ئیعتیكاف چیە و بەرهەم و سوودەکانی چیین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئیعتیكاف چیە و بەرهەم و سوودەکانی چیین؟
پرسیار:

ئیعتیكاف چیە و بەرهەم و سوودەکانی چیین؟

ئیعتیکاف یەكێكە لە جەوهەری هەموو پەرستشەکان؛ لوتکەی گوێڕایەڵی و دڵسۆزییە بۆ پەروەردگار. لە ڕاستیدا ئیعتیکاف واتە: "مانەوە لە ماڵی خودا (مزگەوت) بە مەبەستی پەرستش، و دابڕانێکی تەواو لە هەموو ئەو شتانەی مێشك و دەروونی مرۆڤ سەرقاڵ دەكەن."
ئەمە ئەو ساتە دەگمەنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە ژاوەژاو و قەرەباڵغی خەڵک ڕادەکات، بۆ ئەوەی لە پەنای خودای میهرەباندا ئارامی بدۆزێتەوە. لە بری ئەوەی دڵت بە هەزاران خەمی جیاوازەوە پەرت بێت، لێرەدا تەنها یەک خەم و یەک ئامانجی دەبێت، ئەویش ڕەزامەندی خودایە.
بەروبووم و سوودەکانی ئیعتیکاف
·    ڕاهێنانی دەروون لەسەر دڵسۆزی (ئیخڵاس):
چونکە مرۆڤ لە سووچی ئیعتیکافەکەیدا زۆر کات کەس نایبینێت ، ئەمەش وا دەکات تەنها بۆ خودا بێت.
·    خۆڕزگارکردن لە زێدەڕۆیی: ئیعتیکاف وا دەكا مرۆڤ کۆنتڕۆڵی قسەی زیادە، خواردنی زیادە، خەوی زیادە و تێکەڵبوونی زۆر لەگەڵ خەڵک بکات.
·    ڕاهاتن لەسەر پەرستشەکان: وەک شەونوێژ، قورئان خوێندن، داوای لێخۆشبوون (ئیستغفار)، یادی خودا و ڕازونیاز.
·    بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ خودا: مرۆڤ لە هەموو شتێک دادەبڕێت بۆ ئەوەی لە پەروەردگاری نزیک ببێتەوە.
·    پێداچوونەوە و موحاسەبەكردنی نەفس : ئیعتیکاف دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وردبوونەوە لە کردەوەکانی ڕابردوو و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ژیان، چ لە پەرستش و زانستدا، چ لە پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک، هاوسەر، منداڵ و خزم و دۆستان.
·    بەهێزکردنی توانای تەنیایی: ڕاهێنانی مرۆڤە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانە و قەیرانە قورسەکاندا بتوانێت تەنها پەنا بۆ خودا بەرێت.
·    دوورکەوتنەوە لە گوناه: زۆر گەنج هەبوون ئیعتیکاف بووەتە هۆکاری هیدایەت و ڕاستەڕێبوونیان؛ چونکە لە گوناهەکان دوورکەوتوونەتەوە و تەنها لەگەڵ پەروەردگاریان خەڵوەتیان کردووە.
·    ژیان لەگەڵ قورئاندا: تێگەیشتن لە وردەکاری و سوودەکانی قورئان. ئەگەر ئیعتیکافکاران لە دانیشتنە کورتەکانیاندا هەر یەکەو باس لەو پەند و وانانە بکەن کە لە قورئانەوە فێر بوون، سوودێکی یەکجار زۆر بە یەکتر دەگەیەنن.
·    تۆمارکردنی بیرۆکەکان: هەر بیرۆکەیەکی باش، سوودێکی زانستی، یان وانەیەک بۆ داهاتووی ژیانت بە مێشکتدا هات، یەکسەر بینووسە.
·    خوێندنەوە دەربارەی ئیعتیکاف: کتێبێک لەسەر حوکمەکانی ئیعتیکاف بخوێنەرەوە، بۆ ئەوەی بە هەڵە پەرستشەکەت تێک نەدەیت.