كەسێك شەیتان وەسوەسەى گەورە و مەترسیدارى بۆ دروست دەكات دەربارەى خواى گەورە –عزوجل- و زۆریش لەوە دەترسێت، جا ڕێنمایی بەڕێزتان چیە؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەبارەت بەوەى كە دەترسێت لە دەرئەنجامەكەى، پێى دەڵێم: مژدە بێت بەوەى كە تەنها ئەنجامى باشی دەبێت، چونكە ئەم جۆرە وەسوەسانە شەیتان دەیهێنێتە ناخى باوەڕدارانەوە بۆ ئەوەى بیروباوەڕى تەواویان لەق بكات و بیانخاتە نائارامی و دڵەڕاوكێیەكى دەروونى و فكریەوە لەپێناو پیس كردنى ئەو بیروباوەڕە پاكەى لە دڵ و سنگیاندایە، بەڵكو بۆ پیس كردنى ژیانیشیان ئەگەر باوەڕداربن.
ئەوەش یەكەم حاڵەتى نیە كە ئەو شتە تووشى ئەهلى ئیمان دەكات و دواهەمین حاڵیشی نابێت بەڵكو دەمێنێت هەتا لەدونیادا باوەڕدارێك هەبێت. تەنانەت ئەم حاڵەتە تووشی هاوەڵانیش بووە رضی الله عنهم ئەوەتا ئەبو هورەیرە رضی الله عنه دەگێڕێتەوە دەڵێت: كەسانێك لە هاوەڵان هاتن بۆ لاى پێغەمبەرى خوا ﷺ و لێیان پرسی: ئێمە شتێك لە ناخماندا هەست پێ دەكەین كە زۆر بەگەورەى دەزانین ئەگەر باسی بكەین؟ ئەویش فەرمووى: ئایا ئەوە دەبینن لە ناختاندا؟ ووتیان بەڵێ: ئەویش فەرمووى: ئەوە نیشانەى پوختى ئیمانە. (1).
وە لە (صحیحین)یشدا هاتووە دیسانەوە كە پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمووى: ((يأتي الشيطان أحدكم فيقول من خلق كذا؟ من خلق كذا؟ حتى يقول من خلق ربك؟! فإذا بلغه فليستعذ بالله ولينته))(2).
واتە: شەیتان دێت بۆ لاى یەكێكتان و دەڵێت: كێ ئەوەى دروست كردووە؟ كێ ئەوەى دروست كردووە؟ هەتا دەگاتە ئەوەى كە دەڵێت: كێ پەروەردگارتى دروست كردووە؟! جا ئەگەر گەیشتە ئەوە ئەوا با پەنا بگرێت بە خواو كۆتایی پێ بهێنێت.
وە لە ابن عباسەوە رضی الله عنه دەڵێت: پیاوێك هات بۆلاى پێغەمبەرى خواو ﷺ ووتى: من شتێك لە ناخمدا دەڵێم و هەستى پێ دەكەم كە ئەگەر بسوتێم و ببم بەخەڵووز پێم خۆشترە لەوەى ئەوە بڵێم، پێغەمبەرى خوایش ﷺ فەرمووى: ((الحمد لله الذي رد أمره إلى الوسوسة)) (3). واتە: سوپاس بۆ ئەو خوایەى كە فێڵ وكارى شەیتانى گەڕاندۆتەوە بۆ وەسوەسە. (4)
وە شێخى ئیسلام ابن تیمیە – رەحمەتى خواى لێ بێـت- لە كتێـبـی (الإيمان)دا دەڵێت: " كەسی باوەڕدار تاقی دەكرێتەوە بەوەسوەسەى شەیتان بە وەسوەسەى كوفر كە سنگ وناخى پێ قەڵس و ناڕەحەت دەبێت بەهۆیەوە. وەكو چۆن هاوەڵان وتیان ئەى پێغەمبەرى خوا هى وامان هەیە شتى وا لە دڵیدا دروست دەبێت كە ئەگەر لە ئاسمانەوە فڕێی بدەنە خوارەوە پێى خۆشترە لەوەى كە بەدەم بیڵێت وئاشكراى بكات. ئەویش فەرمووى: " ذاك صريح الإيمان ".
لە ریوایەتێكى تردا هاتووە كە دەڵێت زۆر بە گەورەى دەزانین ئەگەر بیڵێین بە زمان. ئەویش فەرمووى:
" الحمد لله الذي رد كيده إلى الوسوسة ". واتە روودانى ئەم جۆرە وەسوەسانە لەگەڵ ئەو ڕقە زۆرە لێى و پاڵنان و دەركردنى لەدڵ ئەوە خودى ئیمانە ونیشانەى باوەڕە، وەكو تێكۆشەرێك وەهایە كە دوژمنى بۆ دێت وئەمیش بەرەنگارى دەبێتەوە هەتا بەسەریدا سەردەكەوێت، ئەمەش جیهادێكى گەورەیە، ... هەتا ئەو شوێنەى كە شیخ الاسلام دەڵێت: ... هەربۆیە هەندێك وەسوەسە وگومان لاى فێرخوازى زانستى شەرعى و ئەهلى عیبادەت دەبینى كە لاى خەڵكانى تر نیە، چونكە خەڵكانى تر وەكو ئەمان رێگەى شەرع و بەرنامەى خوایان دەست پێوەنەگرتووە، بەڵكو ڕووى كردۆتە هەواو ئارەزووى خۆى و بێئاگایە لە یادى پەروەردگارى، كە ئەمەش داخوازى شەیتانە بە پێچەوانەى ئەوانەى ڕوویان كردۆتە پەروەردگاریان بە عیلم و عیبادەت، بۆیە دەبینى شەیتان دوژمنیانە و دەیەوێت رێگریان لێ بكات و لایان بدات لە ڕووكردنە خواى تەعالا ".
جا بە خاوەنى ئەم پرسیارە دەڵێم: ئەگەر بۆت ڕوون بویەوە كە ئەم وەسوەسانە لە شەیتانەوە ئەوا ڕوبەڕوى ببەرەوە و بەرەنگارى بكە، وە بزانە كە زیانت پێ ناگەیەنێت لەگەڵ هەستیت بە ئەركى بەرەنگاربوونەوەى وپشت تێكردنى و لەشوێن نەچوونى، وەكو پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى: (( إن الله تجاوز عن أمتي ما وسوست به صدورها ما لم تعمل به أو تتكلم))(5) . واتە: خواى گەورە قەڵەمى نووسینى تاوانى هەڵگرتووە لەسەر ئوممەتەكەم لەسەر ئەو وەسوەسەیەى كە سنگیاندا دێت مادام كارى پێ ناكات و بەدەم نایڵێت.
وە تۆ ئەگەر پێت بووترێت: ئایا باوەڕت بەو وەسوەسە هەیە؟ وە ئایا پێت وایە ئەوە حەقە؟ وە ئایا دەگونجێت خوا بەو شێوەیە وەصف بكرێت؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێیت: بۆمان نیە بەو جۆرە قسە بكەین، پاك و بێگەردى بۆ خوا ئەمە بوهتانێكى گەورەیە، بێگومان بەدڵ وزمان نكۆڵى لەوە دەكەیت، و لەهەموو كەس زیاتر لێى دووردەكەویتەوە، كەوابوو ئەوە تەنها وەسوەسە و ختورەى شەیتانە كە بەدڵدا گوزەر دەكات و تۆڕ و داوى شیركى ئەو شەیتانەیە كەلە خوێنى ئادەمیزاددا دێت و دەڕوات و دەیەوێت دینەكەت لێ تێك دەدات.
هەربۆیە دەبینى سەبارەت بە شتى بێ نرخ وبێ بەها شەیتان نایەت گومان ودووڵى بخاتە ناختەوە ، بۆنمونە: دەبیستى كەوا شارى وەها هەیە كە گرنگ وپڕدانیشتوانە و ڕووبەرى زۆرگەورەیە و زۆر بیناو باڵەخانەى بەرز و هەوربڕى تێدایە لەرۆژئاواو رۆژهەڵات، كەچى رۆژێك لەرۆژان نەهاتوە بەمێشكتدا گومانت هەبێت لەبونى ئەو شارانە یان عەیب وكەموكوڕیەك تێیاندا وبەوەى كە بۆ نیشتەجێبوون ناگونجێ یان نەشیاوە و هاوشێوەى ئەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەى شەیتان مەبەستى تێدا نیە لەوەى مرۆڤ بخاتە گومانەوە لەسەر ئەو شتانە، بەڵام شەیتان مەبەست و ئامانجێكى گەورەى هەیە لە تێكدانى باوەڕى ئیمانداردا، ئەو بە قاچی و وڵاخیەوە لەهەوڵ و تێكۆشاندایە بۆ كوژاندنەوەى نوورى زانست وزانین وهیدایەت لەدڵى بڕواداردا، و دەیەوێت بیخاتە ناو تاریكى گومان و دڵەڕاوكێوە، وە پێغەمبەرى خوا ﷺ چارەسەرى كاریگەر و سوودبەخشى بۆمان ڕوون كردۆتەوە كە شیفاى تێدایە و فەرموویەتى:
((فليستعذ بالله ولينته)) . واتە: با پەنا بگرێت بەخوا و كۆتایی پێ بهێنێت. جا ئەگەر مرۆڤ كۆتایی بەوە هێناو بەردەوام بوو لەسەر عیبادەتى خوا بە حەز و تامەزرۆییەوە بۆ ئەو پاداشتەى كەلاى خوایە ئەوا ئەو وەسوەسەیە لادەچێت و نامێنێت، بە پشتیوانى خوا، جا پشت لەهەموو ئەو خەیاڵ و پێشبینیانە بكە كەبەدڵتدا دێن لەم دەرگایەوە، و وائێستا تۆ خواى تاك وبێهاوتا دەپەرستیت و بەگەورەی ڕادەگریت، تەنانەت ئەگەر ببیستى كە كەسێك هەیە باسی خوا دەكات وەكو ئەو وەسوەسەیەى كەلە دڵتدا بوو ئەگەر بۆت بكرێت دەیكوژیت، كەوابوو ئەو وەسوەسەیەى تۆ ڕاستی وناوەرۆكى نیە و بەڵكو كۆمەڵێك ختورەیە و هیچ بنچینەیەكیان نیە، ئەوە وەكو كەسێك وەهایە كە شتێك بەر جلوبەرگەپاكەكەى كەوتبێت و ئەویش هەرلەوكاتەدا بیشوات وپاكى بكاتەوە، پاشان بەدڵیدا بێت كە پێدەچێت پاك نەبووبێتەوەو ئەو شتە پیس بووبێت و نوێژى پێوە دروست نەبێت، ئەوە لەڕاستیدا نابێت بیرى لێ بكرێتەوەو گرنگى پێ بدرێت و خۆى پێوە سەرقاڵ بكات (چونكە پاكە).
وە ئامۆژگارى من لەم خاڵانەى خوارەوەدا پوخت دەبنەوە:
1- پەناگرتن بە خـوا، و بەتەواوەتى وازهێنان لەو وەسوەسەو ئەندێشانە، هەروەكو پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمانى بەوە كردووە.
2- زیكرى خوا و زاڵبوون بەسەر خۆدا لەبەردەوامبوون لەسەر وەسوەسە.
3- ڕۆچوونێكى جدى بۆ عیبادەت وەكو جێبەجێكردنى فەرمانى خوا وبەدەستهێنانى ڕەزامەندى ئەو، جا هەركاتێك بەڕاستى ڕووت لە خواپەرستى كرد ئەوا سەرقاڵ بوونت بەم وەسوەسانەوە بیردەچێتەوە بەویستى خوا.
4- زۆر هانابردن بۆ لاى خوا و پاڕانەوە بەوەى لەم شتە شیفات بدات.
وە داوا لەخواى گەورە دەكەم عافیەت و سەلامەتیت پێ ببەخشێت لە هەموو خراپەیەك.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(1) أخرجه مسلم، كتاب الإيمان، باب بيان الوسوسة في الإيمان (132) .
(2) أخرجه البخاري، كتاب بدء الخلق، باب صفة إبليس وجنوده (3276) . وأخرجه مسلم، كتاب الإيمان، باب بيان الوسوسة في الإيمان (134) .
(3) أخرجه أبو داود، كتاب الأدب، باب في رد الوسوسة (5112)، والإمام أحمد في المسند 1/340 .
(4) زانایان لە راڤەی ئەم بڕگەیەدا كە دەفەرموێت: (الحمد لله الذي رد أمره إلى الوسوسة) دوو بۆچونیان هەیە: یەكەمیان: راناوی (أمرە) دەگەڕێتەوە بۆ شەیتان, واتە سوپاس بۆ ئەو خوایەی كە وای كردووە هەوڵ و كاری شەیتان تەنها لەوەسوەسەدا كۆببێتەوە, چونكە پێشتر شەیتان كاری ئەوەبوو كە خەڵكی تووشی كوفر وشیرك دەكرد, كەچی ئێستا خوای میهرەبان ئەوەندە بێ دەسەڵاتی كردووە كە تەنها وەسوەسەی بۆ ماوەتەوە. =
= دووەمیان: مانای ئەوەیە كە راناوەكە بۆ پیاوەكە دەگەڕێتەوە واتە: سوپاس بۆ ئەو خوایەی كە ئەم پیاوەی ڕاگیر كرد و بەهۆی شەیتانەوە تووشی كوفر وشیركی نەبو و تەنها گەڕاندیەوە بۆ وەسوەسە و هیچی تر, كە ئەوەش بەهۆی ئیمانەكەیەوە نامێنێت و دەردەچێـت. خواش زاناترە. وەرگێڕ.
(5) أخرجه البخاري، كتاب العتق ،باب الخطأ والنسيان في العتاقة والطلاق (2528)، ومسلم، كتاب الإيمان، باب تجاوز الله عن حديث النفس والخواطر بالقلب (127).