بۆچی هیچ یەکێک لە پێغەمبەران ئافرەت نەبوون؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆچی هیچ یەکێک لە پێغەمبەران ئافرەت نەبوون؟
پرسیار:

هۆکاری چی یە پێغەمبەری جولەکە و مەسحیحی و ئیسلام هەموویان ڕەگەزی پیاو بوون ؟
ئەی بۆ هیچ پێغەمبەرێک ئافرەت نەبووە ؟
ئایا ئەکرێ ئافرەت (رسول) نەبێ بەڵام (نەبی) بێ؟ وە ئایا ڕاستە (مەریەم) نەبی بووە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم:
هیچ موسوڵمانێک گومانی لەوە نییە کە کارەکانى خواى گەورە پڕ حیکمەتن، ویەکێک لەناوەکانی " الحكيم " ـە ، ویەکێک لەسفاتەکانی " الحكمة "یە .
وە حوکمی خودایە وایە یەکێک لەسیفاتەکانی پێغەمبەران : پیاوەتی یە ، وەهەندێ لەزانایان کۆدەنگیان لەو بارەیەوە نەقڵ کردووە ، و خودا لەو کارەدا گەورەترین حیکمەتی هەیە .
 الشيخ عمر الأشقر حفظه الله دەڵێت :
وە لەتەواوی ئەو سیفەتەی کەپێی بەخشیون : ئەوەیە هەموو ئەو پێغەمبەرانەی کەناردوونی لەڕەگەزی پیاو بوون ، وهیچ پێغەمبەرێکی لەڕەگەزی ئافرەت نەناردووە ، بەڵگەش لەسەر ئەوە : سیغەی حەسرە کە لەم ئایەتەدا ئاماژەی پێ دراوە: ( وَمَا أَرْسَلْنَا قَبْلَكَ إِلاَّ رِجَالاً نُّوحِي إِلَيْهِم ) الأنبياء/ 7 .
واته: ئەی محمد - - له‌ پێش تۆشدا هیچ كه‌سێكمان نه‌ناردووه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر ئیلا پیاوانێك بوونه‌ كه‌ وه‌حیمان بۆ ناردوون و كه‌سیان فریشته‌ نه‌بوونه.

حیکمەت لەوەی پێغەمبەران لەڕەگەزی پیاوانن:
هۆکاری ئەوەی پێغەمبەران لەڕەگەزی پیاوان بوون چونکە حیکمەت وای دەخواست ، جا لەو حیکمەتانە:
1. بوون بەپێغەمبەر وا دەخوازێت کەسەکە دەعوە وبانگەوازەکەی ئاشکرا بکات ، وڕوو بەڕووی پیاوان وئافرەتانیش ببێتەوە ، ، ولەگەڵ خەڵکدا بەنهێنی وئاشکرا کۆ ببێتەوە ، وهاتن وچوون لەهەموو بەشەکانی زەوی دا ، وڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەوانەی بانگەوازەکە بەدرۆ دەزانن ودژایەتی دەکەن ، وئامادەکردنی هێز وسەرپەرشتی کردنیان ، بێگومان هەموو ئەمانە لەگەڵ بونیەی پیاواندا گونجاوە نەک ئافرەت .

2. بەرنامە وپەیام وا دەخوازێت پێغەمبەرەکه بەتوانا بێت بەسەر ئەوانەی کەشوێنی دەکەون ، ئەو بۆ شوێنکەوتووەکانی فەرمانکەر وڕێگری کارە لەشتەکان ، وحاکم وقازیە لەنێوانیاندا ، خۆ ئەگەر ئافرەت بوایە: ئەمانەی بەتەواوی بۆ بەرجەستە نەدەبوو ، وکۆمەڵێک لەشوێنکەوتوانی بێ فەرمانیان دەکرد ولەقسەی دەردەچوون وشوێنی نەدەکەوتن .

3. ڕەگەزی نێرینە کامڵ ترە ، هەر بۆیە خودا دەسەڵاتی داوە بەپیاو بەسەر ئافرەتاندا هەروەک فەرموویەتی: ( الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ ) النساء/ 34 .
واتە: پیاوان سه‌رپه‌رشتیارو باڵاده‌ستن به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ .

4. هەندێ شت بەسەر ئافرەتدا دێت وای لێ دەکات نەتوانێت زۆر وەزیفە وکاری گرنگ ئەنجام بدات ، وەک حەیز ودوو گیان بوون ومنداڵ بوون وتوشی نیفاس بوون ، لەگەڵ ئەوەدا توشی جۆرێک لەتێک چوونی دەروونی وئێش وئازار دەبێت ، جگە لەوەی منداڵەکانی پێویستیان بەچاودێری کردنی ئەو هەیە ، جا هەموو ئەمانە ڕێگرن لەهەستان بەدعوە و گەیاندنی پەیمان وتەحەمول کردنی دەراویشتەکانی .
" الرسل والرسالات " ( ص 84 ، 85 ) .

ئەمەیان بەنیسبەت بوون بە(الرسول)ـەوە بوو .

دووەم:
وە بەنیسبەت بوون بە (النبي) : هەندێ لەزانایان وەک "أبي الحسن الأشعري والقرطبي وابن حزم" پێیان وایە ئافرەت هەبووە (النبي) بێت ، بەڵگەشیان ئەو ئایەتانەیە کەتیایدا باسی هاتنی وەحی دەکات بۆ دایکی موسا ـ بەنموونە ـ وئەو گفتو گۆ ودوانەی فریشتەکان لەگەڵ مەریەم دا عليها السلام ، وەهەروەها هەڵبژاردنی بەسەر ئافرەتانی جیهاندا .
بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاجح وبەهێز نی یە .
 الشيخ عمر الأشقر دەڵیت :
ئەوەی ئەوان باسیان کردووە نابێتە بەڵگە لەسەر بوونی (النبي) لەڕەگەزی ئافرەتاندا ، و وڵامی ئەوان لەچەند ڕوویەکەوە دەداتەوە :
یەکەم
: ئێمە پێمان وا نییە( النبيَّ )فەرمانی پێ ناکرێت بەگەیاندنی دین وئامۆژگاری کردنی خەڵک وتێکەڵاوی کردنیان ، ئەوەی ئێمە لامان پەسەندە ئەوەیە: لەم بابەتانەدا جیاوازی لەنێوان ( النبيّ والرسول )دا نی یە ، وجیاوازیەکە لەوەدایە( النبي ) نێردراوە بەهەمان تەشریعی (رسول)ـی پێش خۆی .
کەواتە: ئەو ڕێگریانەی کەگوتراوە لەبارەی ناردنی ( رسول) لەڕەگەزی ئافرەتان لە ( نبي )یشدا بوونی هەیە گەر ئافرەت ببێتە (نبي) ، وئەوەچەند ڕێگریەکن وا دەکات ئافرەت نەتوانێت بەمەهامی( النبوة )هەستێت .

دووەم : دوور نی یە وەحی خودا بۆ ئەو ئافرەتانە - دایکی موسا وئاسیا - لەخەودا بووبێت ، ئێمە دەزانین جۆرێک لەوەحی خەوە ، وئەوە بۆ جگە لەپێغەمبەرانیش ڕوو دەدات .

سێیەم : ئێمە ئەو قسەیەیی ئەوان ناسەلمێنین کەدەڵێن: هەموو ئەوانەی فریشتە قسەی لەگەڵ کردوون پێغەمبەرن، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : خودا فریشتەیەکی نارد بۆ لای پیاوێک کەسەردانی برایەکی دینی دەکرد لەگوندێکی تر ، فریشتەکە هۆکاری سەردانەکەی لێ پرسی ، جا کاتێ کەهەواڵی پێ دا ئەو لەپێناوی خودادا خۆشی دەوێت ، فریشتەکەش پێی ڕاگەیاند ئەو نێردراوی خودایە بۆ ئەوەی پێی ڕاگەیەنێت خودا خۆشی دەوێت ، وە بەسەرهاتی کەسە کەچەڵ ونابینا وگولەکە مەعروفە ، وجبریل هات بۆلای هاوەڵان بۆپرسیار کردن لەپێغەمبەر لەپێناو فێر کردنی هاوەڵاندا ، هاوەڵەکان دەیان بینی وگوێیان لێ دەبوو .

چوارەم : ئەو بەڵگانەی کەباس لەهەڵبژاردنی مەریەم دەکات نابێتە بەڵگە بۆ ئەوان ؛ خودا بەسەریحی ئەوەی ڕاگەیاندووە کەجگە لەپێغەمبەرانیشی هەڵبژاردووە ، هەروەک فەرموویەتی: ( ثمُّ أَوْرَثْنَا الكِتَابَ الَّذين اصْطَفَيْنَا مِنْ عِبَادِنَا ...) فاطر/ 32 .

واتە: پاشان هه‌ندێك له‌ به‌نده‌كانی خۆمان هه‌ڵبژاردووه‌و ئه‌یانكه‌ین به‌ میراتگری ئه‌م قورئانه‌ پیرۆزه‌ كه‌ زانایانى ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوان- -

وە " آلَ إبراهيم وآلَ عمران " بەسەر هەموو عالەم دا هەڵبژارد ، و کەس و کارەکەشیان کە بەتەئکید پێغەمبەر نەبوون: ( إِنَّ الله اصْطَفَى آدَمَ وَنُوحاً وَآلَ إبْرَاهيمَ وَآلَ عِمْرَانَ عَلَى العَالَمِينَ ) آل عمران/ 33 .
به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ ئاده‌م و نوح و ئالی ئیبراهیم خۆی و نه‌وه‌كانی كه‌ پێغه‌مبه‌ر بوونه‌ وه‌ ئالی عیمران كه‌ عیسى له‌وان بووه‌ ئه‌مانه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا .

پێنجەم : لەفزی کەمال کە لەو فەرموودەدا هاتووە کەئەوان کردوویانەتە بەڵگە لەسەر( النبوة ) بەڵگەیەکی لا کەرەوە نییە؛ چونکە ئەوە بۆ تەواو بوونی شتێک دێت لەبابەتێکدا ، لێرەدا مەبەست لێی : گەشتنی ئافرەتە بەکۆتایی کەماڵ لەهەموو بوارەکاندا ، کەواتە کەماڵی لێرەدا ئەو کەماڵیە نییە کەهی پێغەمبەرانە .

شەشەم : لەهەندێ لەفەرموودەکاندا هاتووە خەدیجە یەکێک بووە لەئافرەتە کامڵەکان ، ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەماڵ لێرەدا کەماڵی پێغەمبەرایەتی نی یە .

حەوتەم:  لەهەندێ لەفەرموودەکاندا هاتووە فاتیمە سەرداری ئافرەتانی بەهەشتە تەنها مەریەمی کچی عیمران نەبێت ، ئەمەش ئەو بۆ چوونە بەتاڵ دەکاتەوە کەپێی وایە جگە لەمەریەم وەک  دایکی موسا وئاسیا پێغەمبەرن ؛ چونکە بەدڵنیاییەوە فاتیمە پێغەمبەر نی یە ، لەکاتێکدا لەفەرموودەدا هاتووە کە ئەو لەغەیری خۆی باشترە ، خۆ ئەگەر دایکی موسا وئاسیا پێغەمبەر بوونایە ئەوا ئەوان لەفاتیمە چاکتر دەبوون .

هەشتەم : وەسف کردنی مەریەم بەوەی ڕاستگۆیە ئەمەش لەکاتی وەسف کردنی دا وهەواڵ دان بەفەزڵی ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ( مَّا المَسِيحُ ابْنُ مَرْيَمَ إِلاَّ رَسُولٌ قَدْ خَلَت مِن قَبْلِه الرُّسُلُ وَأُمُّهُ صِدِّيقَةٌ كَانَا يَأْكُلانِ الطَّعَامَ ) المائدة/ 75 .
واته: عیسای كوڕی مه‌ریه‌م- - هیچ شتێك نه‌بووه‌ نه‌ خوا بووه‌و نه‌ كوڕی خوا به‌ڵكو ته‌نها پێغه‌مبه‌ری خوا بووه‌ [قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ] وه‌ چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌رانی تریش له‌ پێش عیساوه‌- - ڕۆیشتوونه‌و مردوونه‌ ، وه‌ دایكیشی ڕاستگۆ بووه‌ له‌و قسه‌یه‌ی كه‌ كردۆتی كه‌ وتى زینام له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌كردووه‌و به‌ ئیزنى خوا منداڵم بووه‌، یاخود به‌ڕاستدانه‌ری ئه‌و په‌یامه‌ بووه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی هێناویه‌تی له‌ یه‌كخواپه‌رستى ، كه‌ هه‌ردووكیان خواردنیان ئه‌خوارد، واته‌: مرۆڤـ بوونه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگارو خوا بێت پێویستی به‌ خواردن نیه‌، به‌ڵام ئه‌مان خوا نه‌بوونه‌و خواردنیان خواردووه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ خواردن بخوات پێویستی به‌ چوونه‌ سه‌ر ئاو هه‌یه‌، خوای گه‌وره‌ زۆر له‌وه‌ به‌رزو بڵندترو گه‌وره‌تره‌ كه‌ ئه‌وان ئه‌و شتانه‌ ئه‌ده‌نه‌ پاڵ خوای گه‌وره‌ .
گەر وەسفێکی گەورەتر هەبوایه ئەوا خودا وەسفی بەوە پێ دەکرد ، ولەدەقی قورئان وفەرموودەی سەحیح دا نەهاتووە ئەوەی ڕوون کردبێتەوە یەکێک لەئافرەتان پێغەمبەر بوون .

وە " القاضي عياض "لەجمهوری زانایانەوە گێڕاویەتیەوە کەمەریەم پێغەمبەر نەبووە ،  وە " النووي " لە " الأذكار " دا لە " إمام الحرمين "ـەوە کۆدەنگی نەقڵ کردووە لەسەر ئەوەی مەریەم پێغەمبەر نەبووە ، وە لە " شرح المهذب " دا داویەتیەتێ پاڵ کۆمەڵێک ، وەلە " الحسن البصري "ـەوە هاتووە : لەئافرەتاندا پێغەمبەر نەبووە .
الرسل والرسالات " ( ص 87 – 89 ) .

والله أعلم

سەردان: ٥,٨٤٤ بەش: باوەڕبون بە پێغەمبەران