ئایا ئیعتیکاف تەنها لە مزگەوتدا دەکرێت؟ دەتوانین لە ماڵ یان لە ئەشکەوت و دوور لە ئاوەدانى بکرێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئیعتیکاف تەنها لە مزگەوتدا دەکرێت؟ دەتوانین لە ماڵ یان لە ئەشکەوت و دوور لە ئاوەدانى بکرێت؟
پرسیار:

سەبارەت بە شوێنی ئیعتیكاف كردن ئایا شوێنێكی تایبەتی هەیە كە ئیعتیكافی تیا بكرێت، یاخود بە ڕەهایی لە هەر شوێنێكدا ئیعتیكاف بكرێت دروستە؟ واتا ئایا لە ماڵەوە هەر كەسێك دەتوانێت بۆ خۆی ئیعتیكاف بكات؟ یاخود هەندێك كەس دەچن بۆ ئەشكەوتەكان‌و لە شوێنی دوور لە شار ئیعتیكاف دەكەن؟ یاخود هەندێك كەس دەچن بۆ شوێنی تاریك یاخود لە مزگەوتەكاندا؟ ئایا شوێنێكی تایبەت‌و دەستنیشان كراوی هەیە كەوا لە شەرعدا دیاری كرابێت‌و دەستنیشان كرابێت؟

حوكمی ئیعتیكاف دروستە بەڵكو سوننەتیشە بەڵام واجب نیە، ئەو سوننەتە مرۆڤ لە كوێ‌ بە جێی بگەینێت، لەچ شوێنێك مرۆڤ ئەو سوننەتە بكات، خوای پەروەردگار لە قورئانە پیرۆزەكەیدا دەفەرمووێت: [وَلا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ ][البقرة‏:157].
واتە: مەچنە لای خێزانەكانتان لە كاتێكدا كە ئێوە موعتەكیفن لە مزگەوتەكاندا،
وە عائیشەش (ڕەزای خوای لێ بێت) لە ووتەیەكی دا كە صەحیحە دەفەرمووێت: (وَلاَ اعْتِكَافَ إِلاَّ فِي مَسْجِدٍ جَامِعٍ) (رواه أبو داود رقم الحديث (2475)، والبيهقي في السنن رقم الحديث (8377) . قال الشيخ الألباني في صحيح أبي داود (7/235) . )،
واتە: ئیعتیكاف نیەو نابێت تەنها لە مزگەوتێك نەبێت كە نوێژی هەینی تێدا بكرێت.
كەواتە ئیعتیكاف‌و مانەوەی موسوڵمان بۆ عیبادەت كردنی خواو یەكلا بوونەوە بۆ خوا‌و دابڕان لە خەڵك بۆ ئەوەی لەگەڵ خوای خۆت یەكلا ببیتەوە ناكرێت بڵێی ئەو عیبادەتە تایبەتە كە ئیعتیكافە لە ماڵان دەیكەم، یان لە ئەشكەوتێكدا دەیكەم، یان لە شوێنێكی چۆڵدا دەیكەم، نەخێر ئەم عیبادەتە تایبەتە بە مزگەوتەكانەوە دەبێت مرۆڤی موسوڵمان لە مزگەوت دا بیكات، بەڵام ئەوەی كە هەندێك كەس بیكات بڵێت من دەچمە ئەشكەوتێك چونكە پێغەمبەری خوا كاتی خۆی پێش ئەوەی كە وەحی بۆ بێت دەچوو بۆ (غار حرا‌ء) لەوێ‌ ئەو خەریكی خەڵوە كێشان‌و ئیعتیكاف بوو بێگومان ئەوە نابێتە بەڵگە چونكە دوای دابەزینی وەحی پێغەمبەری خوا جارێكی تر نەچوەوە بچێت ئیعتیكاف لە ئەشكەوتێك دا بكات یا لە شوێنێكی چۆڵ بیكات بەڵكو لە مزگەوتەكان دا لە مزگەوت ئیعتیكافی دەكرد، وە هەروەها ئیعتیكاف كردن‌و مانەوە لە غەیری مزگەوت ئیمامەكان دەفەرموون گومڕاییە، چونكە هەر كەسێك بێت‌و لە غەیری مزگەوت بمێنێتەوە بێگومان جومعەی دەچێت، جەماعەتی دەچێت، ئەوەش مرۆڤ پێی فاسق دەبێت‌و توشی گوناهی گەورە دەبێت كە واز لە جومعە‌و جەماعەت بێنێت، كەواتە شەڕی زیاترەو زەرەری زیاترە لە خێرو لە چاكەكەی.

ئەم پرسیارە لە لایەن بەڕێز (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١,٩٩٣ بەش: ئیعتیکاف و مانەوە لە مزگەوت