دانانى کچ لە جیاتی خوێن لە سوڵحی عەشایەری دا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دانانى کچ لە جیاتی خوێن لە سوڵحی عەشایەری دا
پرسیار:

یەکێک لەو داب و نەریتانەی هێشتا ماوە لە هەندێ جێگا و ناوچە و لە باب وباپیرانەوە ماوەتەوە ئەوەیە: 
کاتێ لەنێوان دوو عەشیرەت وبنەماڵەدا کوشتن ڕوو دەدات ، کەس وکاری کوژراوەکە ڕازی نابن بەسوڵح وئاشتەوایی تاوەکو دوو کچ لەبنەماڵەی بکوژەکە مارە نەکەن ، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ماڵ دەڕوا ونامێنێ وژن دەمێنێتەوە ، و ئەو ئافرەتەی کەمارە دەکرێت مەجبوور دەکرێت شوو بەو بنەماڵەیە بکات ، لەچوار چێوەی ئەو بەندانەی بۆ سوڵح دیاری کراوە ، جا ڕازی بێت یاخود نا ، وهیچ هەڵبژاردەیەکی نی یه لەدەست نیشان کردنی کەسێک لەبنەماڵەی کەس لێ کوژراوەکە ، وەهەروەها هیچ هەڵبژاردەیەکی نییە لە هەڵوەشاندنەوەى زەواج لەهەر بارێکی ناخۆشدا بێت ، وگەر مێردەکەی بمرێت کەسێکی تری بنەماڵەی کوژراوەکە مارەی دەکەن ، و ئەو ئافرەتە بەشێکە لەسوڵح یاخود خوێن کەڕێکەوتنی لەسەر دەکرێت. 

جا پرسیارەکە ئەوەیه : ئایا لەشەرعی خودادا شتێک هەیە ئەمە بەدروست بزانێ کەئاماژەمان پێ دا لەگەڵ ئەوەی کەباسمان کرد لەوەی ئافرەتەکە ڕازی نی یە وتوانای فەسخ کردنی زەواجەکەی نی یە وئازاد نییە لەدەست نیشان کردنی مێرددا ، وهەروەها ئازاد نییە لەدوای مردنی مێردی یەکەمی ، ڕەنگە هەندێ جار ڕازی بێت ، وپیاوەکە هەندێ جار مارەیەکی ڕەمزی دەدات ، نەک لەهەموو حاڵەتێکدا ، بەڵام حەتمەن دەبێت ئەو ئافرەتە شوو بەکەسێکی کوژراوەکە بکات. 
ئەوەشمان بیر نەچێ ئەم بابەتە لایەنی ئیجابی تێدایە لەوانە سیلەی ڕەحم ، ودروست بوونی نەوە ، و کوژاندنەوەی ئاگری فیتنە لەنێوان بنەماڵەی بکوژ وکوژراودا ، و لایەنە خراپیەکانیشی ئەوەیە کەپێشتر باسمان کرد
بۆیە داواکارین ئەم بابەتەمان بۆ ڕوون بکەنەوە . 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ئەو سوڵحەی لەپرسیارەکەدا هاتووە لەنێوان عەشیرەتی کوژراو وبکوژدا سوڵحێکی باتڵە ، وهیچ بنەمایەکی نی یە لەقورئان وسوننەتی پێغەمبەری خوادا ؛ لەبەر پێچەوانە بوونی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام دا ، لەوەدا کە کەس وکاری کوژراو دەتوانن بکوژەکە بکوژنەوە یاخود لێی خۆش بن وخوێن وەرگرن ، یاخود هەر لێی خۆش بن وتەنازول کەن لەمافی خۆیان ، وەهەروەها ئەم جۆره سوڵحە بونیاد نراوە لەسەر داب ونەریتی زەمانی نەفامی ، لەبەر ئەوەی بەمەرج دادەنرێت دوو کچ بدرێت بەکەس وکاری کوژراو بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕەزامەندی کچەکان ڕەچاو بکرێت ، وکاتێ مێردەکەی دەمرێت کەسێکی تری بنەماڵەکە مارەی دەکەن ، وسوڵحەکە تەواو نابێت بەوە نەبێت ، و ئەو کاره خودی ئەوەیه کەعەرەب لەپێش هاتنی ئیسلام ولەزەمانی جاهیلی دا دەیان کرد .
 پێشەوا  ( البخاري ) لە صەحيحەکەیدا ( ج8 ص57) لە عیكریمەوە رضي الله عنه، و عبداللەی کوڕی عەباس رضي الله عنهما ، گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : 
شەیبانی دەڵێت عەتائی باوکی حەسەنی سوائی وگومانم وایە لەعبداللەی کوڕی عەباسەەوە گێڕاویەوە باس لەهۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە دەکەن : {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا} [سورة النساء الآية 19] الآية،
ئەی باوه‌ڕداران حه‌ڵاڵ نیه‌ بۆ ئێوه‌ به‌زۆر ئافره‌تان به‌میراتی به‌رن.
دەڵێت: ئەوان کاتێ پیاوێکیان لێ بمردایە ئەوا کەس وکارەکەی لەپێشتر بوون لەمارەکردنی دا گەر هەندێکیان بیان ویستایە مارەیان دەکرد ، وگەر نەیان ویستایە مارەیان نەدەکرد ئەوان لەپێشتر بوون لەکەس وکارەکەی ، جا ئەم ئایەتە بەم هۆیەوە دابەزی .
وه ( ابن حجر ) لە [ (فتح الباري) ج8 ص95]، باسی لێوە دەکات ودەڵێت: 
تەبەری لە عەلی  کوڕی تەلحەوە ولەعبداللەی کوڕی عەباسەوه گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: گەر پیاوێک بمردایە وخێزانی لەدوای خۆی بەجێ بهێشتایە ئەوا کەسێکی نزیکی مێردەکەی جلێکی دەدایە سەریدا وڕێگری دەکرد لەوەی خەڵک بیبینێت ، جا گەر جوان بوایە ئەوا مارەی دەکرد ، وگەر ناشیرین بوایە بەندی دەکرد تاوەکو دەمرد ومیراتەکەی دەبرد ، جا بۆیه ئەو جۆرە زەواجە باتڵە وهیچ دروست نی یە ، لەبەر ئەوەی ئافرەت کراوە بەکاڵا و لەبری شتێک دانراوە ، و ئیهانە کردنە بەکەرامەتی بەوەی بەزۆر دەدرێت بەکەسێک ودەبێتە میراتی کەس وکاری پیاوەکەی ،بێگومان ئەمەش پێچەوانەی ئیسلامە ، لەئیسلامدا ئافرەت ئازادە لەهەڵبژاردنی مێرددا ودروست نی یە مارە بکرێت مەگەر بەڕەزامەندی خۆی نەبێت ومافی مارەیی هەیە ، وەهەر لەبەر ئەمەیە ئیسلام ژن بەژنی حەرام کردووە ، چونکە وەلی ئەمر حەزی بەو ژن بەژنە کردووە لەبەر مەسڵەحەتی خۆی وئامانجی خۆی بێ ڕەچاو کردنی ڕازی بوونی ئافرەتەکە ، جا ئەو زەواجەی کەباسکراوە لەسەر بنەمای مەسڵەحەتی عەشیرەت بونیات نراوە بەبێ ڕەچاو کردنی ماف وڕەزامەندی ئافرەتەکە. 
ئەمە جگە لەوەی دوور نی یە بەهۆی ئەو زەواجەوە چەندان کێشە وموشکیلە ڕوو بدات ، ومارەکردنی ئەو ئافرەتە ڕەنگە بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکار بهێندرێت ولەبەرانبەردا بکوژرێت وەک تۆڵەیەک لەبنەماڵەی بکوژەکە ، ئەمە جگە لەوەی ئەو زەواجە بەبێ ڕەزامەندی ئافرەتەکە بووە ، وئیدعیای ئەوەی دەبێتە هۆی گەیاندنی سیلەی ڕەحم ، ودامرکاندنەوەی ئاگری دوژمنایەتی لەنێوان دوو بنەماڵەدا لەگەڵ ئەوەی باسکرا سەلمێندراو نی یە ، ودوور خستنەوەی مەفسەدەت لەپێشترە لەدەست خستنی مەسڵەحەت.

 وبالله التوفيق، وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم.

اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء
الرئيس: عبدالعزيز بن عبدالله بن باز
نائب الرئيس: عبدالعزيز بن عبدالله آل الشيخ
عضو: صالح بن فوزان الفوزان
عضو: بكر بن عبدالله أبو زيد

سەردان: ٢,١٥٨ بەش: ئافرەتان