فەزڵ و سودەكانی خودا بە تەنها ناسین و یەکخواپەرستى لە دونیا و قیامەتدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و سودەكانی خودا بە تەنها ناسین و یەکخواپەرستى لە دونیا و قیامەتدا
پرسیار:

ئایا فەزڵ و سودەكانی خودا بە تەنها ناسین و یەکخواپەرستى چیە لە دونیا و قیامەتدا ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

خودا بە تەنها ناسین كۆمەڵێك فەزڵ و سوودی هەیە لە دونیا و قیامەتدا لەوانە :
1- خوا بە تەنها ناسین هۆكارە بۆ ئەمینی‌ و هێمنی دونیاو دواڕۆژ :
2- بەهۆی خوا بە تەنها ناسینەوە پەروەردگار لە تاوانەكان خۆش دەبێت‌و خراپەكانیش دەسڕێتەوە :
3- هۆكارە بۆ بەدەست هێنانی شەفاعەتی پێغەمبەر ﷺ  :
4- هۆكارە بۆ چوونە بەهەشت :
5- لە هەموو شتێك قورستر و سەنگین ترە :
6- خوا بە تەنها ناسین ڕزگارت دەکات لە ناڕەحەتیەکانى دنیا و قیامەت :
7- خوا بە تەنها ناسین نایەڵێ‌ خاوەنەكەی بچێتە دۆزەخەوە :
8- ئیمان و خوا بە تەنها ناسین گەر کەمیش بێ هەر ڕزگارت دەکات لە دۆزەخ :
9- خوا بە تەنها ناسین شرینی دەداتە دڵ :
10- خوا بە تەنها ناسین ڕزگارت دەکات لە بەندایەتى بۆ جگە لە خوا :

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

خودا بە تەنها ناسین كۆمەڵێك فەزڵ و سوودی هەیە لە دونیا و قیامەتدا لەوانە : 
1- خوا بە تەنها ناسین هۆكارە بۆ ئەمینی‌ و هێمنی دونیاو دواڕۆژ : 
خواى گەورە دەفەموێ : [الَّذِينَ آمَنُوا وَلَمْ يَلْبِسُوا إِيمَانَهُم بِظُلْمٍ أُولَٰئِكَ لَهُمُ الْأَمْنُ وَهُم مُّهْتَدُونَ ] الأنعام (82)
واته : ئەوانەی باوەڕیان هێناوە و خوای گەورە بەتاك وتەنیا دەپەرستن وبەندایەتی یەكەیان تێكەڵ ناكەن لەگەڵ هاوەڵ بڕیار دان وسوور نابن لەسەر گوناهە گەورەكان وبەو باوەڕەوە دەمرن ، ئاسوودەیی و هێمنی هەر بۆ ئەوانەیە لە ڕۆژی دوایدا و ئەوانە ڕێنموومایی كراون لە ژیانی دنیا و لە تاقی كردنەوەی ناو قەبر، و ڕۆژی حەشر و حسابدا.

2- بەهۆی خوا بە تەنها ناسینەوە پەروەردگار لە تاوانەكان خۆش دەبێت‌و خراپەكانیش دەسڕێتەوە : 
هەروەك لە حەدیسێكی قودسیدا كە ئەنەسی كوڕی مالك (رضي الله عنه) لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەیگێڕێتەوە، خوای پەروەردگار فەرمویەتی:( يَا ابْنَ آدَمَ إِنَّكَ لَوْ أَتَيْتَنِي بِقُرَابِ الأَرْضِ خَطَايَا ثُمَّ لَقِيتَنِي لاَ تُشْرِكُ بِي شَيْئَاً لأَتَيْتُكَ بِقُرَابِهَا مَغْفِرَةً) رواه الترمذي وحسنه.
واتە: ئەی ئادەمیزان ئەگەر پێم بگەیت لە قیامەتدا پڕ بەپڕی  زەوی تاوانت كردبێ بەڵام شەریكت بۆم بڕیار نەدابێت منیش لە پاداشتتدا بەقەد ئەوە لێخۆشبونم بۆت هەیە.

3- هۆكارە بۆ بەدەست هێنانی شەفاعەتی پێغەمبەر ﷺ  :
پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرمویەتی : (أَسْعَدُ النَّاسِ بِشَفَاعَتِى يَوْمَ الْقِيَامَةِ مَنْ قَالَ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ، خَالِصًا مِنْ قَلْبِهِ أَوْ نَفْسِهِ)
واتا: سەرفرازترین و بەختەوەرترین خەڵکی لە ڕۆژی قیامەتدا كە بەر شەفاعەتی من بكەوێت کەسێکە لە ناخی دڵییەوە و بە دڵسۆزییەكی تەواوەوە وتبێتی (لا إله إلا الله) .

4- هۆكارە بۆ چوونە بەهەشت :
پێغەمبەری خوا ﷺ  فەرمویەتی : ( بَشِر النّاسَ أنهُ مَنْ قَال: لا إله إلا الله وَحْدَه لا شَرِيكَ له وَجَبَتْ له الجَنَّةُ) واته : مژده بده ن به خەڵكی به وەی هەركه سێك بڵێت: هیچ پەرستراوێك نییه بەحه ق شایستەی پەرستن بێت، جگه له (الله) كه پەروەردگاری هەموو جیهانه ، تاكو تەنهایه و بێ شەریكه ، ئەوا بەهەشتی بۆ واجب دەبێت. 

5- لە هەموو شتێك قورستر و سەنگین ترە : 
پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: پێغەمبەر نوح (علیه السلام) لەكاتی وەفاتیدا بە كوڕەكەی فەرموو: فەرمانت پێ دەكەم بە وتنی (لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله) چونكە هەر حەوت ئاسمانەكان‌و زەویەكانیش بكرێتە تایەكی ترازووەوە، وە بەتەنها (لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله) بكرێتە تایەكی تەرازووەوە ئەوا (لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله)كە قورس ترو سەنگین ترە.

6- خوا بە تەنها ناسین ڕزگارت دەکات لە ناڕەحەتیەکانى دنیا و قیامەت :
خوا بە تەنها ناسین گەورەترین هۆكارە بۆ لاچون و نەمانی تەنگ و چەڵەمەو ئاستەنگەكانی دونیا و قیامەت، خوای پەروەردگار بەهۆیەوە سزا لا ئەبات لە سەر بەندەكانی لە دونیا و قیامەتدا وە بە هۆیەوە خوای پەروەردگار نازو نیعمەتی خۆی ئەرێژێ‌ بە سەریاندا .

7- خوا بە تەنها ناسین نایەڵێ‌ خاوەنەكەی بچێتە دۆزەخەوە :
خوا بە تەنها ناسینێكی تەواو ئەگەر لە هەر دڵێكدا هەبێت نایەڵێ‌ خاوەنەكەی بچێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە، هەر وەك عتبان لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) بۆمان دەگێرێتەوە كە فەرمویەتی: (....فإن الله حرم على النار من قال: لا إله إلا الله يبتغي بذلك وجه الله) متفق عليه .
واتا: خوای پەروەردگار لاشەی كەسێكی حەرام كردووە لە ئاگری دۆزەخ كە وتبێتی (لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله) و تەنها مەبەستی خوای پەروەردگارە بە ووتنی .

8- ئیمان و خوا بە تەنها ناسین گەر کەمیش بێ هەر ڕزگارت دەکات لە دۆزەخ :
 ئیمان و خوا بە تەنها ناسین  ئەگەر بە ئەندازەی كەم تر لە دەنكە خەرتەلەیەك لە دڵی هەر موسڵمانێكدا هەبێت ڕزگاری دەكات لە ئاگری دۆزەخ و بە هەمیشەیی خاوەنەكەی لە ئاگردا نامێنێتەوە (چەندێك  تاوانیشی زۆر بێت بە مەرجێك ئەو تاوانانە نەگەیشتبێتە ڕادەی شیرك و بێ‌ باوەڕی). (*)

9- خوا بە تەنها ناسین شرینی دەداتە دڵ :
خوا بە تەنها ناسین هەر كاتێك بە تەواوی لە هەر دڵێكدا هەبوو خوای پەروەردگار ئیمان لەو دڵەدا شیرین و خۆشەویست ئەكات و ئەیڕازێنێتەوە بە كردەوەی چاكە .

10- خوا بە تەنها ناسین ڕزگارت دەکات لە بەندایەتى بۆ جگە لە خوا :
خوا بە تەنها ناسین بەندەكان ڕزگار دەكات لە بەندایەتی كردن و دڵ پەیوەست بوون و ترسان و ئومێد بوون و كردەوە كردن لە بەر دروست كراوەكانی خوای پەروەردگار، كە ئەو ڕزگار بونەش سەرفرازی ڕاستەقینەو ڕێزو شكۆمەندی بەرزییە .


(*) بڕوانە : صحيح البخاري ، كتاب التوحيد ، باب قول الله تعالى: {لِمَا خَلَقْتُ بِيَدَيَّ} ،  برقم 7410، وصحيح مسلم ، كتاب الإيمان ، باب معرفة طريق الرؤية ، 1/170، برقم 183،  ورقم 193.

سەردان: ٢,٠٥٩ بەش: باوەڕبون بە خوا