ئەو شیرینییەى كە دابەش دەكرێت لە (مەولود)دا خواردنى دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو شیرینییەى كە دابەش دەكرێت لە (مەولود)دا خواردنى دروستە؟
پرسیار:

ئەو شیرینییەى كە دابەش دەكرێت لە (مەولود)دا خواردنى دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
لەبەرئەوەى مەولودكردن لە بنچینەدا شەرعى نییەو بیدعەیە، شتێكە كە پێغەمبەرى خوا () نەیكردووەو فەرمانى بە كردنیشى نەداوە وە لەسەردەمى ئەویشدا نەكراوەو بێدەنگ بوبێت لێى كەواتە هیچ جۆرێك نییە لە جۆرەكانى سوننەت نە (قولي)یە نە (فعلي)یە نە (تقریري)یە، كەواتە شتێك سوننەت نەبێت بیدعەیە، خواى گەورە بە پێغەمبەر () دەفەرموێت: [فَإِنْ لَمْ يَسْتَجِيبُوا لَكَ فَاعْلَمْ أَنَّمَا يَتَّبِعُونَ أَهْوَاءَهُمْ] ، كەواتە ئێمە دوو شتمان هەیە، هەركەسێك شوێن سوننەت نەكەوێت ئەوە شوێن هەواو ئارەزوو كەوتووە، ئەو هەواو ئارەزووە هەر ناوێكى لێبنێیت لە چوارچێوەى هەواو ئارەزوو دەرناچێت، چونكە شوێن سوننەت نەكەوت، سوننەتیش هەروەكو وتمان بریتيیە لە (وتەى) پێغەمبەرى خوا () یان (كردەوە)كانى یان (تقریر)ەكانى (شتێك لەسەردەمى ئەودا كرابێت و لێى بێدەنگ بوبێت)، كە هیچ لەمانە نییە كەواتە شتەكە (مەولود) بیدعەیە، وە ئەگەر بڵێن خۆ ڕەمەزانان تەراویح بە جەماعەت نەكراوە، ئەوا دەڵێین پێغەمبەرى خوا () بە (كردەوە) سێ شەو كردى وە بۆیە بەردەوام نەیكرد ڕێگرییەك هەبوو، ئەوە سوننەتى (عملي)، وە سوننەتى (قولي)یش پێغەمبەر () بە دەمى خۆى فەرمویەتى: ((من صلى مع الإمام حتى ينصرف كتب له قيام الليلة)) هەركەسێك لەگەڵ ئیمامەكەى نوێژبكات تاوەكو ئیمامەكەى تەراویحەكە تەواو دەكات ئەوا شەو نوێژى تەواوى بۆ دەنوسرێت، كەواتە سوننەتێكى (قولي)یشە، هەرچەندە لەسەردەمى خۆشیدا بەو شێوەیە نەدەكرا، بەڵام لەبەرئەوەى حەدیثى (قولي)ى لەسەرە ئەوە سوننەتە.
كەواتە مەولود بیدعەیە، وە كە بیدعەش بوو موسڵمان نابێت هاوكارى بكات لەگەڵ ئەو كەسانەى كە بیدعە دەكەن وە یەكێك لە جۆرەكانى هاوكارى ئەوەیە كە شیرینییەكت بۆ دێنن قەبوڵى مەكە، بەڵام بە شێوازێكى جوان بۆى ڕونبكەوە نەك بە هەڵە حاڵى بێت یان بوهتانت بۆ بكرێت و بوترێت (والله ئەوانە پێغەمبەریان () خۆشناوێت)، نەخێر ئێمە لەبەر خۆشویستنى پێغەمبەر () ئەو شتە ناكەین (شتێك كە نەیكردبێت نایكەین)، خۆشویستنى پێغەمبەرە () وامان لێدەكات كە ڕەفزى ئەو شتە بكەین، نەك ڕق لێبونەوەمان (پەنا بەخوا) وەكو هەندێك لە صۆفییەكان بوهتانى ئەوەمان بۆ دەكەن و ئەو درۆیەمان بۆ هەڵدەبەستن.
ئەگەر بوترێت جا مەولود چى تێدایە خێرو خێراتەو زیكرو قورئان خوێندنەو یادكرنەوەى پێغەمبەرە ()، ئەوانەش تاك تاكیان هەمویان باشن، لە وەڵامدا پێیان دەڵێین (بۆ نمونە) نوێژى بەیانى دوو ڕكاتە بیكە سێ ڕكات، ئەگەر ئەم ڕكاتى سێیەمە شیبكەینەوە بۆ تاك تاك (قورئان خوێندن و ڕكوع بردنێكى زیاترو دوو سوجدە وە هەروەها زیكرى خواى تێدا دەكات) ئەوا كارى باشن بە تاك تاك، بەڵام چونكە زیادەیە قەبوڵ نییە، بە هەمان شێوەش ئێمە دەڵێین قورئان خوێندن لە ئەصڵدا خراپ نییە، صەڵەوات لێدان خراپ نییە، زیكركردن خراپ نییە، خێرو خێراتكردن خراپ نییە، بەڵام بەو شێوەیە كە كۆتان كردووەتەوەو شتێكتان لێ پێكهێناوە كە پێى دەڵێن (مەولود)و پێغەمبەر () نەیكردووەو پاداشتى لەسەر نییە ئەوە دەڵێین: ((من عمل عملاً لیس علیه أمرنا فهو رد)) هەروەكو چۆن ڕكاتى سێیەمى نوێژى بەیانى ڕەت دەكرێتەوە، كە بڵێن خۆ پێغەمبەر () هەر دوو ڕكاتى كردووە، ئەوە دەڵێین پێغەمبەر () هەروەك چۆن سێیەمیشى نەكردووە مەولودیشى نەكردووە.
لە لایەن بەڕێز مامۆستا [عبداللطيف] ه وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٩١١ بەش: خواردن و خواردنەوە