سوێند خواردن جۆر و حوکم و ئادابەکانى : ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوێند خواردن جۆر و حوکم و ئادابەکانى
پرسیار:

زۆرێک لە خەڵکى زمانى ڕاهاتووە بە سوێند خواردن ، جا ئایا حوکم و ئاداب و جۆرەکانى سوێند خواردن کامانەن ؟ 

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله ، أما بعد :
بەڕاستی سوێند خواردن لە نێو ژیانی موسڵماناندا واقعێکی حاشا هەڵنەگرە و ڕۆژانە زۆر دووبارە دەبێتەوە ، بۆیە ئەگەر کارێکیش بەم ڕێژەیە زۆر بێت پێویستە لەسەر موسڵمان حوکم و ئادابی ئەو شتانە بزانن بۆ ئەوەی تووشی تاوان و سەرپێچی نەبن .
هەر لەبەر ئەم گرنگیەی سوێند خواردن لەم وەڵامەدا کورتەیەک دەربارەی ( جۆر و حوکم و ئادابەکانی سوێند خورادن ) دەخەینە ڕوو بەهیوای ئەوەی سود بەخش بێت بۆ موسڵمانان .
داواکارین لە پەروەردگار ئەم کارەمان تەنها لەبەر خاتری ئەو بێت ، و سوود بەخش بێت بۆ بەندەکانی.

 مانای سوێند خواردن :
سوێند خواردن لە زمانەوانەیدا :
سوێندخواردن لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت : (الیمین) لە بنچینەی زمانی عەرەبی بەمانای دەستی ڕاست دێت چونکە لەکاتی عەهد و پەیماندا هەریەکێکیان دەستی هاوڕێکەی خۆی دەگرد (1).
سوێند خواردن لەشەرعدا :
زانایان بە چەندین شێواز پێناسەی سوێندخواردنیان کردووە لەشەرعدا وە وەکو پێشەوا نەوەوی بەڕەحمەت بێت دەفەرمووێت : باشترین پێناسەی کە سەلامەتە لە ڕەخنە و هەڵوەشانەوە پێناسەی پێشەوا بەغەویە بەڕەحمەت بێت کە دەفەرمووێت : ( اليمين : تحقيق الأمر أو توكيده بذكر اسم الله تعالى أو صفة من صفاته )(2) واتا : بەڕەوا دانانی کارێک  یان جەخت لەسەرکردنەوەی بە باسکردنی ناوی خوای گەورە یان صیفەتیک لە صیفەتەکانی .

جۆرەکانی سوێند خواردن:
سوێند خواردن بە شێوازێکی گشتی دوو جۆرە :
جۆری یەکەم : سوێندخواردن بەغەیری خوای پەروەردگار ( الحلف بغیر الله ):
حوكم : ئەم جۆرە لە سوێندخواردن هاوەڵبڕیاردانی بچوکە (الشرک الأصغر) و دروست نیە جا هەر شتێک بێت جگە لەخوا سوێندی پێ بخورێت هەندێک جار ئەم سوێند خواردنە دەبێت بە هاوەڵبڕیاردانی گەورە لەوانەی کە ئەگەر بیروباوەڕی سوێند خۆرەکە وابێت کە سوێند پێخوراوەکەی وەکو خوابێت يان گەورە تر و بەڕێز تر بێت لەخوا .(3)   

بۆ نمونە وەکو ئەوەی بڵێت :
( سوێند بە پێغەمبەر ) یان ( سوێند بە فڵانە پیاوچاک ) یان (سوێند بە فڵانە کەسایەتی ) یان ( سوێند بە فڵانە سەرکردە ) یان ( سوێند بە ماڵی خوا ) یان ( سوێند بە قەبری فڵانە کەس ) يان (سوێند بەگۆڕی شەهیدان ) یان ( سوێند بە بە برایەتیمان ).

کەفارەتى ئەم جۆرە سوێندە :
موسڵمان دەبێت هەوڵی وازهێنان بدات لەم کارەی بەڵام ئەگەر هەر بیری چوو و سوێندی خوارد بە غەیەری خوا ئەوا دەڵێت : ( لا إله إلا الله) . پێغەمبەری خوا دەفەرموێت : ( من حلف فقال في حلفه: واللات والعزى، فليقل: لا إله إلا الله).(4). واتا : هەرکەسێک سوێندی خوارد و لەسوێندەکەیدا وتی : (سوێند بێت بەلات و بە عوزا  ) ئەوا با بڵێت : (لا إله إلا الله).
بەڵگە :
پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ( مَنْ حَلَفَ بِغَيْرِ اللَّـهِ فقد أشرك ) (5) هەرکەسێک سوێند بخوات بەغەیری خوا ئەوە هاوەڵی بۆ خوا بڕیارداوە . 
وە هەروەها پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ( إن الله ينهاكم أن تحلفوا بآبائكم من كان حالفا فليحلف بالله أو ليصمت )(6) واتا : ئاگاداربن بەڕاستی پەروەردگارتان ڕێگریتان لێ دەکات کە سوێندبخۆن بە باوانتان ، هەرکەسێک ویستی سوێند بخوات ئەوا با بە خوای پەروەردگار سوێند بخوات یان بێدەنگ ببێت .

جۆری دووەم : سوێند خواردن بە خوای گەورە ( الحلف بالله ) :

سوێندخواردن بە خوای گەورە یان بە ناوە جوانەکانی یان بەسیفاتە بەرزەکانی.  

بۆ نمونە وەکو ئەوەی بڵێت :
( سوێند بە خوا ) یان ( سوێند بە الله ، الرحمن ، الرحیم ..... ) یان ( سوێند بە گەورەیی خوا ، بە رەحمی خوا ) .

حوکمەکەى :
کارێکی دروست و شەرعیە بەڵام دەبێت مرۆڤ وریا بێت زۆر سوێند نەخوات بەڵکو دەبیت تەنها لەکاتی پێویست و گرنگدا سوێند بخوات .

بەڵگە :
سوێندخواردن کارێکە شەرعیە و دروستە وە لەچەندین فەرموودەدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا سوێندی خوارووە و كۆدەنگی زانایانی لەسەرە .
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت : ( وَالَّذِي نَفْسُ مُحَمَّدٍ بِيَدِهِ )(7) واتا : سوێند بەوەی نەفسی موحەمەدی بەدەستدە .
پێشەوا ابن قدامة بەڕەحمەت بێت دەفەرموێت : (أجمعت الأمـة على مشروعیة الیمین)(8) واتا : ئومەت یەکدەنگن لەسەر دروستێتی سوێند خواردن.

ئەم جۆرەی سوێند خواردن دەبێت بە سێ جۆرەوە :

جۆری یەکەم : سوێند خواردنی سەرزارەکی (یمین اللغو) :
ئەم جۆرە لە سوێندخواردن بریتیە :
لەو سوێندخواردنەی کە مرۆڤ لەکاتی قسەکردندا دێت بەسەر زمانیدا و مەبەستی پێی سوێندخواردن و تأکید کردنەوەی کارێک نیە .
يان بريتيە لەو سوێندخواردنەی کە کەسەکە پێی وایە ڕاستگۆیە تیایدا و دڵنیایە لەسەری بەڵام دوایی بۆی دەردەکەوێت کە هەڵە بووە تیایدا.(9)  

بۆ نمونە :
وەکو ئەوەی بڵێت : ( والله ئەنجامی دەدەم یان والله ئەنجامی نادەم ) ئەم کارەشی تەنها بەسەر زاردا هاتووە و مەبەستی سوێندخواردن نەبووە .

حوکم و کەفارەت :
ئەم جۆرەیان مرۆڤ هیچی لەسەر نیە تاوانبار نابێت و کەفارەتی لەسەر نیە ، بەڵام دەبێت زۆر خۆی بپارێزێت و هەوڵی واز لێ هێنانی بدات .
بەڵگە :
خوای پەروەردگار دەفەرمووێت:[ لَا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ][ المائدة: ٨٩ ] واتا: خوای گەورە لۆمەتان ناکات و لێتان ناگرێت وتاوانبار نابن ئەگەر سوێندیکتان خوارد و سوێندەکەتان لەغوو بوو پاشان بیشکێنن ئاساییە

جۆری دووەم : سوێندخواردنی ناحەق (یمین الغموس) :

ئەم جۆرەیان بریتیە لەو سوێندەی کە مرۆڤ دەزانێت چی ووتووە و لەسەر کارێکی ڕابردوو دەی خوات و خۆشی دەزانێت ئەم سوێندەی ناحەقە ، يان سوێند دەخوات لەسەر دابڕین و خواردنی ماڵی موسڵمانێک بەناحەق .

نمونە :
وەکو ئەوەی بڵێت : ( والله ئەو کارەم کردووە ) و لە حەقیقەتیشیدا نەی کردبێت ، ( والله ئەو کارەم نەکردووە ) لە حەقیقەتیشدا کردووەیەتی . (والله ئەو ماڵە هی فڵانە کەسە) لە حەقیقەتیشدا هی ئەو نیە .

حوکم و کەفارەت :
ئەم سویندە ناحەقە یەکێکە لە تاوانە هەرە گەورەکان وە سەبارەت بە کەفارەتەکەی زانایان ڕاجیایان هەیە بەڵام ڕای پەسەند ئەوەیە والله أعلم کە کەفارەتی لەسەر نیە لەبەر گەورەی تاوانەکەی ئیلا دەبێت تەوبە بکات ئەگەر هەموو ماڵەکەشی ببەخشێت ئەوا هەر کەفارەتی نەداوە.(10)
بەڵگە :
عبدالله كوڕی عەمر -خوای لێ ڕازی بێت- لە پێغەمبەری خواوە - - دەیگێڕیتەوە کەفەرموویەتی : ( الْكَبَائِرُ الْإِشْرَاكُ بِاللَّهِ وَعُقُوقُ الْوَالِدَيْنِ وَقَتْلُ النَّفْسِ وَالْيَمِينُ الْغَمُوسُ ).(11) واتا : تاوانە گەورەکان : هاوەڵ بۆخوا بڕیاردان ، و خراپبوون لەگەڵ دایک وباوک و کوشتنی نەفس وە سوێندخواردنی غەمووس .

جۆری سێیەم : سوێندی دامەزراو (الیمین المنعقد):
بریتیە لەو سوێندەی کە مرۆڤ دەیخوات بۆ ئەنجامدانی کارێک یان خۆ گرتنەوە لە کارێک . واتا : کارەکە ڕووی نەداوە بەڵکو ئەم پێشوەختە سوێندەکە دەخوات و بواری ئەوەی تێدایە کە ئایا ئەم سوێندەی خۆی دەباتە سەر یان پێچەوانەی دەکات .

نموونە :
وەکو ئەوەی بڵێت : والله سبەی دەچم بۆ سەفەر لەدڵەوەش ئاگای لە سوێندەکەیتی پاشان ناچێت وسەفەرکەی ناکات .
یان دەڵێت : والله قسە لەگەڵ فڵانەکەس ناکەم بەڵام بۆی دەردەکەوێت کە باشتر وایە قسەی لەگەڵ بکات سوینکەی دەشکێنێت.
حوکم و کەفارەت :
لەم حاڵەتەشدا پێویستە لەسەر مرۆڤ ڕاست بێت لەگەڵ سوێندەکەی خۆیدا و بیباتە سەر ئەگەر ناشەرعی نەبوو بەڵام ئەگەر بۆی نەبرایە سەر بەهۆی کەمتەرخەمیەوە بوو یان کارێکی باشتر هەبوو لە سویندەکەی ئەوا کەفارەتەکەی دەدات بەم شیوازەی لای خوارەوە :

یەکەم : هەڵبژاردنی یەکێک لەئەم سێ شتەی خوارەوە بە ئارەزوومەندانە :
١- خواردن دان بە (دە) فەقیر لەو خواردنە مام ناوەندەی کە خۆی دەیخوات.(12)
٢- جل و بەرگ کردن بۆ ( دە) فەقیر .
٣- ئازاد کردنی کۆیلەیەک.
بەڵام ئەگەر کەسێک ئەمانەی سەرەوەی پێ نەکرا لەبەر عوزرێکی شەرعی ئەوا هەڵبژاردەی دووەمی هەیە .
دووەم : ڕۆژوو گرتنی سێ ڕۆژ ، ئەگەر لەسەر یەک بێت باشترە بەڵام ئەگەر لەسەریەکیش نەبێت ئەوا هەر درووستە.
بەڵگە :
خوای پەروەردگار دەفەرمووێت :[ وَلَكِنْ يُؤَاخِذُكُمْ بِمَا عَقَّدْتُمُ الْأَيْمَانَ فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلَاثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُوا أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ] [ المائدة: ٨٩ ] واتا : بەڵام خوای گەورە لۆمەتان دەکات وە  لێتان دەگریت و وسزاتان ئەدات لەسەر سوێندیک کەلە دڵەوە دامەزراو بێت و نییەتتان هەبێ و دواتر بیشکێنن ئەوە کەفارەت ئەکەویتە سەرتان وە کەفارەتەکەشی بریتیە لە لەوەی کە خواردنی دەفەرقیر بدەن لەو خواردنە مامناوەندەی کە دەیدەن بە ماڵ و منداڵی خۆتان یان یاخود جلوبەرگ بۆ دەفەقیر بکەیت ئەو جلوبەرگەی کە لە عورفی خەڵکیدا پێی بگوترێت جل وبەرگ ، یاخود کۆیلەیەک ئازاد بکەن ، ئەگەر نەیتوانی ئەوا با سێ رۆژ ڕۆژوو بگرێت ، ئەمەش کەفارەتی سوێندەکانتانە ئەگەر سوێندەکانتان شکاند. 

هەندێک لە ئادابەکانی سوێند خواردن :
1) بەگەورە دانانی سوێند خواردن .
یەکێک لەو بوارانەی کە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت بریتە لە زۆر سوێندخواردن لەناو خەڵکیدا ،کە ئەمەش دیاردەیەکی هەڵەیە و کارێکی خراپە کە مرۆڤ هەمیشە سوێند بخوات و بەڵکو پێویستە مرۆڤ خۆی بپارێزێت لەزۆر سوێندخواردن چونکە زۆر سوێندخواردن چەند زیانێکی هەیە :
یەکەم :  دەبێتە هۆی لەناو بردنی هەیبەت و قەدری سوێند پێ خوراو .
دووەم : دەبیتە هۆی لەدەست دانی سیقەومتمانە لەناو خەڵکیدا چونکە خەڵکی باوەڕیان بە سوێندەکان نابێت .
هەر بۆیە پەروەردگارمان دەفەرمووێت:[ وَلَا تُطِعْ كُلَّ حَلَّافٍ مَهِينٍ] [القلم: ١٠ ] واتا:گوێڕایەڵی کەسانێک مەکە کە زۆر سوێندخۆن چونکە لەبەر سوکی سوێندەکەیە بەلایەوە ئەوەندە بە جورئەتە سوێند دەخات .
وە هەروەها پەروەردگارمان دەفەرمووێت :[ وَاحْفَظُوا أَيْمَانَكُمْ] [المائدة: 89]. واتا : سوێندەکانی خۆتان بپارێزن .
ئەم پاراستنەش بەچەند جۆرێکە : بیپارێزت لەوەی کە زۆر سوێند بخۆیت ، وە هەروەها بیپارێزیت لەوەی کە سوێندەکانت بشکێنیت و نەی بەیتە سەر ، وە هەروەها بیپارێزیت بەوەی : ئەگەر شكاندت كەفارەتی بدەیت و پشتگوێی نەخەیت .
پەروەردگارمان دەفەرمووێت :[ وَأَوْفُوا بِعَهْدِ اللَّهِ إِذَا عَاهَدْتُمْ وَلَا تَنْقُضُوا الْأَيْمَانَ بَعْدَ تَوْكِيدِهَا وَقَدْ جَعَلْتُمُ اللَّهَ عَلَيْكُمْ كَفِيلًا] [النحل: 91]. واتا : وەفاتان هەبیت بەو پەیمانانەی کە داوتانە بەخوای پەروەردگار و سوێندەکانتان مەشکێنن دوای ئەوەی خۆتان داتان مەزراند و تأکیدتان لەسەر کردەوە چونکە ئێوە پەروەردگارتان کردووە بەوەکیل لەسەر ئەم سویندخواردن و پەیماندانە.

2)  وتنی (إن شاء الله) لە کاتی سوێند خواردندا .
هەرکاتیک موسڵمانێک سوێندیک دەخوات ئەگەر بەزمانی پاش سوێندەکەی ڕاستەوخۆ بڵێت : (إن شاء الله) و پاشان نەتوانێت کارەکەی بباتە سەر ئەوا سوێندەکەی نەشکاندووە و کەفارەتی لەسەر نیە لەبەر ئەو فەرموودەی لە پێغەمبەری خواوە هاتووە کە دەفەرمووێت :((من حلف على يمين فقال: إن شاء الله فلا حنث عليه)).(13) واتا : هەرکەسێک سوێندی خوارد لەسەر شتێک و وتی : (إن شاء الله ) ئەوا سویندەکەی نەکەوتووە. واتا : پاشان نەیتوانی سوێندەکەی بباتە سەر ئەوا سوێندەکەی نەکەوتووە .

3) كەفارەتی سوێندەکەی بدات ئەگەر بۆی دەرکەوت کارێکی باش تر هەیە .
موسڵمان هەندێک جار تورە دەبێت سوێندێک دەخوات یان سوێندیک دەخوات لەسەر کارێک و بەباشی دەزانێت پاشان هێور دەبێتەوە و یان بیرێک دەکاتەوە  وبۆی دەردەکەوێت کە ئەو سوێندەی خواردوویەتی هەلە بووە تیایدا بەڵکو کارێکی باشتر هەیە بۆیە لەم کاتەدا پێویستە لەسەری سوێندەکەی بشکینێت و کەفارەتەکەی بدات ، وەکو لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە لە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : (( مَنْ حَلَفَ عَلَى يَمِينٍ فَرَأَى غَيْرَهَا خَيْرًا مِنْهَا فَلْيَأْتِ الَّذِى هُوَ خَيْرٌ وَلْيُكَفِّرْ عَنْ يَمِينِهِ)).(14)  واتا : هەرکەسێک سوێندی خوار لەسەر کارێک پاشان بۆی دەرکەوت کە کارێکی باشتر هەیە لەوەی کە سوێندی لەسەر خواردووە ئەوا با ئەو کارە ئەنجام بدات کە باشترە و کەفارەتی سوێندەکەی بدات .
وە هەروەها پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت :  (( إِنِّي وَاللَّهِ إِنْ شَاءَ اللَّـه لاَ أَحْلِفُ عَلَى يَمِينٍ فَأَرَى غَيْرَهَا خَيْرًا مِنْهَا إِلاَّ أَتَيْتُ الَّذِي هُوَ خَيْرٌ وَتَحَلَّلْتُهَا)). (15) واتا : من ، سوێند بێت بەخوا إن شاء الله سوێند ناخۆم لەسەر کارێک پاشان کاریکی لەوە باشتر ببینم ئیلا کارە باشەکە ئەنجام دەدەن و خۆم لە سوێندەکەی دیکە رزگاردەکەم بە کەفارەتدانی.
وە هەروەها پەروەردگارمان دەفەرمووێت :[ وَلَا تَجْعَلُوا اللَّهَ عُرْضَةً لِأَيْمَانِكُمْ أَنْ تَبَرُّوا وَتَتَّقُوا وَتُصْلِحُوا بَيْنَ النَّاسِ] [ البقرة : 224] ، زانای پایەبەرز شەنقیطی لەتەفسیرەکەیدا دەفەرمووێت : (أي لا تحلفوا بالله عن فعل الخير، فإذا قيل لكم: اتقوا وبروا، وأصلحوا بين الناس قلتم: حلفنا بالله لا نفعل ذلك، فتجعلوا الحلف بالله سببًا للامتناع من فعل الخير). (16) واتا : سوێند مەخۆن بەخوای پەروەردگار بۆ ڕێگری لە کاری خێر ، ئەگەر پێت وترا : لەخوا بترسن و وەچاکە کاربن ، و ئیصلاح بکەن لە نێوان خەلکیدا دەڵێن : سوێندمان خواردووە بەخوای پەوەردگار ئەم کارە ناکەین ، وە سوین خواردن بەخوای پەروەردگار بکەن بە هۆکارێک بۆ ڕێگری لە کاری خێر .

4)       ئەگەر کەسێک سوێندی لەسەر خواردی هەوڵ بدە بەگوێرەی توانا سوێندەکەی ببەیتە سەر و نەیشکێنیت .
یەکێکی دیکە لە ئادابەکانی سوێندخواردن بریتیە لەوەی کە سوێنی ئەو کەسە ببیتە سەر کە سوێندی خواردووە ، چونکە لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە لە پێغەمبەری خواوە کە لە باسی مافەکانی موسڵمان لەسەر موسڵمان دەفەرمووێت : ((وإبرار قسمه))(17) واتا : سوێندەکەی ببیتە سەر . " هەربۆیە ئەگەر براکەت سوێنی لەسەر خواردیت بۆ کارێک کە لە تواناتدا هەیە ئەنجامی بدەیت و قورس نیە لەسەرت ئەوا سویندی براکەت ببە سەر " (18) .

5) سوێند خواردن بۆ دابڕکردن و داگیرکردنی ماڵی موسڵمان .
ئەمەش یەکێکە لە بابەتە دیارەکانی ناو هەندێک لە خەڵکی کە بەهۆی سوێندی ناحەقەوە ماڵی موسڵمانان دەخۆن ئەم کارەش تاوانێکی گەورەیە و جۆرێکە لە دیارترین جۆرەکانی سوێندی ناحەق (یمین الغموس) کەلە پێشەوە باس کرا بەڵام لەبەر بڵاوی ئەم کارە و زۆر باس کردنی لە فەرموودەکاندا بۆیە بەجیا ئاماژەی پێ دەدەین .
پەروەردگارمان لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت :[ إِنَّ الَّذِينَ يَشْتَرُونَ بِعَهْدِ اللَّهِ وَأَيْمَانِهِمْ ثَمَنًا قَلِيلًا أُولَئِكَ لَا خَلَاقَ لَهُمْ فِي الْآخِرَةِ وَلَا يُكَلِّمُهُمُ اللَّهُ وَلَا يَنْظُرُ إِلَيْهِمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَلَا يُزَكِّيهِمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ] [ آل عمران: ٧٧ ] واتا : ئەو کەسانەی کە عەهد وبەڵێنی خوای گەورە و سوێند خواردن بە درۆ دەگۆڕنەوە بە نرخێکی کەم واتا دونیایی پێ دەست دەخەن ، ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا هیچ بەشێکیان نیە لە ئەجر و پاداشت ، وە خوای گەورە لە قیامەتدا قسەیان لەگەڵ ناکات ، وە تەماشایان ناکات ، وەپاکیان ناکاتەوە لە تاوان ، وە سزایەکی زۆر بە ئازاریان بۆ هەیە.  
وە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : « من حلف على يمينِ صبرٍ يقتطعُ بها مالَ امرئٍ مسلمٍ، هو فيها فاجرٌ، لقي اللهَ وهو عليه غضبانُ » (19) واتا : هەرکەسێک سوێند بخوات لەسەر (سوێندێک  صبر )(20) کە بەهۆیەوە ماڵی موسڵمانیک بۆخۆی دابڕ دەکات و لەو سوێنەشدا حەق دەکات بە ناحەق و ناحەقیش دەکات بە حەق ، ئەوا دەگات بە پەروەردگار و پەروەردگاریش لێی توڕەیە .
پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت :  « من اقتطع حق امرئ مسلم بيمينه، فقد أوجب الله له النار، وحرّم عليه الجنة »، فقال له رجل: و إن كان شيئا يسيراً يا رسول الله ؟ قال: «وإن قضيباً من أراك» (21).  واتا : هەرکەسێک ماڵی موسڵمانێک دابڕ بکات بە سویندەکەی ، ئەوا پەوەردگار ئاگری جەهنەمی بۆی واجب کردووە و بەهەشتی لەسەری حەرام کردووە ، کەسێک وتی ئەگەر شتێکی کەمیش بێت ئەی پێغەمبەری خوا ؟ فەرمووی : (ئەگەر دار سیواکێکیش بێت).
وە هەروەها پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت :  ((  ثلاثة لا يكلمهم الله يوم القيامة، ولا ينظر إليهم ))  واتا : سێ کەس هەن پەروەردگار لە قیامەتدا قسەیان لەگەڵ ناکات و سەیریشیان ناکات ) لەنێویاندا : دەفەرمووێت : (( ورجل حلف على يمين كاذبة بعد العصر؛ ليقتطع بها مال رجل مسلم)) (22) واتا : کەسێک سوێند دەخوات بە سوێندێکی درۆ لەدوای عصر بۆ ئەوەی ماڵی موسلمانێکی پی داببڕیت .

6) سوێند خواردن لەسەر کڕین و فرۆشتن .
یەکێکی دیکە لەو ئادابانەی کە پێویستە رەچاو بکرێت لەسوێند خواردندا بریتیە لە خۆگرتنە لە سویند خوارد لەکاتی کڕین و فرۆشتندا ، لەبەر ئەو تاوان و زیانانەی لیی دەکەوێتەوە :
1. لەناوبردنی قازانج و بەرەکەت
 پێغەمبەری خوا دەفەرموێت : (( الْحلفُ منفقةٌ للسِّلعةِ ممحقة للرِّبح )).(23) واتا : سویند خواردن ڕەواجدەری کاڵاو شتومەکە و لەناوبەری قازانجە.  
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت : (( الحلف منفقة للسلعة، ممحقة للبركة )).(24)واتا :سوێندخواردن ڕەواجدەری کاڵاو شتومەکە و لەناوبەری بەرەکەتە .
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت : ((إياكم وكثرة الحلف في البيع؛ فإنه يُنفِّق ثم يَمْحَقُ)). (25)  واتا : ئامان وریای زۆر سوێندخواردن لە کڕین و فرۆشتندا ، چونکە بەڕاستی سوێندخواردن ڕەواج بۆ کاڵاکەت پەیدا دەکات بەڵام بەرەکەتەکەی لەناو دەبات .
2. ڕق لێبوونی پەروەردگار .
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت :((أربعة يبغضهم الله عز وجل: البياع الحَلاف، والفقير المُختال، والشيخ الزاني، والإمام الجائر))(26) واتا : چوار کەس خوای پەوەردگار ڕقی لێیانە : ئەو فرۆشیاریەی زۆر سوێند دەخوات ، هەژاری خۆبەزل زان ، زیناکارێکی بەتەمەن ، وە پێشەوایەکی ستەم کار .
3. هێنانی سزای پەروەردگار .
پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : ((ثلاثة لا يكلمهم الله يوم القيامة، ولا ينظر إليهم، ولا يُزكِّيهم، ولهم عذاب أليم))، قال: فقرأها رسول الله ثلاث مرار، قال أبو ذر: خابوا وخسروا، من هم يا رسول الله؟! قال: ((المسبل ، والمنان ، والمنفِّق سلعتَه بالحلف الكاذب)) (27) واتا : ( سێ کەس پەروەردگار لە قیامەتدا قسەیان لەگەڵدا ناکات و سەیریان ناکات و پاکیشیان ناکاتەوە ، وە سزای توندیان بۆ هەیە) پێغەمبەری خوا سێ جار ئەم قسەی دووبارەی کردەوە ، ئەبو زەر فەرمووی : ئەوانە تیاچوون و زرەرەمەند بوون ، کێن ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی : ئەو کەسەی شەڕوالەکەی لە خوار گوێزنگ (قاپەڕەقە)وەیەتی ، ئەو کەسەی منەت دەکات بەسەر خەڵکیدا بە چاکەکانی ، وە ئەو کەسەی کە ماڵەکەی دەفرۆشێت بە سویندی درۆ .   

7) هەرکەسێک بەزۆری سویندی پێ خورا یان بیری چوو ئەوا کەفارەتی لەسەر نیە .
یەکێک لە نیعمەتەکانی پەروەردگار لەسەر خەڵکی بریتیە لەوەی کە قورسێتی لەسەر موسڵمان دانەناوە بەڵکو ئاسانکاری بۆ کردوون و ئەگەر کارێکیان بیربچێت یان بەزۆرپێیان بکرێت ئەوا تاوانبار نابن لەسەر . پەروەردگارمان دەفەرمووێت : [رَبَّنَا لَا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا] [البقرة: ٢٨٦ ]   واتا : ئەی پەروەردگار لێمان مەگرە ئەگەر کارێکمان بیرچوو یان بەهەڵە ئەنجاممان دا ، وە پێغەمبەری خوا : (إنَّ الله تَجَاوَزَ لِي عَنْ أُمَّتِي الخَطَأَ والنِّسيانَ، وما استُكْرِهُوا عليهِ).(28)  واتا : خوای پەروەردگار بۆ من لە هەڵە و لەبیرچوونی ئومەتەکەم ، وە ئەو کارەی کە بەزۆر پێیان ئەنجام دەدرێت خۆش بووە .  

وصلى الله وسلم وبارک على نبینا محمد .

ئا / ستافی وەڵامەکان ، پێداچوونەوەى : مامۆستا عدنان بارام


(1) الأحكام الفقهية المتعلقة بالأيمان الالتزامية  للشيخ الدكتور عبدالسلام السحيمي .
(2)  روضة الطالبين وعمدة المفتين للإمام النووي رحمه الله .
(3) بڕوانە : مجموع فتاوى ومقالات الشيخ ابن باز ( 28/369).
(4) رواه البخاري (6274)، ومسلم (1647).
(5) رواه أبو داود (3253) و صححه الألباني فی صحیح سنن أبي داود.
(6)  رواه البخاري ( 6446) ومسلم (1646).    
(7) متفق عليه رواه البخاري (36) و مسلم :(١0٣).
(8) المغني (13/435).
(9) فتاوى النور على الدرب (24/238)
(10) ( اليمين الغموس من كبائر الذنوب ، ولا تجدي فيها الكفارة لعظيم إثمها ، ولا تجب فيها الكفارة على الصحيح من قولي العلماء ، وإنما تجب فيها التوبة والاستغفار ( [ فتاوى اللجنة الدائمة(23/133)]
(11) رواه البخاري (6675).
(12) ئەم خواردن پیدانە بە دوو ڕێگا دەبێت :
 یەکەم : بە لێنراوی : کە خواردنی (١٠)کەس دەدات و دەیدات بەکەسەکان .
دووەم : بەخاوی بدرێت بە هەژار : لەم ڕێگەدا خواردنەکە بەخاوی دەدرێت بەبڕی (١ کیلۆ) یان زیاتر لە برنج لەبری هەرکەسێک دەبێت ، ودەدرێت بەهەژارێک یان زیاتر .  
(13) [ صححه الألباني , انظر : صحيح سنن أبي داود 2/629 ] . [ أخرجه الترمذي، حديث (1532)]
(14) رواه مسلم (‏ 3198) ‏.
(15) رواه البخاري ( ‏2981‏) و مسلم ( ‏3196‏).
(16) أضواء البيان (  5 / 487).
(17)  رواه البخاري (6278)، ومسلم (2066).
(18) أحكام اليمين للعلامة عبدالعزيز آل الشيخ حفظه الله.
(19) رواه مسلم (138).
(20) واتا : هەرچەندە ئەم کارەی زۆر مەزن و گەورەیە وقورسە پێویستە ئارامی لەسەر بگرێت .
(21) رواه مسلم ، حديث (137).
(22) رواه البخاري حديث (7426).
(23) رواه البخاري ( ‏1997‏).
(24) أخرجه البخاري برقم: 1981.
(25) أخرجه مسلم برقم: 1607.
(26) السلسلة الصحيحة (363(. .
(27) أخرجه مسلم ، برقم: 106.
(28) أخرجه ابن ماجه (2045).

سەردان: ١٣,٣٢٦ بەش: سوێند و نەزر و کەفارەت