٤٠ هەڵەی باوی خەڵک لە مانگی ڕەمەزاندا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
٤٠ هەڵەی باوی خەڵک لە مانگی ڕەمەزاندا
پرسیار:

ئەو هەڵە باوانە چین كە پێویستە موسڵمان خۆی لێ بپارێزێ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: هەڵەکانی پەیوەست بە ڕۆژوو و ئەحکامەکان

١- فەرامۆشکردنی فێربوونی ئەحکامەکان: زۆر کەس گرنگی بە فێربوونی ئەحکامە پێویستەکانی ڕۆژوو نادەن، لە کاتێکدا فێربوونیان ئاسانە و واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێک.
٢- پشتبەستن تەنها بە حسابی فەلەکی: تەنها کارکردن بە حیساباتی فەلەکی و وازهێنان لە بینینی مانگ بە چاو.
٣- ڕۆژووشکاندن بێ عوزر: هەندێک کەس بێ هیچ هۆکارێکی شەرعی ڕۆژوو دەخۆن، کە ئەمە پشتگوێخستنی یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئیسلام.
٤- کەمتەرخەمی لە ڕاهێنانی منداڵان: هەندێک دایباب منداڵەکانیان ڕاناهێنن لەسەر ڕۆژووگرتن بەو ناوەی هێشتا ئەرکیان نەکەوتۆتە سەر، لە کاتێکدا ڕاهێنانیان لە تەمەنی بچووکەوە باشترە.
٥- ڕۆژووشکاندن بە ماندووبوونێکی کەم: هەندێک کەس بە کەمترین هەستکردن بە ماندوێتی ڕۆژووەکەیان دەشکێنن، لە کاتێکدا نەخۆشییەک عوزرە کە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت یان زۆر تاقەتپڕوکێن بێت.
٦- ڕۆژووگرتن و وازهێنان لە نوێژ: نوستن تا درەنگان و فەوتاندنی نوێژی نێوەڕۆ و عەسر لەبەر شەونخونی.
٧- تەنها لە ڕەمەزاندا نوێژکردن: ئەوەی کە کەسەکە تەنها لەم مانگەدا نوێژ بکات و دوای ڕەمەزان وازی لێ بهێنێت.
٨- سستبوون لە نوێژ لە کۆتایی مانگدا: لە سەرەتای ڕەمەزاندا بە جۆش و خرۆشەوە نوێژەکان لە کاتی خۆیدا دەکەن، بەڵام بەرە بەرە بەرەو کۆتایی مانگ تەمەڵی دەکەن.
٩- فەرامۆشکردنی پارشێو: یان زۆر زوو خواردنی پارشێو و خەوتن پێش بانگی بەیانی، کە دەبێتە هۆی فەوتانی نوێژی بەیانی.
١٠- هەڵە تێگەیشتن لە پاکبوونەوەی ئافرەت: هەندێک وابیردەکەنەوە ئەگەر پێش بانگی بەیانی پاک ببنەوە، دەبێت حەتمەن غوسڵ بکەن ئینجا نیەتی ڕۆژوو بێنن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەبێ غوسڵیش دەتوانن دەست بە ڕۆژوو بکەن و دواتر غوسڵەکە بکەن بەڵام دەبێ پێش خۆركەوتن غوسل بكات بۆ ئەوەی نوێژەكەی نەفەوتێ.
١١- سەرقاڵبوون بە خواردن لە کاتی بانگدا: وەڵامنەدانەوەی بانگبێژ بەهۆی سەرقاڵی بە خواردنەوە.
١٢- دواکەوتن لە نوێژی مەغریب: مانەوە لەسەر سفرەی بەربانگ و فەوتانی نوێژی جەماعەت؛ سوننەت وایە بە شتێکی کەم وەك چەند دەنكە خورمایەك ڕۆژوو بشکێندرێت و بچن بۆ نوێژ.
١٣- ڕۆژووشکاندن بە جگەرە: جگەرەکێشان لە هەموو کاتێکدا حەرامە، بەڵام لە ڕەمەزاندا تاوانەکەی گەورەترە.
١٤- زۆرخۆری لە کاتی بەربانگدا: خواردنی بڕێکی زۆر کە دەبێتە هۆی قورسبوونی جەستە و تەمەڵی لە ئەنجامدانی نوێژی تەراویح بە کڕنووش و سوجدەو خشوعەوە.
١٥- ئیسراف لە خواردندا: ئامادەکردنی چەندین جۆر خواردنی زیادە کە لە کۆتاییدا دەیكەنە ناو تەنەکەی خۆڵەوە.
١٦- ڕۆژووگرتنی ئافرەت لە کاتی سوڕی مانگانەدا: هەندێک ئافرەت ئەگەر نزیک بەربانگ بکەونە سوڕی مانگانەوە بەردەوام دەبن، ئەمە هەڵەیە و دەبێت ڕۆژووەکەیان بشکێنن و پاشان قەزای بكەنەوە.

دووەم: هەڵەکانی پەیوەست بە پەرستش و کات
١٧- سەرقاڵبوون بە فیلم و زنجیرە دراماکان: بەفیڕۆدانی کاتە بەنرخەکانی ڕەمەزان بە سەیرکردنی ئەو شتانەی کە گۆرانی و دیمەنی نەشیاویان تێدایە.
١٨- ساردبوونەوە لە نوێژی تەراویح: هەندێ كەس لەشەوانی سەرەتای ڕەمەزان زۆر چالاكە بۆ نوێژی تەراویح پاشان كەمە كەمە سارد دەبێتەوە و خۆی بێبەش دەكات لە پاداشتی شەو نوێژ لەم مانگە پیرۆزەدا.
١٩- خێرا خوێندنەوەی قورئان لەلایەن پێشنوێژەکانەوە: هەندێک ئیمام تەنها بۆ ئەوەی قورئان خەتم بکەن زۆر بە خێرایی قورئان دەخوێنێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات نوێژخوێنان هەست بە خشوع نەکەن.
٢٠- بەکارھێنانی نوێژە فەرزەکان بۆ خەتمکردن: هەندێک ئیمام لە نوێژە جەهرییەکاندا (وەک مەغریب و عیشا) تەنها ئەو بەشانە دەخوێنن کە بۆ خەتمەکەیان دایانناوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بێزارکردنی نوێژخوێنان یان وازهێنان لە سوننەتەکانی خوێندنەوە.
٢١- ساردبوونەوەی بانگخوازان: هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی تەنها لە ڕەمەزاندا چالاکن و دوای مانگەکە سارد دەبنەوە لە ئامۆژگاری كردنی خەڵكی.
٢٢- پێشخستنی سوننەت بەسەر فەرز: هەندێک کەس نوێژی جەماعەتی عیشا دەفەوتێنێ یان دوادەکەێ بەس بۆ ئەوەی بگاتە مزگەوتێکی دوور بۆ تەراویح، لە کاتێکدا عیشا گرنگترە.
٢٣- پەلەکردن لە تەراویح: هەندێک نوێژخوێن بێزار دەبن ئەگەر ئیمام تۆزێک قورئان درێژ بکاتەوە، کە ئەمەش نیشانەی نەبوونی صەبر و تەحەمولە .
٢٤- جێهێشتنی تەراویح پێش ئیمام: جێهێشتنی مزگەوت پێش نوێژی وتر،هەندێ كەس كە هەشت ڕكاتی تەراویح تەواو بوو لە مزگەوت دەردەچێ و وترەكە دواتر لەماڵ دەكات نازانێ  ئەم دەرچوونە دەبێتە هۆی بێبەشبوون لە پاداشتی "قیام اللیل"ی تەواو.
٢٥- نوێژی جیاواز لەناو جەماعەتدا: هەندێک کەس کە نوێژی عیشایان چوووە، بە جیا لە گۆشەیەک دەیکەن لە کاتێکدا تەراویح دەکرێت؛ دروستتر وایە بچنە ناو تەراویحەکە بە نیەتی عیشا و دواتر تەواوی بکەن.
٢٦- پێداگری ئافرەتان لەسەر مزگەوت: هەندێک ئافرەت وا دەزانن نوێژی تەراویح لە مزگەوت باشترە، لە کاتێکدا نوێژی ئافرەت لە ماڵەوە پاداشتی زیاترە.
٢٧- دەستھێنان بە دەموچاودا دوای دوعا: زۆر کەس دوای قونوت دەست دەهێنن بە دەموچاویاندا، کە ئەمە لە سوننەتدا بەڵگەی بەهێزی لەسەر نییە.
٢٨- زیادەڕەوی لە گریان : گریانی بەدەنگی بەرز لەناو نوێژدا هۆكارە بۆ ئەوەی توشی ڕیبا ببیت  یان ئەو كەسەی تەنیشتت بێزار بكەی.
٢٩- درێژکردنەوەی بێزارکەری دوعای قونوت: هەندێک ئیمام ئەوەندە دوعا درێژ دەکەنەوە کە دەبێتە هۆی ماندووکردنی خەڵک.
٣٠- ڕێکنەخستنی ڕیزەکانی ئافرەتان: زۆرێک لە ئافرەتان ڕیزەکان تەواو ناکەن و هەر یەکە و لای کچ و هاوڕێکانی دەوەستێت، پێویستە وەک پیاوان ڕیزەکان ڕێک و پڕ بکەنەوە.
٣١- هێنانی منداڵی زۆر بچووک بۆ مزگەوت: کە دەبێتە هۆی گریان و هاوار و تێکدانی خشوعی نوێژخوێنان.
٣٢- خواردن لە کاتی دەستپێکردنی بانگ: هەندێک کەس تا کۆتایی بانگی بەیانی هەر دەخۆن، پێویستە بە دەستپێکی بانگ دەست لە خواردن هەڵبگیرێت.

سێیەم: هەڵە گشتییەکان
٣٣- بەفیڕۆدانی کاتی پارشێو: سەرقاڵبوون بە شتی لاوەکی لە کاتێکدا کە کاتی گیرابوونی دوعا و پاڕانەوەیە.
٣٤- سەرقاڵبوون بە مۆبایل و سۆشیال میدیا: بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بێبەشبوون لە قورئان خوێندن.
٣٥- زۆریی وتار و وانە ئایینییەکان: هەندێک ئیمام لە هەموو کاتەکاندا وتار دەدەن (بەیانی، عەسر، تەراویح)، ئەمە خەڵک بێزار دەکات؛ یەک وتاری کورت و بەپێز باشترە.
٣٦- بڵاوکردنەوەی فەرموودەی بێبنەما و لاواز: بڵاوکردنەوەی هەر شتێک لەسەر فەزڵەکانی ڕەمەزان بێ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی فەرموودەکە صەحیحە یان هەڵبەستراو.
٣٧- شەرمکردنی کچان لە سوڕی مانگانە: هەندێک کچ شەرم دەکەن بڵێن لە سوڕی مانگانەدان و بەو حاڵەوە ڕۆژوو دەگرن، ئەمە دروست نییە و پێویستە دایکان ئاگاداریان بکەنەوە.
٣٨- تەنها گرنگیدان بە خەتمکردن: زۆر کەس تەنها دەیانەوێت چەند جارێک قورئان خەتم کەن، بێ ئەوەی لە مانا و تەفسیری ئایەتەکان ورد ببنەوە.
٣٩- عومرەکردن بێ زانیاری: ئەنجامدانی عومرە لە ڕەمەزاندا بەبێ ئەوەی کەسەکە شارەزای ئەحکامەکانی بێت، کە ڕەنگە تووشی هەڵەی گەورەی بکات.
٤٠- جێهێشتنی مزگەوت لە دە شەوی کۆتاییدا: هەندێک لە مامۆستایان مزگەوتەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن بۆ ئەوەی بچن لە مەککە و مەدینە ئیعتیکاف بکەن، کە ئەمە زیان بە نوێژخوێنانی گەڕەکەکەیان دەگەیەنێت بەتایبەت گەر كەسێك نەبێت لە شوێنی خۆی دایبنات.

سەردان: ٢٠١ بەش: ڕۆژوو