەویش بۆ كەسێكە كە خوا ڕوخسەتی بۆ بدات و ڕێگەی پێ بدات ئەگینا سوودی نابێت و ناكرێت!!
بەڵام لە دونیادا واسیتەكان شەفاعەت دەكەن لای كاربەدەستان بەبێ ڕوخسەتی كاربەدەستانیش وە بۆ كەسانێكیش كە كار بەدەستان حەزیان پێ نەكەن(٦).
بەڵام پەروەردگار زۆر زۆر لەوە گەورەترە كە كەس بێ ئیزنی ئەو شەفاعەت بكات لای، وەیان شەفاعەتی لا بكەن بۆ كەسێك كە خۆی لێی ڕازی نەبێت: {يَعْلَمُ مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ وَلَا يَشْفَعُونَ إِلَّا لِمَنِ ارْتَضَىٰ وَهُم مِّنْ خَشْيَتِهِ مُشْفِقُونَ ﴿٢٨﴾} [الأنبياء].
واتە: شەفاعەت كاران شەفاعەت ناكەن تەنها بۆ ئەو كەسە نەبێت كە خوا لێی ڕازییە تكای بۆ بكرێت.
كەواتە: دەركەوت خەڵكی لە دونیادا پێویستیان بە واسیتە هەیە بۆ لای حاكمە دەسەڵاتدارەكان لەم لایەنەوە كە (عەدالەت) و (بەزەیی) و (خۆ بەكەم گرتنیان) نیە.
بەڵام پەروەردگار بەهیچ شێوەیەك قەبوڵی نیە واسیتەی بۆ دابنرێت؛ چونكە خۆی ڕاستەوخۆ وەڵاممان دەداتەوە بێ جیاوازی، وە زۆر دادپەروەرو بە بەزەیییە لەگەڵماندا، وە مرۆڤ هەرچەندە تاوانباریش بێت ئەگەر لەخوا بپاڕێتەوە پەروەردگار عەفوی دەكات و لە گوناهی دەبوورێت، وەك فەرموویەتی:{قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَىٰ أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّـهِ ۚ إِنَّ اللَّـهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ﴿٥٣﴾} [الزمر].
واتە بفەرموو: ئەی ئەو بەندانەی پەروەردگار كە زێدەڕەویتان كردووە لە تاوان و گوناه كردندا بێ ئومێد مەبن لە ڕەحمەتی خوا چونكە پەروەردگار دەبوورێت لەهەموو تاوانەكان؛ چونكە بە ڕاستی خۆی لێبوردەو بەڕەحمە.
كەوابوو ڕەحم و بەزەیی خوا بۆ تاوانبارانیشە، كەواتە با شەیتان وەسوەسەمان بۆ دروست نەكات و فێڵمان لێ نەكات بەوەی كە بڵێین: ئێمە تاوانبارین و پیاوچاكان لای خوا خۆشەویستن، وە خوا لە ئێمە خۆش نابێت بەبێ واسیتەی ئەوان !!
بزانە ئەوە داوی شەیتانەو بەو شێوەیە تووشی شەریك بۆ خوا دانانت دەكات!! وریابە برای موسڵمان.
ب ـ وە لەبەر هۆیەكی تریش خەڵكی لە دونیادا پێویستیان بە واسیتە هەیە بۆلای كاربەدەستانیان ئەم هۆیەش بریتییە لە: (بێ ئاگایی كاربەدەست لە حاڵی ژێردەستەكانی)، واتە لەبەر ئەوەی كە حاكمی كاربەدەست ئاگای لە حاڵی تاك تاكی ژێردەستەكانی خۆی نیە؛ بۆیە خەڵكەكە پێویستیان بە واسیتە هەیە بۆ ئەوەی حاڵی خۆیان بگەیەنن بە حاكم، وە حاكمیش بەهۆی چەند واسیتەیەك نەبێت ناتوانێت ئاگادار بێت بەسەر حاڵی خەڵكەكە.
بەڵام پەروەردگار:
* ئاگاداری نهێنی و پەنهانیە: {يَعْلَمُ السِّرَّ وَأَخْفَى ﴿٧﴾} [طه].
* وە هیچ شاراوەیەك لەخوا شاراوە نیە (لا تخفى عليه خافية).
* وە ئاگای لە دزەی چاو (سیلەی چاو)و شاراوەی ناو دڵەكانیشە: {يَعْلَمُ خَائِنَةَ الْأَعْيُنِ وَمَا تُخْفِي الصُّدُورُ ﴿١٩﴾} [غافر].
* وە ئاگای لە وەسوەسەی دەروونی ئادەمیزاد هەیەو لە ئێمە نزیكترە لە ڕەگی گەردنمان: {وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنسَانَ وَنَعْلَمُ مَا تُوَسْوِسُ بِهِ نَفْسُهُ ۖ وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ ﴿١٦﴾} [ق].
* وە كلیلەكانی زانیاری غەیب لای خوایەو هیچ یەكێك بێجگە لەو بەوە نازانێت وە پەروەردگار ئاگای لەوە هەیە كە لە ووشكانی و دەریادا هەیەو، هیچ گەڵا دارێك ناوەرێت ئیللا خوا پێی ئاگایە وە هیچ دەنكە تۆوێك لە تاریكی زەویدا نییەو، هیچ تەڕو وشكێك نیە، ئیللا پەروەردگار ئاگای لێیهتی و لە كیتابدا تۆمار كراوە: {وَعِندَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ ۚ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ ۚ وَمَا تَسْقُطُ مِن وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍ فِي ظُلُمَاتِ الْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ ﴿٥٩﴾} [الأنعام].
* وە پەروەردگار بیسەرو بینایە: {وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ ﴿١١﴾} [الشورى].
* وە پەروەردگار ئاگای لێمانەو لەگەڵمانە بە عیلم و ئاگاداری خۆی لەهەر شوێنێك بین، وە دەمان بینێت:{يَعْلَمُ مَا يَلِجُ فِي الْأَرْضِ وَمَا يَخْرُجُ مِنْهَا وَمَا يَنزِلُ مِنَ السَّمَاءِ وَمَا يَعْرُجُ فِيهَا ۖ وَهُوَ مَعَكُمْ أَيْنَ مَا كُنتُمْ ۚ وَاللَّـهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ ﴿٤﴾} [الحديد].
* وە لە هیچ حاڵ و ئەندێشەیەكدا نین و هیچ بەشێك لە قوڕئان ناخوێنینەوەو هیچ كردەوەیەك ناكەین ئیللا پەروەردگار چاودێرو ئامادەیە بەسەرمانەوە هاوكات لەو دەمەدا كە دەچینە ناو كارەكە، وەهیچ شتێك لە زەوی و ئاسماندا لە پەروەردگار وون نابێت، بەئەندازەی تۆسقاڵێك، وەنە بچوكترو نە گەورەتر لەوەش، وە هەموو ئەو شتانەش لە كیتابدا نوسراون و پەروەردگار ئاگایی تەواوی هەیە پێیان: {وَمَا تَكُونُ فِي شَأْنٍ وَمَا تَتْلُو مِنْهُ مِن قُرْآنٍ وَلَا تَعْمَلُونَ مِنْ عَمَلٍ إِلَّا كُنَّا عَلَيْكُمْ شُهُودًا إِذْ تُفِيضُونَ فِيهِ ۚ وَمَا يَعْزُبُ عَن رَّبِّكَ مِن مِّثْقَالِ ذَرَّةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي السَّمَاءِ وَلَا أَصْغَرَ مِن ذَٰلِكَ وَلَا أَكْبَرَ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ ﴿٦١﴾} [یونس].
* وە پەروەردگار بیسەری هەموو دەنگەكانە بەجۆرەها زمان بۆ جۆراو جۆری داواكاریان. وە دەنگی داوای هیچ كەسێك مەشغوڵی ناكات وە بێ ئاگای ناكات لە بیستنی دەنگی داواكارانی تر وە داواكاری كەسی لەیاد ناچێت وە بێزاریش نابێت بە زۆر داوا لێ كردن. وەك زانایان فەرموویانە لە وەسفی خوادا: (يَسمعُ ضجيج الأصواتِ باختلافِ اللغاتِ على تفنن الحاجات، لا يُشغِلهُ سمعٌ عن سمعٍ ولا تغلطه المسائل ولا يتبرم بإلحاحِ الملحِّين).
كەواتە پەروەردگارێك كە بەم شێوەیە عیلم و ئاگاداری هەبێت بەسەر هەموو بوونەوەردا، وە بیسەرو بینا بێت بەم شێوەیە؛ ئایا پێویست دەكات بەهۆی واسیتەی پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكانەوە خەبەری داواكاریەكانی خۆمانی بدەینێ و ئەو واسیتانە پەروەردگار ئاگادار بكەنەوە، هەروەكو چۆن لەم دونیایەدا خەڵكی بەهۆی واسیتەوە حاڵی خۆیان دەگەیەنن بەكار بەدەستان، چونكە كاربەدەستان ئاگایان لە حاڵی هەموو خەڵكی نیە ؟!
(سبحـان الله) بۆ بیرناكەنەوە ئەو كەسانەی واسیتە بۆلای خوا دادەنێن ! ئایا نازانن پەروەردگاری بەئاگای زانای بیسەری بینا (تەشبیە) ناكرێت بەكاربەدەستی بێ ئاگا ؟!
ئەوە بۆ قەدرو ئەندازەی پەروەردگار دادەبەزێنن و خوای گەورەو باڵادەست وەكو خۆی ناناسن بە گوێرەی ناوو سیفاتە بەرزو جوانەكانی؟ بۆچی پەروەردگار دادەبەزێننە ئاستی دەسەڵاتدارە بێ ئاگایەكان بەڵام بەپێچەوانەشەوە واسیتەكانیان كە ـ پیاوچاكەكانن ـ بەرز دەكەنەوە زیاتر لە ئاستی خۆیان بۆ ئاستی پەروەردگارو بەویان دەشوبهێنن ؟!
- وە ئەگەر بڵێن ئێمە پیاوچاكان و پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) بە خوا ناشوبهێنن [لا نُشبِّه المخلوق بالخالق]، لە وەڵامدا دەڵێین:
ئەگەر بەزمانی دەمیشتان وانەڵێن بەزمانی حاڵتان واتان وتووە چونكە ـ بۆ نمونە ـ هەزاران هەزار موسڵمانی نەفامی جاهیل لە هەزاران شوێنەوە بە هەزاران زمانەوە بۆ هەزاران ئیش لە یەك كاتدا هاوار دەكەنە شێخ عبدالقادری گەیلانی، وە هەموو یەكێكیش لەو كەسانەی كە هاواریان كردۆتە شێخ عبدالقادر باوەڕی وایە كە شێخ دەنگی ئەو دەبیستێت؛ وەك چۆن دەنگی ئەوانی تریش دەبیستێت لەهەمان كاتدا!! وە باوەڕیان وایە كە بە مردوویی، لە وڵاتێكی دووریشەوە شێخ عبدالقادر گوێ بیستی هەموو هاوارو دەنگەكانە، وە لە هەموو زمانەكانیش دەگات چ عەرەبی چ كوردی چ ئینگلیزی و چ... وە دەنگەكانیش هەموو لێك جیادەكاتەوە، ئەمەیان هی كێیە! ئەوەی تریان هی كێیە وە داوای هەمووشیان تێ دەگات و هیچ دەنگ و داوایەك بێ ئاگاو مەشغوڵی ناكات لە بیستن و تێگەیشتنی دەنگ و داوای ئەوانی تر، وە دوای بیستن و تێگەیشتنی هەموو داواكاریەكانیش دەتوانێت وەڵامی هەموویان بداتەوەو هەركەسە داواكاری خۆی بۆ جێ بەجێ بكات و فڵان لە نەخۆشی چاك بكاتەوەو فڵان ژنی بۆ بێت و فڵانە پیاوێكی دەست كەوێت، فڵانە مناڵی كوڕی ببێت و فڵان بەسەر دووژمندا سەركەوێت و فڵان دەوڵەمەند بێت و... هتد.
سبحان الله، ئایا ئەم بیرو بۆچوون و ئیعتیقادە تەنها لایەق و شایستەی خوایە یان لایەقی بەندەیەكیشە وەك شێخ عبدالقادری گەیلانی و پیاوچاكانی تر ؟!! بێگومان هەركەسێك زەڕڕەیەك عەقڵ و تێگەیشتنی هەبێت ئەم ئیعتیقادەی بە غەیری خوا نابێت، چونكە یەكێك توانای بیستنی ئەو هەموو دەنگە زۆرە لێك جیایەی هەیەو توانای تێگەیشتن و وەڵام دانەوەی داواكاریەكانی هەیە كە چەندان سیفەتی هەبن وەك (الـحيّ) زیندوویەتی و(السميع) بیسەرێتی و (البصير) بیناێتی و (القادر) بەتوانا (القيّوم) ڕاگری غەیری خۆی (الـمغني) دەوڵەمەندكارو (الـمعطي) بەخشەرو (مالك الملك) خاوەنی موڵك و... وەئەم سیفاتانەش تەنها تایبەتن بە پەروەردگاری ئاسمانەكان و زەوی.
كەواتە كوفرە كە ئێمە ئەم سیفاتانەی خوا بدەینە بەندەی بێ دەسەڵات كە نەمردن و ژیان نە قازانج و زەرەری بەدەستە، وە كە مرد مێشوولەیەكی پێ لەخۆ دەرناكرێ و، دادەبڕێت لە ژیانی سەر زەوی و دەچێتە جیهانی ناو گۆڕ !!
وە هۆیەكی تر بۆ دانانی واسیتە لەنێوان خەڵك و كاربەدەستان ئەوەیە كە كاربەدەست لەبەر بێ توانایی خۆی ناتوانێت بەتەنها كاری ئەم خەڵكە ژێردەستە جێ بەجێ بكات و داواكاریەكانیان وەڵام بداتەوە هەرچەندە ئاگاداری داواكاریەكانیشیان بێت و حەزیش بكات لە وەڵام دانەوەیان، بۆیە پێویستی بەچەندان واسیتە هەیە كە ببنە یاریدەدەری و هاوكاری بكەن و پاڵپشتی بكەن.
بەڵام پەروەردگار خۆی بە تەنها دەسەڵاتدارو بەتوانایە لەسەر هەموو شتێك و هەر شتێكی بوێت ئەنجامی دەدات بەئاسانی و بێ ئەوەی پێوستی بە یارمەتی و كۆمەكی كەس بكات و پەروەردگار هیچ پاڵپشت و وەزیرێكی نیەو پێویستی بەكەس نییە:{وَقُلِ الْحَمْدُ لِلَّـهِ الَّذِي لَمْ يَتَّخِذْ وَلَدًا وَلَمْ يَكُن لَّهُ شَرِيكٌ فِي الْمُلْكِ وَلَمْ يَكُن لَّهُ وَلِيٌّ مِّنَ الذُّلِّ ۖ وَكَبِّرْهُ تَكْبِيرًا ﴿١١١﴾} [الإسراء].
واتە: سوپاس بۆ ئەو پەرستراوەی كە هیچ منداڵی نیەو هیچ شەریكی نیە لەو موڵكەداو هیچ دۆستێكی نەگرتووە، لەبەر لاوازێتی و پێویست بوونی پێی تا بە هۆی ئەوەوە بەهێز بێت !!
وە هەروەها {وَمَا لَهُ مِنْهُم مِّن ظَهِيرٍ ﴿٢٢﴾} [سبإ]. واتە: پەروەردگار هیچ پشتیوانێكی نیە لە دروست كراوان.
وە پەروەردگار ئەوەندە بە توانایە لەسەر جێ بەجێ كردنی داواكاری بەندەكانی بە شێوەیەكی وا كە هەموو ئینسان و جنۆكەكان لە یەكەمیانەوە تا كۆتاییان لەیەك كاتدا كۆببنەوە لەسەر بەرزاییەك وەبەیەكەوە هاوار بكەنە خوا، هەر یەكەی بەزمانی خۆی و بۆ ئیشی تایبەتی خۆی!!، پەروەردگار وەڵامی هەر هەموویان دەداتەوەو داواكاری هەر هەموویان جێبەجێ دەكات خۆی بەتەنها بێ ئەوەی هیچ لەموڵكی پەروەردگار كەم بێتەوە. وەك خۆی لە حەدیسێكی قودسیدا فەرموویەتی: ((يَا عِبَادِي لَوْ أَنَّ أَوَّلَكُمْ وَآخِرَكُمْ وَإِنْسَكُمْ وَجِنَّكُمْ قَامُوا فِي صَعِيدٍ وَاحِدٍ فَسَأَلُونِي، فَأَعْطَيْتُ كُلَّ إِنْسَانٍ مَسْأَلَتَهُ، مَا نَقَصَ ذَلِكَ مِمَّا عِنْدِي إِلاَّ كَمَا يَنْقُصُ الْمِخْيَطُ إِذَا أُدْخِلَ الْبَحْرَ))(٧).
وە پەروەردگار ئەوەندە بە توانایە ئەگەر ویستی شتێك ببێت تەنها دەفەرموێت (كُنْ) واتە: ببە، وە یەكسەر دەبێت !!
كەواتە خوای پەروەردگار ئاوا بە تواناو دەسەڵاتە چۆن دەشوبهێنرێت بە كاربەدەستی بێ دەسەڵاتی موحتاج بەواسیتەو یارمەتیدەر ؟!
پەروەردگار خۆی بە تەنها بەتوانایە لەسەر ئەنجام دانی هەموو پێداویستی بەندەكانی و هیچ پێویستی بە واسیتەو یاریدەدەر ناكات كەواتە بۆچی واسیتە دابنێین؟!
كەواتە دوای دەركەوتنی هۆكارەكانی پێویست كردنی بوونی واسیتە لە نێوان خەڵكی و كاربەدەستاندا زانیمان هۆكاری بنەڕەتی (بێ عەدالەتی) و (بێ بەزەیێتی) و (بێ ئاگایێتی) و (بێ توانایەتی) كاربەدەستانە، بۆیە خەڵكی پێویستیان بە واسیتە هەیە تا داواكاریەكانیان بگەنە لای كاربەدەستان و وەڵام بدرێنەوە بەڵام پەروەردگار بە پێچەوانەی كاربەدەستان و دروستكراوان پاكەو دوورە لە هەموو سیفاتێكی كەم و ناتەواو وە خاوەنی هەموو سیفاتێكی بەرزو تەواوەو ئاگای لە هەموو بەندەكانیەتی و لێیانەوە نزیكە بە عیلم و بیستن و بینین و دەسەڵات.
وە دەنگی هەموویان دەبیستێت و پێشی خۆشە داوای پێداویستیەكانمانی لێ بكەین و بەتواناشە لەسەر وەڵامدانەوەمان بێ پێویست بوون بە واسیتەو یاریدەدەرو لەكەسیش ناترسێت و ئیشیش بەكەس نیەو، كەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بگۆڕێت، وە خۆی داناو كار لەجێ و بەخشندەو میهرەبانە (أرحم الراحمين)ە، وە (أعدل العادلين)ە، وە (أحكم الحاكمين)ە، وە خۆیشی فەرمانی پێ كردووین كە داوای لێ بكەین و بەڵێنی داوینێ كە وەڵاممان بداتەوەو توڕەش دەبێت كە داوای لێ نەكەین ڕوو بكەینە یەكێكی، وە پێی ڕاگەیاندووین كە غەیری ئەو هاواریشی بكەینێ تەنها زەرەرمان بۆ دەمێنێتەوەو هیچ سوودی لێ وەرناگرین؛ چونكە هیچ یەكێكی تر جگە لە خۆی هیچی بە دەست نیەو توانای شەفاعەت و تكاكردنیشیان نیە بە ئیزنی ئەو نەبێت بۆ ئەو كەسەش نەبێت كە پەروەردگار خۆی ڕازیە شەفاعەتی بۆ بكرێت !
كەواتە دوای ئەم هەموو ڕوون كردنەوانەو ناسینی گەورەیی و قەدری خوا بۆمان دەركەوت كە (تەشبیە) كردنی خوا بە كاربەدەستان و واسیتە دانان بۆلای خوا وەك چۆن واسیتە دادەنێین بۆلای كاربەدەستان ئەم كارە كارێكی زۆر ناشەرعی و نا عەقـــــڵانەیەو گوناهێكی گەورەیەو وەسوەسەی شەیتانە كە جارێكی تر بڵێین:
چۆن لە دونیادا پێویستمان بەواسیتە هەیە بە بۆلای كاربەدەستان، بەهەمان شێوەش بۆلای خوا !!
یان بڵێن: ئێمە تاوانبارین و پیاوچاكان لەخوا نزیكن و خوا لە ئێمە خۆش نابێت بێ تكای پیاوچاكان!!
یان بڵێین: وا جوانترە خۆمان ڕاستەوخۆ داوا لەخوا نەكەین چونكە وا بە ئەدەب ترە كە لەڕێگای پیاوچاكان و پێغەمبەرانەوە (عليهم الصلاة والسلام)، داواكاریەكانمان بگەن بە خوا !!
كەواتە ئەم وەسوەسانە هەمووی فێڵی شەیتانەو دەیەوێت بەم شێوازە (بەناوی لەخوا ترسانەوە) شەریك و هاوەڵ بۆ خوا دابنێین !! پەنا بەخوا.
وە ئایا ئەدەب و عەقڵ و لەخوا ترسان ئەوەیە كە بێ فەرمانی خوا بكەین ؟!
خوا دەفەرموێت: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} [غافر ٦٠].
واتە: پەروەردگارتان فەرمانی پێ كردوون: فەرموویەتی هاوارم بكەنێ و داوام لێ بكەن، وەڵامتان دەدەمەوە.
وە فەرموویەتی: {فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّـهِ أَحَدًا ﴿١٨﴾} [الجن].
واتە: نەهی لێكردوون: لەگەڵ خوا هاوار مەكەنە هیچ یەكێكی تر.
جا ئایا وازهێنانت لەو فەرمانەی خوا لەسەری واجب كردوی كە ـ تەنها دوا لەوكردنە ـ وە كردنی ئەو كارەی كەلێی قەدەغە كردویت و نەهی لێ كردویت، ـ كە بریتییە لە هاوار كردنە یەكێكی تر، وەك پیاوچاكان و پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) ـ، ئایا ئەمە ئەدەب و عەقڵ و تەقوایە ؟!
وە هەر ئایەتێكی قوڕئان دەخوێنیتەوە سەبارەت بەم باسەوە، دەبینین فەرمان دەكات كە تەنها هاوار بكەنە (الله) و داوا لەو بكەن. وەك:
*{ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً...} [الأعراف ٥٥].
* {وَادْعُوهُ خَوْفًا وَطَمَعًا} [الأعراف ٥٦].
* {وَلِلَّـهِ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَىٰ فَادْعُوهُ بِهَا} [الأعراف ١٨٠].
* {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} [غافر ٦٠].
* {فَادْعُوا اللَّـهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ} [غافر ١٤].
وە بە پێغەمبەری صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموو: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ} [البقرة ١٨٦].
واتە: ئەی محمد ئەگەر بەندەكانی من پرسیاری منیان لێ كردیت، ئەوە من خۆم لێیان نزیكم و وەڵامی داوای داواكاران دەدەمەوە.
نەیفەرموو با داوا لەتۆ بكەن و تۆش داوا لەمن بكەو ببە واسیتەی نێوانمان بۆ گەیاندنی پاڕانەوەو داوای بەندەكانم بەمن و، لێ خۆش بوونیان و، وەڵام دانەوەی منیش بەئەوان.
بەڵام بۆ ڕاگەیاندنی شەرعی خوا پەروەردگار فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردوە كە هەر پرسیارێكی شەرعی خوایان لێ كرد خۆی لە جیاتی خوا وەڵامیان بداتەوەو ببێتە واسیتەی ڕاگەیاندن (واسطة البلاغ).
هەروەك دەبینین كە پرسیاری كاری شەرعی دەكرا پەروەردگار دەیفەرموو خۆت وەڵامیان بدەوە بەم شێوەیەی فێری دەكرد . بۆ نمونە: {يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ ۖ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَا أَكْبَرُ مِن نَّفْعِهِمَا} [البقرة ٢١٩].
{وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ ۖ قُلْ هُوَ أَذًى ...} [البقرة ٢٢٢].
{يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَهِلَّةِ ۖ قُلْ هِيَ مَوَاقِيتُ لِلنَّاسِ} [البقرة ١٨٩].
{وَيَسْأَلُونَكَ مَاذَا يُنفِقُونَ قُلِ الْعَفْوَ} [البقرة ٢١٩].
بەم شێوەیە پەروەردگار [پێغەمبەری صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وەك واسیتەی ڕاگەیاندنی شەرعەكەی بۆ داناوین، بەڵام لێی حەرام كردوین وەك واسیتەی نزیك كەرەوە بۆلای خۆی دابنێین]؛ چونكە ئەم واسیتەیە پاشماوەی دینی موشریك و كافرەكانەو پەروەردگار پێویستی بە هیچ كەس ناكات خەڵكی بیكەن بەواسیتە بۆ ئەوەی لە پەروەردگاریان نزیك بكاتەوەو داواكاریەكانیان بكەیەنێت بەخوا.
بۆیە تكاو داوامان تەنها دەبێت ڕاستەوخۆ لە پەروەردگار بێت وەك خۆی فەرمانی بەوە كردوە لە ئایەتەكانی پێشوو، وە قەدەغەی كردوە لە بەندەكانی هاوار بكەنە غەیری ئەو، یان و داوا لە غەیری خۆی بكەن.
وە پێغەمبەری پێشەواش صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەسەر ئەو تەنها خوا پەرستیە هاوەڵانی پەروەردە دەكرد وەك دەبینین بە عبداللەی كوڕی عباسی فەرمووە : ((إِذَا سَأَلْتَ فَاسْأَلِ اللَّهَ، وَإِذَا اسْتَعَنْتَ فَاسْتَعِنْ بِاللَّهِ))(٨).
واتە: ئەگەر داواكاریت هەبوو یەكسەر داوا لە خوا بكەو ئەگەر داوای یارمەتیشت كرد تەنها داوای یارمەتی لە خوا بكە !
وە پێی نەفەرموو: هاوار بكە من یان داوای یارمەتی لەمن بكە ؟! كە دووریش بم لێت، یان مردووش بم!!
وە هەروەها پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بە فاگیمهی كچی فەرموو:((وَيَا فَاطِمَةُ بِنْتَ مُحَمَّدٍ: سَلِينِي مَا شِئْتِ مِنْ مَالِي لاَ أُغْنِي عَنْكِ مِنَ اللَّهِ شَيْئًا))(٩).
واتە: لە ماڵی دونیام چی حەز دەكەیت داوام لێ بكە بەڵام لای خوا من هیچ سوود بەتۆ ناگەیەنم و هیچم بە دەست نیە بۆت لای خوا، وە خاوەنی هیچ نیم !!
**********
كەواتە ئەو دینە دێرینەی ئیسلام كە لە كۆنەوە خوا بە هەموو پێغەمبەرانی(عليهم الصلاة والسلام) دا ناردووەو پێغەمبەری ئێمەش محمد صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پێی هاتووەو زانایان لەسەری ڕۆیشتوون تا ئەم سەردەمەی ئێمە بناغەو بنەڕەتەكەی بریتییە لە بەتەنها پەرستنی خواو بەتەنها هاوار كردنە (الله) و تەنها لەو داوای یارمەتیكردن { إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} وە تەنها داوای بەفریاكەوتن لەو بكەین و لەگەڵ ئەو خوایە پەروەردگارە گەورەیەدا هاوار نەكەینە هیچ یەكێكی تر، بەڵام هەر لەكۆنەوە تا ئەمڕۆش نەفام و هاوبەش پەیداكەران ڕازی نەبوون بەم دینی ئیسلامەی كە لەسەر تەنها خوا پەرستی و تەنها هاوار كردنە ئەو دامەزراوە بەڵكو لەگەڵ پەروەردگار چەندان پەرستراوی تریان داناون و هاواریان كردوونێ بەنیازی لەخوا نزیك كردنەوەو شەفاعەت بۆكردن لای خوا. وەك بۆمان دەركەوت لەسەرەتای ئەم كتابەدا بە بەڵگەی قوڕئان و حەدیس، وەك لەم ئایەتەشدا ڕوون دەبێتەوە: {ذَٰلِكُم بِأَنَّهُ إِذَا دُعِيَ اللَّـهُ وَحْدَهُ كَفَرْتُمْ ۖ وَإِن يُشْرَكْ بِهِ تُؤْمِنُوا ۚ فَالْحُكْمُ لِلَّـهِ الْعَلِيِّ الْكَبِيرِ ﴿١٢﴾} [غافر].
واتە: ئەگەر بە تەنها هاوار بكرێتە خواو تەنها لەو بپاڕێینەوە، ئێوەی نەفام باوەڕ ناهێنن و بێ باوەڕ دەبن بەم مەنهەجە كە تەنها هاوار بكرێتە (الله).
بەڵام ئەگەر شەریك بۆ خوا دابنرێت لە هاوار بۆ كردن و پەرستندا ئەوا ئەو كاتە ئێوە ـ ئەی موشریكان ـ باوەڕ دەهێنن، واتە باوەڕ بە دینێك دەهێنن كە شیركەو لەگەڵ خوا هاوار بكرێتە غەیری خوا !!
وە هەروەها پەروەردگار زیاتر پەردە لەسەر شیركی ئەم جۆرە خەڵكە نەفامە گومڕایە لادەدات و دەفەرموێت: {وَإِذَا ذُكِرَ اللَّـهُ وَحْدَهُ اشْمَأَزَّتْ قُلُوبُ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ ۖ وَإِذَا ذُكِرَ الَّذِينَ مِن دُونِهِ إِذَا هُمْ يَسْتَبْشِرُونَ ﴿٤٥﴾} [الزمر].
واتە : ئەگەر بەتەنها باسی (الله) بكرێت و یادی ئەو بكرێت دەروونی ئەوانەی كە باوەڕیان بە ئاخیرەت نیە دەگیرێ و تەنگ دەبێت، بەڵام كاتێك كە مەعبودەكانی تر یاد دەكرێن ئەو كاتە دڵیان شاد دەبێت !!
بەداخەوە ئەمەیە حاڵی نەفام و نەزانەكانی ئەمڕۆش ئەگەر بەتەنها بڵێیت: [یا الله هاوار] دەڵێن ئەوە بۆ ناڵێیت یا حەزرەتی غەوس هاوار ؟! وە بۆ ناڵێیت یا رسول الله هاوار ؟! وە یان ئەگەر بە تەنها باسی خوا بكەیت و بەس ناوی ئەو بهێنیت ڕازی نابن و، دەڵێن دەبێت لەگەڵ (الله) بڵێیت: [یا محمد، یا غەوس] یان دەبێت بڵێیت بە
ناوی خوا و پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام)!.
كەواتە برای موسڵمان وشیاربەو بزانە كە: دینی دێرینی ئیسلام تەنها خوا پەرستییەو تەنها هاواركردنە خوایە، وە هەركەسێكی موسڵمانت بینی دەیوت تەنها هاوار بكەنە خواو هاوار مەكەنە كەسی تر: بزانە ئەو كەسە لەسەر ڕاستە شەقامی ئیسلامە دێرینەكەیە لەم بوارەدا، وەبە درۆو بوهتانی خەڵك بڕوا نەكەیت كە دەڵێن: ئەمە دینێكی تازەیە!!
نەخێر دینی تازە ئەم شیرك و بیدعەكاری و گۆڕپەرستی و زەرگ لەخۆدان و هاوار كردنە شەخس و واسیتە دانانەیە، كە نەفام و بێ عەقڵان لەسەری دەڕۆن. وە بەناوی خۆشویستنی پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و ڕێزگرتن لێیان، بەرزیان كردوونەتەوە بۆ ئاستی پەروەردگارو كردوویانن بە شەریكی خواو، لەئاستی بەندەێتی بەرزیان كردوونەتەوە بۆ ئاستی پەرستراوێتی و، دەیان پەرستن و هاواریان دەكەنێ و سەربڕینیان بۆ دەكەن و، سوێندیان پێ دەخۆن و پەنایان پێ دەگرن و، نەزریان بۆ دەكەن و، داوای بە فریاكەوتنیان لێ دەكەن!!
وە دینی (أبو جهل و أبو لهب) یان زیندو كردۆتەوە بەناوی لەخوا نزیك بوونەوەو خۆش ویستنی پیاوچاكان.
موسڵمانی ژیر ئێستا تێگەیشتیت كە خۆشویستن و ڕێزگرتن لە پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و پیاوچاكان، بە شوێنكەوتنیان دەبێت لە شەریعەتدا، نەك بە پەرستنیان و بەرز كردنەوەیان بۆ ئاستی پەرستراوو، عیبادەت بۆ كراو كە (الله)یە.
وە تێگەیشتیت كە ئەوانەی بەناوی واسیتەو لەخوا نزیك بوونەوە هاوار دەكەنە پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و پیاوچاكان، هیچ بەڵگەیەكیان نیەو،كارەكەیان بێ شەرعییەو شیركەو كوفرەو، بێ ئەدەبی و بێ عەقڵی و نەفامییە.
يقول الإمام العز بن عبد السلام في رسالة (الواسطة) ص ٥ :
(ومَن أثبت الأنبياء وسواهم من مشايخ العلم والدين وسائط بين الله وبين خلقه كالحجّاب الذين بين الملك ورعيته ، بحيث يكونون هم يرفعون الى الله تعالى حوائج خلقه، وان الله تعالى انما يهدي عباده ويرزقهم وينصرهم بتوسطهم، بمعنى أنّ الخلق يسألونهم، وهم يسألون الله كما انّ الوسائط عند الملوك يسألون الملك حوائج الناس لقربهم منهم، والناس يسألونهم أدباً منهم أن يباشروا سؤال الملك، ولأن طلبهم من الوسائط أنفع لهم من طلبهم من الملك، لكونهم اقربُ الى الملك، فمن اثبتهم وسائط على هذا الوجه فهو كافر مشرك يجب ان يستتاب فان تاب والاّ قتل وهؤلاء مشبهون لله، شبهوا الخالق بالمخلوق وجعلوا لله انداداً)
وهذا القول مخالف لقوله تعالى :
{ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} [غافر ٦٠].
وقوله تعالى : {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ} [البقرة ١٨٦].
فلم يجعل الله بينه وبين خلقه واسطة في الدعاء، وهم بعقولـهم الـخرفة جعلوها .
لە کتێبی : خواپەرستى نەک شەخس پەرستى وەرگیراوە لە نوسینى : د.عبداللطیف أحمد
(١) صحيح سنن الترمذي: (٣٣٧٣) .
(٢) مسند الإمام أحمد: (٨٩٨٢) والأدب الـمفرد للبخاري وحسنه الألباني في صحيح الأدب الـمفرد: (٧١٢) وصحيح الترغيب والترهيب: (١٦٢٩) .
(٣) صحيح أبي داود: (١٤٨٨)، وصحيح سنن الترمذي (٣٥٥٦) والزيادة له وصحيح سنن ابن ماجه: (٣٨٦٥).
(٤) رواه الإمام أحمد في مسنده: (١١٤٣٢) الحاكم وصححه (١ /٦٧٠) والترمذي في سننه: (٣٩٢٢) وصصحه الألباني في صحيح سنن الترمذي: (٣٥٧٣) وصحيح الترغيب والترهيب: (١٦٣١) و (١٦٣٣).
(٥) صحيح البخاري: (٦٣٣٩) .
(٦) وە زانای پایە بەرز إبن قيم الجوزية ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا فەرمویەتی:
(وقد قطع الله الأسباب التي يتعلق بها المشركون جميعاً، فالمشرك إنّما يتخذُ معبودهُ لما يحصلُ له من النفع، والنفع لايكون إلا ممن فيه خصلةٌ من هذه الأربع:
إمّا مالكٌ لما يريد عابده منه، فإنْ لم يكن مالكاً كان شريكاً للمالك ِ، فإنْ لم يكن شريكاً له كان معيناً له و ظهيراً، فإن لم يكن معيناً ولا ظهيراً كان شفيعاً عنده.
فنفى الله سبحانه المراتب الأربع نفياً مرتباً؛ منتقلاً من الأعلى إلى الأدنى؛ فنفى الملك والشرك والمظاهرة والشفاعة التي يطلبها المشرك، وأثبت شفاعةً لانصيب فيها للمشركِ، وهي الشفاعة بإذنه.
فكفى بهذه الأية نوراً وبرهاناً وتجريداً للتوحيد ِوقطعاً لأصول الشركِ وموادّه لِمْنْ عقلها.
والقرآن مملوءٌ من أمثالها ونظائرها، ولكن أكثر الناس لايشعرون بدخول ِالواقع تحته وتضمّنه له، ويظنّونها في نوعٍ وقومٍ قد خَلَوا مِنْ قبلُ ولم يُعقبوا وارثاً، فهذا الذي يحولُ بين القلب وبين فهم القرآن. ولَعمرُ الله؛ إن كان أولئك قد خَلَوا، فقد ورثهم مَنْ هو مثلهم أو شرٌّ منْهم أو دونهم، وتناوُلُ القرآنِ لهم كتناوُلِهِ لأولئك).
(٧) رواه مسلم: (٢٥٧٧) .
(٨) أخرجه الترمذي وقال: حديث حسن صحيح ، صحيح سنن الترمذي: (٢٥١٦).
(٩) صحيح البخاري: (٢٧٥٣).