ئامۆژگاریت بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن هۆکاری دواکەوتنی موسڵمانان بریتیە لە دەستگرتن بە دینەکەیانەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئامۆژگاریت بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن هۆکاری دواکەوتنی موسڵمانان بریتیە لە دەستگرتن بە دینەکەیانەوە
پرسیار:

هەندێ كەس لافی ئەوە لێ دەدەن كە هۆكارى دواكەوتنى موسڵمانان بریتیە لە دەستگرتن بە دینەكەیانەوە. وە گومانەكەشیان ئەوەیە كە دەڵێن: رۆژئاوا كاتێك كە دەستبەردارى هەموو دینەكان بوون و ئازادبوون لێیان گەیشتنە ئەو پێشكەوتنە شارستانیەتەیان، وە گومانەكەیان بەهێزتر دەكەن بەو باران و كشتوكاڵە زۆرەى كەلاى رۆژئاوا هەیە، جا ڕاى بەڕێزتان چییە؟

ئەم قسەیە لە كەسێكەوە دەرناچێت مەگەر باوەڕى لاواز بێت یان هەر باوەڕى نەبێت و شارەزاى مێژوو نەبێت و نەزان بێت بە هۆكارەكانى سەركەوتن، چونكە ئوممەتى ئیسلامى كاتێك كە پەیوەست و دەستگرتوو بوو بە دینەكەیەوە لەسەرەتاى ئیسلامەوە عیززەت و دامەزراوى و هێز و زاڵبوونى هەبوو لەهەموو لایەكانى ژیانەوە، تەنانەت هەندێ خەڵك دەڵێن: رۆژئاوا ئەو سوودەیان لە علم و زانیارى وەرنەگرت كە ئێستا وەریان گرتووە مەگەر بەهۆى ئەوەوە نەبێت كە لە موسڵمانانەوە وەریان گرتبوو گواستیانەوە لەسەرەتاى ئیسلامەوە، بەڵام ئوممەتى ئیسلامى زۆر لە دینەكەى دواكەوت و كەوتنە بیدعە و داهێنان لە دینى خوادا لە بیروباوەڕ و كردار و گوفتاردا و بەو هۆیەوە دواكەوتن و جێماویەكى گەورە تووشى ئەم ئوممەتە هات، وە ئێمە بەدڵناییەوە دەزانین و خوا بە شاهێد دەگرین ئەگەر وەكو پێشینانمان دەست بگرین بەدینەكەمانەوە ئەوا ڕێز و شكۆمەندى و دەسەڵات و سەركەوتنمان بەنسیب دەبێت بەسەر هەموو خەڵكیدا. هەربۆیە كاتێك ((ئەوبو سوفیان)) قسەى بۆ (( هرقل))ى پاشانى ڕۆم دەكرد – كە ڕۆم لەو كاتەدا دەوڵەت وئیپراتۆریەتیەكى گەورە بوو- دەربارەى ئەو پەیام وبەرنامەیەى كە پێغەمبەر  و هاوەڵانى لەسەرە. هرقل ووتى:
" ئەگەر ئەوەى تۆ دەیڵێیت ڕاست بێت ئەوا رۆژێك دێت ئەم خاكەى ژێرپێم دەبێتە موڵكى ئەو ". وە كاتێك ئەبوسوفیان و هاوەڵەكانى لاى هیرەقل هاتنە دەرەوە ووتى: " بەڕاستى باس و كاروبارى ئەم محمدە بەشێوەیەك گەورە بووە ئەوەتا پاشاى هۆزى ئەصفەر لێی دەترسێت".   
وە هەروەها ئەو پێشكەوتنە پیشەسازیەى كە وڵاتانى رۆژئاواە بێباوەڕ پێى گەیشتوون ئەوا دینەكەمان هیچ ڕێگریەكى لەوەدا نییە ئەگەر ئێمەش برەو بەوكارە بدەین و لاى لێ بكەینەوە، بەڵام بەداخەوە هەم دینەكەمان لەدەستدا و هەم دونیاش، ئەگەرنا دینى ئیسلامى دژى ئەو پێشكەوتنە نییە و ڕێگرنییە لەبەردەمیدا، بەڵكو خواى گەورە دەفەرموێت: (وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ) (الأنفال: من الآية60) واتە: وە بۆ كاتى ڕووبەڕووبوونەوەى دوژمنانتان ـ ئەى كۆمەڵى موسڵمانان ـ هەموو ئامادەكاریەك بكەن كە لەتواناتاندا هەیە لە پێویستى و كەرەستەكانى جەنگ ، بۆ ئەوەى بەو كارەتان ترس وبیم بخەنە نێو دڵى دوژمنانى خواى پەروەردگار و دوژمنانتانەوە ئەوانەى كە لە بۆسەدان بۆتان.
 هەروەها دەفەرموێت: (هُوَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الأَرْضَ ذَلُولاً فَامْشُوا فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُوا مِنْ رِزْقِهِ)(الملك: من الآية15) واتە: هەر ( الله ) یە كە بەتەنها زەوى بۆ ئاسانكردون و ڕایخستوە بۆتان بۆ ئەوەى جێگیر و سەقامگیربن لەسەرى ، دەسا بە هەموو گۆشە و لاو و كەنارەكانیا بسوڕێنەوە ، و لەو ڕزق و ڕۆزیەى خواى پەروەردگار بخۆن كە لەزەویەوە بۆتانى دەردەهێنێت ، وە بشزانن كە زیندوبونەوەتان لە گۆڕەكان و گەڕانەوەتان بەتەنها بۆ لاى خوایە بۆ لێپرسینەوە و پاداشت .
هەروەها دەفەرموێت: (هُوَ الَّذِي خَلَقَ لَكُمْ مَا فِي الأَرْضِ جَمِيعاً)(البقرة: من الآية29) واتە: تەنها خواى پەروەردگارە هەموو ئەوانەى كە لە زەویدان هەن لە ناز و نیعمەت و سودى لێوەردەگرن بۆ دروست كردون.
چەندین ئایەتى تریش كە بەڕاشكاوى باسی ئەوە دەكات مرۆڤ دەتوانێت شت بدۆزێتەوە و كار بكات وبەرەوپێش بڕوات و سوود ببینێت، بەڵام نەوەك لەسەر حیسابی دینەكە، وە ئەو ئوممەتانە لە بنچینەدا بێباوەڕن وئەو دینەشی كە لافی پێ لێ دەدەن دینێكى ناڕاست و ناڕەوا وباتڵە و دەستپێوەگرتنى و لادان لێشی وەكو یەك وەهایە و جیاوازى نییە، خواى گەورە دەفەرموێت:
(وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الإسْلامِ دِيناً فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ)(آل عمران: من الآية85). واتە: وە هەر كەسێك داواكارى ئاینێك بێت جگە لە ئاینى ئیسلام كە بریتیە لە خۆ بەدەستەوەدان بۆ خواى پەروەردگار بە یەكتاپەرستى و ملكەچبوون بۆى بە گوێڕایەڵى و بەندایەتى ، وە بۆ كۆتا پەیامبەر و نێردراوەكەى موحەممەد   بە باوەڕپێهێنانى و شوێنكەوتنى و خۆشویستنى لە ڕواڵەت و پەنهانیدا ، ئەوا ئەو ئاینەى لێ وەرناگیرێت ، وە لە دواڕۆژیشدا لە زەرەرمەند و خەسارۆمەندانە ئەوانەى كە لە دواڕۆژدا خۆیان بێنرخ كردووە و هیچ بەشێكیان بۆ نیە. هەرچەندە ئەهلى كتاب لە جولەكە و گاوران هەندێك جیاوازیان هەیە لەگەڵ غەیرى خۆیاندا بەڵام سەبارەت بە رۆژى دوایی هەروەكو یەك وەهان، بۆیە پێغەمبەرى خوا  سوێند دەخوات بەوەى كە هیچ یەكێك لەم ئوممەتە نییە كە جولەكە بێت یان گاور وە ببیستێت كە من ڕەوانەكراوم و پاشان باوەڕم پێ نەهێنێت و شوێنم نەكەوێت ئیلا دەخرێتە ناو ئاگرى دۆزەخەوە، بۆیە ئەوان لە بنچینەدا هەر بێباوەڕ وكافرن ئیتر خۆیان بدەنە پاڵ جولەكە یان گاور یان خۆیان نەدەنە پاڵی.
وە هەروەها كە دەوترێت ئەوان باران و دانەوێڵە و كشتوكاڵیان زۆرە ئەوا ئەوان تاقی كراونەتەوە بەوە لەلایەن خواى گەورە، بەوەى كە خۆشی و نازونیعمەتەكان پێش خراوە بۆیان لە دونیادا، وەكو پێغەمبەرى خوا  بە عومەرى كوڕى خەتتابی فەرموو كاتێك پێغەمبەر لە خەو هەستا لەسەر حەسیرێك كە شوێنەوارى حەسیرەكە لەسەر گۆناى كەوتبوو ئەوەبوو عومەر گریا بۆ ئەو دیمەنە و وتى: ئەى پێغەمبەرى خوا وا دەبینى فارس وڕۆم لەو نازونیعمەتەدا دەژین و تۆیش بەم حاڵەوە، ئەویش فەرمووى: " ئەى عومەر ئەوانە گەلانێكن كە خۆشی و نازو نیعمەتەكانیان پێش خراوە بۆیان تەنها لە دونیادا و ئەى تۆ بەوە ڕازى نیت كە دونیا بۆ ئەوان بێت و دوارۆژیش بۆ خۆمان" (١).
ئینجا جگە لەوە ئەوان جارى وا هەیە ووشكەساڵى و بەلآو كارەسات و بوومەلەرزە و گەردەلوولى وێرانكەر و زریانى تێكدەرى وەها ڕوویان تێ دەكات كە لە ڕادیۆ و گۆڤار و رۆژنامە و هۆیەكانى ترى ڕاگەیاندن بە هەمیشەیی بلآودەكرێتەوە و دەیبیستین، بەڵام ئەوەى پرسیارەكەى كردووە كوێرە و خواى گەورە چاوى دڵى كوێركردووە و واقع نابینێت و حەقیقەتى كارەكە هەست پێ ناكات، وە من ئامۆژگاریم بۆى ئەوەیە كە بگەڕێتەوە بۆ لاى خواو  پەشیمان بێتەوە لەم بۆچوونانە پێش ئەوەى مردن پێى بگات، و ئەوە چاك بزانێت كە ڕێز و شكۆمەندى و دەسەڵات و زاڵبوونمان بەوەیە كە بەڕاستى بگەڕێینەوە بۆ دینەكەمان و دەستى پێوە بگرین بەدڵسۆزى ونیەت پاكیەوە لەڕووى بیروباوەڕ و كردار و گوفتارەوە.
 وە ئەوەش بزانێت كە ئەوەى ئەمڕۆ ئەو بێباوەڕانەى لەسەرە ناڕەوا وباتڵە و حەق وڕاستى نییە و سەرئەنجامیان بۆ ناو ئاگرە وەكو خواى گەورە باسی كردووە و هەواڵى ئەوەى پێ داوین لە كتێبەكەیدا لەسەر زمانى پێغەمبەرەوە  و ئەو هێز و دەسەڵاتەشیان هیچ نییە جگە لەتاقیكردنەوەیەك نەبێت بۆیان و پێش خستنى خۆشیەكانیانە لەدونیادا بۆیان و هەتا ئەو كاتەى كە دەمرن و ئیتر بەهەتاهەتایی بۆ ناو دۆزەخ دەبرێن و دەمێننەوە و ئەو كاتە پەشیمانى و پەژارەیان زیاتر دەبێـت، و ئەو خۆشگوزەرانیەى ئەوانیش حیكەتى خواى گەورەیە و لەهەمان كاتیشدا وەكو وتم تووشى چەندین ڕووداو و كارەسات دەبنەوە لە بوومەلەرزە و بێ بەرەكەتى و لافاو و زریان و جگە لەوانە. فأسأل الله لمن وقع عنه السؤال الهداية والتوفيق، وأن يرده إلى الحق وأن يبصرنا جميعاً في ديننا إنه جواد كريم .

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب المظالم، بالغرفة والعلية المشرفة ... (2428)، ومسلم، كتاب الطلاق، باب في الإيلاء واعتزال النساء (1479) .

سەردان: ١,٧٠١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان