ئایا دەست نوێژ گرتن بە بەفر دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دەست نوێژ گرتن بە بەفر دروستە؟
پرسیار:

گەر کەسێک لە جێگەیەکی سارد بێت و ئاوی دەست نەکەوێت و بەفر لەو جێگەیە هەبێت ، ئایا بەبەفر دەست نوێژ دەگرێت یاخود تەیەمووم دەکات ؟ یاخود بەفرەکە دەتاوێنێتەوە و دەست نوێژی پێ دەگیرێت؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

حەقیقەتی شۆردنی ئەندامی دەست نوێژ ئەوەیە کە پێویستە ئاو بەسەر ئەو ئەندامانەدا بچێت ، بەڵام بەفر ئاوێکی بەستووە و بەسەر ئەندامەکاندا تێپەڕ نابێت!!
بۆیە دەڵێین: 
1- گەر توانیت بەفرەکە بتاوێنیتەوە ئەوا پێویستە بیتاوێنیتەوە وبەکاری بێنیت و دروست نییە تەیەمووم بکەیت.
2- گەر شتێکت دەست نەکەوت بۆ تاواندنەوەی ، و توانیت بەفر بەکار بێنێت ، بەشێوەیەک تەڕاییەکی زۆر دروست بێت ، ئەوا هەموو ئەندامەکانی دەشوات ، و نابێ تەیەمووم بکەیت.
3- بەڵام گەر هۆکاری تواندنەوەی بەفرت دەست نەکەوت و ترسای لەبەکارهێنانیدا زیانت پێ بگا و کاتی نوێژ نەمابوو تەنها کاتێکی کەم نەبێت ئەوا تەیەمووم دەکەیت.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سەرەتا بزانه کە بەفر یاخود تەرزه ، بریتی یە لەئاوێکی بەستوو ، واتە: پاکە و پاکەرەوەشە ، و دەکرێت وەکو پاککەرەوە بەکاربهێنرێ چونکە ئەصڵەکەی ئاوە بەڵام بەم شێوەیەى کە باسی دەکەین :

یەکەم : ئەسڵی بەفر ئاوە ، و ئاوی ئاسمانیش پاکە ، بۆیە ئەوەی لەو بێت هەمان حوکمی ئەوی هەیە و پاککەرەوەیە ، چونکە گۆڕانکاری لێرەدا گۆڕانی مادە نییە ، بەڵکو تەنها گۆڕانی شێوە وڕەنگە ،هاوشێوەی گۆشتی بەستوو ونەبەستوو، و خوێنی ڕێکردوو و وەستاو ،ئەمانە حوکمیان جیاوازی نییە.

دووەم : بەنسبەت کردنە بەڵگەی ئەوەى کە بەفر پاکە ئەم فەرموودەیە کە أبو هورەیرە دەفەرموێ : (كانَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ يَسْكُتُ بيْنَ التَّكْبِيرِ وبيْنَ القِرَاءَةِ إسْكَاتَةً - قالَ أَحْسِبُهُ قالَ: هُنَيَّةً - فَقُلتُ: بأَبِي وأُمِّي يا رَسولَ اللَّهِ، إسْكَاتُكَ بيْنَ التَّكْبِيرِ والقِرَاءَةِ ما تَقُولُ؟ قالَ: أَقُولُ: اللَّهُمَّ بَاعِدْ بَيْنِي وبيْنَ خَطَايَايَ، كما بَاعَدْتَ بيْنَ المَشْرِقِ والمَغْرِبِ، اللَّهُمَّ نَقِّنِي مِنَ الخَطَايَا كما يُنَقَّى الثَّوْبُ الأبْيَضُ مِنَ الدَّنَسِ، اللَّهُمَّ اغْسِلْ خَطَايَايَ بالمَاءِ والثَّلْجِ والبَرَدِ) متفق عليه
واتە: پێغەمبەری خوا لەنێوان "الله ٲکبر" وخوێندنی فاتیحادا بێدەنگ دەبوو ، دەڵێ: وابزانم بێدەنگیەکی کەم بوو ، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا بەدایک وباوکەوە فیدات بم ،چی دەڵێی لەکاتی ئەو بێدەنگیەدا ؟
فەرمووی دەڵێم: 
(( خودایە نێوان خۆم و ھەڵە و تاوانەکانم دوور بخەرەوە، ھەروەکو چۆن نێوان ڕۆژ ھەڵات و ڕۆژ ئاوات دوورخستۆتەوە، خودایە پاکم بکەرەوە لە گوناھەکانم، ھەر وەکو چۆن پۆشاکی سپی لە چڵک و پیسی پاک دەبێتەوە، خودایە لە ھەڵە و تاوانەکانم بمشۆ بە ئاو وبەفر و تەرزە).
ئەم فەرموودەیە بەڵگە لەسەر پاکیەتی بەفر و تەرزە ، نەک بەڵگە بێ بۆ دروستێتی دەست نوێژ بە بەفر .
هەر بۆیە ئەو فەرموودەیه نابێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی بەفر وتەرزە وەک ئاو وایە .. ئەمە هاوشێوەی ئەم فەرموودەیەیە: (اغْسِلُوهُ بمَاءٍ وسِدْرٍ) متفق عليه.
واتە: بیشۆ بەئاو وسیدر.

پوختەی ئەو لێکدانەوەی پێشوو ڕوون دەبێتەوە کەلەشەرعدا نەهاتووە دەست نوێژ بە بەفر بگیردرێت بەو شێوەیی کە هەیە...
بەڵکو حەقیقەتی شوشتنی ئەندامی دەست نوێژ ئەوەیە کە پێویستە ئاو بەسەر ئەو ئەندامانەدا بچێت ، و بەفر ئاوێکی بەستووە و بەسەر ئەندامەکاندا تێپەڕ نابێت!!
بۆیە دەڵێین: 
1- گەر توانیت بەفرەکە بتاوێنیتەوە ئەوا پێویستە بیتاوێنیتەوە وبەکاری بێنیت ودروست نییە تەیەمووم بکەیت.
2- گەر شتێکت دەست نەکەوت بۆ تاواندنەوەی ، و توانیت بەفر بەکار بێنێت ، بەشێوەیەک تەڕاییەکی زۆر دروست بێت ، ئەوا هەموو ئەندامەکانی دەشوات ،وئەوەندە بەسە ونابێ تەیەمووم بکەیت ، لەپێغەمبەرەوە بەسەحیحی هاتووە کە بەسێیەکی مودێک ئاو دەست نوێژی گرتووە ، ئەوەش کەمترین بەکار هێنانی ئاوە .
3- بەڵام گەر هۆکاری تواندنەوەی بەفرت دەست نەکەوت وترسای لەبەکارهێنانیدا زیانت پێ بگا وکاتی نوێژ نەمابوو تەنها کاتێکی کەم نەبێت ئەوا تەیەمووم دەکەیت.

هذا، والله أعلى وأعلم ونسبة العلم إليه أزكى وأسلم.

سەردان: ٩٤٥ بەش: دەستنوێژ