ته‌وحیدى ناو وسیفاته‌كانى خواى گەورە (الأسماء والصفات) چیه‌؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ته‌وحیدى ناو وسیفاته‌كانى خواى گەورە (الأسماء والصفات) چیه‌؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بریتیه‌ له‌ باوه‌ڕبوونێكى ته‌واو به‌وه‌ى كه‌ خواى گه‌وره‌ عزوجل چه‌ند ناوێكى باش و جوان و سیفاتگه‌لێكى به‌رز و ته‌واوى هه‌یه‌، كه‌له‌ قورئان و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یدا - - هاتوون، ئه‌و زاته‌ش هه‌موو صیفاتێكى ته‌واوى هه‌یه‌ و پاك و بێگه‌رده‌ له‌هه‌موو صیفاتێكى ناته‌واو و كه‌موكورت و تاك و جیاوازیشه‌ به‌وه‌ له‌هه‌موو دروستكراوه‌كان.
خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [ وَلِلَّهِ الأَسْمَاءُ الْحُسْنَى فَادْعُوهُ بِهَا وَذَرُوا الَّذِينَ يُلْحِدُونَ فِي أَسْمَائِهِ سَيُجْزَوْنَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (180) ] (الأعراف) واته‌: وه‌ بزانن كه‌ خواى په‌روه‌ردگار كۆمه‌ڵێك ناوى جوان و به‌رز و پیرۆزى هه‌یه‌، كه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ته‌واوێتى شكۆدارى و مه‌زنێتى خۆى، وه‌ هه‌موو ناوه‌كانى جوان و پیرۆزن، جا به‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانى هه‌رچى داواكارى و پاڕانه‌وه‌تان هه‌یه‌ لـێ بكه‌ن، و وازبێنن و له‌وانه‌ گه‌ڕێن كه‌ ناوه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار و ئه‌گۆڕن به‌ لێ زیادكردن یان لێ كه‌مكردنه‌وه‌یان یان لادانیان له‌ واتاى حه‌قیقى خۆیان، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوانه‌ بنێن له‌شتانێك كه‌ شایسته‌ى نین، وه‌ك ناولێنانى هاوه‌ڵبڕیارده‌ران پێیان بۆ په‌رستراوه‌كانیان، یان به‌وه‌ى كه‌ واتا و مانایه‌كیان بۆ دابنرێت خواى په‌روه‌ردگار و په‌یامبه‌ره‌كه‌ى   مه‌به‌ستیان نه‌بووبێت، بێگومان ئه‌وانه‌ پاداشتى كرده‌وه‌ خراپه‌كانیان ئه‌درێته‌وه‌ كه‌ له‌ دونیادا ئه‌نجامیان ئه‌دان له‌ بێ باوه‌ڕى به‌ خواى په‌روه‌ردگار و باوه‌ڕنه‌هێنان به‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانى و لادان له‌ حه‌قیقه‌ت و ڕاستیان ـ به‌گۆڕینیان ـ، و به‌درۆدانانى په‌یامبه‌ره‌كه‌ى - - .
وه‌ دژى ئه‌م جۆره‌ له‌ ته‌وحید بریتیه‌ له‌:
باوه‌ڕنه‌بوون پێى، وه‌ هه‌روه‌ها به‌ گۆڕین و لادانى له‌و مانا ڕاسته‌قینه‌یه‌ى كه‌ خۆى هه‌یه‌تى بۆ ماناو واتایه‌كى تر به‌ گۆڕینى ووشه‌كه‌، یاخود به‌ گۆڕینى ماناى ووشه‌كه‌ كه‌ مه‌به‌سته‌ و په‌كخستن و لابردنى و ماناكردنى به‌شێوه‌یه‌كى تر كه‌له‌ ماناكه‌ى خۆى ده‌رى ده‌كات، یان چۆنێتى بۆ دیارى كردن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ شێواز و وێناى ئه‌و سیفه‌ته‌ له‌مێشكدا دروست بكرێت و بهێنرێته‌ پێش چاوو شێوه‌یه‌كى بۆ دیارى بكرێت، وه‌كو هاوشێوه‌كردنى ناو وسیفاته‌كانى خواى گه‌وره‌ به‌ ناو وسیفاته‌كانى مرۆڤ و دروستكراوه‌كانى تر، وه‌ یاخود وێناكردنى ئه‌و سیفه‌ته‌ به‌و شێوازه‌ى كه‌له‌ مرۆڤدا هه‌یه‌.
وه‌ به‌ناوبانگترین ده‌سته‌ وتاقمى ئه‌وانه‌ى كه‌ ڕاجیاوازن له‌گه‌ڵ ئه‌هلى سوننه‌ وجه‌ماعه‌دا له‌ بابه‌تى ناو وسیفاتدا سێ كۆمه‌ڵن:
1. ( غلاة الجهمية ) ئه‌وانه‌ى كه‌ نكۆڵى له‌ ناو وسیفاته‌كان ده‌كه‌ن.
2. ( المعتـزلة ) ئه‌وانه‌ى كه‌ نكۆڵى سیفاته‌كان ده‌كه‌ن.
3. ( أهل التعطيل الجزئي ) ئه‌وانه‌ش بریتین له‌م گروپانه‌: ( ئه‌شعه‌ریه‌كان – ماتوریدیه‌كان - كیلابیه‌كان ) وئه‌وانه‌ى شوێنیان ده‌كه‌ون، له‌ په‌كخستنێكى خراپ وناڕه‌وا بۆ ده‌قه‌كانى سیفات.
ئه‌ركى سه‌رشانمانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌: په‌یوه‌ست بین و ده‌ست بگرین به‌مه‌نهه‌ج و به‌رنامه‌ى سه‌له‌فه‌وه‌ له‌م جۆره‌ى ته‌وحیددا، كه‌ ئه‌وه‌ش بریتیه‌ له‌ سه‌لماندن و جێگیركردنى ئه‌وه‌ى خوا بۆ خۆى ئیسباتى ده‌كات یان پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى    بۆى ئیسبات ده‌كات له‌ ناو وسیفات وله‌گه‌ڵ ئیسبات كردنى ئه‌و مانا حه‌قیقیه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى، وه‌ نه‌فی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى    نه‌فی ده‌كه‌ن، وه‌ ئه‌وانیش له‌و نه‌فی كردنه‌یاندا خوا ناشوبهێنن به‌ دروستكراوه‌كانى و به‌ڵكو ناو و صیفه‌ت ئیسبات ده‌كه‌ن به‌بێ لێچواندن و وێناكردنى به‌ صیفاتى دروستكراوه‌كان، وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى چۆنێتیه‌كى تایبه‌تى بۆ دیارى بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ شتانێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماناكه‌ى تێناگه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ مانا و واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ى تێ ده‌گه‌ن كه‌ هه‌یه‌تى، به‌ڵام زانینى چۆنێتیه‌كه‌ى ده‌سپێرن به‌ خوا، وه‌ خواى گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت: [... لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ (11) ] (الشورى) واته‌: وه‌ هیچ شتێك له‌خوا ناچێت و هیچ شتێك لێكچوو و هاوشێوه‌ى ئه‌و نیه‌ له‌دروستكراوه‌كانى، نه‌ له‌ زات و خودى خۆیدا و نه‌ له‌ ناو و سیفاته‌كانیدا و نه‌ له‌ كار و كرده‌وه‌كانیشیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو ناوه‌كانى جوانن، و سیفاته‌كانیشى هه‌موو ته‌واو بێ كه‌موكوڕین، وكرداره‌كانیشى كه‌ دروستكراوه‌كانى كه‌ پێ به‌دیهێناون بێ هاوبه‌ش وبێ هاوكاربوون، وه‌ هه‌ر ئه‌ویشه‌ بیسه‌ر و بیناى ته‌واوه‌، كه‌ هیچ كردار وگوفتارێكى دروستكراوه‌كانى لـێ شاراوه‌ ونادیار نیه‌، وپاداشتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ .
وه‌ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: [ فَلا تَضْرِبُوا لِلَّهِ الأَمْثَالَ إِنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لا تَعْلَمُونَ (74) ] (النحل) واته‌: وه‌ ئه‌گه‌ر زانیتان كه‌ بت و په‌ره‌ستراوه‌كان سود نابه‌خشن، ئه‌وا نه‌كه‌ن ـ ئه‌ى خه‌ڵكینه‌ ـ هیچ له‌ دروستكراوه‌كانى خوای په‌روه‌ردگار بكه‌ن به‌ هاوشێوه‌ و هاوبه‌شیان بكه‌ن له‌ په‌ره‌ستنیدا، بێگومان خوای په‌روه‌ردگار زانایه‌ به‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجامى ئه‌ده‌ن، له‌كاتێكدا كه‌ ئێوه‌ غافڵ و بێ ئاگان و نازانن هه‌ڵه‌ و خراپی چاره‌نوستان چیه‌ .

شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي
لە کتێبی : (إعانة الخطباء والأئمة بفقه إمامة الأمة)

سەردان: ٤,٣١٤ بەش: باوەڕبون بە خوا