كۆمەڵە پرسیارێكی گرنگ سەبارەت بە كڕین و فرۆشتی ئاڵتون: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كۆمەڵە پرسیارێكی گرنگ سەبارەت بە كڕین و فرۆشتی ئاڵتون
پرسیار:

كۆمەڵە پرسیارێكی گرنگ سەبارەت بە كڕین و فرۆشتی ئاڵتون

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
بەڕێزان ئەمە كۆمەڵێك پرسیارى گرنگن كە لە لایەن شێخى پایەبەرز (محمد بن صالح العثیمین)ه وه وەڵام دراوەتەوە سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنى ئاڵتون كە بەداخەوە زۆرێك لە خاوەن زێڕەنگەرەكان لێى بێ ئاگان و توووشى ڕیباو سوو هاتوون.
[ئەمەش پرسیارەكانە:]
1- زۆرێك لە زێڕەنگەرەکان مامەڵە دەکەن بە کڕینی ئاڵتونی شکاو و پاشان دەیبەن بۆ بازرگانی ئاڵتون و دەیگۆڕنەوە بە ئاڵتونی نوێی دروستکراو بە هەمان کێش، وە حەقدەستیش لەسەر ئاڵتونە تازەکە وەر دەگرن، ئایا حوکمی چی یە؟
2.هەندێ لە زێڕەنگەرەکان مەرج دادەنەن لەسەر فرۆشیاری ئاڵتونن شکاو بەوەی کە دەبێت ئاڵتونی تازەی لێ بکڕێت، ئایا حوکمی چی یە؟
3- هەندێ لە زێڕەنگەرەکان ئاڵتونی بەکارهاتوو دەکڕن و پاشان نمایشی دەکەن بۆ فرۆشتن بە نرخی ئاڵتونی تازە، ئایا ئەم شێوازە دروستە؟
4- کەسێك ئاڵتونەکەی دەدات بە کارگەیەکی ئاڵتون بۆ ئەوەی بۆی دروست بکات هەندێ جار لەوانەیە تێکەڵ بێت لەگەڵ ئاڵتونی کەسی تردا لە کاتی توانەوەیدا بەڵام لەکاتی وەرگرتنەوەی لە کارگە بە هەمان کێش کە پێیانی داوە وەری دەگرێتەوە،ئایا حوکمی چی یە؟
5- ئایا هۆکاری حەرام کردنی پۆشینی ئاڵتون چی یە بۆ پیاوان چونکە دەزانین کە ئاینی ئیسلام هیچ شتێك لەسەر موسوڵمان حەرام ناکات مەگەر زیانێکی تێدا بێت بۆی، ئایا ئەو زەرەروزیانە چی یە بۆ خۆ ڕازاندنەوە بە ئاڵتون لای پیاوان؟
6- کەسێك ئاڵتونێك بە زێڕەنگەرێك دەفرۆشێت و پاشان ئاڵتونێكی تری لێ دەکڕێت بە بڕە پارەیەکی نزیك لەو بڕەی کە پێ ی فرۆشتوە، پاشان نرخی ئەو ئاڵتونەی کە کڕیویەتی دایدەشكێنێ لە بەهای ئەو ئاڵتونەی کە پێ ی فرۆشتووە لە کاتێکدا وەری نەگرتووە ئایا حوکمی چی یە؟
7- حوکمی کارکردن چی یە لای ئەو زێڕەنگەرانەی کە مامەڵەی ناشەرعی دەکەن وەك ریباو فێڵ و تەڵەکەی نا دروست لە کاتی مامەڵە کردندا؟
8- ئایا حوکمی فرۆشتنی ئەنگوستیلەی ئاڵتون چی یە تایبەت بە پیاوان ئەگەر بازرگان دڵنیا بێت لەوەی کە کڕیار (پیاو) دەیپۆشێت و بەکاری دەهێنێت؟
============================
1- زۆرێك لە زێڕەنگەرەکان مامەڵە دەکەن بە کڕینی ئاڵتونی شکاو و پاشان دەیبەن بۆ بازرگانی ئاڵتون و دەیگۆڕنەوە بە ئاڵتونی نوێی دروستکراو بە هەمان کێش، وە حەقدەستیش لەسەر ئاڵتونە تازەکە وەر دەگرن، ئایا حوکمی چی یە؟

[وەڵام]
بسم اللە الرحمن الرحیم، و الحمد للە رب العالمین،و الصلاة و السلام علی نبینا محمد و علی الە و اصحابە اجمعین.
جێگیر بووە لە پێغەمبەرى خوا كە فەرموویەتى:(الذهب بالذهب، والفضة بالفضة، والبر بالبر، والشعير بالشعير، والتمر بالتمر، والملح بالملح، مثلا بمثل، سواء بسواء، يدا بيدٍ) (1)
واتە: ئاڵتون بە ئاڵتون، زیو بە زیو، گەنم بە گەنم، جۆ بە جۆ، خروما بە خورما، خوێ بە خوێ، هاو ڕەگەز و هاو وێنەی یەك بن، لە كێشانەشدا وەك یەك بن، دەست بە دەست.
وە هەروەها جێگیر بووە لە پێغەمبەرەوە كە فەرموویەتى: (من زاد أو استزاد فقد أربى) (2)
واته: هەركەسێك زیادە بدات یان داوای زیادە بكات ئەوا سووی ئەنجام داوە.
وە هەروەها جێگیر بووە لە پێغەمبەرەوە كە: (أنه أتي بتمر جيد فسأل عنه فقالوا: كنا نأخذ الصاع بالصاعين، والصاعين بالثلاثة، فأمر النبي برد البيع وقال:هذا عين الربا) واته: (هەندێ خورمای چاكیان بۆ هێنا ئەویش پرسیاری كرد وتیان: ئێمە كاتی خۆی دوو صاع خورمای خراپمان دەگۆڕیەوە بە صاعێك خورمای چاك، وە دوو صاعی چاك بە سێ صاعی خراپ جا پێغەمبەری خوا فەرمانی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕكردنە،و فەرمووی: ئەمە خودی سووە)پاشان رێنماییان کرد بۆ فرۆشتنی خورما خراپەکان و پاشان بە پارەکەی خورمای باش بکڕن.(3)
وە لەم فەرموودەدا ئەوە مان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە گۆڕینەوەی ئاڵتون بە ئاڵتون و لە گەڵیدا وەرگرتنی حەقدەست کارێکی حەرامە و دروست نی یە، وە ئەوە بە ڕیبا دەژمێردرێت کە ئەوەش پێغەمبەر (صلی اللە علیە و سلم) نە هی لێ کردووە، وە ڕێگەی دروست و سەلامەتیش لەم کارەدا ئەوەیە کە ئەو کەسە ئاڵتونە شکاوەکە بە نرخێك بفرۆشێت و پاشان پارەکە وەربگرێت و بەو بڕە پارەیە ئاڵتونی نوێ بکڕێت وە باشتر وایە لای یەکێکی تر بیکڕێت وە ئەگەر دەستی نەکەوت ئەوا بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە فرۆشتوویەتی و بە پارەکەی ئاڵتونی تازەی پێ بکڕێت وە ئەگەر زیادیشی کرد ئەوا هیچی تیا نی یە، گرنگ ئەوەیە گۆڕینەوەی ئاڵتون بە ئاڵتون ڕوونەدات لەگەڵ پێدانی جیاوازیەکە ئەگەر هەرچەندە بۆ مەبەستی دروستکردنەکەشی بێت. ئەم شێوەیە ئەگەر بازرگانەکه بازرگانی کڕین بوو، وە ئەگەر بازرگانەکە زیڕەنگەر بوو ئەوا پێویستە بڵێت ئەم ئاڵتونە ببە دروستی بکە بۆم پاشان ئەگەر دروستکردنەکە تەواو بوو ئەوا کرێکەیت پێ دەدەم،ئەمەش هیچی تیا نی یە.

----------------------------------
2.هەندێ لە زێڕەنگەرەکان مەرج دادەنەن لەسەر فرۆشیاری ئاڵتونن شکاو بەوەی کە دەبێت ئاڵتونی تازەی لێ بکڕێت، ئایا حوکمی چی یە؟

[وەڵام]

بە هەمان شێوە ئەمەش دروست نی یە، چونکە ئەمەش فێڵ کردنە لەسەر فرۆشتنی ئاڵتون بە ئاڵتون وە فێڵ قەدەغەیە لە شەرعدا، چونکە تەڵەکەبازی گاڵتەیە بە حوکمەکانی خوا.

3- هەندێ لە زێڕەنگەرەکان ئاڵتونی بەکارهاتوو دەکڕن و پاشان نمایشی دەکەن بۆ فرۆشتن بە نرخی ئاڵتونی تازە، ئایا ئەم شێوازە دروستە؟ یان لەسەریەتی کە ڕوونی بکاتەوە بۆ کڕیار بەوەی کە ئەم ئاڵتونە بەکارهاتووە یان نا؟ چونکە هەندێ لە کڕیاران پرسیار ناکەن ئایا ئەم ئاڵتونە تازەیە یان نا؟

[وەڵام]

لەسەریەتی ئامۆژگاری بکات،ئەوە بۆ خۆی پێ ی خۆشە بۆ براکەشی پێ ی خۆش بیت، ئاشکرایە ئەگەر کەسێك شتێکت پێ بفرۆشێت کە بەکار هاتوو بێت هەرچەندە کەمیش بێت و کاریگەری لەسەر نەبێت بە نرخی تازە ئەوا تۆ بە غەش و تەڵەکەی دەزانیت و پێ ی ڕازی نیت، جا ئەگەر ڕازی نەبیت کە کەسێك ئەم ڕەفتارەت لە گەڵدا بکات چۆن بە ڕەوای دەبینی کە بەو جۆرە لەگەڵ خەڵکدا بکەیت. بۆیە دروست نی یە بۆ مرۆڤ کە ئەم کارانە ئەنجام بدات هەتاوەكو ڕوونى نەکاتەوە بۆ کڕیارو پێ ی بڵێت: ئەم جۆرە شمەك و کاڵایە بە شێوەیەکی زۆر کەم بەکار هاتووە یان هاو وێنەی ئەوە.

4- کەسێك ئاڵتونەکەی دەدات بە کارگەیەکی ئاڵتون بۆ ئەوەی بۆی دروست بکات هەندێ جار لەوانەیە تێکەڵ بێت لەگەڵ ئاڵتونی کەسی تردا لە کاتی توانەوەیدا بەڵام لەکاتی وەرگرتنەوەی لە کارگە بە هەمان کێش کە پێیانی داوە وەری دەگرێتەوە،ئایا حوکمی چی یە؟

[وەڵام]

پێویستە لەسەر کارگە کە ماڵی خەڵکی تێکەڵ بەیەك نەکات، وە دەبێت لە یەکتری جیا بکرێتەوە ئەگەر عەیاری ئاڵتونەکە جیاواز بوو. بەڵام ئەگەر عەیاری ئاڵتونەکە جیاواز نەبوو ئەوا هیچی تیا نی یە کە کۆیان بکاتەوە پێکەوە لەبەر ئەوەی زیان ناگەیەنێت.


5- ئایا هۆکاری حەرام کردنی پۆشینی ئاڵتون چی یە بۆ پیاوان چونکە دەزانین کە ئاینی ئیسلام هیچ شتێك لەسەر موسوڵمان حەرام ناکات مەگەر زیانێکی تێدا بێت بۆی، ئایا ئەو زەرەروزیانە چی یە بۆ خۆ ڕازاندنەوە بە ئاڵتون لای پیاوان؟


[وەڵام]

ئەی پرسیار کەری بەڕێز بزانە و هەموو ئەوانەش کە گوێیان لەم بەرنامەیە (4) با بزانن کە هۆکار لە حوکمە شەرعیەکان بۆ هەموو ئیماندارێك بریتی یە لە فەرمایشتی خواو پێغەمبەرەکەی، خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمْ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ] النساء 36. جا هەر کەسێك پرسیارمان لێبکات لەسەر واجبێتی یان حەرامێتی شتێك کە بەڵگەی قورئان و سوننەت لەسەری هاتبێت ئێمە لە هۆکاری ئەوەدا فەرمایشتی خواو پێغەمبەر (صلی اللە علیە و سلم) دەڵێن وە ئەم هۆکارەش بەسە بۆ هەموو ئیماندارێك هەر بۆیە کاتێك پرسیارکرا لە عائیشە بۆچی ئافرەت لەکاتی حەیزدا ڕۆژو بە قەزا دەگێڕێتەوە، بەڵام نوێژ ناگێڕێتەوە ئەویش فەرمووی (کان یصیبنا ذلك فنؤمر بقصاء الصوم و لا نؤمر بقصاء الصلاة) (5)، وە لەبەر ئەوەی دەقی قورئان و فەرموودە هۆکارێكی جێگیرە بۆ هەموو ئیماندارێك، بەڵام هیچیشی تێدا نی یە ئەگەر مرۆڤ داوای حیکمەت بکات و دەستگیری حیکمە بێت لە حوکمەکانی خوادا، لەبەر ئەوە دڵ ئارامی و دڵنیای پێ زیاد دەکات، جگە لەوەش بەرزی پایە بڵندی شەریعەتی ئیسلامی دەردەخات کە حوکمەکان بە هۆکارەکانەوە پەیوەستن، وە هەروەها ئەگەر هۆکاری ئەم حوکمە دەقی جێگیری لەسەر هاتبێت دەتوانرێت لە حوکم و کارێکی تردا بەکار بهێنرێت وەکو قیاس کردن ئەگەر ئەم بابەتە دەقی لەسەر نەهاتبێت، کەوا بوو زانینی حیکمەتی حوکمە شەرعیەکان ئەو سێ سوودەی هەیە.
پاشان لەوەڵامی ئەو برایەدا دەڵێین: جێگیر بووە لە پێغەمبەرەوە (درودی خوای لێ بێت) حەرامى پۆشینی ئاڵتون بۆ پیاوان جگە لە ئافرەتان، لەبەر ئەوەی ئاڵتون بەرزترین ئامرازێکە بۆ ڕازاندنەوە و خۆ جوانکردنەوە پێ ی، چونکە ئاڵتون جوان و سەرنج ڕاکێشە، وە پیاویش جێگای ئەو مەبەستە نی یە واتە خۆی کامڵ و تەواوە و پێویستی بە تەواوکردنی نی یە بە ئامرازێکی تر، چونکە لە خودی خۆیدا کامڵە لەبەر هەبوونی سیفەتی پیاوەتی تێیدا و پێویستی بە خۆ جوان کردنەوە نی یە بۆ کەسێکی تر بە جیاواز لەگەڵ ئافرەت، لەبەر ئەوەی ئافرەت ناتەواوە و پێویستی بە تەواو کردنی جوانیەکەی هەیە بە خشڵ و زێڕانەی کە بەکاری ئەهێنێت بۆ ئەوەی ئامرازێکی وروژێنەربێت لە نێوان خۆی و مێردەکەیدا. لەبەر ئەمەیە کە حەڵالکراوە بۆ ئافرەت خۆی پێ بڕازێنێتەوە جگە لە پیاو، وە خوای باڵا دەست لە وەسفی ئافرەتدا دەفەرموێت: [ أَوَمَنْ يُنَشَّأُ فِي الْحِلْيَةِ وَهُوَ فِي الْخِصَامِ غَيْرُ مُبِينٍ] الزخرف 18. وە بەمەش حیکمەتی شەرع دەردەکەوێت لە حەرامکردنی ئاڵتون بۆ پیاوان. وە بەم بۆنەیەوە ئامۆژگاری ئەو پیاوانە دەکەم کە تووش بوونە بە خۆ جوانکردن بە ئاڵتون، ئەوان لە کارەیاندا سەرپێچی خواو پێغەمبەرەکەیان کردووە و خۆیان بە مێینە چواندووە، وە ئەوان پشکۆیەکی ئاگرییان لە دەستیان کردوە خۆیانی پێ دەڕازێننەوە وەکو جێگیربووە لە پێغەمبەرەوە، لەسەریانە پەشیمان ببنەوە بگەڕێنەوە بۆ لای خوا سبحانە و تعالی، ئەگەر ویستیان زیو به کار بهێنن هیچی تێدا نی یە ئەگەر ئەنگوستیلەی تێدا بهێنن بەمەرجێك نەگاتە سنوری زیادە بەکارهێنان و بە فیڕۆدان و دروست بوونی فیتنەو ئاژاوە.
و الحمد للە رب العالمین، و صلی اللە و سلم علی نینا محمد و علی الە و صحبە اجمعین.


6- کەسێك ئاڵتونێك بە زێڕەنگەرێك دەفرۆشێت و پاشان ئاڵتونێكی تری لێ دەکڕێت بە بڕە پارەیەکی نزیك لەو بڕەی کە پێ ی فرۆشتوە، پاشان نرخی ئەو ئاڵتونەی کە کڕیویەتی دایدەشكێنێ لە بەهای ئەو ئاڵتونەی کە پێ ی فرۆشتووە لە کاتێکدا وەری نەگرتووە ئایا حوکمی چی یە؟


[وەڵام]

ئەم شێوەیە دروست نی یە، لەبەر ئەمە ئەگەر شتێك بفرۆشێت و پارەکەی وەرنەگرێت کە بە قەرز دروست نەبێت وەك ئاڵتون، بۆیە دەبێت دوا بە دوای فرۆشتنی یان کڕینی ڕاستەوخۆ بەهای نرخەکەی وەربگرێت. زانایان بەڕاشکاوی فەرموویانە کە حەرامە، چونکە فێڵ و تەڵەکەی تیایە لە فرۆشتنی شتێك کە دروست نی یە پارەکەی دوابکەوێت و ڕاستەوخۆ وەری نەگرێت، وە ئەگەر لە هەمان جۆر بوو ئەوا پێ ی دەوترێ (ربا الفضل: ڕیبای زیادە) و (ربا النسیهیة: ڕیبای دوا خستن).


7- حوکمی کارکردن چی یە لای ئەو زێڕەنگەرانەی کە مامەڵەی ناشەرعی دەکەن وەك ریباو فێڵ و تەڵەکەی نا دروست لە کاتی مامەڵە کردندا؟


[وەڵام]

کارکردن لای ئەوانەی کە مامەڵە بە ڕیباو غەش و ئەو جۆرە کارە نا شەرعیانە دەکەن حەرامە و دروست نی یە، لەبەر فەرموودەی خوا کە دەفەرموێ: [وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ] (المائدة 2)، [وَقَدْ نَزَّلَ عَلَيْكُمْ فِي الْكِتَابِ أَنْ إِذَا سَمِعْتُمْ آيَاتِ اللَّهِ يُكْفَرُ بِهَا وَيُسْتَهْزَأُ بِهَا فَلا تَقْعُدُوا مَعَهُمْ حَتَّى يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ إِنَّكُمْ إِذاً مِثْلُهُمْ] (النساء: 140). وە لەبەر فەرموودەکەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە و سلم) کە دەفەرمووێت: (من رأى منكم منكرا فلغيره بيده فإن لم يستطيع فبلسانه، فإن لم يستطع فبقلبه)(6)
وە بۆیە ئەو کەسەی لای ئەو جۆرە کەسانە ئیش و کار دەکات نە بە دەستی و نە بە زمانی و نە بە دڵی هەوڵی گۆڕینی دەدات بۆیە سەرپێچی پێغەمبەر دەکات. (محمد بن صالح العثیمین).


[8- ئایا حوکمی فرۆشتنی ئەنگوستیلەی ئاڵتون چی یە تایبەت بە پیاوان ئەگەر بازرگان دڵنیا بێت لەوەی کە کرِیار (پیاو) دەیپۆشێت و بەکاری دەهێنێت؟]


[وەڵام] فرۆشتنی ئەنگوستیلەی ئاڵتون بە پیاوان ئەگەر فرۆشیار بزانێت یان گومانی زۆری بۆ ئەوە بچێت کە کڕیار بەکاری دەهێنێت بۆ خۆ جوانکردن پێ ی ئەوا فرۆشتنی حەرامە، لەبەر ئەوەی ئاڵتون حەرامە بۆ نێرینەی ئەم ئوممەتە، وە ئەگەر کەسێك فرۆشتنی بە کەسێكی تر و زانی کە دەیپۆشێ ئەوا یارمەتی و هاوکاری لەسەر تاوان دەکات وە خوای گەورەش نەهی کردوە لە هاوکاری یەکتر کردن لەسەر تاوان و دوژمنکاری و دەفەرموێ: [وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ] (المائدة 2).وە بۆ زێڕەنگەر حەڵاڵ و دروست نی یە کە ئەنگوستیلە دروست بکات بۆ ئەوەی پیاوان بە کاری بهێنن. (محمد بن صالح العثیمین).
============================
(1)رواه مسلم في كتاب المساقاة، باب الصرف وبيع الذهب بالورق نقداً، رقم (1587).
(2)(رواه مسلم في كتاب المساقاة، باب الصرف وبيع الذهب بالورق نقداً، رقم (1588).
(3). (متفق عليه رواه البخاري في كتاب البيوع، باب إذا أراد بيع التمر بالتمر خير منه رقم (2201)، و مسلم في كتاب المساقاة، باب الطعام مثلاً بمثل، رقم (1593))
(4)ئەم پرسیارە لە بەر نامەی (نور علی الدرب) وەرگیراوە.
(5) (رواە مسلم کتاب الحیض)
(6)(رواه مسلم كتاب الإيمان، باب بيان كون النهي عن المنكر من الإيمان رقم (49).)

سەردان: ٣,٥٧٦ بەش: کڕین و فرۆشتن