بۆچى خودای ئیسلام لە قورئاندا باسی دروست بوونی خۆی ناکات ! : ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆچى خودای ئیسلام لە قورئاندا باسی دروست بوونی خۆی ناکات !
پرسیار:

خودای ئیسلام لە قورئاندا وا وەسفی خۆی دەکات کە نە لە کەس بووە و نە کەسی لێ دەبێت ... باسی دروست بوونی خۆی ناکات ! بۆچی ؟ چونکە خۆشی نازانێت چۆن دروست بووە ! بۆچی خۆشی نازانێت چۆن دروست بووە ؟! چونکە ئەمە کەسێکە بە ناوی خواوە قسە دەکات ... نەک خودایەک . خودا دەبێت باسی دروست بوونی خۆی بکات . دەبێت بزانێت چۆن دروست بووە ...
لێی بپرسە چۆن دروست بوویت ؟؟ هەموو قورئان سەروژور بکە باسی ئەوە ناکات کە چۆن دروست بووە !!!
واتا خۆشی نازانێت چۆن دروست بووە ! ...
من چۆن دوای شتێک دەکەوم کە نە زانێت چۆن دروست بووە ؟! ...
ئەی باوەڕداری ئازیز تۆ دەزانیت خواکەت چۆن دروستووە ؟! بەس مەڵێ ئەزەلیە ... چونکە وەک وتم هەموو قورئان سەرەو ژور بکە باسی ئەزەلیەتی اللە کەتان ناکات ... پینەیە و هیچی تر...
لە کۆتایشدا شتێک کە عەرشەکەی بەقەدەر هەموو گەردون بێت ناکرێت لە خۆیەوە دروست بێت ...
تێبینی: مەنوسە کە ئێمە پێمان وایە گەردون و ژیان لە خۆیەوە دروست بووە . زانست ئەم باسەی ڕونکردووەتەوە و کۆتای پێهاتووە .. کە تۆ نازانیت ، ئەوەیان دەبێتە کێشەی خۆت ...

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

خوای هەموو جیهانیان ـ بە جنۆكە و مرۆڤ و هەموو دروستكراوەكانی ـ ، صەڵات و سەلامیش لەسەر پێغەمبەری میهرەبانی و نێردراو بە ڕەحمەت بۆ هەموو جیهان ...

پاشان دەڵێم : ئاشكرایە كە ڕێگەكانی باوەڕپێهێنان و گەشتن بە ناسینی خوای پەروەردگاری تاك و تەنهای بەدیهێنەر زۆرن بەڵام سەرەكیترینیان ئەمانەی خوارەوەن :

ڕێگەی یەكەم : ڕێگەی فیترەت :

خوای بەدیهێنەر كە مرۆڤی بەدیهێناوە یەكێك لەو ڕێگایانەی كە پێی بەخشیوە و لە ناخیدا چەسپاندوویەتی بۆ ئاسانكردنی باوەڕهێنانی ( فیترەتە ) كە بریتیە : لەو هەستەی كە لەگەڵ بەدیهێنانی مرۆڤەكان لە ناخ و هزر و دەرونیاندا چێنراوە ، و بەهۆیەوە باوەڕ بە بەدیهێنەری خۆیان دەكەن و بۆلای دەگەڕێنەوە ، وە دەتوانێت بەهۆیەوە هەندێك لە چاكە و خراپەكان بناسێتەوە .

شەهرستانی ـ بە ڕەحمەت بێت ـ بەڵگەی فیترەتە تەندروستەكان بەڕوونترین بەڵگە داناوە لە سەر بوونی ( الله) ، بەشێوەیەكی بەڵگە نەویستانە و ئاسایی ڕێنمووی مرۆڤ دەكات بۆ بەدیهێنەرێكی دانا وزانا وبەتوانا ... خەڵكیش ئەگەر لە كاتی خۆشیدا لەم بەڵگەیە بێئاگا بن ، ئەوا بێگومان لە كاتی دژواری وناڕەحەتیدا دێتەوە یادیان وپەنای بۆ دەبەن !!! ( بڕوانە : نهاية الإقدام للشهرستاني : ص124 ـ 126 ).

وە پێشەوا ( ابن تيمية ) ـەش ـ بە ڕەحمەت بێت ـ بایەخێكی زۆر دەدات بە ئەم ووتەیەی شەهرستانی لە پەرتوكی ( درء تعارض العقل مع النقل ) و لە بەڵگە هێنانەوەی سەبارەت بەبوونی خوای پەروەردگار ( بڕوانە : موافقة صريح المعقول للمنقول لابن تيمية : 3 / 129 ـ 130 ) .
خوای پەروەردگار سەبارەت بە بەڵگەی فیترەت فەرموویەتی : [وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِنْ بَنِي آدَمَ مِنْ ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى شَهِدْنَا أَنْ تَقُولُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِينَ]( الأعراف : 172 ) ، ئەم ئایەتەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە خوای پەروەردگار دروستكراوەكانی بۆ ناسین ویەكتاپەرستی خۆی هیدایەت داوە ، و پێی فەرموون كە ئەو پەروەردگاری ئەوانە .
وە هەر لەم بارەیەوە فەرموویەتی : [فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفاً فِطْرَةَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا لا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لا يَعْلَمُونَ]( الروم : 30 ).
ڕاڤەوانانی قورئانی پیرۆز جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم ئایەتانە ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە خوای پەروەردگار خەڵكی لەسەر ئەوە ڕێنمووی كردووە كە هەر لە فیتڕەتیاندا دان بنێن بەبوونی ئەو تاك وتەنهایی ، بۆیە دەبینین زۆرینەی خەڵك لەسەر ئەوەن كە دان دەنێن بەبوونی بەدیهێنەریان بەشێوەیەكی ئاسایی وبەڵگە نەوویستی ، چونكە پێویستی مرۆڤەكان بۆ خوای پەروەردگار گەورەترە لە شتانی تر ، چونكە هەر ئەو كە چاكەكانیان تووش دەكات وخراپەكانیان لێدوور دەكاتەوە ... (تفسير ابن كثير : 3 / 422 ـ 423 ) ، و ( تفسير الرازي : 15 / 46 ـ 48 ) ، و ( موافقة صريح المعقول للمنقول : 3 / 136 ) .
وە پەیامبەری خوداش ئاماژەی بەم بەڵگەیە كردووە لە چەندەها ووتەیدا ، لەوانەش : "كُلُّ مَوْلُودٍ يُولَد على الْفطْرةِ ، فأَبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ أَوْ يُنَصّرَانِهِ أوْ يُمَجِّسَانِهِ" ( رواه البخاري ومسلم )، واتە : هەموو لەدایك بوویەك لەسەر فیترەت لە دایك دەبێت ، بەڵام دایك وباوكی دەیكەن بە جولەكە یان بە گاور یان بە ئاگرپەرست .
كەواتە مرۆڤە فیترەت تەندروستەكان بە فیترەتی خۆیان باوەڕیان بە بوونی (الله ) هەیە ، كەچی دەبینیت هەندێك كەسانی ساویلكە لە فیترەتی خۆیان لادەدەن ، و نكوڵی لەو ڕاستیە چەسپاوەی ناخیان دەكەن !!!
بەڵام نكۆڵی كردن لە بوونی (الله )ـی بەدیهێنەر پاش تێكچوونی فیتڕەتی ئەو كەسانە دەبێت كە نكۆڵیكار دەبن لە مرۆڤ ، وهەستەوەرەكانیان لە بیستن وبینین و هزر وعەقڵیان تێك دەچێت ( بڕوانە : الإيمان لابن تيمية ، تحقيق الألباني : 22 ـ 24 )... .
و ئەم تێكچوونەی فیتڕەتیش چاك دەبێتەوە ونامێنێت ، و مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگار لە كاتێكدا تووشی دژواری وناڕەحەتییەك دەبێت ، لەو كاتە دەبینێت ئەو تارمایی وژەنگ وقرێژانەی لەسەر فیتڕەتی گرتووە نامێنێت ومرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، وهەر وەك ئایەتەكانی قورئان باسی ئەوەمان بۆ دەكەن : [هُوَ الَّذِي يُسَيِّرُكُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ حَتَّى إِذَا كُنْتُمْ فِي الْفُلْكِ وَجَرَيْنَ بِهِمْ بِرِيحٍ طَيِّبَةٍ وَفَرِحُوا بِهَا جَاءَتْهَا رِيحٌ عَاصِفٌ وَجَاءَهُمْ الْمَوْجُ مِنْ كُلِّ مَكَانٍ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ أُحِيطَ بِهِمْ دَعَوْا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ لَئِنْ أَنْجَيْتَنَا مِنْ هَذِهِ لَنَكُونَنَّ مِنْ الشَّاكِرِينَ]( يونس : 22 ).
وە فەرموویەتی : [وَإِذَا مَسَّكُمْ الضُّرُّ فِي الْبَحْرِ ضَلَّ مَنْ تَدْعُونَ إِلاَّ إِيَّاهُ فَلَمَّا نَجَّاكُمْ إِلَى الْبَرِّ أَعْرَضْتُمْ وَكَانَ الإِنْسَانُ كَفُوراً]( الإسراء : 67 ).
وە فەرموویەتی : [وَلَهُ مَا فِي السَّمَوَاتِوَالأَرْضِ وَلَهُ الدِّينُ وَاصِباً أَفَغَيْرَ اللَّهِ تَتَّقُونَ (52) وَمَا بِكُمْ مِنْ نِعْمَةٍ فَمِنْ اللَّهِ ثُمَّ إِذَا مَسَّكُمْ الضُّرُّ فَإِلَيْهِ تَجْأَرُونَ]( النحل : 52 ـ 53 ).
هەموو ئەم ئایەتانە ئەوە ئاشكرا دەكەن كە مرۆڤ لە ساتەكانی دژواری وناڕەحەتیدا هیچ پەنایەكی نییە بۆ لای بڕوات وبۆی ڕابكات جگە لە ( الله ) نەبێت ، ئەمەش ئەو دەسەلمێنێت كە پاڵنەرە فیتڕییەكان وهەست كردن بەوەی كە خوای پەروەردگار ڕزگاركارە زۆر قوڵە وبەتوندی چەسپیووە لە ناخی مرۆڤەكاندا ، وباڵادەستە بەسەر دەروونی مرۆڤایەتیدا ، وئەم هەست زیاتر دەردەكەوێت لە ساتەكانی تووشبوونی مرۆڤ بەدژواری وناڕەحەتی ، بۆیە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ فَإِلَيْهِ تَجْأَرُونَ ] ، واتە : بەدەنگی بەرز دەپاڕێنەوە بۆ پەروەردگار تاك دەبن بۆ ئەوەی بەهاناتانەوە بێت ( بڕوانە : المنهاج القرآني : ص88 ـ 89 ).
كەواتە هەمو مرۆڤێك لە ناخیدا هەر بە فیترەت بەدیهێنەری خۆی دەناسێت ... .


ڕێگەی دووەم : بەڵگەی هزر و عەقڵ :

ئەمەشیان بەخششێكی ترە لە بەخششەكانی خوای پەروەردگار كە بە مرۆڤەكانی بەخشیوە ، بەهۆی ئەمەشەوە لە زۆرێك لە دروستكراوەكانی تری جوداكردوونەتەوە ، وە بەهۆیەوە پەی بەوە دەبەن هەندێك لە چاك و خراپەكان ، و هەندێك لە بیروباوەڕەكان بزانن ، لەوانە ـ وەك نموونە ـ : زانینی ئەوەی كە گەردوونێكی بەبەرنامە و ڕێك و پێك ، یان مرۆڤێكی دروستكراو بەم شێوە جوان تەواوە ، نیشانەی ئەوەیە كە بەدیهێنەرەكەیان دانا و زانا و بەتوانایە ... هتد .

تەنانەت كەسانی نەخوێندەوار و دەشتەكیش ئەم هۆكارە بەكار دەهێنن لەو پێناوەدا ... ئەوەتە كەسێكی دەشتەكی كە لێی دەپرسن چۆن پەروەردگاری خۆت ناسیوەتەوە ؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت : (( الْبَعْرَةُ تَدُلُّ عَلَى الْبَعِيْرِ ، وَالسَّيْرُ تَدُلُّ عَلَى الْمَسِيْرِ ، فَسَمَاْءٌ ذَاْتُ أَبْرَاْجٍ ، وَأَرْضٌ ذَاْتُ فِجَاْجٍ ، وَبِحَاْرٌ ذَاْتُ أَمْوُاْجٍ ، أَلاَ تَدُلُّ عَلَى اللَّطِيْفِ الْخَبِيْرِ ؟! )) ، پاشەڕۆی ووشتر بەڵگەیە لەسەر بوونی ووشترەكە ، و جێ پێیش بەڵگەیە لەسەر ڕۆیشتنی ڕۆیشتویەك بە ڕێگاكەدا ، ئەی چۆن دەكرێت ئەم ئاسمانە بەو هەموو بورجەی كە تیایدایە ، وە ئەم زەویە بەو هەموو ڕێگا فراوانەی كە كەوتووەتە نێوان شاخەكانەوە ، و ئەم هەموو دەریایانە كە شەپۆلی گەورەیان هەیە ، ئایا هەموو ئەوانە بەڵگە نین لەسەر خوایەكی شارەزا و وردكار ؟َ!
بۆیە دەبێت مرۆڤی ژیر و خاوەن هزر بە شتی پروپوچی خەڵكانێكی بێباوەڕ واز لە بیر و هۆش و هزر و عەقڵی خۆی نەهێنێت ، بۆ ئەوەی خۆی تووشی سەرشۆڕی و ڕیسوایی دونیا و دواڕۆژ نەكات ، و لە دواڕۆژدا ئەم ئایەتە بیگرێتەوە: [وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ]( الملك : 10 ) .
وە نموونەیەكی تر هەر لەم بارەیەوە ئەوەیە : كە هزری مرۆڤە ژیرەكان ئەوە بەدوور دەزانن كە ژیان تەنها ئەم چەند ڕۆژەی دونیا بێت و ببڕێتەوە ، و ژیانێكی تر بۆ لێپرسینەوە و پاداشت نەبێت ، چونكە چۆن دەكرێت ستەمكارێكی خوێنڕێژ ، لە گەڵ ستەملێكراوێكی چەوساوە ، هەردوو بمرن و ببن بەخۆڵا بێ ئەوەی ڕۆژێك هەبێت لێپرسینەوەیان لێبكرێت ، و سزای ستەمكارە خوێنڕێژەكە بدرێت ، و پاداشتی ستەملێكراوە ە چەوساوەكە بدرێتەوە !!! ئەمە بەپێ هزر و عەقڵ زۆر دوورە لە دانایی و حیكمەتی بوون .. و چەندەها نموونەی تر .


سێیەم : ڕێگەی سرووش وەحی :

لەبەر ئەوەی ڕێگەی یەكەم ـ ڕێگەی فیترەت ـ ، و ڕێگەی دووەم ـ ڕێگەی عەقڵ ـ كامڵ و تەواو نین و سنوردیاری كراوون و پەی بە هەموو پەنهانیەكان نابەن ، و ناتوانن هەموو شتێك بزانن ، كە پێویستە لە ژیاندا ئەنجامی بدەن لە چاكەكاری ، یان خراپەكاریە و پێویستە لێی دوربكەونەوە ، جا مافەكە مافی دروستكار بێت ، یان دروستكراوەكان بێت ، بۆیە لە ڕەحم و بەزەیی و دانایی پەروەردگاری كاربەجێ ڕێگەی سێیەمی بۆ فەراهەم هێناووین ، لەلایەكەوە بۆ تەواوكردنی نیعمەتەكانی خۆی بەسەمانەوە لە هیدایەت و ڕێنیشاندان ، لەولاشەوە بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ ـ لەگەڵ جنۆكەشدا ـ بڕوبیانوی ئەوەمان نەبێت لە ڕۆژی لێپرسینەوە كە بۆچی نێردراوێكی بۆ نەناردووین بۆ ئەوەی باش و خراپ و پێویستیەكانی سەرشانمان بەرامبەر بە پەروەردگارمان و بەرامبەر بە مرۆڤەكان و دروستكراوەكانی تری بزانین ، و پاشان لێپرسینەوەمان بكرایە لەسەر ئەو شتانە ، خوای دروستكاری كاربەجێ فەرموویەتی : [رُسُلاً مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لأَلاَّ يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزاً حَكِيماً]( النساء : 165 ) ، واتە : پەیامبەرانێكی موژدەدەر و ئاگاداركەرەوە بۆ ئەوەی خەڵكی هیچ بڕوبیانویەكی بەرامبەر بە خوای پەروەردگار نەبێت پاش هاتنی ئەو پەیامبەرانە سەلامی خوایان لەسەر بێت ، بێگومان پەروەردگاری ئێوە ( الله ) زاتێكی بەتوانای بەهێز و كاربەجێی دانایە .

وە بێگومان ئەوش كە یارمەتیدەری هەموو ئەوانەی سەرەوە بێت ، و پاڵپشكاریان بێت ، نەك ئەوەی دژیان بووەستێتەوە ، زانستی سەردەمە ، ئەوەتە ڕاوێژكاری ئەندازیاری ( كلود هاثاواي ) ) خاوەن ماستەرنامە لە زانكۆی ( كوكلورادو ) ، وڕاوێژكاری ئەندازیاری لەكارگەكانی كۆمپانیای جینراڵی ئەلكترۆنی ، و دروستكەری عەقڵی ئەلكترۆنی كۆمەڵگەی زانستی بۆ خوێندنی فڕۆكەوانی لەشاری ( لانجی فیلد ) ، و پسپۆری ئامێرە كارەبایی و سروشتیەكانی پێوەر ... لەژێر ناونیشانی : ( الله ... بەدیهێنەری مەزن ) دەنوسێت :
پێش ئەوەی ئەو هۆكارانە ڕوون بكەمەوە كە بانگێشمان دەكات بۆ باوەڕبوون بە ( الله ) ، پێم خۆشە ئاماژە بەوە بدەم كە زۆربەی باوەڕی من بە ( الله ) ـی بەرز وبڵند لە قۆناغی ئێستای ژیانمدا ڕاوەستاوە لەسەر زانیاری و مومارەسەم .
واقعیش ئەوەیە كە ئێمە نابێت زۆرێك لەو بیروباوەڕانە بە دوور بزانین كە ڕاوەستاوون لەسەر بنەوای خیبرە و مومارەسە ، یان وا تێیبڕوانین كە متمانەناكاتە سەر بنەوای عەقڵی ، چونكە ئەگەر ئەوەمان كرد بەو كارەمان كەمی لە پلە وپایەی خودی ڕێگە زانستیەكان دەكەین . بۆیە باشتروایە ئەمانە بە بیروباوەڕە سەروو فیكریەكان ناوزەد بكەین .
وە سەرەڕای ئەوەی كە ساڵانی پێشوو باوەڕم بە ( الله ) هەبووە ، كە بینانراوە و ڕادەوەستێت لەسەر چەندەها هۆكار كە دواتر باسیان دەكەم ... بەڵام باوەڕم پێی لە كاتی ئێستادا ڕاوەستاوە لەسەر خیبرە و زانینێكی ناوەكی بەرامبەری ، كە خیبرە یان زانینێكە هەمووی موجادەلە فیكریەكان لەلایدا كەم دەبیێتەوە .
وە سەرەڕای ئەوەش كە ئەم جۆرە بەڵگە هێنانەوانە قەناعەت بە كەسانێك ناكات كە بەخۆیان مومارەسەی نەكەن ، بەڵام هێز و ڕووی خۆی هەیە بۆ كەسانێك كە مومارەسەی دەكەن .
دڵنیام لەوەی كە باوەڕبوونم بە ( الله ) تەنها پەناگەیە كە ڕووح و دەروونم ئارام دەبێت لەلایدا ، هەروەكو ( أوغستین ) دەڵێت : (( الله بۆ خۆی دروستی كردوین ، و بێگومان ڕوح و دەرونمان بە نائارامی دەمێنێتەوە تاكو ئاسودەیی خۆی لە ئاسۆیدا دەدۆزێتەوە )) .
بەڵام سەبارەت بەو هۆكارە فیكریانەی كـە بانگێشمـان دەكـەن بـۆ بـاوەڕبـوون بـە ( الله ) ، ئەوا من پێم خۆشە بەو ڕاستیانە دەست پێبكەم كە ڕێگەیەك بۆ تكوڵی كردنی نیە ... ، ئەوانیش :
بێگومان هەموو تەصمیمێك پێویستی بە موصەممێك هەیە ، و بێگومان ئەم هۆكارە بەهێزە ـ لە هۆكارەكانی باوەڕهێنانم بە ( الله ) ـ پاڵپشتی كارە ئەندازیاریەكانی كردووم . بۆیە پاش سەرقاڵبوونم بە تەصمیمی چەندەها ئامێر و ئامرازی كارەبایی ، ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تەصمیمێك یان داهێنراوێك زیاد ی كردووە ، لە هەركوێیەك بووبێت .
بۆیە لەسەر ئەو بنەوایە بێگومان یەكێك لەوانەی كە لەگەڵ عەقڵا و لۆژیكدا نایەتەوە وناگونجێ كە ئەو تەصمیمە شاكارەی گەردوون لە دەورووبەرماندا ئیللا دەبێت لە داهێنانی خوایەكی گەورەیە كە بەڕێوەبردن و داهێنان و شاكاریەكانی لە كۆتایی نایەن .
لە ڕاستیدا ئەمە ڕێگەیەكی كۆنە لە ڕێگەكانی بەڵگەهێنانەوە لەسەر بوونی ( الله ) ، كەچی زانستی نوێ بەگەورەتر و بەهێزتری داناوە لە ڕوونكردنەوە و بەڵگەدا لە هەموو سەدەمانێك كە ڕابوورد .
بێگومان ئەندازیار فێری ئەوە دەبێت چۆن شكۆداری بۆ ڕێكخستن بنوێنێت ، وە چۆن ناڕەحەتیەكان بەرز بنرخێنێت كە لە كاتی تەصمیمدا دێنەكایەوە ، لە كاتێكدا موصەممیم هەوڵی ئەوە دەدات كە هێز و مادە و یاسا سروشتیەكان لەگەڵا یەكدا كۆبكاتەوە لە پێناو جێبەجێكردنی ئەو گرفت و ناڕەحەتیانەی كە تووشی بوون كاتێك كە هەوڵدەدات تەصمیمێكی نوێ دابنات ... .
وە بێگومان جیهان لە دەوروبەرماندا لە كۆمەڵێكی زۆر لە تەصمیم و داهێنان و ڕێكخستن پێكهاتووە . وە سەرەڕای سەربەخۆیی هەندێكیان لە هەندێكی تریان ، بەڵام لەلایەكی ترەوە لێك ئاڵاوون و تێهەڵكێش كراوون ، و هەریەكەیان لەوی تریان ئاڵۆزترە ، لە هەموو گەردیلەیەك لە گەردیلەكانی پێكهێنانی ، لەو عەقڵە ئەلكترۆنیەی كە من دروستی دەكەم . جا ئەگەر ئەم ئامێرە پێویستی بە تەصمیم هەبێت ، ئایا ئەم ئامێرە فسیۆلۆجی و كیمیاییە بایلۆجیە ـ كە لەشی منە ـ پێویستی بە بەدیهێنەرێك نیە بەدیبهێنێت ؟!! كە ئەوەش خۆی بۆ خۆی گەردیلەیەكی سادەیە لە گەردیلەكانی ئەم گەردونە بێ كۆتاییە لە فراوانی و داهێنانیدا !!!
بێگومان تەصمیم و ڕێكخستن و ڕێزبەندی ، یان ناوی بەهەرچی دەنێیت لە دوو ڕێگەوە نەبێت نایەتە كایەوە :
لە ڕێگەی ڕێكەوتەوە ... یان لە ڕێگەی بەدیهێنان و تەصمیمەوە .
وە تاكو ڕێكخستن زیاتر ئاڵۆز بێت ، ئەگەری هاتنەكایە لە ڕێگەی ڕێكەوتەوە دوورتر دەبێت . وە ئێمەش لە ڕوانگەی ئەم هەموو كۆتایی نەهاتوانەدا ناتوانین جگە لە ملكەچ بوون بۆب وونی ( الله ) هیچی تر بڵێین .
بەڵام سەبارەت بە خاڵی دووەم كە لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە : موصەممی ئەم گەردونە نابێت مادی بێت ، بەڵكو باوەڕم وایە كە پەنهانە و مادی نیە . وە من بۆ خۆم باوەڕم بە نامادیەكان هەیە ، چونكە من وەكو زانایەك لە زاناكانی فیزیا هەستدەكەم كە پێویستمان بە هۆكاری یەكەم هەیە و مادیش نیە . بێگومان فەلسەفەی من ڕێگە دەدات بە بوونی غەیرە مادی ، چونكە پێناسەی ئەوەیە كە هەستەوەرە سروشتیەكان هەستی پێ ناكرێت ، بۆیە جۆرێكە لە جۆرەكانی كەودەنی كە نكوڵی لە بوونی بكەم بەهۆی بێ توانایی زانست لە پێ گەشتنی ، وە لە سەروی ئەوەشە بێگومان فیزیای سەردەم و نوێ ئەوەی فێركردووم كە سروشت لەوە بێ دەسەڵات ترە كە خۆی ڕێكبخات ، یان دەسەڵاتی بەسەر خۆیدا هەبێت .
ئەوەتە ( إسحاق نیوتن ) گەشتۆتە ئەوەی كە ڕێكخستنی ئەم گەردوونە بەرەو تێكچوون دەچێت ، وە نزیك دەبێتەوە لە قۆناغێك كە پلەی گەرمی هەموو پێكهاتەكانی بەرەو یەكسانی دەچن ، وە لەوەشە بەوە گەشتووە ئەوەی كە ئەم گەردونە دەبێت سەرەتایەكی هەبێت ، هەروەك گەشتووەتە ئەوەی كە دەبێت دانرابێت بەپێی تەصمیمێكی دیاریكراو و ڕێكخستنێكی داڕێژراو ، وە لێكۆڵینەوەی گەرمی ئەم بۆچوونانەی پشت ڕاست كردووەتەوە ، وە یارمەتی داوین كە جیاوازی بكەین لـە نێوان ووزەی ڕەخساو ( المیسورە ) و نەڕەخساو ( غیر المیسورە ) ، وە ئەوەش بینراوە لە ڕوودانی هەموو گۆڕانكاریەكی گەرمی ، بەشێكی دیاریكراو لە ووزەی ڕەخساو دەگۆڕێت بۆ ووزەی نەڕەخساو ، وە ئەوەش كە هیچ ڕێگەیەك نیە كە ئەم گۆڕانە لە سروشتدا بە شێوەیەكی پێچەوانە ڕووبدات ، وە ئەمەش یاسای دووەمی یاساكانی جووڵە وزە ( namic Thermo Dy= الدینامیكا الحراریە ) یە .
وە ( بۆلتزمان ) بایەخی بە یەكلاكردنەوەی ئەم دیاریدەیە داوە ، و توانا و كارامەیی بیركاریانەی خۆی بەكارهێناوە لە لێكدانەوەیدا ، تاكو ئەوەی جێگیر كردووە و سەلماندویەتی كە بێگومان لە دەستدانی ووزەی ڕەخساو ـ كە یاسای دووەمی یاساكانی جووڵە وزە ( namic Thermo Dy= الدینامیكا الحراریە ) ئاماژەی بۆ دەكات ـ بریتیە لە بارودۆخێكی تایبەت لە دیاریدە گشتیەكان كە ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو گۆڕانێك یان گۆڕانێكی سروشتی هاوكات دەبێت لە گەڵ نەمان یان كەمبوونەوەیەك لە ڕێكخستنەكانی گەردون . وە لە حاڵ و باری گەرمیدا گۆڕانی ووزە لە شێوەی ڕەخساوەوە بۆ شێوەی نەڕەخساو بە لەدەستدان و كەمبوونەوە دادەنرێت لە ڕێكخستنە بەشیەكان ، یان بەواتایەكی تر : پەرتەوازەبوون و نەمانی بونیاتەكەیە . وە ئەمەش ـ بە هەر ڕێگەیەك بێت ـ ئەوە دەگەیەنێت كە سروشت ناتوانێت تەصمیمی خۆی بكات یان خۆی خۆی بەدیبهێنێت ، چونكە هەموو گۆڕانێك سروشتی دەبێت ببێتە هۆی جۆرێك لە جۆرەكانی لەدەستدانی ڕێكخستن ، یان داڕوخانی دامەزراوەكە بەگشتی . وە لە هەندێك بارو حاڵدا لەوانەیە ڕێكخستنەكە لە سادەوە بۆ ئالۆز بڕوات ، بەڵام ئەوە نابێت ئیللا لەسەر حیسانی داڕوخانێكی گەورە نەبێت لە ڕێكخستنەكەدا لە شوێنێكە تردا .
بێگومان ئەم گەردوونە تۆپەڵێكە ژیرباری ڕێكخستنێكی دیاریكراوە ، وە پێویستی بەڕێپێدان هەیە لە هۆكاری یەكەمەوە ، و یاسای دووەمی یاساكانی جووڵە وزە ( namic Thermo Dy= الدینامیكا الحراریە ) نایگرێتەوە ، وە دەبێت ئەم هۆكارەی یەكەم چوون مادە نەبێت لە سیفەتەكانیدا ... بێگومان ئەویش (الله ) ـی زانا و دانایە كە بە چاو نابینرێت ( بڕوانە پەرتوكی : الله یتجلی فی عصر العلم ) .
پاش ئەم پێشەكیە درێژە ـ كە ڕەنگە سەرم ئێشاندبێت پێی ، بەڵام خستنەڕوویم بەگرنگ زانی ـ دێمە سەر هەڵسەنگاندن ، و دواتریش وەڵامدانەوەی ئەوەی كە ناوی لێنراوە ـ پرسیار ! ـ !!! و دەڵێم :
یەكەم : ئەم بەناو پرسیارە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەو شڵەژاوی و دڵەڕاوكێیەی كە نێرەرەكەی تێدا دەژێت ، چونكە جارێك باس لەوە دەكات كە : (( خودای ئیسلام لە قورئاندا وا وەسفی خۆی دەكات كە نە لەكەس بووە و نە كەسی لـێ دەبێت )) كەچی جارێكی تر دەڵێت : (( ئەمە ـ واتە قورئاندا ـ كەسێك بەناوی خواوە قسە دەكات ... نەك خودایەك )) !!!
جا نازانم نێرەر باوەڕی وایە كە قورئانی پیرۆز ووتەی خوایە ، و تێیدا وەسفی خۆی كردووە ؟ یان ووتەی كەسێكی ترە و بەناوی خواوە قسە دەكات ؟!!!!!
دووەم : وە هەر لە ئەم بەناو نامەیە نیشانەی نەشارەزای و بێ ئاگایی نێرەرەكەی لە ڕووی ئاینی و زانستیشەوە دەردەكەوێت ، بەڵكو ـ سەرباری ئەو نەشارەزایی و بێ ئاگاییەی ـ خۆشی كردووە بەنوێنەری ئاین و زاست و هەر لەخۆیەوە بەناو ئەو دووەوە ژمارە لێدەدات ، وپرس وباسەكان یەكلا دەكاتەوە !!!!
ئەوەتا لە شوێنێكدا دەڵێت : (( خودای ئیسلام لە قورئاندا وا وەسفی خۆی دەكات كە نە لەكەس بووە .... هتد )) ، كەچی دواتر دەڵێت : (( بەس مەڵێ ئەزەلیە ... چونكە وەك وتم هەموو قورئان سەرە وژور بكە باسی ئەزەلیەتی الله كەتان ناكات ... پینەیە و هیچی تر )) !!!! ئەمەش نیشانەی دژیەكی ووتە و نەشارەزاییە لەواتی ئایەتەكانی قورئان ـ تەنانەت ئەوەش كە خۆشی دەیهێنیتەوە لە بەناو پرسیارەكەیدا !!! ـ ، چونكە ئەگەر هەندێك ووربوایەتەوە لە ووتەی یەكەمی دەیزانی وەڵامی ووتەی دوومەی خۆیەتی ـ سەرباری بوونی وەڵامی تر بۆ گومانەكەی ـ !!!
پاشان نێرەری نامەكە جیاوازی ناكات لە نێوان ئەوەی كە ( الله) دروستكـ ( خالق ) ـارە نەك دروستكـ ( مخلوق ) ـراو !!! كە ئەمەش ئەو پەڕی نەزانینە بە ئەو سیفەتانەی كە دەبێت خودا هەیبێت ، چونكە خودا نابێت دروستكراو بێت ، ئەوەتە دەڵێت : (( باسی دروست بوونی خۆی ناكات ! بۆچی ؟ چونكە خۆشی نازانێت چۆن دروست بووە ! ... خودا دەبێت باسی دروست بوونی خۆی بكات ... هەموو قورئان سەروژور بكە باسی ئەوە ناكا تكە چۆن دروست بووە !!! ... ئەی باوەڕداری ئازیز تۆ دەزانیت خواكەت چۆن دروست بووە ؟! ... هتد )) !!!!!!!!!!!! كە هەموو بەڵگەی ئەو جیانەكردنەوەیە كە ئاماژەم پێكرد !!!!
وە دەبینین لە ووتەیەكی تریدا خۆی دەكاتە پارێزەری زانست و بەناو زانستەوە دەڵێت : (( مەنووسە ئێمە پێمان وایە گەردوون و ژیان لە خۆیەوە دروست بووە . زانست ئەم باسەی ڕونكردوەتەوە و كۆتایی پێهاتووە .. كە تۆ نازانیت ، ئەوەیان دەبێتە كێشەی خۆت )) !!!
نازانم زانست لە كۆیدا ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە گەردوون و ژیان هەر لەخۆیەوە دروست بووە ؟!!! پاشان كێ پێ فەرموویت كە ئێمەی موسڵمان دەزانین یان نازانین ؟!!!
بۆیە پرسیاركاری بەڕێز : شێوازی پرسیار بەم شێوەیەیە نیە !!! بۆیە بۆ جارێكی تر سنوری پرسیارەكەت با ڕوون بێت ، بۆ ئەوەی ئێمە بەجوانی بتوانین وڵامی تەندروستت بۆ بنوسین ، و تۆش بە ویستی خوای پەروەردگار سودمەند بیت لە وەڵامەكە ... .
جا ئێستا لە وەڵامی بەناو پرسیارەكەتدا دەڵێم :
پرسیارەكەت ـ سەرباری بێ سەر و بەری ـ دوو داواكاری تێدایە :
یەكەم : ئایا خوای پەروەردگار لە قورئاندا كە فەرمایش و ووتەی خۆیەتی باس لە ئەزەلیەتی خۆی دەكات یان نە ؟
دووەم : ئایا خوای پەروەردگار پێویستی بە دروستكار هەیە ، یان خۆی دروستكارە ؟
وەڵامی داواكاری یەكەم ئەوەیە كە بووترێت : بەڵی خوا لە قورئاندا باس لە ئەزەلیەتی خۆی دەكات ، هەروەكو فەرموویەتی

:[ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ (1) اللَّهُ الصَّمَدُ (2) لَمْ يَلِدْ وَلَمْ يُولَدْ (3) وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُواً أَحَدٌ (4)]( الإخلاص ).

ئەمەش نیشانەی هەربوون و ئەزەلیەتی خوای پەروەردگارە ، و هاوشێوەی كەس نیە لەوەی كە پێوستی بە لێوەبوو هەیە ، و هەر ئەمەشە وەڵامی داواكاری دووەم ، چونكە پێویستی بەدروستكار نیە ، بەڵكو خۆی دروستكارە .... ئەمە بەڵگەیەك .

بەڵگەی دووەم كە باس لە ئەزەلیەتی خوای پەروەردگار دەكات تۆی لێی بێ ئاگای بەهۆی شارەزا نەبوونت لە قورئان ـ ئەگەرچی لافی ئەوە لێدەدەیت كە جەنابتان هەموو قورئانتان سەروژوور كردووە و تێیدا گەڕاوی بۆ ئەو وواتایە ـ !!! ئەوەیە كە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [هُوَ الأَوَّلُ وَالآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ]( الحدید : 3 ) ووشەی : [الأَوَّلُ] یش ئەوەیە كە هیچ شتێك لە پێش ئەو نیە ، واتە سەرەتای نیە .
ئەم ووشەیە لەسوننەتدا بەم واتایە ڕونكراوەتەوە و ڕاڤەكراوە ، هەروەك پەیامبەری خوا ( ) فەرموویەتی : (( اللهُمَّ رَبَّ السَّمَاوَاتِ وَرَبَّ الْأَرْضِ وَرَبَّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ ، رَبَّنَا وَرَبَّ كُلِّ شَيْءٍ ، فَالِقَ الْحَبِّ وَالنَّوَى ، وَمُنْزِلَ التَّوْرَاةِ وَالْإِنْجِيلِ وَالْفُرْقَانِ ، أَعُوذُ بِكَ مِنْ شَرِّ كُلِّ شَيْءٍ أَنْتَ آخِذٌ بِنَاصِيَتِهِ ، اللهُمَّ أَنْتَ الأَوَّلُ فَلَيْسَ قَبْلَكَ شَيْءٌ ، وَأَنْتَ الْآخِرُ فَلَيْسَ بَعْدَكَ شَيْءٌ ، وَأَنْتَ الظَّاهِرُ فَلَيْسَ فَوْقَكَ شَيْءٌ ، وَأَنْتَ الْبَاطِنُ فَلَيْسَ دُونَكَ شَيْءٌ ، اقْضِ عَنَّا الدَّيْنَ ، وَأَغْنِنَا مِنَ الْفَقْرِ ))( رواه مسلم ، برقم : 2713 ) ، واتە یەكەمێك كە لە پێش ئەو هیچ شتێك نیە ، و ئەمەشە واتای ئەزەلیەت و هەربوویەتی خوای پەروەردگارە .
پێشەوا و شێخ ( ابن عثیمین ) ـ بە ڕەحمەت بێت ـ فەرموویەتی : (( قال تعالى :[ هُوَ الأَوَّلُ وَالآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ]، [الأَوَّل]أي : ليس قبله شيء ، لأنه لو كان قبله شيء ، لكان الله مخلوقاً وهو عز وجل الخالق ، ولهذا فسر النبي ( )[الأَوَّل] بأنه الذي ليس قبله شيء ، كل الموجودات بعد الله ـ عز وجل ـ ، لا أحد مع الله ولا قبل الله )) ( لقاء الباب المفتوح ) ، واتە : واتای [الأَوَّل]: ئەوەیە كە هیچ شتێك پێش ئەو نیە ، چونكە ئەگەر پێش ئەو شتیك بوایە ، ئەوا (الله ) دروستكراو دەبوو ، بەڵام ئەو دروستكارە ، بۆیە پەیامبەر ( ) ووشەی [الأَوَّل]ـی بەوە ڕاڤەكردووە كە هیچ شتێك لە پێش ئەوەوە نەبووە ، هەموو بوونەوەر لەپاش خوای پەروەردگارەوەیە ، و هیچ كەسێك لەگەڵیدا و پێش ئەو نەبووە .
پێشەوا ( ابن تيمية ) سەبارەت بە ووشەی ( الأزل ) فەرموویەتی : (( الدوام في الماضي الذي لا ابتداء له ، الذي لم يسبق بعدم ، الذي ما زال )) ( بڕوانە : الصفدية 1/283 وانظر الدرء 2/225 مجموعة الرسائل 5/371 مدارج السالكين 2/72 ) .

وە هەر لەم بارەیەوە فەرموویەتی : (( بل معنى الأزل هو معنى القدم ، ومعناه ما لا ابتداء لوجوده ))( درء التعارض 3/85 ) .

لە ( تاج العروس : 27/442 ) ـدا و لە لیكدانەوەی واتای ( الأزلي ) هاتووە : (( أَزلِيٌ : مَنْسوبٌ إِلى الأَزَلِ ، وهو ما ليسَ بمَسبُوقٍ بالعَدَم . والمَوْجُودُ ثلاثةُ أَقْسامٍ لا رابعَ لها : أزلِيٌ أَبَدِيٌّ ، وهو الحَقُّ سُبحانه وتعالى ، ...)) .

وە لەوەڵامی داواكاری دووەمتدا دەڵێم :

تۆ دەڵێیت : (( باسی دروست بوونی خۆی ناكات ! بۆچی ؟ چونكە خۆشی نازانێت چۆن دروست بووە ! ... خودا دەبێت باسی دروست بوونی خۆی بكات ... هەموو قورئان سەروژور بكە باسی ئەوە ناكات كە چۆن دروست بووە !!! ... ئەی باوەڕداری ئازیز تۆ دەزانیت خواكەت چۆن دروست بووە ؟! ... هتد )) !!!!!!!!!!!

ئێمەش لە وەڵامدا دەڵێین : ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر (الله ) پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!
و پاشانیش دەڵێین : جێی داخە كە لەم سەردەمانە دەبینین نەخۆشی ئیلحاد و بێباوەڕی بڵاوبووەتەوە ، كە یەكێكە لە نەخۆشیە فیكریە كوشندە لەناوبەڕەكان ، چونكە باوەڕی بیر لاوازەكان لە ناودەدات ، و چاوەكان كوێر دەكات لە بینینی بەڵگە ڕوون و ئاشكراكان بوونی بەدیهێنەری تاك و تەنها ، وە دەبینیت تووشبوان بەم نەخۆشیە دەمەدەم و مشتومڕ دەكەن تەنانەت لەسەر شتە بەڵگە نەویستەكان !! ، و شتە دژیەكان ـ لەیەك كاتدا ـ لەگەڵ یەكدا كۆدەكەنەوە ، و هەموو شوبهە و گومانێكیان لێدەبێتە ڕاستی ، و گومان و نەزانینەكانیان لێدەبێت بە زانین ، و ڕەواییان لێدەبێت بە ناڕەوایی و نەزانین ، و ناڕەواییان لێدەبێت بە ڕەوایی !!!
لە گرنگترین هۆِكارەكانی ئەم نەخۆَشیەش : شارەزانەبوونە بە ئایین ، و لاوازی لە بیروباوەڕی ئیسلامی ، و بەدواداچوونی نەبڕانی وەسوەسە و گومانە فیكریەكان ، وە لە هەمووشیان گرنگتر خوێندنەوەی گومان و شوبهەی بێباوەڕانە بێ ئەوەی مرۆڤ هیچ زانستێكی شەرعی هەبێت ، و لەو بوارەدا دامەزرا بێت !!!
بەڵگەنەویستە كە گومان و شوبهەی بێباوەڕان جگە لە هەندێك ووتەی بێبنەوا نەبێت هیچی تر نین ، و هەموو لاف گەزافی بێبەڵگەن ، بەڵام سەرباری لاوازی و پوچەڵەیان دەبینین كاریگەریان هەیە لەسەر هەندێك تاكی موسڵمانان ئەوەش لەبەر : كەمی زانست ، و زیادبوونی نەزانی بە ئایین ، بۆیە پێویستە بەرپەرچی یەك لەدوای یەكی شوبهە و گومانەكان و تێكەڵكردنی چەمكەكان ، و لاف و گەزافی بێباوەڕان بدرێتەوە ، ئەوەش بۆ ئەوەی هیچ كەسێك بە ئاوەژووركردنیان بۆ ڕاستیەكان هەڵنەخەڵەتێت ، و ووتە و گومانەكانیان كاریگەری لەسەر هیچ تاكێكی موسڵمان نەبێت .
جا لێرەدا هەڵەی ئەو پرسیارە ئاشكرا دەكەین كە دەووترێت : (( ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!!! )) ، چونكە پرسیارێكی لۆژیكی نیە ، و هەڵەیە بەڵام سەرەڕای ئەوەش بێباوەڕان دووبارەی دەكەنەوە !!!
بێباوەڕان پێمان دەڵێن : ئێوەی باوەڕداران بە بوونی خودا پرسیار دەكەن سەبارەت بە هۆكاری بوونی مادەی یەكەمی دروست بوونی گەردوون ، وخۆتان وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن : هۆكاری هێنەكایەی مادەی یەكەمی دروست بوونی گەردوون ( الله ) یە ، وئێمەش ئەپرسین : (الله ) ـی بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!!! ئەو كاتە ئێوە وەڵام دەدەنەوە : (الله ) پێویستی بە هۆكاری بەدیهێنان نیە بۆ بوونی ، باشە بۆ ئێوە تیۆری زانستی : (( هەموو بەدیهێنەرێك پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە )) پەك دەخەن كاتێك پرس و باسە كە پەیوەست دەبێت بە ( الله ) وە ؟!! بەڵام ئێمەش وەڵامتان دەدەینەوە و دەڵێین : بۆچی ئەگەری ئەوە دانەنێین كە تەنی یەكەمی دروستبوونی گەردوون پێویستی بە هۆكاری بەدیهێنان نیە !!!! وبەوەش دەمەدەم ونیقاشەكە دەبڕێتەوە !!!
وە هەندێك دەڵێن : ئەگەر بڵێن گەردوون بەدیهێنەرێكی هەیە ، ئەوا ئەم بۆچوونە سەر دەكێشێت بۆ ئەوەی بووترێت : ئەو بەدیهێنەرە بەدیهێنەرێكی تری هەیە ، و ئەمەش ڕێگە بۆ كەسانێكی تر خۆش دەكات كە بەدیهێنەری تر دابنێن یەك بۆ یەك ، و یەك لە دوای یەك ، وە ئەم زنجیرە بەدیهێنەرە بێكۆتاییە قەدەغەیە ، بۆیە وەستان لە ئاستی گەردوون و تێنەپەڕاندنی واتە وەستان لە ئاستی هەست پێكراو و بینراوی پاڵپشتكراوە بە بەڵگە ، و ئەمەش دەرگا دادەخات لە پێش ئەوانەی كە هۆكاری تر بۆ بوون دادەنێن ، لە كاتێكدا باوەڕ بە بەدیهێنەرێتی ( الله ) خۆی لە خۆیدا ئەم دەرگایە دەكاتەوە !!!
سەرەتا سەبارەت بە پرسیارەكە دەڵێین : پرسیاری ئەوەی : ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!! پرسیارێكە لە پرسیارە نالۆژیكیەكان ، چوونكە دروستكەر دروست ناكرێت ، ( الله ) ش دروستكراو نیە ، بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە بكرێت ، چونكە ( الله ) هەربووە و دروسكرتكراو نیە ، یەكەمە و هیچی لە پێشدا نەبووە ، بۆیە ڕێسای دروستكراوەكان نایگرێتەوە ، بۆ ئەوەی بووترێت ئایا پێویستی بە دروستكەر هەیە یان نە ؟!! ، یان بەدیهێنەری هەیە !!! دروستكراوێتیش سیفەتی بەدیهێنراوەكانە ، كە ئەو شتانەیە بەدیهێنراون پاش نەبوونیان ، دەسا چۆن بەدیهێنەر وەسف بكەین بە سیفەتی بەدیهێنراوەكان ، و شتی نالایەقی بدەینە پاڵ ؟!!
( الله) ـی تاك و تەنها ئەزەلی و هەربووە ، وە بوونی سەرەتایی نیە ، وە بوونی سیفەتێكی خودی و زاتیە و لێی جیا نابێتەوە ، واتە : بە هەتا هەتایی دەمێنێتەوە ـ ، جا ئەگەر ( الله ) بوونی سەرەتای نەبێت ، چۆن پرسیار لەوە بكرێت : ئایا پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە یان نە ؟!! یان پرسیار لە هۆكاری بوونی بكەین ؟!! بنەواش لە بەدیهێنەر بوونە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا نەبوون بوایە ئەوا گەردوونی بەدینەدەهێنا ، چونكە ئەوەی شتێكی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، پێشین دەڵێن : (( فَاْقِدُ الشَّيْءِ لاَ يُعْطِيْهِ )) ، وە ئەگەر بوونی ( الله ) بنەوا بێت ، ئەوا ئەمە دەخوازێت كە پێویستی بە بەدیهێنەر نەبێت بۆ ئەوەی بەدی بهێنێت ، و هۆكاریشی ناوێت بۆ ئەوەی بیهێنیتە بوون ، چونكە ئەوەی بنەوا تێیدا بوون بێت پێویستی بەوە ناكات بەدوای هۆكاری بوونی بگەڕێین .
ووتەی ئەوانەش كە دەڵێن : بەدیهێنەری گەردوون پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە !!! نزیكە لە ووتەی ئەوانەی كە دەڵێن : خوێ پێویستی بە خوێ هەیە بۆ ئەوەی سوێر بێت !!! یان شەكر پێویستی بە شەكر هەیە بۆ ئەوەی شیرین بێت !!! وە ڕەنگی سور پێویستی بە ڕەنگی سور هەیە بۆ ئەوەی سور بنوێنێت !!!َ
وە ووتەی ئەوانەی كە دەڵێن : كێ بەدیهێنەری بەدیهێناوە !!! یەكسانە بەوەی كە بووترێت : چی پێشی ئەو شتەیە كە هیچی لەپێش نیە ؟!!
وە یەكسانە بەوەی كە بووترێت : سەرەتای ئەو شتە چیە كە سەرەتای نیە ؟!!
یان بەوەی كە بووترێـت : سەرەتای بوونی ئەو شتە چیە كە بوونی سەرەتای نیە ؟!!
بەڕاستی ئەم ووتەیە لەوپەڕی بێبنەوایی و كەودەنیدایە .
كەواتە ( الله ) لەلای ئێمەی باوەڕدار ( وَاْجِبُ الْوُجُوْد = هەربووی پێویستە ) ، كەواتە : بوونی ئەزەلیە و هەربووە ، وە بوونی سیفەتێكی زاتیە و لێی جیانابێتەوە ، و لە هیچ سات و زەمانێكدا پێویستی بە بەدیهێنان نەبووە ، وە لە هیچ سات و سەردەمێك نەبوو نەبووە بۆ ئەوەی پێویستی بەوە هەبێت لە نەبوونەوە بهێنرێتە بوون ، پاكی و بێگەردی بۆ دروستاكاری بەدیهێنەری كات و شوێن ، بۆیە لەسەر ئەم بنەوایە : ( الله ) ـی بەدیهێنەر بەدیهێنراو نیە بۆ ئەوەی پرسیار لە بەدیهێنەری بكەین یان لە هۆكاری بەدیهاتنی .
وەڵامی ئەوەش ئایا بۆ ئێوە تیۆری زانستی : (( هەموو بەدیهێنەرێك پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە )) پەك دەخەن كاتێك پرس و باسەكە پەیوەست بێت بە ( الله ) وە ؟!!!
دەڵێم : وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند ڕوویەكەوە :
ڕووی یەكەم : بێگومان بنەوا لە بەدیهێنەر بوونە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا نەبوون بێت ئەوا نەیدەتوانی گەردوون بەدی بهێنێت ، چونكە ئەوەی شتێكی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، یان هۆكارەكەی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، جا ئەگەر بنەوا لە بەدیهێنەر بوون بێت ، ئەوا دروست نیە ، پرسیار لە هۆكاری بوونی بكرێت .
ڕووی دووەم : بێگومان بوونی ( الله ) ئەزەلی و هەربووە ، و بوونی سیفەتی زاتی موبارەكێتی و لێی جیا نابێتەوە ، بۆیە دروست نیە پرسیار لە هۆكاری بوونی بكرێت ، لەكاتێكدا بوونی سەرەتای نیە .
ڕووی سێیەم : بێگومان (الله ) تەواوێتی ڕەهایی هەیە ، لە كاتێكدا خۆیەتی كە تەواوێـتی بە دروستكراوەكانی بەخشیوە ، بۆیە خۆی شایستە تر و لەپێشترە لە پێبەخشكراوەكان بەم سیفەتە وەسف بكرێت ، وە هەموو تەواوێتیەك بۆ دروستكراوە بەدیهێنراوەكان جێگیر بكرێت ، ئەوا بەدیهێنەر شایستە تر و لە پێشترە ئەو سیفەتەی تێدا بێـت ، جا ئەگەر تەواوێتی و كامڵێتی ڕەهایی جێگیر بێت بۆ (الله ) ، و پێویستی پێچەوانە و پوچەڵكەرەوەی ئەو تەواوێتیە ڕەهایەیە ، كەواتە تەواوی ڕەها پێویستی بە جگە لە خۆی نیە ، لەسەر ئەم بنەوایەش : بەدیهێنەر پێویستی بە جگە لە خۆی نیە ، وە ئەگەر پێویستی بە جگە لە خۆی نەبێت كەواتە پێویستی بە هۆكار نیە ، وە ئەگەر پێویستی بە هۆكاریش نەبێت دروست نیە پرسیار سەبارەت بە هۆكاری بوونی بكرێت .
ڕووی چوارەم : پرسیاركردن سەبارەت بە هۆكاری بوون كاتێك دروستە كە پرسیارەكە سەبارەت بە شتێك بێت بنەوا تێیدا دروست بوون و هاتنەكایە بێت ، یان سەبارەت شتێك بێت : بوونی نەبووبێت پاشان هاتبێتە كایەوە پاش ئەو نەبوونە ، بەڵام (الله ) هەربووی ئەزەلیە ، و دروستبوو نیە و نەهاتۆتەكایەوە .
ڕووی پێنجەم : ئەگەر ووترا : هەموو بەدیهێنەرێك بەدیهێنەرێكی هەیە ، واتە : بەدیهێنەری گەردون بەدیهێنەرێكی هەیە ، وە ئەوەش بەدیهێنەری بەدیهێنەری گەردونە بەدیهێنەرێكی هەیە ، وە بەم شێوەیە تاكو ناكۆتا !!! ئەمەش خوازیاری ئەوەیە كە گەردون بەدیهێنەری نیە ، ئەم ووتە ئاكامێكی پوچ و بەتاڵە ، چونكە گەردون بوونی هەیە ، بۆیە بوونی گەردون ئەوە دەخوازێت بەدیهێنەرەكان تاكو ناكۆتا بەدوای یەكدا نەیەن !! چونكە پێویستە ئەو زنجیرەیە بكات بە هۆكارێكی پێویست نەبوو بە هۆكار و بەدیهێنەر ، وە دەبێت هۆكارەكان لە ئاستی هۆكارێكدا بووەستێت ، چونكە ناكرێت هۆكارەكان لە ئاستێكدا نەوەستن و ناكۆتا یەك بەدوای یەك بێن .
ئەگەرنە هیچ نەدەبوو ، كەواتە : ڕیز بەندی و یەك لەدوای یەك هاتنی هۆكارەكان تاكو كۆتایی قەدەغە و نادروستە ، بەڵكو دەبێت بگەینە كۆتایی تیایدا ، ئەو كۆتاییەش لە بەدیهێنەرەكان یان لە هۆكارەكان بۆ لای (الله ) ـی بەدیهێنەری تاك و تەنهایی بێگەردی و بەرز و بڵند بێت .
بۆ نزیك كردنەوەی ئەمەش نموونە سەربازێك و تەقاندنی فیشەكێك دەهێنینەوە ، سەربازەكە دەیەوێت فیشەكێك بتەقێنێت ، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات پێویستی بەوە هەیە فەرمان لە سەربازێكی پاش خۆی وەربگرێت ، وە ئەو سەربازەش بۆ فەرماندانی بەو كارە دەبێت فەرمان لە سەربازێكی پاش خۆی وەرگرێت ، وە بەم شێوەیە تاكو ناكۆتا دەڕوات !!
پرسیارەكە ئەوەیە : ئایا سەربازەكە فیشەكەكە دەتەقێنێت ؟! بێگومان نەخێر ، چونكە هەرگیز ناگاتە ئەو سەربازەی كە فەرمانی تەقاندنی فیشەكەكەی دەداتێ ، بەڵام ئەگەر زنجیرەكەی گەیشتە كەسێك كە لە سەرویەوە كەس نەبێت بۆ ئەوەی فەرمانی پێبدات ، ئەو كاتە فیشەكەكە دەتەقێت ، وە بەبێ ئەو كەسە چەندێك ژمارەی سەربازەكان زیاد بكات فیشەكەكە ناتەقێنرێت ، چونكە ئەوان وەكو سفرەكانن كە لە تەنیشت یەكتر دابنرێن هەرچەندە زۆربن تاكو بگاتە كۆتایی هەر نابێتە شتێك ، جگە لەوەی كە گەر لە پێشی ژمارە یەكێك ( 1 ) یان زیاتر دابنرێت .
وە لە وەڵامی ئەو پرسیارەیان كە دەڵێن : بۆچی ئەگەری ئەوە دانەنێین كە مادە پێویستی بە هۆكاری بوون نەبێت ؟!!
دەووترێت : زۆر جیاوازە سیفەتەكانی بەدیهێنەر كە بەڵگەی هەربوونی و ئەزەلێتی هەیە ، لەگەڵ سیفەتی مادە كە بەڵگەی بەدیهاتن و پێوییستی بە بەدیهێنەر هەیە ، ئەو ووتەیەش كە بێباوەڕان دەیڵێن : مادە سەرەتاییەكان پێویستیان بە بەدیهێنەر نیە ، ووتەیەكی بێ بەڵگە و وەڵامی لە چەند ڕوویەكەوە :
یەكەم : زانست نەگەشتووە بەوەی كە چی لەپێش ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنەوە بووە كە گەردونی لێهاتووەتە كایەوە ، وە ناشزانێت ئەو مادەیەی كە گەردونی لێدروست بووە لە كوێوە هاتووە ، و هەموو شتێك لێیەوە پەرەی سەندوە !!!
دووەم : هیچ شتێك نیە ئەوە بسەڵمێنێت كە مادە و ووزە بوونیان هەبووبێت پێش ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنە .
سێیەم : بۆشایی و كات لەگەڵ ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنە هێنراوەتە كایەوە ، و ماددەش : هەموو شتێكە كە تەن و قەبارەی هەبێت ، و شوێنێك لە بۆشاییدا داگیر بكات ، واتە : ماددە پێویستی بە شوێن و جێگەیەك هەیە بیگرێتەوە ، بەوەش هیچ مادەیەك نیە بەبێ بوونی شوێنێك كە بیگرێتەوە .
چوارەم : ئەوەی كە گەردون پەرەی سەندوە لە مادەی سەرەتایی بۆ ئەوەی كە ئێستا لەسەریەتی ، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مادەی سەرەتایی گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە ، ئەوەش كە گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت هەتا هەتایی و ئەزەلی نیە ، چونكە هەموو شتێك كە گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت بێگومان پێویستی بە گۆڕەر و ئاڵوگۆركار هەیە ، واتە : پێویستی بە هۆكارێك هەیە بیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێبكات ، وە ئەو هۆكارەش دەبێت لە پێش خۆی بوونی هەبووبێت ، ئەمەش پێچەوانەی هەتاهەتایی و ئەزەلییەتە جا لەبەر ئەوەی مادەی سەرەتایی پێویستی بە هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە بارێكەوە بیگۆڕێت بۆ بارێكی تر ، وە هۆكارێك لە بارێكەوە ئاڵوگۆڕی پێبكات بۆ بارێكی تر ، كەواتە ماددە پێویستی بە جگە لە خۆی هەیە ، و خۆی بۆ خۆی بێپێویست نیە ، كە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر دروستكراوێتی مادە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا بوونێكی هەربوویی و ئەزەلی بوایە ، ئەوا تووشی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ نەدەبوو .
وە ئەوەش كە دەڵێن : ئەوەی كە بووترێت ئەم گەردوونە بەدیهێنەرێكی هەیە دەرگای یەك لەدوای یەكهاتنی بەدیهێنەرەكان ( التَّسَلْسُلُ فِي الْفَاْعِلِيْنَ ) دەكاتەوە كە ئەمەش ووتەیەكی قەدەغە و نادروستە !!!
لەڕاستیدا ئاوەژوو كردنێكی ڕاستیەكانی تێدایە ، و یەكسان كردنی سیفەتی بەدیهێنەری هەربووی ئەزەلی تێدایە بە سیفەتی بەدیهێنراوی دروستكراو ، بەدیهێنەر بەدیناهێنرێت ، و هەر بووی ئەزەلیش دروست ناكرێت ، و بە پێچەوانەوە ئەوەی كە دەووترێت (الله ) ـی بەدیهێنەر گەردونی بەدیهێناوە ، ڕێگە دەبڕێت لەبەردەم دەرگای یەك لەدوای یەك هاتنی بەدیهێنەرەكان (التَّسَلْسُلُ فِي الْفَاْعِلِيْنَ ) ، و یەك لای دەكاتەوە ، چونكە لە سیفەتەكانی بەدیهێنەر ئەوەیە كە یەكەمە و هیچ لە پێشی نیە ، بەوەش هیچ یەك لەدوای یەك هاتنی بەدیهێنەر بوونی نیە نەك دەرگا بەڕووی ئەو ووتەیەدا بكاتەوە !!!
وە سەبارەت بە تێبینیەكەی جەنابتان كە تێیدا هاتووە و دەڵێیت : (( مەنوسە كە ئێمە پێمان وایە گەردون و ژیان لە خۆیەوە دروست بووە . زانست ئەم باسەی ڕونكردووەتەوە و كۆتایی پێهاتووە .. كە تۆ نازانیت ، ئەوەیان دەبێتە كێشەی خۆت ... )) !!!!!!!
دەڵێم : جاری پێمان بڵێ زانست لە كوێدا ئەوەی یەكلا كردووەتەوە كە گەردوون و ژیان لە خۆیەوە دروست بووە ؟!!!!!
نازانم بەخۆت ڕادەبوێری ؟!!!!! یان وا دەزانی هەموو خەڵكیش وەكو جەنابتان بیر دەكاتەوە كە لە كەسێكی نازانستی و تووتی ئاسا بیستووتە : وای فەرمووە !!!! تۆش خۆی ئاسا دووبارەی دەكەیتەوە !!!!!!
نەخێر هەروەكو پێشتریش ووتەی زانایەكی فیزیكم بۆ هێنایتەوە لە سەر باوەڕبوون بەخوای پەروەردگار ، لێرەش ئەوەت بۆ دەسەلمێنم كە زانست باوەڕدارە نەك بێباوەڕ بێت بە پەروەردگار ، ئەگەر زۆریش سور بیت لەسەر ئەوەی كە ئەوەت بۆ ئاشكرا بكەم دەتوانیت بیكەیت بە پرسیاری تر بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیەت بۆ بسەلمێنم ، ئەگەر نا دروكردن و ڕقەم لێدان بەناو زانستەوە كارێكی نازانستیە !!! و ئاوەژوكردنی ڕاستیەكانە ، و چەواشەكردنی موسڵمانانە !!!!!
وە وەك مشتێك لە خەرمانێك نوسین و ووتەی هەندێك زانات بۆ دەهێنمەوە لەم بارەیەوە ، لەوانەش :
* زانای فسیۆلۆجی ( اندرو كونوای إیغی ) ، كە یەكێكە لە زانا ناودارەكانی جیهان ، ولە ساڵی 1925م بۆ 1946م سەرۆكی بەشی خوێندنی فسیۆلۆجی ودەرمانسازی بووە لە زانكۆی ( نورث وسترن ) ، وە لە ساڵی 1946 بۆ 1953 مامۆستا بووە لە كۆلێژی پزیشكی ، ونوێنەری كۆلێژ لە زانكۆی ( الينوي) ، وە كاتی ئێستاشدا مامۆستای فسیۆلۆجیا وسەرۆكی بەشی ( العلوم الأكليية ) یە لە كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی ( شیكاغۆ ) دەڵێت :
(( ئایا پەرستراوێك لە بووندا هەیە ؟ بەڵێ من باوەڕم بەبوونی هەیە ، هەر وەكو چۆن باوەڕم بەشتێك هەیە كە دەستی پێوە دەدەم ، هەر وەكو باوەڕم بەبوونی خۆم هەیە .
بێگومان بیروباوەڕی مرۆڤ بەبوونی(الله ) تەنها هۆكاری فیكری كامڵە كە واتا بەم بوونە دەبەخشێت ، وە هەر ئەم بیروباوەڕەیە كە وادەكات لە بوونی مرۆڤ واتایەكی زیاتری هەبێت لەوەی كە مرۆڤ تەنها پارچە مادەیەك بێت ، یان پارچە ووزەیەك بێت ، وە باوەڕبوون بەبوونی (الله ) كانیاوە بۆ بەرزترین بیرۆكەی مرۆڤ سەبارەت بەخۆشەویستی ، وە ئەو بنەوانەیەش كە برایەتی نێوان مرۆڤەكان لەسەر بەندە ، بەهۆی كۆبونەوەیان لەسەر خۆشەویستی(الله ) وگوێڕایەڵیەتی ، هەر ئەویشە سەرچاوەی هەستكردنمان بەماف وپێویستییەكان ، ... وە باوەڕبوون بەبوونی (الله ) شورایەكە دەمانپارێزێت لە خراپەكارییەكان ، وە هەر ئەویشە ـ پاش هەموو ئەوانە ـ ئەو بنەوا پتەوەی كە باوەڕی لەسەر دادەمەزرێت ، وبەهۆیەوە بەها ڕووحیەكان بەردەوامیان دەبێت ، ئەوانەی كە بوونیان بەستراوە بەبوونی (الله ) ـی بەرز وبڵند .... .
نكۆڵی كردن لە بوونی (الله ) متمانە ناكاتە سەر هیچ بەڵگەیەكی لۆژیكی :
بێگومان كەس ناتوانێت ئەوە جێگیر بكات كە ئەو بیرۆكەیە دەڵێت : (الله بوونی هەیە ) هـەڵەیە ، هـەر وەك كەس ناتوانێت ئـەوە جێگیر بكات كـە ئـەو بیرۆكەیە دەڵێت : (الله بوونی نییە !! ) ڕاستە !!! ڕەنگە یەكێك نكۆڵی لە بوونی (الله ) بكات !!! بەڵام ناتوانێت نكۆڵیەكەی بەبەڵگە جێگیر بكات ، هەندێك جار مرۆڤ گومانی لە بوونی شتێك لە شتەكان دەبێت ، وپێویستیشە لەم بارەدا گومانەكەی بداتە پاڵ بنەوایەكی فیكری ، بەڵام من بۆ خۆم تەنانەت یەك بەڵگەی عەقڵیم نەخوێندوەتەوە نەش بیستووە لەسەر نەبوونی (الله ) ـی بەرز وبڵند ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بەڵگەیەكی زۆرم خوێندوەتەوە وبیستووە لەسەر بوونی ئەو ، هەر وەكو بۆ خۆم هەستم كردووە بەهەندێك لەو شیرینیانەی باوەڕ جێی دەهێڵیت لە دەروون ونەفسی باوەڕداراندا ، وە بەو تاڵیەی كە بێباوەڕی بەجێی دەهێڵێ لە دەروون ونەفسی بێباوەڕاندا .
ئەو بەڵگانەی كە بێباوەڕان داوای دەكەن بۆ سەلماندنی بوونی (الله) هەمانە بەڵگەیە كە ئەگەر (الله ) ـی بەرز وبڵند هاوشێوەی مرۆڤ یان شتێكی مادی ، یان تەنانەت پەیكەر یان بتێك ببوایە !!! بەڵام ئەگەر بوونی (الله ) وەك بوونی ئەم بوونە مادییە ببوایە ، ئەوا ئەو كاتە هیچ گومانێك نەدەما لەسەر بوونی ئەوە بەڵام (الله ) وویستوویەتی عەقڵ وهزری ئێمە تاقیبكاتەوە لە بواری باوەڕبوون پێی ، هەر بۆیە ئازادی هەڵبژاردنی بۆمان بەجێی هێشتووە بۆ ئەوەی هەر یەكێك كە دەیەوێت باوەڕی پێ بهێنێت ، وئەوەش كە دەیەوێت نكۆڵی لێ بكات ، ئەوەتە مرۆڤ دەتوانێت ئەگەر بیەوێت ـ بەخۆخەڵەتاندن ـ نكۆڵی لە بوونی (الله ) بكات ، بەڵام پێویستە لەسەری بەدەرئەنجامەكانی ڕازی بێت ... .
بیروباوەڕ بەبوونی (الله ) ڕادەوەستێت لەسەر هەمان بنەوا فیكرییەكان كە باوەڕبوون بەدواڕۆژ پێشكەوتنی مادە لەسەر دامەزراوە ، وە هەمان هۆكارن كە من وتۆش والێ دەكات كە خۆری بەرەبەیان سبەینێ هەڵدێت ، یان ئەوەی كە من سبەینێ دەژیم ودەڕۆم بۆ كارەكەم وچێژی لێ وەردەگرم ... .
وە زۆربەی هۆكارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم بوونەوەرە دەبێت بەدیهێنەرێكی هەبێت ، وە ئەو رێسایانەش كە بوونەوەری لەسەر دەڕواتەڕێوە دانەرێكی هەبێت ، چونكە هەرگیز ناكرێت ئامێرێك هەبێت بەبێ بەدیهێنەر ... ئەوە ڕاستییەكی بنەڕەتییە هەموو مرۆڤێكی تەندروست ـ گەورە یان بچوك ـ هەستی پێدەكات .... .
بۆیە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت ژیان لەسەر گۆی زەوی بمێنێتەوە بەو شێوەیەی كە لەڕابردوودا زانراوە لە بەرزی وپایەداری، ئەوە ئێمە پێویستمان هەیە بەئاراستەكردنێكی پیرۆز، چونكە خەم ونەخۆشی وكاولكارییە مێژووییەكان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە ڕەوشت وڕەوایی ودادپەروەری وبەزەیی لەوانە واتای خۆیان لە دەست بدەن وببنە هۆكاری ژیانێكی زەلیل وبێنرخ ئەگەر پەیوەست نەبێت بەباوەڕێكی زانستی یان لەسەر باوەڕێكی بنیات نراو لەسەر بنەوای ملكەچ بوون ... چونكە لە سایەی بێباوەڕی گرگرتووە، وبۆچوونە ئیلحادییەكان، زۆرێك لە بەهرەكان لە ناوچوون كە (الله ) بەمرۆڤی بەخشیووە ، وئاڵۆدە بووە بەقوڕ وچڵكاوی بێباوەڕی ... .
* زانای فسیولۆجی وكیمیای زیندەیی( ولز أوسكار لندبرغ ، حاصل على درجة الدكتوراه من جامعة جونز هونكنز ـ استاذ فسيولوجية الكيمياء بجامعة منيسونا ـ عميد معهد هورمل منذ سنة 1949 ـ عضو ورئيس جمعيات عديدة لدراسة الطعام وتركيبه الغذائي ـ مؤلف سلسلة كتب تركيب الدهون والليبيدات الاخرى ـ نشر كثيرا من البحوث العلمية ) ، دەڵێت :
(( زانای سەرقاڵ بە ڵێكۆڵینەوە زانستیەكان تایبەتمەندی زیاتری هەیە بەسەر جگە لە خۆی ، بەتایبەت ئەگەر ئەم تایبەتمەندیە بەكاربهێنێت بۆ گەشت بە ڕاستیەكان سەبارەت بە بـوونی (الله ) .
خودی ئەو بنەوا سەرەكیانەی كە ڕێگای زانستی متمانەیان دەكاتەسەر و لێكۆڵینەوە زانستیەكانی بەپێی ئەو بنەوایانە دەڕواتە ڕێوە بەڵگەن لەسەر بوونی (الله ) .
لەوانەیە زۆرێك لە پیاوانی زانست سەركەوتووبن لەكارەكانیان وەكو زانا كەچی نەگەنە ئەم خاڵە ، بەڵام نابێت سەركەوتنیان بە پوچەڵكەرەوەی ئەم ڕاستیە بزانرێت كە ئاماژەمان پێكرد ، چونكە سەركەوتن لە ڵكۆڵینەوەی زانستی ـ لە بنەڕەتدا ـ متمانە دەكاتەسەر بەكارهێنانی چەند شێواز و ڕێگەیەكی دیاریكراو ، نەك ئەوەی كە ڕابوەستێت لەسەر ڕادەی ڕێزگرتنی زاناكە بۆ بنەوا سەرەكیەكان كە ئەو ڕێگە و شێوازە لەسەری ڕاوەستاوە .
سەرنەكەوتنی هەندێك لە زانایان لە تێگەیشتن و وەرگرتننیان بۆ ئەوەی كە بنەوا بنەڕەتیەكان بەڵگەن لەسەری ، و ڕێگەی زانستی لەسەری ڕاوەستاوە لە : باوەڕبوون بە بوونی (الله ) ، و باوەڕپێبوونی ، دەگەڕێتەوە بۆ چەندها هۆكاری جۆراوجۆر ، لێرەدا بەتایبەت باس لە دوانیان دەكەین :
یەكەم : نكوڵیكردن لە بوونی (الله ) ـ هەندێك جار ـ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەندێك كۆمەڵا و ڕێكخراوی ئیلحادی ، یان ئەو سیاسەتە دیاریكراوەی كە وڵات دەیگرێتەبەر بەمەبەستی بڵاوبوونەوەی بێباوەڕی ، و دژایەتیكردنی باوەڕبوون بە (الله ) بەهۆی پێچەوانەبوونەی ئەم بیروباوەڕە لەگەڵا بەرژەوەندی ئەو كۆمەڵە و بنەواكانیان .
دووەم : تەنانەت ئەگەر عەقڵیەتی خەڵك ئازادبكەی لە ترس ، ئەوە ئاسان نیە كە ئازادبن لە دەمارگیری و ئارەزووپەرستی ... وە كاتێك كە دەگەنە ئەو قۆناغەی كە گومانیان وایە ئەوان ڕزگاریان بووە لە ئەندێشەكانی ئایین ، و ئەوەشی كە لەسەری بونیان دەنرێت لـە دەرئەنجـامە دەروونیەكان ، پێیان خۆش نیە بگەڕێنەوە بۆ بیركردنەوە لەم بابەتانە ، بەڵكو بەڕنگاری وەرگرتنی هەر بیرۆكەیەكی نوێ دەبنەوە كە پەیوەستە بەم بابەتە ، و سەبارەت بە بـوونی (الله ) یە !!!
باشە ئەی ڕێگەی زانستی چیە ، و ئەو بنەوایە چیە كە بوونی (الله ) ئاشكرا دەكەن ؟
ئێمە دەتوانین هەنگاوەكانی ڕێگەی زانستی بە كورتی و ئاسان لەمەی خوارەوە ڕوون بكەینەوە : زانا ـ سەرەتا ـ سەنجی هەندێك لە دیاریدەكان دەدات كە هەڵیاندەبژێرێت ، و دەیانوسێتەوە ، لەوانەیە ئەم تێبینیانەی تەواو بن بێ ئەوەی هیچ كاریگەریەكیان هەبێت لەسەر خودی دیاریدەكە ، هەروەك لە لێكۆڵینەوە گەردوونیەكاندا دەبێت ، یان بەهەندێك كاركردن لەسەر هۆكارە كاریگەرەكان لە دیاریدەكە ، وەك ئەوەی كە لە تاقیكردنەوە تاقیگەییەكاندا دەبێت ، پاشان زاناكە تێبینیەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە ، یان تێبینیەكان لەگەڵ دەرەنجامەكان پێكەوە گرێ دەدات كە جگە لەخۆی لە زانایان پێش خۆی دەستیان كەووتووە بۆ ئەوەی دەرئەنجامێك ، یان بۆچوونێكی نوێ بەدەست بهێنێت . ئەم كردارە ڕادەوەستێت لەسەر هەڵێنجاندن زیاتر لەوەی كە لەسەر پێوان ڕابوەستێت ، چونكە دەرئەنجامەكان ، یان بۆچوونەكان كە عەقڵا بەم ڕێگەیە پێی دەگات زیاتر باس لەوانە دەكات كە تێبینیەكانە دەتوانن پێی بگەن ، بۆیە جۆرێكە لە پێشبینكردن .
وە لە كۆتاییدا ئەگەر زاناكە ویستی ڕاستی بۆچوون و دەرئەنجامەكانی تاقی بكاتەوە ، ئەوا پێویستە تێبینی تازەی زیاتر بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ڕاستی پێشبینیەكانی كە دایڕشتوون پشت ڕاست بكاتەوە .
وە بەگشتی دەتوانرێت ئەوە بووترێت كە ڕێگەی زانستی ڕادەوستێت لەسەر ڕێكخستنی دیاریدە سروشتیەكان ، و توانای پێشبینكردن لە سایەی ئەو ڕێكخستنانەدا ، وە دەتوانین بە ووردی بڵێن : بێگومان ئەم ڕێكخستنەی كە لە دیاریدە گەردونیەكاندا هەیە ، لەگەڵا توانای پێشبینیكردن پێیان ـ ئەوانیش ئەو دوو بنەوایەن كە ڕێگەی زانستی لەسەر ڕاوەستاوە ـ لەهەمان كاتدا بنەوای باوەڕبوونن بە بیرۆچكەی بوونی (الله ) ، چونكە چۆن دەڕەخسێت هەموو ئەو ڕێكخستنە هەبێت ؟ وە چۆن دەڕەخسێت پێشبینی بكەین بەو دیاریدانە ، ئەگەر بەدیهێنەر و بەڕێوەبەر و پارێزەرێك نەبێت بۆ ئەم هەموو ڕێكخستنە سەرسوڕهێنەرە ؟!! .... .
مرۆڤیش بەردەوام لـە پەیمانگای زانین و زانیـاریە ، وە هەست بەوەش دەكات كە گەردون بە زەوی ئاسمانەكانیەوە و بەوەش كە لەنێوانیاندایە ، فراوانە تاكو ئەوپەڕی سنوردارێتی ، هەروەك یەكە سەرەكیەكان كە مادە و ووزەی لێدروست دەبێت ووردن تاكو ئەوپەڕی ووردی ، وە مەودای ژیانی تەنها بەشێكی بچوكە لە چركە ، بە بەراورد لەگەڵا ژیانی درێژی گەردون . وە ئەو جاری واهەیە نزیكە لەوەی كە هەست بكات بەوەی كە چەندەها شێوەی تر لە مادە و ووزە و دوری و جگە لـەوانەش هەیـە لـە جیهانەكانی تر كە لە كاتی ئێستادا ئەو هیچ زانیاریەكی بەرامبەریان نیە و بە گشتی نایانزانێت ، وە تەنانەت زانینی بۆ ژیان زانینێكی نادیارە ، لەبەر بێ توانایی لە تێگەیشتنی بە تێگەیشتنێكی زانستی ڕوون . بەڵام سەرەڕای نەزانینی مرۆڤ و كەمی زانستی ، و تێگەیشتنی سنوردیاریكراوی ۆ هەموو ئەو دیاریدانە ، بێگومان ئەو هەست دەكات بەوەی كە شتێلێكی زۆر هەیە چاوەڕوانی ئەوەیە كە پێی بگات ، و پەردەیان لەسەر ڕابماڵێت ، هەمووشی ڕاوەستاوە لەسەر بنەوای ڕێكخستنی سروشت و توانای مرۆڤ لەسەر پێشبینیكردن بەدیاریدەكانی لە ژێر سایەی ئەوەی كە پەردەی لەسەر هەڵدەماڵرێت لە بنەوا گەردونیەكان و نهێنیەكانی ، كە لە ڕاستیدا ئاشكرابوونی بەدیهێنەرە لە بەدیهێنراوەكانیدا (1) .
وە لەكاتێكدا كە باوەڕی مرۆڤ بە (الله ) ـ هەروەك دیاریدە سروشتیەكان و بنەوا گەردونیەكان بەڵگەن لەسەری ـ لەِۆژگاری ئەمڕۆدا هێشتا لەوپەڕی سنور دیاریكراویدایە ، بۆیە پێویستە باوەڕی مرۆڤ لەسەروی ئەوەوە بوەستێت ، و لەگەڵا ئەوەشدا كە لەسەر بنەوا ڕوحیەكان ڕابوەستێت ، و لەسەر بنەوای بیروباوەڕ و ملكەچ بوون .
چونكە باوەڕبوون بە (الله ) سەرچاوەی خۆشبەختیە كە لە ژیانی زۆر لە مرۆڤەكاندا لە كاركەوتووە ، و لێنادات (2) .
بەڵام ئەوانەی كە سەرقاڵی زانستەكانن و ئومێدی (الله ) یان هەیە ئەوان خۆشی و چێژێكی گەرەیان بەدەست دەهێنن ، هەر كاتێك كە بگەنە دۆزینەوەیەكی نوێ لە گۆڕەپانێك لە گۆڕەپانەكاندا ، چونكە هەموو دۆزینەوەیەكی نوێ پاڵپشتی باوەڕیان بە (الله ) دەكات ، و هەست و بیناییان زیاد دەكات بۆ توانا و دەسەڵاتی (الله ) لەم گەردونەدا (3) .
لە پاش خستنەڕووی ئەم ووتانە ، داواكاریشم بڕوانیتە پەرتووكی (الله یتجلی فی عصر العلم ) بۆ ئەوەی زیاتر بزانیت زانایان لەم بارەیەوە چیان فەرمووە ... لە گەڵ ڕێز و پێزانینمان .

باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری
بەرواری : 25 / 7 / 2017 م

---------------------------------

(1) خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ] ( فصلت : 53 ) .

(2) خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ]( النحل : 97 ) ، وه فەرموویەتی : [وَمَنْ أَعْرَضَ عَنْ ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنْكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى قَالَ رَبِّ لِمَ حَشَرْتَنِي أَعْمَى وَقَدْ كُنْتُ بَصِيرًا قَالَ كَذَلِكَ أَتَتْكَ آيَاتُنَا فَنَسِيتَهَا وَكَذَلِكَ الْيَوْمَ تُنْسَى وَكَذَلِكَ نَجْزِي مَنْ أَسْرَفَ وَلَمْ يُؤْمِنْ بِآيَاتِ رَبِّهِ وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَشَدُّ وَأَبْقَى]( طه : 124 ـ 127 ) .
(3) خـوای بەدیهێنەر و پەروەردگار فەرموویەتی : [بَلْ هُوَ آيَاتٌ بَيِّنَاتٌ فِي صُدُورِ الَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ وَمَا يَجْحَدُ بِآيَاتِنَا إِلَّا الظَّالِمُونَ] ( العنكبوت : 49 ) .

سەردان: ٦,٦٨٥ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان