وەسوەسە لە دەست نوێژ و نوێژ دا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەسوەسە لە دەست نوێژ و نوێژ دا
پرسیار:

هەندێك جار لە كاتی دەستنوێژ بوونمدا هەروەها لە كاتی نوێژكردنمدا وا هەست دەكەم كەوا دەستنوێژەكەم هەڵوەشاوەتەوە و نەماوە، نازانم ئایا ئەمە حەقیقەتە یان وەسوەسەیە ؟ ئەمەش وای لێم كردووە كە زۆر جارێك دەستنوێژ و نوێژ دووبارە بكەمەوە.. هەروەها وای لێم كردووە كە نەشگەم بە نوێژی جەماعەت و زۆریش بیرم دەڕوات لە كاتی نوێژدا ؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئەمە وەسوەسەی شەیتانە و پێویستە پاڵی نەیت و گوێی پێ نەدەیت، لە بەر ئەم فەرموودەیە: پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا وترا: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر پیاوێك گومانی ئەوەی بۆ دروست بوو كەوا شتێكی لێبووەتەوە لە ناو نوێژدا ؟ فەرمووی:((لا ينصرف حتـى يسمع صوتاً أو يـجد ريـحاً))[متفق عليه] .
واتە: لە نوێژەكەی نابێتەوە تاوەكو گوێی لە دەنگێك نەبێت یان هەست بە بۆنێك نەكات.
جا لە بەر ئەم فەرموودەیە نابێت موسڵمان لە نوێژەكەی بێتەوە و ناشبێت وا بزانێت كە دەستنوێژەكەی بەتاڵ بووەتەوە بەو وەسوەسەیەی كە بۆی پێدا بووە، بەڵكو دەبێت گوێی پێ نەدات، مەگەر دڵنیا بێت لەوەی كەوا شتێكی لێوە دەرچووە جا ئەگر دڵنیا بوو ئەو كاتە دەستنوێژەكەی بەتاڵ دەبێتەوە.

لەلایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,١١٧ بەش: دەستنوێژ