گەر شتێک بکڕیت پاشان پەشیمان ببیتەوە گەر خاوەن دوکانەکە لێت وەربگرێتەوە چ پاداشتێکى هەیە لاى خواى گەورە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر شتێک بکڕیت پاشان پەشیمان ببیتەوە گەر خاوەن دوکانەکە لێت وەربگرێتەوە چ پاداشتێکى هەیە لاى خواى گەورە؟

‏بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەبارەت بە گەڕاندنەوە و پەشیمان بوونەوە لەو شتەى کەوا کڕیوتە گەر خاوەن دوکانەکە یان ئەو کەسەى کە شتەکەت لێ کڕیوە وەرى بگرێتەوە و قەبوڵى بکات ئەوا خواى گەورە لە ڕۆژى دوایدا پاداشتى دەداتەوە و خزان و پێ هەڵکەوتنەکانى ڕۆژى دوایی لا دەبات لە ڕێگەیدا بە بەڵگەى ئەم فەرموودەیە کە دەفەرموێ :
عَنْ أَبِي شُرَيْحٍ (رضي الله عنه) قَالَ :
قَالَ رَسُولُ اللَّهِ () : ((مَنْ أَقَالَ أَخَاهُ بَيْعَاً أَقَالَ اللَّهُ عَثْرَتَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ)) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم : (2614) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (1759) .
واته‌ : هه‌ركه‌سێك په‌شیمان بوونه‌وه‌ی برای موسڵمانی له‌ كڕین و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌یه‌كدا قه‌بوڵ بكات ئه‌وا خوا خزان و پێ هه‌ڵكه‌وتنی ڕۆژی قیامه‌ت لا ده‌بات له‌ ڕێیدا .
کەواتە ئەم فەرمودەیە مژدەیەکى گەورەى تێدایە بۆ هەموو خاوەن دوکان و کارێک کە هەرکاتێک شتێکتان فرۆشت و پاشان کڕیارەکە پەشیمان بویەوە ئەوا بە دڵخۆشی لێى وەربگرەوە و زیانى لێ مەدە و بیر لەم فەرمودەیە بکەرەوە و چاوەڕێى ئەم پاداشتە گەورەیە بکە لاى خواى گەورە .

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٢,٥٤١ بەش: کڕین و فرۆشتن