ئایا ئاڵتون و خشڵی ئافرەت زەكاتی تێدایە؟ جیاوازی هەیە ئەگەر بەكاری بێنێ بۆ خۆڕازاندنەوە یان نا؟
الحمد لله وحده والصلاة والسلام على من لا نبي بعده . أما بعد
ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا، باس و خواس و پرسیارکردن دەربارەی زەکاتی زێڕ و خشڵی ئافرەتان گەرم دەبێت و زۆر جار ئەم بابەتە دەبێتە هۆی سەرلێشێوان و مشتومڕ لەنێوان ژنان و مێردەکانیاندا؛ بە شێوەیەک هەر کەسە و دەست دەگرێت بە فەتوای زانایەک و دەیکاتە بەڵگە بۆ خۆی.
هەموو ئەم جیاوازییانە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ڕاوبۆچوونی جیاوازی فیقهی لەسەر ئەم پرسە.
ئەم مەسەلەیە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە سەردەمی هاوەڵانەوە (خوایان لێ ڕازی بێت) تا ئەمڕۆ، لە نێوان پێشەوایانی ئیسلامدا گفتوگۆ و جیاوازی لێکدانەوەی تێدایە
پێویستە دڵمان فراوان بێت بۆ قبوڵکردنی ئەم جیاوازییە شەرعییانە و ڕێز لەو زانایانە بگرین کە خاوەن ڕاکانن.
نابێت هەڵبژاردنی یەکێک لەم ڕایانە لەسەر بنەمای ئارەزووی نەفس و ئەوە بێت کە مرۆڤ خۆی حەزی لێیەتی.
کەسی ئاسایی (کە زانیاری قووڵی شەرعی نییە) تەنها ئەوەی لەسەرە کە شوێن فەتوای ئەو زانایە بکەوێت کە متمانەی پێیەتی و پرسیاری لێ دەکات؛ نابێت لەنێوان موفتییەکاندا بگەڕێت تەنها بۆ ئەوەی ئەو فەتوایە بدۆزێتەوە کە خۆی حەزی لێیەتی بۆ ئەوەی زەکات نەدات، بەبێ ئەوەی بە ڕاستی بەدوای حەقدا بێت، چونکە گەڕان بەدوای ئاسانکارییەکاندا (الرخص) و بەکارهێنانی جیاوازیی زانایان وەک بیانوو بۆ هەڵاتن لە ئەرکەکان، کارێکی قەدەغەکراوە.
ئەو خشڵەی کە بەکاردێت (بۆ خۆڕازاندنەوە)
مەبەست لێرەدا ئەو زێڕەیە کە ئافرەت بۆ جوانی و ڕازاندنەوەی خۆی کڕیوویەتی و بەکاری دەهێنێت.
ئەم جۆرە لە نێوان زانایاندا (ڕەحمەتی خودایان لێ بێت) جێگەی جیاوازییە:
ڕای یەکەم: زەکاتی تێدا نییە.
ئەمە مەزهەبی (مالیکی، شافعی، و حەنبەلی)یە. هەروەها زانایانی وەک (ئیبن تەیمییە، ئیبن قەییم، و شەوکانی) ئەم ڕایەیان هەڵبژاردووە. پوختەی بەڵگەکانیان ئەمانەن:
أ- نەبوونی بەڵگە: دەڵێن هیچ بەڵگەیەکی تەواو ڕوون نییە کە زەکات تێیدا فەرز بێت، بنچینەش ئەوەیە کە مرۆڤ گەردنی ئازادە لە ئەرکی زیادە مەگەر بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر هەبێت.
ب- فەرموودەی ( ليس في الحلي زكاة ): واتە: (زەکات لە خشڵدا نییە). هەرچەندە بەیھەقی ڕیوایەتی كردووە و فەرموویەتی ئەصڵی نییە، بەڵام ئیبن جەوزی و نەواوی بە "صحیح"یان داناوە.
ج- وتەی هاوەڵان: ئەمە ڕای کۆمەڵێک لە هاوەڵانی پێغەمبەرە (ﷺ) وەک: (أنس وجابر وابن عمر صححه ابن حجر وابن مسعود وأسماء بنت عميس وأسماء بنت أبي بكر وعائشة في المشهور عنها رواه مالك و عبدالرزاق وصححه ابن حجر).
د- کردەوەی تابعین: هەروەها پەیڕەوکردنی ئەم ڕایە لە لایەن هەندێک لە تابعین و خەڵکی مەدینەوە لەو سەردەمەدا.
هـ- تێبینییەک: هەندێک لە زانایانی سەردەم هەوڵیان داوە بڵێن لەسەر ئەم ڕایە "کۆدەنگی" (ئیجماع) هەیە، بەڵام ئەمە جێگەی تێڕامانە چونکە جیاوازییەکە دیارە و پارێزراوە.
ز- وەک ماڵ و سامان وایە: خشڵ وەک خانوو و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ناوماڵ وایە کە مرۆڤ بۆ بەکارهێنان هەیەتی نەک بۆ قازانج، لە فەرموودەی هاوبەشی بوخاری و موسڵمدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: (ليسَ علَى المُسْلِمِ صَدَقَةٌ في عَبْدِهِ ولَا في فَرَسِهِ) واتە: (هیچ زەکاتێک لەسەر موسڵمان نییە لە کۆیلە و ئەسپەکەیدا).
ح- ڕەفتاری کۆکەرەوەکانی زەکات: پێغەمبەری خوا ﷺ كاتێك كارمەندەكانی زەكاتی دەنارد بۆ کۆکردنەوەی زەکات، بەڵام هیچ نەگێڕدراوەتەوە کە داوای زەکاتی خشڵی ئافرەتانیان کردبێت.
ط- فەرمان نەکردن بە هاوسەرانی: پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بە هاوسەرەکانی نەکردووە زەکاتی خشڵەکانیان بدەن، لە کاتێکدا پێویستی بەو ڕوونکردنەوەیە هەبووە.
ڕای دووەم: زەکاتی تێدا فەرزە.
ئەمە مەزهەبی (أبي حنيفة ورواية في مذهب الشافعية واختاره الشافعي ورواية عند الحنابلة ،ونصره ابن حزم واختاره الخطابي والشنقيطي المفسر و ابن باز وابن عثيمين وورد عن طائفة من السلف كمجاهد وعطاء وطاوس وابن جبير وابن المسيب والحسن وغيرهم) لەسەر ئەم ڕایە بوون. پوختەی بەڵگەکانیان:
أ- گشتگیری دەقەکان: دەڵێن بەڵگەکانی واجبێتی زەکاتی زێڕ گشتگیرن و خشڵیش دەگرێتەوە، هیچ بەڵگەیەکی بڕیاردەریش نییە کە خشڵ لەو گشتگیرییە دەربهێنێت.
ب- فەرموودەی سوارەکان (بازنەکان):
پێغەمبەر ﷺ دوو ئافرەتی بینی کە دوو سوارەی (بازنەی) زێڕیان لەدەستدا بوو، فەرمووی: «ئایا زەکاتی ئەم سوارانە دەدەن؟» ئەوانیش وتیان: نەخێر. فەرمووی: «ئایا حەز دەکەن خودا لە ڕۆژی دواییدا دوو سوارە لە ئاگر بکاتە دەستان؟ زەکاتەکەی بدەن».ئەم فەرموودەیە ئەبو داود و نەسائی گێڕاویانەتەوە، هەروەها زانایانی وەک (ئیبن قەتان، ئیبن مەلقەن، و ئەحمەد شاکر) بە "صحیح"یان داناوە، ئیمامی نەواویش بە "حسن"ی داناوە و ئیبن حەجەر بە بەهێزی داناوە. جگە لەم فەرموودەیەش، چەند بەڵگەیەکی تریش هەن کە قسەیان لەسەرە لە ڕووی ڕاستی و دروستییەوە (متکلم فی صحتها).
ئیمامی تیرمزی دەفەرموێت: "لەم بابەتەدا (زەکاتی خشڵ) هیچ فەرموودەیەکی ڕاست و دروست (صحیح) نییە".
ئەبو عوبەید دەفەرموێت: "ئەم فەرموودەیە تەنها لە یەک ڕێگەوە نەبێت نایزانین، کە لە کۆن و نوێدا زانایان قسەیان لەسەر کێشەی سەنەدەکەی کردووە".
ج- وتەی هاوەڵان: ئەمە ڕای (عومەری کوڕی خەتاب، ئیبن مەسعوود، و ئیبن عەباس)ـە.
پوختەی مەسەلەی یەکەم
دوای خستنەڕووی ئەم ڕاو بۆچوونانە، دەبینین هەر لایەنێک بەڵگەی خۆی هەیە و ڕەخنەش لە بەڵگەکانی بەرانبەر گیراوە. جیاوازییەکە لەم مەسەلەیەدا زۆر بەهێزە و هەردوو لا خاوەن بەڵگەی خۆیانن.
بۆچوونی کۆتایی:
ئەو کەسەی بیەوێت ڕێگەی "ئیحتیاط" بگرێتە بەر (واتە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت گەردنی ئازادە)، باشتر ئەوەیە زەکاتەکەی بدات؛ چونکە بەوە هەم لە جیاوازی زانایان دەچێتە دەرەوە و هەم گەردنی لای خودا بە تەواوی پاک دەبێتەوە.
وەڵامی شێخ فهد بن یحیی العماری .
القاضي بمحكمة الاستئناف بمكة المكرمة
