ئایا چۆن وەڵامی ئەم پرسیارەی شەیتان بدەینەوە: كێ خوای دروست كردووە ؟
بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەگەر شەیتان بەم پرسیارە وەسوەسەی كرد بۆ كەسێك ئەوا با پەنابگرێت بە خوا، خوای پایەبەرز فەرموویەتی : [وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنْ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ إِنَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ] (فصلت).
واتە: ئەگەر شەیتان وەسوەسەی بۆت كرد و خراپەی بۆت رازاندەوە و تەمبەڵی كردیتەوە لە چاكەكردن و هانی دایت بۆ تاوان كردن ئەوا پەنا بگرە بە خوا چوونكە خوا بیسەر و زانایە.
وە پێغەمبەر (ﷺ ) فێری كردووین كەوا فێڵی شەیتان ڕەتبكەینەوە و بڵێین: ((آمَنْتُ بِاللَّهِ وَبِرُسُلِهِ، اللَّهُ أَحَدٌ، اللَّهُ الصَّمَدُ، لَمْ يَلِدْ، وَلَمْ يُولَدْ، وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ)).واتە: ئیمانم هەیە بە خوا و پێغەمبەرانی، خوا تەنهایە، خوا پێویستی بە كەس نییە و هەموو دروستكراوێكیش پێویستی بەو هەیە، لە كەس نەبووە، و كەسیشی لـێ نەبووە، و هیچ هاوشێواز و هاووێنەی نییە.
ئەنجا با سێ جار تف بكات بە لای چەپیدا، و پەنا بگرێت بە خوا لە شەیتان، و وازیش بێنێت لەو وەسوەسە و گومانە و بیری لێنەكاتەوە، ئەمانە هەمووی ئەو وەسوەسەیە ناهێڵێت.
ئەمە پوختەی ئەو فەرموودە صەحیحانەیە كە لەم بارەیەوە هاتوون لە [صحيح البخاري رقم: (3276) وصحيح مسلم رقم: (134) ومسند أحمد رقم: (25006) وصحيح أبـي داود رقم: (4722) ] دا.
وە پێویستە بوترێت: خوای گەورە دروستكارەو دروستكراو نییە، بۆ زیاتر نزیك بوونەوەی ئەم شتە لەبیرو هۆشماندا دەڵێین: ژمارە دوو ژمارە یەك لەپێشیەوەیەتی، وە ژمارە یەك هیچ شتێك لە پێشیەوە نییە، خوای گەورە تاكو تەنهایەو هیچ شتێك لە پێشیەوە نەبووە، هەروەك پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرمووێت:
(اللهُمَّ أَنْتَ الأَوَّلُ فَليْسَ قَبْلكَ شيء). (رواه مسلم وأبو داود والترمذي وابن ماجة وصححه الشيخ الألباني في: صحيح الجامع الصغير: 4424)
واتە: خوایە تۆ لەسەرەتاوە هەر بوویتو هیچ شتێك لە پێش تۆوە نەبووە.
وە خوای گەورە دەفەرمووێ: [ هُوَ الأَوَّلُ وَالآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ] [الحديد: 3] .
واتە: هەر خوای گەورەیە كە یەكەمینو دواهەمینە، وە ئاشكراو نهێنی دەزانێت، وە ئەو بەهەموو شتێك ئاگادارە.
وَآخِرُ دَعْوَاهُمْ أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ