چۆنێتى و شێوازى دەستنوێژى شەرعى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى و شێوازى دەستنوێژى شەرعى
پرسیار:

چۆنێتى و شێوازى دەستنوێژى شەرعى چۆنە؟

شێوازى دەستنوێژى شەرعى دوو جۆرە:
شێوازێكى واجبە كە دەستنوێژ بەبێ ئەو شێوازە دروست نییە و ئەمەیە كەلەم ئایەتەدا هاتووە كە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُؤُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَيْنِ ) (المائدة: من الآية6) واتە: ئەى ئەوانەى كە باوەڕتان بەخواى پەروەردگار و بەپەیامبەرەكەى هێناوە ئەگەر ویستان بۆ نوێژەكانتان هەستن ، و دەستنوێژتان نەبوو ئەوا : ڕوومەت و دەست و باسكەكانتان لەگەڵ ئانیشكەكاندا ( كە بریتیە لەو جومگەیەى كە باسك بە باڵەوە دەبەستێت ) بشۆن ، و دەست بهێنن بەسەرتاندا ، و پێكانتانیش لەگەڵ قولەپێكانتان ( كە بریتیە لەو دوو ئێسكە بەرزبووەى كە لە شوێنى یەكتر گرتنى پێیە بە لاقەكانەوە ) بشۆن . كە بریتیە لە شۆردنى دەموچاو یەك جار كە ئاوڕادانە ناو دەم و لووتى تێدایە، وە شۆردنى دەستەكان كەلەسەرى پەنجەكانەوە دەست پێدەكات هەتا ئانیشك یەك جار، وە دەبێت ئەو كەسەى دەستنوێژ دەگرێت تێبینى شۆردنى ناولەپی بكات لەگەڵ قۆڵیدا، چونكە كەسانێك لەوە بێئاگان و تەنها قۆڵى دەشۆرێت و ئەوەش هەڵەیە، پاشان مەسحى سەرى دەكات یەك جار و گوێیەكانیش لەگەڵ سەردان، وە لە كۆتاییدا شۆردنى پێیەكان لەگەڵ قاپەكانى ئەویش یەكجار، ئا ئەمە شێوازە واجبەكەیەتى كە دەبێت ئەنجام بدرێت.

بەڵام شێوازى دووەم لە چۆنێتى دەستنوێژ كە سوننەتە ئەوەیە كە ئێستا بە یارمەتى خوا باسی دەكەین:
سەرەتا مرۆڤ بسم الله دەكات وسێ جار دەستى دەشۆرێت، و پاشان سێ جار ئاوڕادەداتە ناو دەم و لوتى بەسێ مشتى ئاو، پاشان سێ جار دەموچاوى دەشۆرێت، پاشان سێ جار سێ جار دەستەكانى هەتا ئانیشكەكانى دەشۆرێت، كەبەڕاست دەست پێ دەكات و دواتر دەستى چەپ، پاشان یەك جار مەسحى سەرى دەكات، دەستەكانى تەڕ دەكات و دەیهێنێت بە پێشەوەى سەریدا هەتا پشتى سەرى و دەیهێنێتەوە بۆ پێشەسەرى، پاشان مەسحى گوێى دەكات كە پەنجەى شایەتومان دەخاتە نێو گوێى و بەپەنجەگەورەشی پشتى گوێى مەسح دەكات و پاشان سێ جار سێ جار پێیەكانیشی لەگەڵ قاپەكانى پێى دەشۆرێت كە بەپێى ڕاست دەست پێ دەكات و پاشان پێى چەپ پاشان لە كۆتاییدا دەڵێت:
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمداً عبده ورسوله، اللهم اجعلني من التوابين واجعلني من المتطهرين. وە هەر كەسێك ئەمە ئەنجام بدات ئەوا هەر هەشت دەرگاكەى بەهەشتى بۆ دەكرێتەوە، بەم شێوەیە بە صەحیحى هاتووە لە پێغەمبەرى خواوە وەكو عومەر رضي الله عنه  دەیگێڕێتەوە(١).

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 


([1]) أخرجه مسلم، كتاب الطهارة، باب الذكر المستحب عقب الوضوء (234) .

سەردان: ٢,٩٥١ بەش: دەستنوێژ