حوكمى ئینكارى كردنى شتێك لە ناو و صیفاتەكانى خوا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى ئینكارى كردنى شتێك لە ناو و صیفاتەكانى خوا
پرسیار:

حوكمى ئینكارى كردنى شتێك لە ناو و صیفاتەكانى خوا چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ئینكارى كردن دوو جۆرە:  
جۆرى یەكەم: ئینكاریەكى بەدرۆزانین، ئەمەش بێگومان كوفرە، بۆیە ئەگەر كەسێك ئینكارى ناوێك لەناوەكانى خواى گەورە یان صیفەتێك لە صیفاتەكانى بكات كەلە قورئان و سوننەتدا هاتووە، بۆنمونە بڵێت: خواى گەورە دەستى نیە، ئەوە كافرە بە یەكدەنگى موسڵمانان، چونكە بەدرۆخستنەوەى هەواڵى خواو پێغەمبەرەكەیەتى و لەدین دەردەچێت.

جۆرى دووەم: ئینكاریەكى لێكدانەوە و تەئویل، ئەوەش نكۆڵى لێ ناكات بەڵكو ماناكەى دەگۆڕێت و ئەمەش دوو جۆرە:
یەكەم: تەئویلەكە بەشێوەیەك بێت كە لە زمانى عەرەبیدا رێگەپێدراو بێت و هاتبێت ئەمەش كوفر نیە.
دووەم: ئەوەیە كە لە زمانى عەرەبیدا جێگەى نەبێتەوە و هەڵى نەگرێت ئەوەش كوفرە، چونكە ئەو كاتە دەبێت بە درۆخستنەوە، بۆنمونە: بڵێت خواى گەورە دەستى ڕاستەقینەى نیە و دەستیش ماناى نیعمەت یان هێز نادات ئەوە كافرە، چونكە بەڕەهایی نەفی كرد و حەقیقەتى شتەكەى بەدرۆ خستەوە، وە هەروەها ئەگەریش سەبارەت بە ئایەتى:
 (بَلْ يَدَاهُ مَبْسُوطَتَانِ)(المائدة: من الآية64) بڵێت: مەبەست لە ووشەى ( یداە) واتە ئاسمانەكان و زەوى ئەوە كافرە، چونكە لە زمانى عەرەبیدا هەڵى ناگرێت و شتى وانیە ولەشەرعیشدا جێگەى نابێتەوە بۆیە ئەو كەسە هەم ئینكارى كردووە و هەمیش بەدرۆى خستۆتەوە.
بەڵام ئەگەر بڵێت مەبەست لە ووشەى ( ید) واتە نیعمەت یان هێز ئەوا پێى كافر نابێـت، چونكە لە زمانى عەرەبیدا (ید) بە ماناى نیعمەت هاتووە، وەكو شاعر دەڵێت:
وكم لظلام الليل عندك من يدٍ            تحدث أن المانوية تكذب
جا ووشەى ( ید) لەم دێڕەدا واتا نیعمەت، چونكە مانەویەكان (كە ئاینێكى فارسیە) دەڵێن: تاریكى خێرى تێدا نیە و بەڵكو شەڕ و خراپەى لێ دەكەوێتەوە و تێدایە.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ١,٦٧٣ بەش: هەڵوەشێنەرەوەکانى ئیسلام