ڕوونكردنەوەیەک لەسەر فەرموودەی: ((لا عدوى، ولا طيرة، ولا هامة، ولا صفر)): ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕوونكردنەوەیەک لەسەر فەرموودەی: ((لا عدوى، ولا طيرة، ولا هامة، ولا صفر))
پرسیار:

داوا لە بەڕێزتان دەكەین ڕوونكردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە:  ((لا عدوى، ولا طيرة، ولا هامة، ولا صفر)) متفق عليه
وە ئایا جۆرى ئەو نەفیە چیە كە لە فەرموودەكەدا هاتووە؟ 
وە چۆن جەمع بكەین لەنێوان ئەم فەرموودەیە و ئەو فەرموودەیەى كە دەفەرموێت: ((فر من المجذوم فرارك من الأسد)) أخرجه البخاري، كتاب الطب، باب الجذام (5707) .  ؟

(العدوى) بریتیە لە گواستنەوەى نەخۆشی لە نەخۆشەوە بۆ كەسێكى لەشساغ، جا وەكو چۆن لەنەخۆشیە دیار و هەستپێكراوەكاندا هەیە بەهەمان شێوە لە نەخۆشیە مەعنەویەكانیشدا هەیە، هەربۆیە پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: هاوڕێى خراپ وەكو ئەو كەسە وەهایە كە كوورە گەرم دەكات، جا یان ئەوەتا كەلوپەلەكەت دەسوتێنێت یان ئەوەتا بۆنێكى ناخۆشی لا هەست پێ دەكەیت. جا وشەى: (العدوى) هەردوو جۆرەكە دەگرێتەوە واتە بەرجەستە ومەعنەوى.
وشەى: (الطيرة) بریتیە لە ڕەشبینى وبەدبینی بەشتێكى بینراو یان بیستراو یان زانراو.
(الهامة) بە دوو شێواز لێكدراوەتەوە:
یەكەم: نەخۆشیەكە لە نەخۆشەوە دەگوازرێتەوە بۆ جگە لە خۆى، بەپێى ئەم لێكدانەوەیە بێت عەتفی ئەم وشە لەسەر وشەى (الطيرة) لەبابی عەتفی تایبەتە لەسەر گشتى.
دووەم: ئەوەیە كە جۆرە باڵندەیەكى ناسراوە و عەرەبەكان لایان وایە كاتێك كەسێك دەكوژرێت، ئەم باڵندەیە دێت و بۆ لاى كەسوكارى كوژراوەكە و دەخوێنێت ودەنگ دەردەكات بەسەریاندا هەتا تۆڵەى دەسێنن، وە هەندێكیانیش لایان وابووە كە ئەو باڵندەیە رۆحى كەسەكەیە ولەوشێوەیەدا دەركەوتووە، كە جۆرێكە لە باڵندە ولە بووم دەچێت یان هەر بوومە، كە كەسوكارى كوژراوەكە ئەزیەت وئازار دەدات بە قیڕاندن و دەنگەدەنگ كردن بۆ ئەوەى تۆڵەى كوژراوەكە بسێنن، ئەمەش كەسانێك بە بەدیان دادەنا و بەهۆكارى بەدبەختیان دەزانى و ئەگەر لەسەر ماڵى یەكێكیان بنیشتایەوە و بیخوێندایە دەیانووت ئەوە دەخوێنێت بەسەر ئەو كەسەدا و دەمرێت و باوەڕیان وابوو كە ئەجەلى نزیك بۆتەوە، ئەمەش ناڕاست و بەتاڵە.
وە وشەى (صفر) بەچەند جۆرێك لێك دراوەتەوە:  
یەكەم: ئەوەیە كە ئەو مانگە ناسراوەیە وعەرەبەكان بە بەدیان دەبینی و ڕەشبین بوون پێی.
دووەم: نەخۆشیەكە لە هەناوو سكدا وتووشی وشتر دەبێت، ولە وشترێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ وشترێكى تر، بەپێى ئەم لێكدانەوەیە بێت عەتفی ئەم وشە لەسەر وشەى (العدوى) لەبابی عەتفی تایبەتە لەسەر گشتى.   
سێ یەم: مانگى صەفەر، ومەبەست لێى ئەو پێش وپاش خستنەیە كە بێ باوەڕان بەهۆیەوە گومڕابوون و ساڵێك حەڵاڵیان دەكرد و ساڵێكى تر حەرامیان دەكرد.
بەڵام وتەى پەسەندى نێو ئەو بۆچوونانەى باس كران بریتیە لەوەى كە دەڵێت: (صفر) بریتیە لە مانگى صەفەر لەبەر ئەوەى لە سەردەمى نەفامیدا بەو مانگە ڕەشبین وبەدبین بوون، بەڵام لەڕاستیدا كات هیچ كاریگەریەكى نییە لەسەر گۆڕانكارى لە قەدەرى خوادا و ئەو مانگەش وەكو مانگەكانى تر و كاتەكانى ترى ساڵ و ژیانى مرۆڤ وەهایە پەیوەندى بە ڕوودانى خێر و شەڕەوە نییە.
وە هەندێك خەڵك كە كۆتایی بە كارێكى دیارى كراو دەهێنێت لە رۆژى بیست وپێنجەمینى مانگى صەفەر پشوو دەدات و دەڵێت: لە رۆژى بیست و پێنجى مانگى صەفەرى خێردا كۆتایی پێ هات. ئەمەش لە بابەتى ڕووبەڕوبونەوەى بیدعەیە بە بیدعە و نەفامیە بە نەفامی. وە ئەو مانگە نەمانگى خێرە و نە مانگى شەڕە. بۆیە هەندێك لە سەلەف ئینكاریان كردووە لەسەر كەسێك كە گوێى لە بوومێك دەبێت دەخوێنێت ودەنگ دەردەكات بڵێت: خێرە إن شاء الله، وە دەڵێن: نابێت بووترێت نە خێرە و نە شەڕ و ئەویش وەكو هەموو باڵندەكانى تر دەخوێنێت.
جا ئەم چوار شتەى كە پێغەمبەرى خوا  نەفی كردووە بەڵگەن لەسەر واجبێتى پشت بەستن بەخوا كەپێى دەوترێت(التوكل) و ڕاستێتى خۆیەكلاكردنەوە و خۆبەدەستەوەدان بۆ بڕیار و قەدەرى خوا و موسڵمان نابێت لاواز بێت بەرانبەر بەم شتانە.
وە موسڵمان ئەگەر بیرو مێشكى خستە لاى ئەم شتانە ئەوا لە دوو حاڵەت دەرناچێت:
یەكەم: یان ئەوەتا وەڵامى دەداتەوە و داخلى ژیانى دەبێت و كاریگەرى دەبێت لەسەر بڕیار و كارەكانى، و ئەوا لەو كاتەدا ئەم كەسە كاروكردەوەكانى گرێ داوە بەشتانێكەوە كە حەقیقەتیان نییە.
دووەم: ئەوەیە كە كەسەكە وەڵامى ئەو شتانە ناداتەوەو گوێیان پێ نادات، بەڵام لە دڵ و ناخیدا جۆرێك لە غەم و دڵەڕاوكێ دەمێنێتەوە، ئەمەش هەرچەندە باشتر و سوكترە لە جۆرى یەكەم بەڵام هەر واجبە كە وەڵامى داخوازى ئەم جۆرە شتانە نەداتەوە بە ڕەهایی و بە تەواوى پشت بەستوو بێت بەخوا – عزوجل-.
وە هەندێك خەڵك هەن قورئان دەكەنەوە بەدواى گەشبینیدا دەگەڕێن و هەركە چاوكى كەوتە سەر باسی ئاگر دەڵێت ئەمە نوقڵانەى باش نییە و ئەگەریش سەیرى كرد كە باسی بەهەشت دەكات دەڵێت ئەمە چاكە، ئەمەش لەڕاستیدا وەكو كارى سەردەمى نەفامى وەهایە كە بە هەڵدانى زار بەخت و ئیش وكارى خۆیان دیارى دەكرد.
وە ئەو نەفیەى كە هاتووە لەسەر ئەم چوار شتە نەفی نییە لە بوونى شتەكان، چونكە بوونیان هەیە و ئینكارى ناكرێن، بەڵكو نەفی كردنە لە كاریگەریان، و كاریگەرى دروست كردن تەنها خوایە، جا لەو كاریگەری دروست كردنەشدا هۆكارێكى زانراو هەبوو ئەوا هۆكارێكى صەحیحە و ئەگەریش هۆكارێكى گوماناوى هەبوو ئەوا هۆكارەكە باتڵ وناڕەوایە، و ئەوكات نەفیە لە كاریگەرى خودى خۆى و هۆكاربوونیشی، جا (العدوى) بوونى هەیە و بەڵگەش لەسەر بوونى ئەم فەرموودەیەیە: ((لا يورد ممرض على مصح))(١)
 واتە: خاوەنى وشترى نەخۆش وشترەكانى ناكاتە ناو وشترگەلى ساغ وتەندروست بۆ ئەوەى نەخۆشیەكە نەگوازرێتەوە.
وە ئەو فەرموودەیەى كە دەفەرموێت: ((فر من المجذوم فرارك من الأسد))(٢). واتە: لە كەسی توشبو بە گەڕى ڕابكە وەكو چۆن لە شێر ڕادەكەیت.
"الجذام": نەخۆشیەكى خراپ و پیسە و بەخێرایی دەگوازرێتەوە و خاوەنەكەى لەناودەبات، تەنانەت وتراوە ئەوە پەتایە، جا فەرمان بە ڕاكردن لێى بۆ ئەوەیە نەوەك بگوازرێتەوە و اسباتى گواستنەوەى نەخۆشی تێدایە لەبەر كاریگەریەكەى، بەڵام كاریگەریەكەى كارێكى حەتمى نییە كە خۆى هۆكارو هۆكارساز بێت، بەڵكو فەرمان بەڕاكردن لێى و تێكەڵ نەكردنى وشترى نەخۆش بە وشترى ساغ لە بارەى دووركەوتنەوەیە لە هۆكارى نەخۆش كەوتن نەوەك لەبارەى كاریگەرى خودى هۆكارەكان، خواى گەورە دەفەرموێت: ( وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَة)(البقرة: من الآية195) واتە: وە خۆتان مەخەنە تیاچونەوە. وە ناوترێت كە پێغەمبەرى خوا  ئینكارى كاریگەرى گواستنەوەى نەخۆشی كردووە، چونكە واقع و فەرموودەى تر بەتاڵى دەكەنەوە.
ئەگەر وترا پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى (لا عدوى) واتە نەخۆشی گواستنەوە نییە، بەڵام پیاوێك لێى پرسی: ئەى پێغەمبەرى خوا ئەى نەتبینیوە كە وشترى ساغ كاتێك بەناو لمدا دەڕۆن وەكو ئاسك وەهان بەڵام كاتێك وشترى نەخۆشیان تێكەڵ دەكەیت نەخۆشیەكەى ئەوان دەگرن؟! پێغەمبەرى خوایش  فەرمووى: ( ئەى كێ نەخۆشی بۆ وشترە نەخۆشەكە گواستەوە سەرەتا)
وەڵام: پێغەمبەرى خوا  بەو فەرمایشتەى كە فەرمووى ((فمن أعدى الأول)) ئاماژەى بۆ ئەوە كرد كە نەخۆشیەكە لە وشترە نەخۆشەكەوە گوازرایەوە بۆ وشترە ساغەكە بە ئیزن و ئاگادارى خواى گەورە.
 جا نەخۆشی كە تووشى وشترە نەخۆشەكە بوو سەرەتا خۆ تێكەڵاوى وشترى نەخۆشی نەكردبوو كەچی نەخۆشیش كەوت كەواتە لاى خواى گەورەوە هاتبوو وە بەقەدەرى خوا بووە، جا شتی وا هەیە هۆكارێكى زانراوى هەیە و شتى واش هەیە هۆكارى زانراوى نییە، بۆیە نەخۆش كەوتنى وشترى یەكەم هۆكارى زانراوى نییە و تەنها بە قەدەرى خوا بووە بەڵام نەخۆش كەوتنى وشترى دووەم هۆكارى زانراوى هەبوو لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر خواى گەورە ویستی لێ  بووایە نەخۆش نەدەكەوت، وە جارى وا هەیە وشتر ئەو نەخۆشیە دەگرێت و دواتر ساغ دەبێتەوەو نامرێت، بەهەمان شێوە تاعون وپەتا وكۆلێرا و نەخۆشیە گوازراوەكان جارى وا هەیە دەچێتە نێو ماڵێكەوە تووشى چەند ئەندامێكى ئەو خێزانە دەبن و دەمرن، كەچى ئەندامەكانى ترى خێزانەكە ساغ وسەلامەتن و توشى نەخۆشیەكە نەبوون.
 جا مرۆڤ پشت بەخوا دەبەستێت و پشتیوانى هەر ئەوە، ئەوەتا جارى وا هەبووە پیاوێكى تووش بوو بە نەخۆشی گەڕى هاتووە بۆ لاى پێغەمبەرى خوا  و ئەویش دەستى گرتووە وفەرموویەتى: ( نان بـخۆ لەگەڵمدا)(٣) ئەوەش لەبەر بەهێزى تەوەكول وپشت بەستنى پێغەمبەرى خوا  بەخواى گەورە، جا ئەو تەوەكولە بەرانبەر بە هۆكارى نەخۆشی گواستنەوەكە دەوەستێت وبەرەنگارى دەبێتەوە.
جا ئەو جەمعەى كە كردمان و باسمان كرد باشترینە كە وترابێت لەم بارەیەوە، و هەندێك لە ئەهلى عیلمیش لافی نەسخ دەدەن، بەڵام ئەم قسەیە صحیح نییە، چونكە یەكێك لە مەرجەكانى نەسخ ئەوەیە نەتوانرێ جەمع بكرێت، وە ئەگەر توانرا جەمع بكرێت ئەوا نەسخ نابێت چونكە بە جەمع كردن لەنێوان دوو فەرموودەدا ئیش كردنە بە هەردوو فەرموودەكە، لەكاتێكدا بە نەسخ كردن تەنها ئیش كردنە بەیەك فەرموودەو بەتاڵ كردنەوەى ئەوى ترە، و ئاشكرایشە ئیش كردن بە هەردوو فەرموودەكە لەپێشترە چونكە ساغمان كردۆتەوە وبەبەڵگە دامان ناوە. والله الموفق .

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب الطب، باب لا هامة (5771) . ومسلم، كتاب السلام، باب لا عدوى ولا طيرة... (2221).
(٢) أخرجه البخاري، كتاب الطب، باب الجذام (5707).
(٣) أخرجه أبو داود، كتاب الطب، باب في الطيرة (3925)، والترمذي، كتاب الأطعمة، باب ما جاء في الأكل مع المجذوم  (1817).

 

سەردان: ١,٨٠٩ بەش: فەرموودە