ئایا مەزهەبی سەلەف چۆن بووە سەبارەت بە پرسی (علو) واتە بەرزى و بڵندى خوا؟ وە ئایا حوكمى ئەو كەسە چییە كە دەڵێت خوا لە سەر و خوار ولاى ڕاست ولاى چەپ دا نییە و هیچ شوێنێكى نیە و بەڵكو ئەو لەناو دڵى بەندەى باوەڕدارە؟
مەزهەبی سەلەف – رەزاى خوایان لێ بێت – وەهایە كە زاتى خواى گەورە لەسەرووى بەندەكانیەوەیەتى، وە خواى گەورە فەرموویەتى:( فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلاً)(النساء: من الآية59) واتە: وە ئەگەر لەشتێكدا جیاوازى وناكۆكى كەوتە نێوانتانەوە ، ئەوا بڕیاردان لەسەر ئەوە بگەڕێننەوە بۆلاى كتێبەكەى خواى پەروەردگار وسوننەتى پەیامبەرەكەى (موحەممەد ﷺ )، ئەگەر بەڕاستى باوەڕتان بەخواى پەروەردگار وبەڕۆژى لێپرسینەوە هەیە . ئەو گەڕانەوەیەش (بۆ لاى قورئانى پیرۆز و سوننەت) چاكترە بۆتان لەناكۆكى و بڕیاردانتان بەڕاوبۆچوونى خۆتان ، وباشترین ئاكام وعاقیبەتى دەبێت.
وە هەروەها دەفەرموێت: (وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِنْ شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ) (الشورى: من الآية10) واتە: وە لەهەر شتێكدا لەكاروبارى دینتاندا ڕاجیاوازى و ناكۆكیتان هەبوو ـ ئەى خەڵكینە ـ ئەوا حوكمى كۆتایی ودوابڕیار تێیدا بریتیە لەگەڕانەوە بۆ لاى خوا لە كتێبەكەیدا و سوننەتى پەیامبەرەكەى ﷺ .
وە دەفەرموێت: (إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ) (النور:51) (وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَخْشَ اللَّهَ وَيَتَّقْهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ) (النور:52).
واتە: بەڵام سەبارەت بە باوەڕدارانى ڕاستەقینە گوفتاریان ئەوەیە كە ئەگەر بانگبكرێن بۆ بردنى ناكۆكیەكانیان بۆ لاى حوكمى قورئان و پەیامبەرەكەى ﷺ ، ئەوا ئەو حوكمە وەردەگرن و دەڵێن : گوێبیستى ئەوەبوین كە پێمان ووترا ، وە گوێڕایەڵی ئەو كەسەش بووین كە بانگی كردین بۆ ئەو كارە ، وە هەر ئەوانەشن كە سەرفراز و براوەن لەوەى كە مەبەستیانە لە بەهەشتى پڕ ناز و نیعمەت و خۆش گوزەرانى . وە هەر كەسێك گوێڕایەڵی خوا و پەیامبەرەكەى ﷺ بكات لە فەرمان و یاساغیدا ، وە لە ئاكامەكانى سەرپێچى بترسێت ، وە خۆپاریز بێت لەسزای خوای پەروەردگار ، ئەوا بێگومان ئەوانەن كە خۆشگوزەرانیەكانى بەهەشتیان بردووەتەوە.
وە هەروەها دەفەرموێت: (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلالاً مُبِيناً) (الأحزاب:36) واتە: وە نابێت هیچ باوەڕدارێك ـ پیاو بێت یان ئافرەت ـ ئەگەر خوا و پەیامبەرەكەى ﷺ فەرمانیان بە حوكمێك كرد ئەوان پێچەوانەى ببنەوە ، بەوەى جگە لەوە هەڵبژێرن كە فەرمانی پێكراوە . وە هەر كەسێك سەرپێچى خواى پەروەردگار و پەیامبەرەكەى ﷺ بكاتەوە ئەوە دووركەوتووەتەوەو بە ئاشكرا گومڕابووە لە ڕێگەى ڕاست.
وە هەروەها دەفەرموێـت: (فَلا وَرَبِّكَ لا يُؤْمِنُونَ حَتَّى يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لا يَجِدُوا فِي أَنْفُسِهِمْ حَرَجاً مِمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيماً). (النساء:65)
واتە: خواى بەرز و بڵند و پایەبەرز سوێند بە زاتى موبارەك و پیرۆزى خۆى دەخوات كەوا بێگومان ئەوانە لە دڵەوە بەڕاستى باوەڕیان نەهێناوە تاكو تۆ نەكەنە دادوەر لەو دووبەرەكى و ناكۆكیەى كە كەوتۆتە نێوانیانەوە لەكاتى ژیانتدا ، و لەپاش مردنیشت بەگەڕانەوە بۆلاى سوننەتەكەت ، پاشان هیچ دڵتەنگیەك لەدڵ و دەروونیاندا دروست نەبێت سەبارەت بەو بڕیارەى كە تۆ داوتە ، لەگەڵ ئەو پەڕى ملكەچییاندا ، چونكە حوكمكردن بەوەى كە پەیامبەرى خوا ﷺ هێناویەتى لە قورئان و سوننەت لە هەموو بوارەكانى ژیان لە ناوكرۆكى باوەڕە لەگەڵ تەواوى ڕازیبوون و ملكەچى بۆى.
جا مادام ئەوە ڕوون بوویەوە بە تەواوى كەوا رێگە و رێچكەى باوەڕداران لەكاتى ناكۆكى و ڕاجیاوازیدا بریتیە لە گەڕانەوە بۆ كتێبەكەى خواى گەورە و سوننەتى پێغەمبەرەكەى ﷺ ، و گوێڕایەڵى و جێ بەجێ كردنى فەرمانەكانى و سەرپشك نەبوون لە هەڵبژاردنى فەرمانیان و زانینى ئەوەى كە باوەڕ تەواونابێت بەوە نەبێت و لەناخ و دڵیشدا پێت ناخۆش نەبێت و بەتەواوەتى خۆت بدەیت بەدەستەوە، لەپاش زانینى هەموو ئەمانە ئەوا دەرچوون لەم ڕێگە و ڕێبازە ئەوە پێویست دەكات كەلەم ئایەتەدا باس كراوە كە دەفەرموێت:
(وَمَنْ يُشَاقِقِ الرَّسُولَ مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَى وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّى وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ وَسَاءَتْ مَصِيراً) (النساء:115) . واتە: وە هەركەسێك پاش ئەوەى كە هەقى بۆ ئاشكرابوو پێچەوانەى پەیامبەرى خوا ﷺ بكات ، وڕێگەیەك جگە لە ڕێگەى باوەڕداران و ئەو هەقەى كە لەسەریبوون بگرێتەبەر ، وازى لێئەهێنین لەگەڵ ئەوەى كە بۆى دەچێت ، و سەركەوتووى ناكەین بۆ چاكەكارى ، ودەیخەینە ئاگرى دۆزەخەوە بۆ ئەوەى گەرمیەكەى بچێژێت وئەمەش خراپترین دەرئەنجام و ئاكامە .
جا لەژێر رۆشنایی ئەوەى باس كرا ئەو كەسەى ورد بێتەوە و تێڕادەمێنێت لەم بابەتە – بابەتى بەزر و بڵندى خوا – لەپاش گەڕانەوەى بۆ قورئان و سوننەت ئەوەى بۆ ڕوون دەبێتەوەو بۆى ئاشكرا دەبێت كە قورئان وسوننەت بە ڕاشكاوى ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زاتى خواى گەورە لەسەرووى گشت دروست كراوەكانیەوەیەتى، ئەوەشى بەچەندین گوزارشتى جیاجیا دەربڕیوە، وەكو:
1- بەڕاشكاوى دەربڕینى ئەوەى كە خواى گەورە لە ئاسمانە، وەكو ئایەتى: (أَمْ أَمِنْتُمْ مَنْ فِي السَّمَاءِ أَنْ يُرْسِلَ عَلَيْكُمْ حَاصِباً فَسَتَعْلَمُونَ كَيْفَ نَذِيرِ) (الملك:17). واتە: ئەى بێ باوەڕانى مەككە ـ ئایا ئەمین و دڵنیان لەوەى كە ئەو خوایەى لە سەروى ئاسمانەكانەوەیە بە ناخى زەویتاندا نەبات ، لە كاتێكدا كە زەوى پێتانەوە دەشڵەژى تاكو لەناو دەچن ؟ ئایا ئەمین و دڵنیان لەوەى كە ئەو خوایەى لەسەروى ئاسمانەكانەوەیە بە ناردنى بایەك وردە زیخ ببارێنێتە سەرتانا ئەو كاتە دەزانن ـ ئەى بێ باوەڕان ـ كە ئاگەداركردنەوەى من بۆتان چۆن بوو كاتێك بە چاوى خۆتان سزاكەتان بینى ؟ بێگومان ئەو كاتەش زانینى ئەو شتە هیچ سودێكتان پێ ناگەیەنێت . وە لە ئایەتەكەدا جێگیركردنى سیفەتى بەرزى و بڵندى ( العلو ) ـى تێدایە بۆ خواى پەروەردگار بەو شێوەیەى كە لایق و شایستەى خۆیەتى .
وە پێغەمبەرى خوا ﷺ لە روقیەى نەخۆشدا دەفەرموێت: ((ربنا الله الذي في السماء))(1) ، واتە: پەروەردگارمان كە لە ئاسمانە.
وە ئەو فەرموودەیەى كە دەفەرموێت: ((والذي نفسي بيده ما من رجل يدعو امرأته إلى فراشها فتأبى عليه إلا كان الذي في السماء ساخطاً عليها حتى يرضى عنها))(2) واتە: سوێند بەو كەسەى كە گیانى منى بەدەستە هیچ پیاوێك نیە كە بانگى خێزانەكەى بكات بۆ سەرجێى كردن و ئەویش وەڵامى نەداتەوەو ڕازى نەبێت بە داواكاریەكەى ئەوا ئەوەى كەلە ئاسمانە توڕەیە لێى هەتا ڕازى نەكات.
2- بەڕاشكاوى دەربڕینى ئەوەى كە خواى گەورە لە سەرەوەیە، وەكو ئایەتى: (وَهُوَ الْقَاهِرُ فَوْقَ عِبَادِهِ) (الأنعام: من الآية18) واتە: وە خواى پاك و بێگەردە كە زاڵ و بالآدەستە بەسەر بەندەكانیەوە ، و هەموو ملكەچن لە ئاست ئەودا و بەدەسەڵات و زلهێزەكانیش لە بەرامبەر ئەودا زەلیل و ملكەچ و وبێدەسەڵاتن . وە لەم ئایەتەدا لەسەرووبوونى خواى بەرز وبڵند وپایەبەرز بەسەر هەموو دروستكراوەكانى دەسەلمێنرێت ، لەسەرووبوونێكى ڕەها كە شایستەى بەرزى و بآگەردێتى ئەو بێت .
وە هەروەها دەفەرموێت: (يَخَافُونَ رَبَّهُمْ مِنْ فَوْقِهِم)(النحل: من الآية50) واتە: فریشتەكان لە پەروەردگاریان دەترسن ئەو پەروەردگارەی كە لەسەروویانەوەیە ـ بەزات و زاڵبوون و تەواوێتی سیفەتەكانی ـ وە لەم ئایەتەشدا : جێگیربوونی سیفەتى بەرزى و بەرزبوونەوە و لە سەرووبوونی خوای پەروەردگاری تێدایە لەهەموو دروستكراوەكانى ـ بەو شێوەیەى كە شایەنى شكۆدارێتی و تەواوێتیەتی خۆیەتی ـ .
وە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((إن الله لما قضى الخلق كتب عنده فوق عرشه إن رحمتي سبقت غضبي))(3) واتە: خواى گەورە كاتێك لە دورست كردنى مەخولقات بوویەوە لاى خۆى نووسى لەسەرووى عەرشەكەى بەوەى كە ڕەحمەتم پێش توڕەییم كەوتووە.
3- بەڕاشكاوى دەربڕینى ئەوەى كە شتەكان بۆ لاى ئەو بەرز دەبنەوە و لاى ئەویشەوە دادەبەزن، وە ئاشكرایشە كە بەرزبوونەوە بۆ سەرەوە نەبێت نابێت و دابەزینیش لەبەرزیەوە یان لەسەرەوە نەبێت نابێت، وەكو ئەم ئایەتە: (إِلَيْهِ يَصْعَدُ الْكَلِمُ الطَّيِّبُ وَالْعَمَلُ الصَّالِحُ يَرْفَعُهُ)(فاطر:الآية10) واتە: زیكر و یادى ئەو بۆ لاى خۆى بەرز دەبێتەوە ، و كردەوە چاكەكانیش هەر بۆ لای خۆی بەرز دەكاتەوە.
هەروەها دەفەرموێت: (تَعْرُجُ الْمَلائِكَةُ وَالرُّوحُ إِلَيْهِ)(المعارج: الآية4) واتە: فریشتەكان و جبریل بۆ لاى ئەو بەرز دەبنەوە.
هەروەها دەفەرموێت: (يُدَبِّرُ الأَمْرَ مِنَ السَّمَاءِ إِلَى الأَرْضِ ثُمَّ يَعْرُجُ إِلَيْه) (السجدة: الآية5) واتە: بەڕێوەبردن و هەڵسوڕانى كاروبارى بەدیهێنراوەكان لە ئاسمانەوە بۆ زەوى لەلایەن خواى پەروەردگارەوە دەبێت ، پاشان ئەو كار وكردەوانە بەرزدەبنەوە بۆ لاى خوا.
هەروەها دەفەرموێت: (لا يَأْتِيهِ الْبَاطِلُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَلا مِنْ خَلْفِهِ تَنْزِيلٌ مِنْ حَكِيمٍ حَمِيدٍ) (فصلت:42) واتە: هیچ شتێكى پوچەڵ و ناڕەواى تێدانیە لە هیچ لایەكەوە ، و هیچ شتێكیش پوچەڵى ناكاتەوە ، چونكە پارێزراوە لەوەى لێى كەمبكرێتەوە یان بۆى زیادبكرێت ، لەلایەن زاتێكە دابەزێنراوەتە خوارەوە دانایە لەبەڕێوەبردنى كاروبارى بەندەكانى و ستایشكراوە لەبەر هەموو ئەو سیفەتە تەواو و كاملآنەى كە هەیەتى .
وە ئاشكرایشە كە قورئان قسەى خواى گەورەیە وەكو دەفەرموێت: (وَإِنْ أَحَدٌ مِنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّى يَسْمَعَ كَلامَ اللَّهِ)(التوبة: الآية6)
واتە: وە ئەگەر ـ ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ ـ یەكێك لەو هاوەڵبڕیاردەرانەى كە خۆێن وماڵیان حەڵاڵكراوە داواى كرد كە بێتە ژێر پارێزراوى تۆ و ئارەزووى سەلامەتى وئاسایشى ئەكرد ، ئەوا تۆش وەڵامى بدەرەوە و داواكەى وەربگرە بۆ ئەوەى گوێبیستى قسەى خوا بێت (كە قورئانى پیرۆزە)ە و چاوى بەڕێنماییەكان بكەوێت. جا بۆیە كە قورئان قسەى خوا بێت و لاى ئەویشەوە دابەزێنرابێت ئەوا بەڵگەیە لەسەر بەرزى وبڵندى خواى گەورە بەزاتى خوَى سبحانە.
وە هەروەها پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((ينزل ربنا إلى السماء الدنيا حين يبقى ثلث الليل الآخر فيقول من يدعوني)) . إلى آخر الحديث(4)، واتە: پەروەردگارمان دادەبەزێتە ئاسمانى دونیا كاتێك كە سێ یەكى شەوى دواتر ماوە و دەفەرموێت: كێ داوام لێ دەكات.
وە هەروەها لە فەرموودەى بەرائی كوڕى عازب رضی الله عنه دا هاتووە كە پێغەمبەرى خوا ﷺ كاتێك رۆیشتووە بۆ سەر جێگاى خەوتن زیكرێكى ووتوە كە تێیدا هاتووە: ((آمنت بكتابك الذي أنزلت، ونبيك الذي أرسلت))(5). واتە: باوەڕم هێناوە بەو كتێبەى كە داتبەزاندووە و ئەو پێغەمبەرەى كە ناردووتە و ڕەوانەت كردووە.
4- بە ڕاشكاوى وەصف كردنى خوا بەوەى كە بەرزە، وەكو ئایەتى: (سَبِّحِ اسْمَ رَبِّكَ الأَعْلَى) (الأعلى:1) واتە: پاكى ناوى پەروەردگارى بەرزت بەرز ڕابگرە لە هەموو هاوەڵبڕیاردان و كەم و كوڕیەك.
هەروەها دەفەرموێت: ( وَلا يَؤُودُهُ حِفْظُهُمَا وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ)(البقرة: الآية255) واتە: وە پاراستنى ئەوانە هیچ قورس نیە لەلاى ئەو ، و بەرز و بڵند و پایەبەرزە بە زات و سیفەتەكانى بەسەر سەرجەم دروستكراوەكانیدا. وە پێغەمبەرى خوایش ﷺ فەرموویەتى: ((سبحان ربي الأعلى))(6). واتە: پاكى وبێگەردى بۆ پەروەردگاری بەرزم.
5- ئاماژەكردنى پێغەمبەرى خوا ﷺ بۆ ئاسمان كاتێك خواى گەورەى كرد بە شاهێد لە وەستانى سەر كێوى عەرەفە، كە پێغەمبەرى خوا ﷺ ئامادەى گەورەترین كۆبوونەوە بوو لەگەڵ ئوممەتەكەى و كاتێك پێیانى فەرموى: ((ألا هل بلغت))؟ قالوا: نعم . فقال: "اللهم اشهد" . يرفع أصبعه إلى السماء وينكتها إلى الناس (7).
واتە: ئایا پێتانم گەیان؟ ئەوانیش ووتیان: بەڵێ، ئەویش فەرمووى: خوایە شاهێد بە، و لەوكاتەدا پەنجەى بەرز دەكردەوە بۆ ئاسمان و دایدەبەزاند بۆ خەڵكى. جا لەم ڕووداوەدا بە ئاشكرا ئەوە دیارە كە خواى گەورە لە ئاسمانە ئەگینا بەرزكردنەوەى پەنجە و ئاماژەكردن بۆ ئاسمان بێ مانا دەبوو.
6- پێغەمبەرى خوا ﷺ پرسیار لە كەنیزەكەكە دەكات و پێى دەڵێت: (خوا لە كوێیە)؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: لە ئاسمانە و پێغەمبەری خوایش دەفەرموێت: ( ئازادى بكە چونكە ئەوە باوەڕدارە) (8).
ئەمەش لە میانەى فەرموودەیەكى درێژدا كە هاوەڵی بەڕێز موعاویەى كوڕى حەكەمى سولەمى رضی الله عنه دەیگێڕێتەوە، ئەم فەرموودەیە ڕاشكاوە لە ئیسبات كردنى بەرزى وبڵندى زاتى خواى گەورە، چونكە ووشەى (( لەكوێیە)) بۆ پرسیاركردنە دەربارەى شوێن و لەهەمان كاتدا پێغەمبەرى خوایش ﷺ وەڵامى ئافرەتەكەى پەسەند كرد و بێدەنگ بوو لەوەڵامەكەى كە ووتى:لە ئاسمانە، وە ئەوەشى تێدایە كە ئەوە داخوازى ئیمان و باوەڕە كە بڕوات وابێت خوا لە ئاسمانە بۆیە فەرمووى: ئازادى بكە چونكە ئەوە باوەڕدارە.
جا بەندە باوەڕى دامەزراو نابێت هەتا پێى وانەبێت كە خواى گەورە لە ئاسمانە، جا تەواوى ئەم بەڵگانەى قورئان و سوننەت سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەن كە خواى گەورە بەزاتى پاكى خۆى لەسەرووى دروستكراوەكانیەوەیەتى، وە ئەگەر بەوردى بەڵگە بهێنینەوە بۆ ئەم بابەتە ئەوا درێژە دەكێشێت و ناتوانرێت بەڵگەكان سنووردار بكرێن لەبەر زۆریان، وە سەلەفی صالحیش – رەزاى خوایان لێ بێت – كۆڕاو یەكدەنگن لەسەر ئەو تێگەیشتنەى كە ئەم بەڵگانە دەیدەن بەدەستەوە، و بەرزى و بڵندى بۆ خواى گەورە دەسەلمێنن لەڕووى زاتى و مەعنەویەوە واتە چۆن خواى گەورە بەرز و بڵندە بەزاتى خۆى بەهەمان شێوە بەرز وبڵندیشە بە ناو وصیفاتەكانیشی، وەكو دەفەرموێـت: ( وَلَهُ الْمَثَلُ الأَعْلَى فِي السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ) (الروم: الآية27) واتە: وە هەموو وەسفێكى بەرز و باڵا تەنها شایەنى ئەوە ، و هیچ شتێك وەكو ئەو نیە ، و هەر ئەویشە بیسەر و بینەرى ڕەها . و بەهێز و دەسەڵاتە و هیچ بەسەریدا زاڵ نابێت ، و دانایە لە وتە و كردار و بەڕێوەبردنى كاروبارى دروستكراوەكانى .
هەروەها دەفەرموێت: (وَلِلَّهِ الأَسْمَاءُ الْحُسْنَى فَادْعُوهُ بِهَا )(الأعراف: الآية180) واتە: وە بزانن كە خواى پەروەردگار كۆمەڵێك ناوى جوان و بەرز و پیرۆزى هەیە ، كە بەڵگەن لەسەر تەواوێتى شكۆدارى و مەزنێتى خۆى ، وە هەموو ناوەكانى جوان و پیرۆزن ، جا بە ناوە پیرۆزەكانى هەرچى داواكارى و پاڕانەوەتان هەیە لـێ بكەن.
هەروەها دەفەرموێت : (فَلا تَضْرِبُوا لِلَّهِ الأَمْثَالَ إِنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لا تَعْلَمُونَ)(النحل:الآية74) واتە: وە ئەگەر زانیتان كە بت و پەرەستراوەكان سود نابەخشن ، ئەوا نەكەن ـ ئەى خەڵكینە ـ هیچ لە دروستكراوەكانى خوای پەروەردگار بكەن بە هاوشێوە و هاوبەشیان بكەن لە پەرەستنیدا ، بێگومان خوای پەروەردگار زانایە بەوەى كە ئەنجامى ئەدەن ، لەكاتێكدا كە ئێوە غافڵ و بێ ئاگان و نازانن هەڵە و خراپی چارەنوستان چیە .
یان دەفەرموێت: ( فَلا تَجْعَلُوا لِلَّهِ أَنْدَاداً وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ) (البقرة:الآية22) واتە: بۆیە هاوشێوە لە پەرەستندا بۆ خواى پەروەردگار بڕیار مەدەن ، لە كاتێكدا كە ئێوە دەزانن ئەو بە تاك و تەنها دروستكار و ڕۆزى بەخشە و شایستەى پەرەستنە . جگە لەمانەش چەندین ئایەت هەن سەبارەت بە تەواوێتى و بێ كەموكورتێتى خواى گەورە لە زات و صیفات و كارەكانیدا.
جا چۆن بەرزى و بڵندى زاتى خواى گەورە بەڵگەى لەسەر هەبوو بە دەقى قورئان و فەرموودەى صەحیح و یەكدەنگى سەلەف، بەهەمان شێوەش عەقڵ و فیترەتیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن.
لە ڕووى عەقڵیەوە: دەوترێت گومانى تێدا نیە كە بەرزى وبڵندى صیفەتى كەمال و تەواوێتیە، و دژەكەشى نیشانەى ناتەواوێتى و كەموكورتیە، وە خواى گەورە صیفاتى كەمال و تەواوێتى بۆ ئیسبات بووە بۆیە وا دەخوازێت كە بەرزى و بڵندیشی بۆ ئیسبات بكرێت، جا ئەوە ناگەیەنێت كە هیچ ناتەواوى و كەموكورتیەكى بۆ ئیسبات بكرێت، وە ئێمە دەڵێین بەرزى و بڵندى خواى گەورە ئەوە دەگەیەنێت كە هیچ لە دروستكراوەكانى پەى پێ نابەن و ناگەن پێى، جا بۆیە ئەوەى پێى وابێت كە ئیسباتى بەرزى بۆ خوا ئەوە دەگەیەنێت كە دروستكراوەكانى بتوانن بگەن پێى ئەوا خەیاڵى كردووە و ژیرى گومڕابووە.
هەروەها لە ڕووى فیترەتیشەوە: دەڵێین هەموو ئەو كەسانەى كە دوعا دەكەن و لەخوا دەپاڕێنەوە ئیتر عیبادەت بێت یان داواكردن لەناخى خۆیاندا دڵیان بۆ هیچ لایەك ناڕوات جگە لە ئاسمان و بۆ لاى بەرزى نەبێت، هەربۆیە دەیبنیت كە هەردوو دەستەكانى بە فیترەتى خۆى بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوە، وەكو هەمەدانى بە ئەبی المعالى جوەینى ووت: (( هەرگیز هیچ خواناسێك نییە كە بڵێت: ئەى پەروەردگار ئەى خوایە ئیلا لەدڵیدا هەست بە پێویستى بەرزى و بڵندی خوا دەكات)) جا لەوكاتەدا جوەینى دەكێشێت بەسەرى خۆیدا و دەڵێت:
(( هەمەدانى لێى بردمەوەو بێدەنگى كردم، هەمەدانى لێى بردمەوەو بێدەنگى كردم)).
بەم شێوەیە لێیەوە گێڕراوەتەوە، ئیتر صحیح بێت یان نا، هەموو كەسێك ئەوە دەزانێت، وە لە صحیحى موسلمیشدا هاتووە لە فەرموودەى ئەبی هورەیرەوە رضی الله عنه كە پێغەمبەرى خوا ﷺ باسی پیاوێك دەكات كە دەستەكانى بەرز كردۆتەوە بۆ ئاسمان و هەر دەڵێت: ئەى پەروەردگار ئەى پەروەردگار، تا كۆتایی فەرموودەكە ،پاشان جگە لەوە، دەبینی كەسێك نوێژ دەكات و كەچی دڵ و ناخى بەرەو ئاسمانە بەتایبەت كاتێك سوجدە دەبات و دەڵێت: ((سبحان ربي الأعلى)) ئەوەش لەبەر ئەوەى چونكە دەزانێت كە پەرستراوەكەى لە ئاسمانە سبحنه وتعالى.
بەڵام ئەوان كە دەڵێن: (( خواى گەورە لە هەر شەش ئاراستەكەدا بوونى نیە)) ئەم ووتەیە بە شێوە گشتیەكەى ناڕاست وناڕەوایە، چونكە پووچەڵ كردنەوەى ئەوە دەخوازێت كە خوا بۆ خۆى ئیسباتى كردووە، و زاناترین كەسیش ئیسباتى كردووە بۆى كە پێغەمبەرەكەیەتى ﷺ ، و لەهەمووان زیاتریش بەگەورەى ڕادەگرێت، بەوەى كە خواى گەورە لە ئاسمانە و بەرز وبڵندە و لاى سەرووە.
جا ووتەكەى ئەوان كە دەڵێن خوا لە هیچ شوێنێكدا بوونى نیە لەڕاستیدا نەبونى خوا دەخوازێت و لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەوشوێن و ئاراستانەش كە دەڵێن خاڵیە لە خوا ئەمانەن: سەرەوە و خوارەوە و لاى ڕاست و لاى چەپ و پێش و پاش، جا بۆیە هیچ شتێك بوونی نیە ئیلا پەیوەستە بەیەكێك لەم شوێنانەوە، و ئەمەش شتێكى سەرەتایی و بەڵگەنەویستە، و ئەگەر هەموو ئەم شوێنانە لە خوا دابماڵیت ئەوا واتاى قسەكە ئەوە دەگەیەنێت كە خوا بوونى نیە، جا لەمێشكدا شتێكى لەو شێوەیە ئەگەریش بسەلمێنرێت ئەوا لە واقعدا بوونى نیە و ناتوانرێت بسەلمێنرێت، بۆیە ئێمە واى دەبینین وباوەڕمان وەهایە كە پێویستە لەسەر هەموو باوەڕدارێك باوەڕى بە بەرزى و بڵندى خواى گەورە هەبێت بەسەر دروستكراوەكانیەوە، وەكو چۆن قورئان وسوننەت و یەكدەنگى سەلەف و عەقڵ و فیترەتیش ئەوەیان سەلماندووە و پێشتر باسمان كرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕمان وەهایە كە خواى گەورە پەى بەهەموو شتێك بردووە و زانینى ئەو هەموو شتێكى گرتۆتەوە و هیچ لەدروستكراوەكانیشی ناتوانن پەى بەو ببەن، وە خواى گەورە بێ پێویستە بە دروستكراوەكانى و هیچ پێویستیەكى بەوان نیە.
دیسان باوەڕمان وەهایە كە دروست نیە بۆ هیچ بڕوادارێك لە بەڵگەى قورئان و سوننەت دەربچێت و لابدات لەبەر قسەى هیچ كەسێك ئیتر با هەركەسێك بێت وەكو پێشتر بەڵگەكانمان باس كرد لەسەرەتاى وەڵامەكەوە.
هەروەها كە دەڵێن: (( خواى گەورە لەدڵى بڕواداردایە)). ئەمەش لەڕاستیدا لەقورئان و سوننەت و قسەى هیچ یەكێك لەسەلەفدا بوونى نیە و بەڵگەى لەسەر نیە ئەوەندەى بزانین، وە ئەو قسەیەش بەو ڕەهاییە ناڕاستە و ئەگەر مەبەست لێى ئەوە بێت كە خواى گەورە خۆى لە دڵى باوەڕداردایە ئەوا بە تەواوى ناڕاستە، چونكە خوا لە گەورەتر و مەزنترە بەو شێوەیە باس بكرێت، پاشان ئەوە جێگەى سەرسوڕمانە كە یەكێك ڕادەكات لەوەى كە بەڵگەى لەسەرە لە قورئان و سوننەت بەوەى كە خواى گەورە لە ئاسماندایە و كەچى دڵى ئارام دەبێت بەوەى بڵێت خواى گەورە لە دڵى باوەڕداردایە وەكو دەڵێـت، ئەمە لەكاتێكدا كە یەك پیتیش نیە لەقورئان وسوننەت كە لبەڵگەبێت لەسەر ئەوە.
وە ئەگەریش مەبەستى ئەوە بێت كە هەمیشە خواى گەورە لە دڵى بەندەى باوەڕدارە بەوەى هەمیشەوكات ئەو كەسە زیكرى خوا دەكات لەدڵیدا ئەوا ڕاستە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەك ئەوە بووترێت كە سەرنەكێشێت بۆ تێگەیشتنى ناڕاست و نادروست، بۆ نمونە دەبێت بووترێت: بەڵێ یادو زیكرى خواى گەورە هەمیشە لەدڵى بەندەى باوەڕداردایە.
بەڵام ئەوەى دەردەكەوێت لەقسەى ئەوەى ئەمە دەڵێت كە دڵى باوەڕدار شوێنگرەوەى ئاسمانە و خوا لەئاسمان نییە و لەناو دڵدایە، جا بەم مانایە ناڕاست و نادروستە.
جا با بەندەى باوەڕدار وریا وئاگادار بێت لەوەى ئینكارى شتێك بكات كە بەڵگەى قورئان و سوننەتى لەسەربێت و سەلەف لەسەر كۆك بووبن و بچێت بۆ شتێك كە ناڕوون بێت ڕاشكاونەبێت و حەق وناحەقی تێدا بێت، بەڵكو دەبێت پەیوەست بێت بە رۆیشتن لەسەر رێباز و رێچكەى پێشینە چاكەكان لە كۆچكەر و پشتیوانان بۆ ئەوەى ئەم ئایەتە بیگرێتەوە كە دەفەرموێت: (وَالسَّابِقُونَ الأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَداً ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ) (التوبة:100) .واتە: وە ئەوانەی پێش خەڵك كەوتن بۆ باوەڕبوون بەخوای پەروەردگار و پەیامبەرەكەی ـ لە كۆچەران ئەوانەی كە كۆچیانكردووە و گەل و هۆزی خۆیان بەجێهێشتووە رۆشتوون بۆ وڵاتی ئیسلام ، و لە پشتیوانانیش ئەوانەی كە پەیامبەری خوایان ﷺ سەرخستووە بەسەر دوژمنانی بێباوەڕیدا ، وە لە ئەوانەش كە بەچاكە شوێنیان كەوتوون لە بیروباوەڕ و كردەوەیاندا ، بەمەبەستی بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار ، ئائەوانەن كە خوای پەروەردگار لێیان ڕازیبووە لە بەر گوێڕایەڵیان بۆ خوای پەروەردگار و پەیامبەرەكەی ﷺ ، وە ئەوانیش لێی ڕازیبوون لەبەرامبەر ئەو هەموو پاداشتەی كە پێی بەخشیون لەسەر گوێڕایەڵی و باوەڕیان ، وە بەهەشتگەلێكی بۆ ئامادەكردوون كە جۆگەلە و ڕووبار بەژێریاندا دەروات ، و تێیدا بەهەتاهەتایی دەمێننەوە ، بەڕاستی هەر ئەوەشە سەركەوتن و بردنەوەی گەورە . وە ئەم ئایەتە پاكانەی هاوەڵانی تێدایە ـ خوای پەروەردگار لێیان ڕازیبێت ـ بەچاك دانانیانە ، و باسكردنیانە بەچاكە ، بۆیە ڕێزلێگرتنیان یەكێكە لە بنەواكانی باوەڕ.
جعلنا الله وإياكم منهم، ووهب لنا جميعاً منه رحمة، إنه هو الوهاب.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(1) إلى آخر الحديث، رواه أبو داود
(2) أخرجه البخاري، كتاب بدء الخلق، باب إذا قال أحدكم آمين والملائكة في السماء آمين (3237)، ومسلم، كتاب النكاح، باب تحريم امتناعها عن فراش زوجها (1436) واللفظ له ..
(3) أخرجه البخاري، كتاب بدء الخلق، باب ما جاء في قوله تعالى: (وهو الذي يبدأ الخلق ثم يعيده) (3194)، ومسلم، كتاب التوبة، باب سعة رحمة الله تعالى وأنها سبقت غضبه (2751) .
(4) وهو صحيح ثابت في الصحيحين وغيرهما أخرجه البخاري، كتاب التهجد، باب الدعاء والصلاة من آخر الليل (1145)، ومسلم، كتاب الصلاة، باب الترغيب في الدعاء والذكر في آخر الليل (758) .
(5) وهو في صحيح البخاري وغيره أخرجه البخاري، كتاب الدعوات، باب ما يقول إذا نام (6313)، ومسلم، كتاب الذكر والدعاء، باب ما يقول عند النوم وأخذ المضجع (2710) .
(6) أخرجه أبو داود، كتاب الصلاة، باب ما يقول الرجل في ركوعه وسجوده (871)، والترمذي، كتاب الصلاة، باب ما جاء في التسبيح في الركوع والسجود (262)، والنسائي، كتاب الصلاة، باب تعوذ القارئ . (1007) .
(7) وذلك ثابت في صحيح مسلم من حديث جابر أخرجه مسلم، كتاب الحج، باب حجة النبي ﷺ (1218) .
(8) أخرجه مسلم، كتاب المساجد، باب تحريم الكلام في الصلاة (537) .