حوكمی زۆر خواردن چییە؟ وە سوودەكانی كەمخۆری لەمانگی ڕەمەزاندا چین؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
هەموومان دەزانین ڕەمەزان مانگی عیبادەتە، بەڵام زۆرێک لە ئێمە دەیکەین بە مانگی "تێرخۆری و زۆر خۆری".
برا و خوشكی موسڵمان با هەوڵ بدەین ڕەمەزانی ئەمساڵ بە دروشمی "کەم بخۆ و تەندروست بژی" پێشوازی لە ڕۆژووەکانمان بکەین.
لە ڕوانگەی ئایینەوە:
أ. قورئانی پیرۆز
خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ﴾ [الأعراف: ٣١]
واتە: "بخۆن و بخۆنەوە بهڵام ئیسراف و زیادهڕی مهكهن، به دڵنیایى خوای گهوره ئهو كهسانهی خۆش ناوێ كه ئیسراف و زیادڕهوی ئهكهن.
ب. فەرموودە
پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: "نەوەكانی ئادەم هیچ شتێكیان پڕنەكردوە خراپتر بێت لە سكیان، چونكە مرۆڤ چەند پارویەكی بەسە كە پشتی پێ ڕاست بكاتەوە، بەڵام ئەگەر هەر پێویست بوو ئەوا با سێیەكێكی بۆ خواردن، و سییەكێكی تری بۆ خواردنەوە، و سێیەكەكەی تری بۆ هەناسەدان." رواه أحمد و الترمذي و صححه الألباني.
وتەی زانایان:
* ئیمامی شافیعی (ڕەحمەتی خوای لێبێت): "شانزە ساڵە تێر نانم نەخواردووە، چونکە تێری؛ جەستە قورس دەکات، دڵ ڕەق دەکات، ژیری لادەبات، خەو ڕادەکێشێت و مرۆڤ تەمەڵ دەکات لە عیبادەت." "الحلية لأبي نعيم".
* لوقمانی حەکیم بە کوڕەکەی دەفەرموو: "کوڕی شیرینم، ئەگەر گەدە پڕ بوو، بیرکردنەوە دەخەوێت و حیکمەت لاڵ دەبێت"
واتە: کاتێک مرۆڤ سکی زۆر پڕ دەبێت، توانای بیرکردنەوەی ورد و وتنی قسەی بەسوود و دانایانەی نامێنێت؛ مێشکی سست دەبێت و ئەو وشە جوانانەی کە پێشتر هەیبوون، لە دەمی نایەنە دەرێ.
سوودەکانی کەمخۆری لە ڕەمەزاندا:
١. چالاکبوونی مێشک: کاتێک گەدە پڕ نییە، خوێن زیاتر بۆ مێشک دەچێت نەک بۆ هەرسکردن.
٢. سوود بینین لە عیبادەت: بە سکی سووکەوە چێژی زیاتر لە نوێژی تەراویح و شەوانی قەدر دەبینیت.
٣. تەندروستی جەستە: دابەزینی کێش، ڕێکخستنی شەکرە و پشوودانی کۆئەندامی هەرس.
٤. هەستکردن بە هەژاران: ڕەمەزان بۆ ئەوەیە هەست بە برسییەتی بکەین، نەک تەنها کاتی نانخواردنەکەمان بگۆڕین!
