فەزڵ و پاداشتى نوێژ کردن لەسەر جەنازە چیە؟ وە سوننەت و ئادابەکانى کامانەن؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم : فەزڵ و گەورەیی پاداشتی ئەجامدانی نوێژی جەنازە
1 ـ خێر و سوودی نوێژی جەنازە بۆ ئەو کەسەى کە نوێژ لەسەر جەنازە دەکات
عن أبـي هريرة (رضي الله عنه) عن النبي (ﷺ) قال : ((مَنْ صلَّى على جنازةٍ ولـم يتبعها فله قيراط ، فإنْ تبعها فله قيراطان ، قيل : وما القيراطان ؟ قال : أصغرهـما مثل أُحُـد)) صحيح البخاري رقم : (1323) وصحيح مسلم رقم : (945) واللفظُ لـه ، والروايات التـي بعدها كُلُّها لـمسلم
واتە : هەركەسێك نوێژ لە سەر جەنازەیەك بكات و شوێنی نەكەوێت ئەوا (قیراط)ێكی دەست دەكەوێت ، وە ئەگەر شوێنیشی بكەوێت ئەوا دوو (قیراط)ی دەست دەكەوێت ، ووترا : دوو (قیراط) چی یە ؟ فەرمووی : بچوكترینیان وەكو شاخی ئوحد وایە (واتە : لە گەورەیی پاداشت و قورسی خێرەكەیدا لە تەرازووی چاكەكاندا) .
2 ـ خێر و سوودی نوێژی جەنازە بۆ مردووەكە :
پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى : ((ما مِنْ رجلٍ مسلمٍ يـموت فيقوم على جنازته أربعونَ رجلاً لا يشركون بالله شيئاً إلاَّ شفعهم الله فيه)) صحيح مسلم رقم : (948) .
واتە : هەر پیاوێكی موسڵمان بمرێت و چل (40) پیاو كە بە هیچ شێوەیەك شەریك و هاوەڵ بۆ خوا بڕیار نەدەن نوێژی جەنازە ئەنجام بدەن لە سەر جەنازەكەی ئیللا خوای گەورە دەیانكات بە تكاكار بۆی و تكاكەیان وەردەگرێت .
وە دایکى ئیمانداران عائشة (رضي اللهُ عنها) فەرمویەتى پێغەمبەرى خوا ﷺ) فەرموویەتى : ((ما مِنْ ميتٍ يُصلي عليه أمَّـةٌ من الـمسلمين يبلغونَ مائة كلهم يشفعون له إلاَّ شفعوا فيه)) صحيح مسلم رقم : (947)
واتە : هەر مردوویەك بمرێت و كۆمەڵێك لە موسڵمانان كە ژمارەیان بگاتە سەد (100) موسڵمان نوێژی جەنازەی لە سەر بكەن و تكای بۆ بكەن ئیللا خوای گەورە تكاكەیان وەردەگرێت .
دووەم : نیەت لەنوێژی جەنازەدا :
1- حوکمی نیەت لەنوێژی جەنازەدا:
نوێژی جەنازە دروست نییە بەبێ نیەت هێنان ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبه فیقهیەکە.
2- حوکمی دەستنیشانی کردنی مردوو :
واجب نی یە مردوو دەست نیشان بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
سێیەم: شوێنی جەنازە وحوکمی نوێژ کردن لەپێشیەوە :
مەرجە جەنازە لەبەردەمی ئیمام دا بێت ، و نوێژی ئەو کەسەی دەچێتە پێشیەوە بەتاڵە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان. واتە مەرجە جەنازەکە لە پێش ئیمام بێ و نابێ جەنازەکە لە پشتیەوە بێ و نوێژى لەسەر بکات .
چوارەم: چۆنیەتی وەستانی ئیمام لەلای جەنازەدا:
1- جێگای ڕاوەستانی ئیمام لە لای جەنازەی پیاودا:
ئیمام لە لای سەری مردووی پیاوەوە دەوەستێت ، وئەوە بۆچوونی دروستە لای شافعیەکان ، وقسەی ئەبو حەنیفەیە و قسەی ئەبو یوسفە لەهاوەڵانی ئەبو حەنیفە ، وەهەریەک لە: ابنُ المنذرِ، وابنُ حزمٍ، والقرطبيُّ، والشوكانيُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ئەم بۆ چوونەیان هەڵبژاردووە.
2- جێگای ڕاوەستانی ئیمام لە لای جەنازەی ئافرەتدا:
ئیمام لەلای نێوەڕاستی مردووی ئافرەتەوە دەوەستێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەبو حەنیفەوە ، وبۆچوونی ئەبو یوسفە ، وڕیوایەتێکیشە لەمالیکەوە، وەهەریەک لە: الطَّحاويُّ، وابنُ المنذر، وابنُ حزمٍ، والقرطبيُّ، والصنعانيُّ، والشوكانيُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ، ئەم بۆ چوونەیان هەڵبژاردووە.
پێنجەم: ڕاوەستان بەپێوە لەنوێژی جەنازەدا بۆ کەسێک کەتوانای هەبێت :
ڕاوەستان بەپێوە لەنوێژی جەنازەدا بۆ کەسێک کەتوانای هەبێت ڕوکنە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
شەشەم: ژمارەی (الله ٲکبر) لەنوێژی جەنازەدا:
1- کەمترین تەکبیرە (الله ٲکبر) کە بەس بێت لەنوێژی جەنازەدا:
نوێژی جەنازە بەکەمتر لەچوار (الله ٲکبر) دروست نی یە ، هەریەک لە: ابنُ عبدِ البرِّ، والنوويُّ کۆدەنگیان لەبارەیەوە نەقڵ کردووە.
2- زیاد لەچوار (الله ٲکبر) کردن لەنوێژی جەنازەدا:
دروست نی یە زیاد لەچوار (الله ٲکبر) بکرێت لەنوێژی جەنازەدا ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وهەندێ لەحەنبەلیەکان هەڵیان بژاردووە .
جابرى کوڕی عبدالله رَضِيَ اللَّهُ عنهما دەفەرموێ : : ((أنَّ رسولَ الله صلَّى الله عليه وسلَّم صلَّى على أَصْحمَةَ النجاشيِّ، فكبَّر عليه أربعًا)) أخرجه البخاري (1334)، ومسلم (952) واللفظ له. .
وە أبي هُرَيرَة رَضِيَ اللَّهُ عنه دەفەرموێ : ((أنَّ رسولَ اللهِ صلَّى الله عليه وسلَّم نعَى النجاشيَّ في اليومِ الذي ماتَ فيه؛ خرَج إلى المصلَّى فصفَّ بِهم، وكبَّر أربعًا)) أخرجه البخاري (1245) واللفظ له، ومسلم (951).
حەوتەم: خوێندنی سورەتی فاتیحا دوای(الله ٲکبر)ـی یەکەم :
خوێندنی سورەتی فاتیحا دوای(الله ٲکبر)ـی یەکەم فەرزێکە لەفەرزەکانی نوێژی جەنازە ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلەیەکانە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، ومەزهەبی زاهیریەکان ، وەهەریەک لە:الشوكانيِّ، وابنِ باز، وابنِ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.
هەشتەم: سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه وسلَّم:
1- حوکمی سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه وسلَّم لەنوێژی جەنازەدا:
سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه وسلَّم فەرزە لەنوێژی جەنازەدا ، ئەوەش بۆچوونی دیارە لەمەزهەبی شافعی دا ، ومەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وەهەریەک لە ابنُ باز، وابنُ عُثَيْمين هەڵیان بژاردووە.
2- شوێنی سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه وسلم:
شوێنی سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه لەنوێژی جەنازەدا دوای تەکبیرەی (الله ٲکبر)ـی دووەمەوەیە واتە دواى خوێندنى سورەتى فاتحە وو (الله أکبر)ى دووەم ، ئەوەش مەزهەبی جمهورە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
نۆیەم: دوعا کردن بۆ مردوو:
دوعا کردن بۆ مردوو ڕوکنە لەنوێژی جەنازەدا ، ئەوەش مەزهەبی جمهورە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
دەیەم: ئەوەی دروستە لەدوای (الله ٲکبر)ـی چوارەم بکرێت:
زانایان جیاوازن لەبارەی دروستێتی پاڕانەوە بۆ مردوو دوای (الله ٲکبر)ـی چوارەم ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە دوای (الله ٲکبر)ـی چوارەم وپێش سەلامدانەوە دوعا بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وهەندێ لەحەنەفیەکان هەڵیان بژاردووە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وەهەریەک لە: الشوكانيُّ، وابنُ عُثَيمين، والألبانيُّ هەڵیان بژاردووە .
بۆچوونی دووەم: لەدوای (الله ٲکبر)ـی چوارەم هیچ دوعایەک نی یە ، بەڵکو لەدوای ئەوە سەلامدانەوەیە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکە لای مالکیەکان ، و ابنُ باز هەڵی بژاردووە .
یازدەیەم: سەلامدانەوە لەنوێژی جەنازەدا :
1- حوکمی سەلامدانەوە:
سەلامدانەوە ڕوکنە لەنوێژی جەنازەدا ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
2- ژمارەی سەلامدانەوە لەنوێژی جەنازەدا :
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی ژمارەی سەلامدانەوە لەنوێژی جەنازەدا : کە ئایا یەک سەلامدانەوەیە یاخود دوو سەلامدانەوەیە ، ودوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: سوننەتە لەنوێژی جەنازەدا دوو سەلام بدرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونی ڕاستە لای شافعیەکان ، وقسەی ابنِ حزم ـە.
بۆچوونی دووەم: سوننەتە لەنوێژی جەنازەدا تەنها یەک سەلام بدرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وقسەی کۆنی شافعیەکانە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وئەمە مەزهەبی جمهوری زانایانە لەسەلەف وخەلەف ، وهەریەک لە: ابنِ المنذرِ، وابنِ باز، وابنِ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.
دوانزەیەم: سوننەتەکانی نوێژی جەنازە:
1- بەرز کردنەوەی دەست لەگەڵ (الله ٲکبر)ـەکاندا :
- بەرز کردنەوەی دەست لەگەڵ (الله ٲکبر)ـی یەکەمدا :
دروستە بۆ ئەو کەسەی کە نوێژ لەسەر مردوو دەکات دەستی بەرز کاتەوە لەکاتی یەکەم (الله ٲکبر)ـدا ، هەریەک لە: ابنُ المنذرِ، وابنُ قُدامةَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
- بەرز کردنەوەی دەست لەگەڵ جگە لە(الله ٲکبر)ـی یەکەمدا :
زاناى پایەبەرز شێخ ئەلبانی ڕەحمەتى خواى لێ بێ لە کتێبی : (أحکام الجنائز) دا دەفەرموێ : لە سوننەتدا نەهاتووە بە صەحیحی کە لەگەڵ هەموو (الله ٲکبر) ێکدا دەست بەرز بکرێتەوە جگە لە (الله ٲکبر)ى یەکەم .
2- دەنگ نزم کردنەوە لەنوێژی جەنازەدا :
- خوێندنی قورئان گەر نوێژەکە لەڕۆژدا بکرێت :
ئەوا سوننەتە دەنگ نزم بکرێتەوە لەقورئان خوێندندا ، هەریەک لە: ابنُ قُدامة، والعينيُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
- خوێندنی قورئان گەر نوێژەکە لەشەودا بکرێت :
لەم حاڵەتەشدا با نوێژی جەنازە لەشەویدا بێت هەر دەنگ نزم دەکرێتەوە ، ئەوەش بۆچوونی ڕاستە لای شافعیەکان ، وحەنبەلیەکان.
3- دەنگ بەرزکردنەوە لەگەڵ تەکبیرەکاندا (الله ٲکبر):
لەنوێژی مردودا دەنگ بە تەکبیرەی (الله ٲکبر) بەرز دەکرێتەوە ، ئەوەش دەقی هەریەک لە:حەنەفی ، وشافعی ، حەنبەلیەکانی لەسەرە.
4- دەنگ بەرزکردنەوە بەسەلامدانەوە:
ئیمام لەکاتی سەلامدانەوەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە ، بەڵام مەئمووم (ئەوانەی لەدوای ئیمامەوەن) دەنگ نزم دەکەنەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە : مالکی ، وشافعی ، حەنبەلیەکانە.
5- دەنگ نزم کردنەوە بەسەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەرصلَّى الله عليه وسلَّم ولەکاتی پاڕانەوەدا بۆ مردوو:
لەکاتی نوێژ کردندا لەسەر مردوو دەنگ نزم دەکرێتەوە بەسەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەر صلَّى الله عليه وسلَّم وەهەروەها لەکاتی پاڕانەوەدا بۆ مردوو ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
سوننەتە سەف وڕیزەکان بکرێت بەسێ ڕیز ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
پوختەى چۆنێتی ئەنجامدانی نوێژی جەنازە
ــ جەنازەكە ڕووەو قیبلە دادەنرێت .
ــ ئەنجا ئەگەر مردووەكە پیاو بوو ئەوا ئیمام و پێش نوێژكاری موسڵمانان لە لای سەری مردووەكەوە ڕووەو قیبلە ڕادەوەستێت ، وە ئەگەر مردووەكە ئافرەت بوو ئەوا ئیمام لە ئاساتی ناوەڕاستییەوە ڕادەوەستێت .
ــ ئەنجا موسڵمانان لە پشت ئیمامەوە بە سێ ڕیـز ڕادەوەستن چونكە ئەمە سوننەتە ، وە ئەگەر زیاتر بوون ئەوا دروستە لە سێ ڕیـز زیاتر بوەستن .
ــ ئەنجا نی یەتی نوێژی جەنازە لە دڵدا دەهێنیت ، وە دەربڕین و ووتنی نی یەت بە زمان بیدعەیە .
ــ ئەنجا دەڕۆیتە ناو نوێژی جەنازەوە بە ووتنی (اللهُ أكبـر)ی یەكەم بەم شێوازەیە:
یەکەم : دوای (اللهُ أكبـر)ی یەكەم سورەتی (الـحمدُ للهِ رّبِّ الْعَاْلَمِيْن …) تاوەكو(... وَلاَ الضَّالِّينَ) دەخوێنیت ، ئەنجا دەڵێیت : (آمین) ، ئەنجا سورەتێكی تریش دەخوێنیت وەكو سورەتی :(قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ) .
دووەم : ئەنجا دەڵێیت : (اللهُ أكبـر) ، وە دوای (اللهُ أكبـر)ی دووەم صەڵاوات بۆ پێغەمبەر (ﷺ) دەخوێنیت وەكو صەڵاواتی ناو تەحیاتی نوێژەكانی تر بەم شێوازە : : (اللَّهُمَّ صَلِّ على مُحَمَّدٍ وعلى آلِ مُحَمَّدٍ كـمَا صَلَّيتَ على إبراهِيمَ وعلى آلِ إبراهِيمَ إنَّكَ حَميدٌ مَجيد ، اللَّهُمَّ بارِكْ على مُحَمَّدٍ وعلى آلِ مُحَمَّدٍ كـمَا باركْتَ على إبراهِيمَ وعلى آلِ إبراهِيمَ إنَّكَ حَميدٌ مَجيد) .
سێیەم : ئەنجا دەڵێیت : (اللهُ أكبـر) ، وە دوای (اللهُ أكبـر)ی سێیەم سوننەتە ئەم دوعایە بۆ مردووەكە بكەیت : ((اللَّهُمَّ اغفِرْ لـهُ وارْحَمْهُ وعَافِـهِ واعْفُ عنهُ وأَكرِمْ نُـزلَـهُ ووَسِّعْ مُدْخلَـهُ ، واغْسِلْـهُ بالـمَاءِ والثَّـلْجِ والبَرَد ، ونَقِّهِ مِنْ الـخَطايَا كَما يُنقَّـى الثوبُ الأَبيضُ من الدَّنَس ، وأَبْدِلْـهُ داراً خَيراً مِنْ دارهِ ، وأهْلاً خَيراً مِنْ أهلِـهِ ، وزَوجَـاً خَيراً مِنْ زَوجه ، وأَدْخِلْـهُ الـجنَّـةَ ، وأَعِذْهُ مِنْ عَذابِ القَبـرِ و عَذابِ الـنَّار)) صحيح مسلم رقم : (963) .
وە ئەگەر كەسێك خوێندەواری نەبوو یان نەیدەتوانی ئەم دوعایە لە بەر بكات ئەوا دەتوانێت تەنها بڵێت : (اللَّهُمَّ اغفِرْ لـهُ وارْحَمْهُ) .
چوارەم : ئەنجا دەڵێیت : (اللهُ أكبـر) ، وە دوای (اللهُ أكبـر)ی چوارەم سوننەتە ئەم دوعایە بۆ موسڵمانان بكەیت :((اللَّهُمَّ اغفِرْ لِحَيِّـنا ومَيِّـتِـنا ، وشَاهِدِنا وغَائِبِـنا ، وصَغيرِنا وكَبيِرنا ، وذَكرِنا وأُنْثَانا ، اللَّهُمَّ مَنْ أَحْيَيْـتَهُ مِنَّا فَأَحْيِـهِ على الإسلام ، ومَنْ تَوَفَّيْـتَهُ مِنَّا فَتَوَفَّـهُ على الإيـمان ، اللَّهُمَّ لا تَحْرِمْنا أَجْرَهُ ، ولا تُضِلَّنا بَعْدَهُ)) صحيح سنن أبـي داود للإمام الألبانـي رقم : (3201) .
ــ ئەنجا دوای تەواو بوونی ئەم دوعایە سەلام دەداتەوە .
تێبینى : ئەگەر مردووەكە منداڵ بوو ئەوا لە بری دوعای داوای لێخۆشبوون بۆی ئەم دوعایەی بۆ دەكرێت : (اللَّهُمَّ اجْعَلْهُ فَرَطَاً وَشَفِيْعَاً وَذُخْرَاً لِوَالِدَيْهِ ، اللَّهُمَّ ثُقِّلْ بِهِ مَوَازِيْنَهُمَا ، وَأَعْظِمْ بِهِ أُجُوْرَهُمَا ، وَأَلْحِقْهُ بِصَالِحِ سَلَفِ الْمُؤْمِنِينَ ، وَاجْعَلْهُ فِي كَفَالَةِ إِبْرَاهِيمَ عَلَيْهِ الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ ، وَقِـهِ بِرَحْمَتِكَ عَذَابَ الْجَحِيْم)) .