بینینى خواى گەورە – عزوجل- : ماڵپەڕی وەڵامەکان
بینینى خواى گەورە – عزوجل-
پرسیار:

مەزهەبی سەلەف چیە سەبارەت بە بینینى خواى گەورە – عزوجل- ؟ و حوكمى ئەو كەسە چیە كە پێى وایە خوا نابینرێت بەچاوى سەر و ئەو بینینەش گوزارشتە لە تەواوێتى و كەماڵى یەقین؟

خواى گەورە كاتێك باسی قیامەت دەكات لەقورئاندا دەفەرموێت: (وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ نَاضِرَةٌ) (إِلَى رَبِّهَا نَاظِرَةٌ) (القيامة:23:22) واتە: ڕوخساری كەسانى خۆشبەخت لە ڕۆژی دواییدا گەشاوە و پرشنگدار و جوانە ، و بەدیهێنەر و خاوەنى هەموو شتەكانى دەبینێت ، و چێژ لەو بینینە وەردەگرێت.

جا خواى گەورە لە ئایەتەكەدا بینینەكەى دایە پاڵ ڕووخسار و بێگومان كردارى بینینیش هەربەچاو دەبێت، و بۆیە لەئایەتەكەدا بەڵگەى ئەوەى تێدایە كە خواى گەورە بە چاو دەبینرێت، بەڵام بینینمان بۆ خواى گەورە ماناى پەی پێ بردن نییە، چونكە خواى گەورە دەفەرموێت: ( وَلا يُحِيطُونَ بِهِ عِلْماً)  (طـه: من الآية110) واتە: دروستكراوەكان زانستیان بەحەقیقەتى ئەو ناگات ـ پاكى و بێگەردى و بەرز و بڵندى تەواو تەنها هەر شایستەى ئەوە .

 جا ئەگەر ئێمە زانستمان بە حەقیقەتى ئەو نەگات و پەی پێ نەبات – لەكاتێكدا كە پەی پێ بردن بەزانست فراوانتر و گشتگیرترە لە پەی پێ بردن بە چاو- ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە ناتوانرێت بە چاو پەی بەخوا ببرێت و خواى گەورەش دەفەرموێت:(لا تُدْرِكُهُ الأَبْصَارُ وَهُوَ يُدْرِكُ الأَبْصَار) (الأنعام: من الآية103) واتە: چاوەكان لە دونیادا خواى پەروەردگار نابینن ، بەڵام لە ڕۆژى دواییدا باوەڕداران پەروەردگارى خۆیان دەبینن هەروەكو چۆن مانگى چواردەشەوە بەڕوونى دەبینن ، وە خواى پەروەردگار چاوەكان دەبینێت و لێیان بەئاگایە ، و زانایا بەوەى كە لەسەرین ، و بەئاگا و وردبینە بە دۆستانى كە تەنانەت وردترین وئاڵۆزترینى شتەكان دەزانێت ، و شارەزا و لێزانە بە پەنهانى وشتە شاراوەكان .

 جا چاوەكان ئەگەریش خواى گەورە ببینن لە رۆژى دواییدا بەڵام ناتوانرێت پەى بەخوا ببات، وە چاوەكان بە بینینێكى ڕاستەقینە خوا دەبینن بەڵام دركى پێ ناكەن بەو بینینە، چونكە خواى میهرەبان لەوە زۆر گەورەتر و مەزنترە كە پەى بێ ببرێت، و ئەوەیە كە سەلەف بۆى چوون و باوەڕیان پێیەتى و بڕوایان وەهایە كە تەواوترین نیعمەت كە بە مرۆڤ دەبەخشرێت بریتیە لە سەیركردنى بۆ خواى گەورە – عزوجل- و هەربۆیە یەكێك لە دوعاكانى پێغەمبەرى خوا    ئەوەبووە كە فەرموویەتى:  ((أسألك لذة النظر إلى وجهك))(1). واتە: خوایە داواى لەزەتى بینینى ڕووخسارت دەكەم.

وە فەرمووى: ((لذة النظر)) چونكە ئەو بینینە لەزەت و خۆشیەكى هەیە كەس هەستى پێ ناكات ئەوە نەبێت كە سەیرى دەكات و خواى گەورە ئەو فەزڵەى پێ دەبەخشێت، وە ئومێدەوارم خواى گەورە من و ئێوەش لەوانە بگێڕێت، جا ئەمە حەقیقەتى بینینى خوابوو كە سەلەف كۆكن لەسەرى.

بەڵام ئەوەى كە پێى وایە خوا نابینرێت بەچاوو وەكو ئەو بینینە گوزارشتە لە ئەوپەڕى یەقین، ئەوا قسەكەى ناڕاست و ناڕەوایە و پێچەوانەى بەڵگەیە و واقع بەدرۆى دەخاتەوە، چونكە ئەوپەڕى یەقین و تەواوێتى یەقین لەدونیاشدا بوونى هەیە و ئەوەتا پێغەمبەرى خوا    لە تەفسیرى ئیحساندا فەرموویەتى: ((الإحسان أن تعبد الله كأنك تراه فإن لم تكن تراه، فإنه يراك)). واتە: ئیحسان ئەوەیە كە بەشێوەیەك خوا بپەرستیت وەكو ئەوە وابێت كە بیبینی، جا ئەگەر نەتبینی، ئەوا ئەو تۆ دەبینێت.

وە خواپەرستیت بۆ خوا وەكو بینینى ئەوا ئەوپەڕى یەقینە، جا بانگەشەى ئەوەى كە ئەو دەقانەى باسی بینینى خوا دەكەن واتە تەواوێتى یەقین، چونكە كەسی یەقین تەواو وەكو ئەوە وەهایە كە بەچاو بینیبێتى بۆیە ئەمە باوەڕێكى ناڕاستە و گۆڕینى دەقەكانە، نەوەك تەئویل بەڵكو گۆڕینێكى ناڕاست و ناتەواوە و پێویست بە وەڵامدانەوە دەكات و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو كەسەى كە ووتویەتى. والله المستعان .

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(1) النسائي، كتاب السهو، باب 62ح (1304) . وأحمد (5/191).

سەردان: ٢,٠٩٦ بەش: باوەڕبون بە خوا