وەکو ئاشکرایە کە ڕۆژى جومعە گەورەیی ڕۆژەکانە و تایبەتمەندی خۆى هەیە جا پرسیارەکەم ئەوەیە من وەکو ئافرەتێک چۆن بتوانم سود لە کاتەکانم ببینین لە ڕۆژانی جومعەدا؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بەڕاستی جێی داخە کۆمەڵە کەسانێک دەبینین گوێ بەکات نادەن ، بەتایبەت کاتە پیرۆزەکان ، لەکاتێکدا ئەوان چاک دەزانن ژیان کورتە هەرچەند درێژیش بێت ، وخۆشی نامێنێ هەرچەند بەردەوام بێت ، و لەشساغی نەخۆشی بەدوادا دێت ، و لاویەتی پیری بەدوادا دێت .
جا یەکێک لەکاتە پیرۆزەکان کە زۆربەی خەڵک لێی بێئاگان و گوێی پێ نادەن ڕۆژی هەینی یە ، کەدیاری خودایە بۆ ئوممەتی پێغەمبەر ﷺ ، و ئومەتانی پێشوو لەم خێرە بێبەش بوون ، لەم ڕۆژەدا ئادەم دروست کراوە ، وتیایدا کراوەتە بەهەشتەوە وهەر لەم ڕۆژەدا دەرکراوە ، وەهەر لەم ڕۆژەدا قیامەت هەڵدەستێت .
لەفەرموودەیەکدا هاتووە: (( وما من ملك مقرب، ولا سماء، ولا أرض، ولا رياح، ولا جبال، ولا بحر، إلا وهن يشفقن من يوم الجمعة))[رواه أحمد وحسنه الألباني].
واتە: هیچ فریشتەیەک نزیک لەخودا ،و نە ئاسمان و نە زەوی ،و نەبا ، ونەشاخ وکێو، و نە ڕوبار هەیە ، ئیلا لەو ڕۆژەدا ترسان لێ دەنشێ .
وەلەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کەمتەرخەمیەکی زۆر هەیە لەبەفیڕۆدانی سەعاتەکانی ئەم ڕۆژەدا ، هەر بۆیە پێویستە لەسەرمان هەندێ حەقیقەت لەبارەی ئەم ڕۆژەوە بزانین ، و وەک خۆی ڕێز وقەدری بزانین ، لەوانە :
یەکەم: گەورەیی ئەم ڕۆژە :
چەندان فەرمودە هاتوون لەبارەی ڕوونکردنەوەی گەورەیی ئەم ڕۆژەوە ، ئەبو هورەیرە خوای لێ ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خودا ﷺ فەرمووی: (( خير يوم طلعت فيه الشمس يوم الجمعة، فيه خلق آدم، وفيه أدخل الجنة وفيه أخرج منها))[ رواه مسلم].
واتە: چاكترین ڕۆژێك خۆرى بەسەردا هەڵهاتبێت ڕۆژى هەینى یە، لەو ڕۆژەدا ئادەم بەدیهێنراوە، وە لەو ڕۆژەدا خراوەتە ناو بەهەشتەوە، وە لەو ڕۆژەدا دەركراوە لەبەهەشت.
وەهەروەها ئەوسی کوڕی ئەوس گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (( إن من أفضل أيامكم يوم الجمعة فأكثروا علي من الصلاة فيه فإن صلاتكم معروضة)) الحديث[رواه أبو داود].
واتە: باشترینی ڕۆژەکانتان ڕۆژی ھەینییە، لەو ڕۆژەدا صەڵاواتم زۆر لەسەر بدەن، چونکە ھەمووم پیشان دەدرێت.
دووەم:
ئافرەت لەشەوانی هەینی دا تا درەنگانێکی شەو بەخەبەر نەبێت ؛ چونکە درەنگ نوستن نوێژی سبەینان ومانەوەی دوای تا ڕۆژهەڵاتن وزیکر ویادی خودای لەکیس دەدات ، عبداللەی کوڕی مەسعود خوای لێ ڕازی بێت دەڵێت- : جدب – أي عابه وذمه – إلينا رسول الله ﷺ السمر بعد العشاء [ رواه أحمد وصححه الألباني ] .
واتە: پێغەمبەری خودا ﷺ زەم وسەرزەنشتی نەنوستنی دوای عیشای کرد بۆمان .
سێیەم :
مانەوەی ئافرەت لەشوێنی نوێژەکەی دوای نوێژی سبەینان بۆ زیکر ویادی خودا .
چوارەم :
خوێندنەوەی سورەتی( الكهف )چەند فەرموودەیەک لەبارەی فەزڵی خوێندنی سورەتی کەهفەوە هاتوون ، لەوانە ، پێشەوا ( الدارمي ) لەئەبو سەعیدی خودریەوە ڕیوایەتی کردووە ودەڵێت : ((من قَرَأَ سُورَة الْكَهْف فِي يَوْم الْجُمُعَة أَضَاء لَهُ النُّور مَا بَيْنَ الْجُمْعَتَيْنِ))
واتە: هەركەسێك لەڕۆژى هەینىدا سورەتى (الْكَهْف)ى خوێند، ئەوا ئەوەندە ڕۆشنایی بۆ دائەگیرسێت بەئەندازەى نێوان هەردوو هەینیەكە.
پێنجەم :
دوای عەسر دەکرێت ئافرەت بەکاری بێنێت بۆ سەردانی کردنی کەسە نزیکەکانی ، یاخود سەردانی نەخۆش ، یاخود یادخستنەوەی زانست و زانیاری وجگە لەمانەش .
شەشەم :
بەماوەیەکی کەم پێش مەغریب پێویستە خۆ یەکلا بکرێتەوە بۆ دوعا وپاڕانەوە چونکە پاڕانەوە لەو سەعاتەدا گیرایە ، لەبەر ئەو فەرموودە سەحیحەی کە ئەبو هورەیرە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا ﷺ باسی ڕۆژی هەینی کرد وفەرمووی: (( فيه ساعة لا يوافقها عبد مسلم وهو قائم يصلي يسأل الله تعالى شيئاً إلا أعطاه إياه وأشار بيده يقللها )) .
لە ڕۆژی هەینیدا كاتێک هەیە كە هەر موسڵمانێک بۆی ڕێک بكەوێت لەو كاتەدا دوعا بكات، كە لەو دەمەدا نوێژ بكات و داوای شتێک لە خوای گەورە بكات، خوای گەورە هەر پێیدەبەخشێت وبەدەستی ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی ماوەیەکی کەم وکورتە.
وە زانایان جیاوازن لەبارەی دەستنیشان کردنی ئەم سەعاتەوە وچەندان بۆچوونیان هەیە ، بەڵام تەواوترینیان ئەوەیە کەدەڵێت سەعاتی کۆتایی دوای عەسرە ، بۆیە گرنگە لەم کاتەدا ئافرەت بپاڕێتەوە بۆ خۆی و موسوڵمانان بەگەشتى .
حەوتەم :
دوای مەغریب هەوڵ بدات لەگەڵ کەس وکاریدا دابنیشێت بۆ یادخستنەوە زانستی شەرعی و کارە موباحەکان ئەوانەی کەسوود بەخشن .
هەشتەم :
دوای نوێژی عیشا و نان خواردن گەر پێی باش بوو هەندێ لەکتێبە زانستیان بخوێنێتەوە .
وەدواتر پێش نوستنی نوێژی ویتر بکات بەڵکو ئەو ڕۆژەی بەڕەزامەندی خودا کۆتایی پێ بێنێت ، وزیکری نوستنی لەبیر نەچێت ونیەتی هەستان بۆ شەونوێژ بێنێت پێش بانگی بەیانی .
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم