ئەو كەسەی نەخۆشی شەكرەی هەیە دروستە ڕۆژوو نەگرێت؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بەپێی شەریعەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، پاراستنی تەندروستی مرۆڤ یەکێکە لە مەبەستە سەرەکییەکان، بۆیە حوکمی ڕۆژوونەگرتن بۆ کەسی تووشبوو بە شەکرە بەپێی جۆر و کاریگەری نەخۆشییەکە دەگۆڕێت.
دەکرێت ئەم حاڵەتانە بەم شێوەیە پۆلێن بكەین:
١. ئەو کەسانەی بۆیان دروستە ڕۆژوو نەگرن
ئەگەر پزیشکێکی پسپۆڕی متمانە پێكراو وتی ڕۆژووگرتن زیان بە تەندروستی نەخۆشەکە دەگەیەنێت، یان ببێتە هۆی تێکچوونی ئاستی شەکرە بە شێوەیەکی مەترسیدار، ئەوا نەخۆشەکە دەتوانێت ڕۆژوو نەگرێت. ئەمەش لەسەر بنەمای ئایەتی: (وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) [البقرة: ١٨٥]
٢. ئەو حاڵەتانەی کە تێیدا ڕۆژوونەگرتن دەبێتە "پێویستی" واجب.
لەم بارودۆخانەدا، نەک هەر دروستە، بەڵکو لەسەر نەخۆشەکە پێویستە ڕۆژوو نەگرێت:
أ. ئەگەر شەکرەکەی زۆر دابەزی و هەستی بە سەرگێژی، لێدانی توندی دڵ، یان ئارەقەکردن کرد.
ب. ئەگەر شەکرەکەی زۆر بەرز بووەوە و ترسی وشکبوونەوەی جەستە یان تێکچوونی هۆشی هەبوو.
لەم حاڵەتە نابێ ڕۆژوو بگرێت .
٣. قەزا كردنەوە یان فیدیە دان
ئەمە بەپێی جۆری نەخۆشییەکە دیاری دەکرێت:
یەكەم : نەخۆشی کاتی: ئەگەر شەکرەکە لە جۆرێک بێت کە بەهۆی بارودۆخێکی کاتییەوە بێت و دواتر کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوا پێویستە دواتر تەنها ڕۆژووەکان بگرێتەوە (قەزای بكاتەوە).
دووەم : نەخۆشی بەردەوام: ئەگەر نەخۆشییەکە درێژخایەن بێت و پزیشکی پسپۆڕی متمانەپێكراو بڕیاری دابێت کە هەرگیز ناتوانێت ڕۆژوو بگرێت، ئەوا پێویستە بۆ هەر ڕۆژێک فیدیە بدات.
* فیدیە چۆن دەدات؟
فیدیە بە خواردن دەدرێ و باوترین خواردنی خەڵكی ئەم سەردەمە برنجە، جا بۆ هەر ڕۆژێك كیلۆ و ڕوبعێك برنج دەدات بە ماڵێكی فەقیر، واتە بۆ سی ڕۆژەی مانگی ڕەمەزان بڕی سی و حەوت كیلۆ و نیو برنج دەبەخشێت .
تێبینی گرنگ:
پێش بڕیاردان، زۆر گرنگە نەخۆشەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا جەستەی بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کاتی بەربانگ و پارشێو دەگرێت یان نا، واتە نابێت لەخۆیەوە بڵێ من شەكرەم هەیە و نەخۆشم ناتوانم ڕۆژوو بگرم، بەڵكو ئەمە پزیشكی پسپۆڕی متمانەپێكراو دیاری دەكات.
