حوکمی نوێژ کردن لەکاتى تەنگاوی دا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی نوێژ کردن لەکاتى تەنگاوی دا
پرسیار:

هەندێ جار پێش ئەوەى نوێژ بکەم تەنگاو دەبم و واپێویست دەکا کە بچمە سەرئاو بەڵام کە نوێژەکەم دەکەم و لەکاتی نوێژ کردنمدا تەنگاو نیم ئایا نوێژەکەم دروستە ؟؟ وە هەندێک جار حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ، ئایا نوێژەکەم دروستە ؟؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

دروست نی یە بۆ نوێژ خوێن کەوا دەست بەنوێژ کردن بکات لەکاتێکا کە تەنگاو بێت ، جا ئەم تەنگاویە تەنگاوی میز بێت یاخود پیسایی ، لەبەرفەرمایشتی پێغەمبەری خوا کە فەرمویەتی : [ لا صلاة بحضرة الطعام ولا هو يدافعه الأخبثان ] أخرجه مسلم .
واتە:  نوێژ ناكرێت لە كاتی ئامادەبوونی خواردن دا ، وە لە كاتێكیشدا كە پیسی و میز زۆری بۆ هێنان- واتە لە كاتی تەنگاو بوون دا.

وە حیکمەتی ئەم شتەش کەوا قەدەغە کراوە نوێژ بکرێت لەم حاڵەتەدا (والله أعلم) ئەوەیە ، کە ئەم دوشتە خشوع لەناو نوێژدا ناهێڵن ، بەڵام ئەگەر لەم حاڵەتەدا بوو نوێژیشی کرد نوێژەکەی دروستە ، بەڵام نوێژێکی تەواو و کامڵ نی یە ، لەبەر ئەم فەرمودەی باسمان کرد ، وەپێویست ناکات نوێژەکەی دوبارە بکاتەوە ، بەڵام ئەگەر دەستت بەنوێژ کردو میزو پیسایت نەهات دوای دەست پێ کردنی نوێژەکەت میزو پیسایت هات ، ئەوا نوێژەکەت دروستە هیچ کەڕاهەت و ڕێگریەک نی یە ئەگەر ئەم تەنگاویە ڕێگر نەبێت لە تەواو کردنی نوێژەکەت .
وبالله التوفيق وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم .
سەرچاوە : اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء 7/28

سەردان: ٣,٧٢٤ بەش: نوێژ