حوکمی (الترتیب) و (الموالاة) لە کاتی دەست نوێژ گرتندا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی (الترتیب) و (الموالاة) لە کاتی دەست نوێژ گرتندا
پرسیار: مەبەست لە (الترتيب) و (الموالاة) چییە لە دەستنوێژدا و حوكمیان چییە؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

وتەى ڕاست وپەسەند ئەوەیە كە تەرتیب و موالات دوو فەرزن لە فەرزەكانى دەستنوێژ.

الترتیب واتە شۆردنى ئەندامەكانى لەش لەكاتى دەستنوێژدا بەوەیان دەست پێ بكەیت كە سەرەتا خواى گەورە دەستى پێكردووە، وە خواى گەورەش بە شۆردنى دەموچاو دەستى پێكردووە پاشان شۆردنى هەردوو دەست پاشان مەسحى سەر و پاشانیش شۆردنى هەردوو قاچ، وە خواى گەورە باسی شۆردنى ناولەپی نەكردووە لەپێش شۆردنى دەموچاودا، چونكە شۆردنى ناولەپی دەست پێش دەموچاو واجب نییە و سوننەتە، جا مەبەست لە الترتیب ئەمەیە كەباس كرا، وە هەروەها پێغەمبەرى خوا كاتێك كە حەجى كرد و رۆیشت بۆ صەفا و مەروە و ڕووى تێكرد و لە صەفاوە دەستى پێكرد و ئەو ئایەتەى خوێندەوە (إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ ) (البقرة: من الآية158) فەرمووى بەوەیان دەستى پێ دەكەم كە خواى گەورە دەستى پێكردووە و سەرەتا ناوى هێناوە(١)، بۆیە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە رۆیشتووە بۆ صەفا لەپێش مەروە لەبەر ئەوەى لەئایەتەكەدا سەرەتا ناوى صەفا هاتووە.

بەڵام (الموالاة) ماناكەى ئەوەیە كە كات نەكەوێتە نێوانى شۆردنى ئەندامەكانى دەستنوێژ و لەیەكترى جیابكرێنەوەو كاتێكى زۆر بخایەنێت.

بۆ نمونە: ئەگەر دەموچاوى بشۆرێت وپاشان بیەوێت دەستەكانى بشۆرێت بەڵام دوادەكەوێت، بۆیە لێرەدا موالات ڕووى نەداو دەبێت سەرلەنوێ دەستنوێژەكەى دووبارە بكاتەوە، چونكە پێغەمبەرى خوا كەسێكى بینی كە دەستنوێژى گرتبوو بەڵام بە ئەندازەى نینۆكێك سەرپێیەكانى تەڕ نەبووبو واتە ئاوى بەرنەكەوتبوو، ئەوەبوو پێى فەرموو:  ((ارجع فأحسن وضوءك))  (٢). وفي رواية أبي داود ((أمره أن يعيد الوضوء)) . واتە: بگەڕێوە دەستنوێژەكەت بەجوانى بگرە یان فەرمانى پێكرد كە دەستنوێژەكەى دووبارە بكاتەوە.ئەمەش لەڕاستیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە موالات مەرجە لە دەستنوێژدا و لەبەر ئەوەى دەستنوێژ یەك عیبادەتە بەسەریەكەوە، وە یەك عیبادەتیش بەشێكى لەسەر هەندێكى ترى بونیاد نانرێ لەگەڵ جیابونەوەى بەشەكانى لەیەكترى.

جا وتەى ڕاست وپەسەند ئەوەیە كە تەرتیب و موالات دوو فەرزن لە فەرزەكانى دەستنوێژ.

  سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 


([1]) أخرجه مسلم، كتاب الحج، باب صفة حجة النبي .
([2]) أخرجه مسلم، كتاب الطهارة، باب وجوب استيعاب جميع أجزاء محل الطهارة (243).
سەردان: ٢,٠٢١ بەش: دەستنوێژ