نهێنی و حیكمەتی دوعای شەوی قەدر: "اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي": ماڵپەڕی وەڵامەکان
نهێنی و حیكمەتی دوعای شەوی قەدر: "اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي"
پرسیار:

بۆچی لەناو ئەو هەموو دوعایەی كە هەیە پێغەمبەری خوا  ئەم دوعایەی هەڵبژارد بۆ شەوانی قەدر؟ "اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي"

گەورەیی و حیكمەتی دوعای شەوی قەدر: "اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي"

شەوی قەدر، ئەو شەوە پیرۆزەیە كە عیبادەتكردن تێیدا لای خوای گەورە لە هەزار مانگ خێرترە. 
لەم شەوەدا كە دەرگاكانی ڕەحمەت و ئاسمان دەكرێنەوە، باوەڕداران بەدوای باشترین دوعا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە پەروەردگار بپاڕێنەوە. 
لە ناو هەموو نزا و دوعاكاندا، یەك دوعا هەیە كە پێغەمبەری خۆشەویستمان () بەتایبەتی بۆ ئەم شەوە هەڵیبژاردووە.

چیرۆكی پشت ئەم دوعایە
دایكی باوەڕداران، خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێبێت) دەفەرموێت: ( قلتُ : يا رسولَ اللهِ أرأيتَ إن علمتُ أيَّ ليلةِ القدرِ ما أقولُ فيها ؟) بە پێغەمبەری خوام وت: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەگەر زانیم كام شەوە شەوی قەدرە، چی بڵێم و چ دوعایەك بكەم؟
 پێغەمبەر () فەرمووی بڵێ:
"اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي"
واتا: 
(ئەی پەروەردگار، بەڕاستی تۆ زۆر لێبوردەیت و لێبوردنیشت خۆشدەوێت، كەواتە لێم ببورە).

نهێنی و حیكمەتەكانی ئەم دوعایە
لەوانەیە بپرسین، بۆچی لە ناو ئەو هەموو دوعایەی كە هەیە (بۆ نموونە داواكردنی بەهەشت، ڕزگار بوون لە دۆزەخ ، تەندروستی، ماڵ و سامان، یان سەركەوتن)، پێغەمبەر () تەنها ئەم دوعایەی هەڵبژارد؟

 لێرەدا چەند نهێنییەكی گەورە هەیە:

یەكەم: جیاوازی نێوان لێبوردن (العفو) و لێخۆشبوون (المغفرة):
 لە زمانی عەرەبیدا (المغفرة) واتە خوا تاوانەكەت دادەپۆشێت و سزات نادات، بەڵام تاوانەكە لە نامەی كردەوەكانتدا دەمێنێت.
 بەڵام (العفو) زۆر لەوە گەورەترە؛ واتە سڕینەوەی تاوانەكە بە یەكجاری، وەك ئەوەی هەرگیز نەتكردبێت.
 كاتێك لە شەوی قەدردا داوای (عفو) دەكەیت، داوا دەكەیت پەڕاوێكی تەواو سپی و نوێت بۆ بكرێتەوە.

دووەم: ناساندنی خوا بەو سیفەتەی كە خۆشی دەوێت: مرۆڤ كاتێك شتێك لە كەسێك داوا دەكات، بەو سیفەتە بانگی دەكات كە ئەو كەسە پێی دڵخۆش دەبێت. خوای گەورە (العفو)ـە، واتا لێبوردەیە، وە "لێبوردنیشی خۆشدەوێت". كاتێك بەمشێوەیە دەپاڕێیتەوە، سۆز و ڕەحمەتی پەروەردگار زیاتر مسۆگەر دەكەیت.

سێیەم: گەورەترین نیعمەت: ئەگەر خوای گەورە لێت ببورێت و تاوانەكانت بسڕێتەوە، ئەوا بەهەشت بەدەست دەهێنیت، لە ئاگری دۆزەخ ڕزگارت دەبێت، وە لە دونیادا ژیانێكی ئارام و پڕ لە بەرەكەتت دەبێت. بۆیە ئەم دوعایە كورتە، بەڵام خێر و بێگەردی دونیا و دواڕۆژی تێدا كۆبووەتەوە.

پەیامی كۆتایی
ئەم دوعایە وانەیەكی گەورەیە بۆ ئێمە؛ كە گەورەترین شتێك مرۆڤ لەم ژیانەدا پێویستی بێت، ڕەزامەندی و لێخۆشبوونی خوایە. با لە شەوانی كۆتایی مانگی ڕەمەزان و بەتایبەت لە شەوانی تاكدا، زمانمان پاراو بێت بەم دوعایە و لە دڵەوە هەست بە ماناكەی بكەین.

سەردان: ٣٣ بەش: شەوى قەدر